"خه‌ونم ئه‌دی تۆ هاوسه‌رمی".
15ی مانگ، سه‌فه‌رێکی کورتم کرد بۆ سوئێد، چه‌ند ڕۆژ مامه‌وه، ڕه‌نگه دوایین سه‌فه‌ر بێ، ڕه‌نگه به‌رله‌وه‌ی به‌ره‌وو دووری دوور جانتای سه‌فه‌ر نا، جانتای کۆچ بپێچمه‌وه، دیسان سه‌رێکم له‌و هه‌رێمه هه‌ڵێنا.
کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ده‌گه‌مه جێ، بێ هیچ هۆیه‌کی دیار، رێگا دهگۆڕمو به‌ره‌و شاری ستۆکهۆڵم ده‌که‌ومه رێ، پاش پشوویه‌کی کورت، خواردنه‌وه‌ی فنجانێک قاوه‌و بابۆڵه‌یه‌ک، رێگای شاری "sala"، ده‌گرمه به‌ر، دڵم هه‌تا بڵێی گیراوه، له شه‌مه‌نده‌فه‌ردا دانیشتووم، چاوم له ده‌رێ بڕیوه.
"کانی" ئاوا ده‌خوێنێ: "دڵم ته‌نگه‌و په‌رێشانم ده‌مێکه، خه‌یاڵم هه‌ر ده‌مه‌ی لانه‌ی خه‌مێکه، ئه‌ونده دڵ پڕم پێم خۆشه بگریم، که فرمێسک‌و هه‌ناسه‌ش مه‌رهه‌مێکه، ده‌مینێ هه‌ر بمینێ با بمینێ، یادی تۆ له دڵی مندا بمێنی، ژیانم پڕ له ڕهنجهو نامورادی، به هه‌ڵکه‌وتیش نه‌هاتم تووشی شادی، دڵم هێند ته‌نگه هه‌ر جێی تۆ دهبێو به‌س، ئه‌تۆش مه‌حکوومی حه‌پسی ئینفرادی، ده‌مینێ هه‌ر بمینێ با بمینێ، یادی تۆ له دڵی مندا بمێنی، ئه‌گه‌رچی ڕۆیی قه‌ت ناچی له یادم، ده‌که‌م یادت به‌یادی تۆوه شادم، که بارگه‌ت بۆ هه‌وار تێکنا گۆڵی من، شکاندت ئه‌ستوونده‌گی تاولی مورادم، ده‌مینێ هه‌ر بمینێ با بمینێ، یادی تۆ له دڵی مندا بمێنی".
کاتژمێر 17:00، گه‌یشتمه جێ، ماوه‌یه‌ک مامه‌وه، ڕوانیم‌و کوڵمدا، ڕوانیم‌و له خۆمم پرسی بۆ، بۆ، بۆ؟!
به‌شه‌قامه‌کانی ئه‌و شاره‌دا دێم‌و ده‌چم، بهکۆڵانهکانیدا گوزه‌ر ده‌که‌م، چاو ده‌گێرم، له‌پارکی شاره‌که‌دا تاوێک ده‌مێنمه‌وه، به‌ڵام وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌موو دونیا به‌سه‌رمدا ڕووخابێ، وه‌کوو ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نم گه‌یشتبێته 100 ساڵ، فرمێسک له گۆشه‌ی چاوه‌کانم دهزێو من به‌خۆم ده‌ڵێم، به‌ڕاستی ژیان چییه؟
عه‌نایه‌ت ناهێڵێ له هۆتێل بمێنمه‌وه، شه‌و له‌ماڵی ئه‌وان پێکه‌وه لێوێک به‌شه‌راب ته‌ڕ ده‌که‌ین، من به‌رده‌وام له په‌نجه‌ره‌ی ماڵی ئه‌وانه‌وه بۆ ده‌رێ ده‌ڕوانم، باران به نه‌رمونیانی له شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که ده‌دات، خۆم پێڕاناگیرێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی چه‌تره‌که‌م له‌گه‌ڵ خۆم به‌رم، یان جلوبه‌رگێکی ئه‌تۆ بپۆشم له ژێر ڕێژنه‌ی باراندا، به یادی "بارانه‌وه"، له‌گه‌ڵ خۆم، له‌گه‌ڵ خوا، له‌گه‌ڵ هه‌موو شت ئه‌که‌ومه شه‌رێکی پان‌و به‌رینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌زانم سه‌رکه‌وتووترین شه‌ڕ ئه‌و شهڕهییه قه‌ت ڕوو نادات، بۆ ڕوونه‌دانی ئه‌و شه‌ڕه، ئاگری ئه‌وینێکی هه‌میشه‌یی له دڵمدا ناکوژێته‌وه، له بڵێسه‌م خستووه، ئه‌م ئاگره بۆته سکڵ، بۆته پشکۆیه‌کی ئه‌به‌دی!، به‌هه‌موو یادوهریهک، ده‌گه‌شێته‌وه...
سوبهی له‌گه‌ڵ کاک موحه‌مه‌د، کاک عه‌بدوڵا، خۆشکه ئاشتی‌و کا فایه‌ق، نه‌شمیل‌و کوڕه خرپنه ڕه‌زا سووکه‌که‌ی هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک بهدوماندا، به‌ره‌و شاری ئیسکلیستوونا به‌رێده‌که‌وم، پۆلیک له کۆنه هه‌واڵانم ده‌بینه‌وه‌و خۆشحاڵ ده‌بم، له نێو ئه‌و قه‌ره‌باڵغیه‌دا کڵافه‌ی ئاڵۆزی بیره‌کانم له سووچێک‌دا، له نیگای که‌سێکدا ده‌گیرسێته‌وه، وێنه‌یه‌ک، نیگای من له‌گه‌ل خۆی ده‌بات، ده‌مبات بۆ نێو دارستان، بۆ قه‌ڕاغ ڕووبار، بۆ دهشتو دۆڵ، بۆ وڵات‌و شاره دووره‌کان، بۆ باڵه‌خانه به‌رزه‌کان، بۆ نێو هوتێله چه‌ند قاته گرانه‌کان، ده‌مبات بۆ دوور، وه‌کوو ئه‌و کاته‌ی دواین جار له نێو ماشێنێکدا ناچاری له که‌سێک جودا بیته‌وه، ئه‌سرین له چاوه‌کانت ده‌زێ، هه‌موو رێگا بیر له نیگایه‌ک ده‌که‌یته‌وه، نیگایه‌ک له مێژه داگیری کردوویت...
سوبهی به‌ره‌و شاری یوتۆبۆری به‌رێده‌که‌وم، له ماڵی کاک ساڵه‌م، کا جه‌لیل، مامه دیاکۆ، کاک حیسامی گوڵ، سه‌لیم، ئاواره..هتد، ده‌بینمه‌وه‌و هه‌مووان پێکه‌وه دونیایه‌کی بچووک‌و خۆش بۆ خۆمان ده‌خولقێنین، ڕاستی کاک حیسام سوپاس بۆ هه‌موو زهحمهتهکانت.
سوبهی ده‌گه‌رێمه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی کتێبم له نێو قه‌تاردا، له خۆم ده‌پرسم ئه‌م هاتووچۆیهم له‌چییه، به‌دوای چیدا دهگهڕێمو بۆم نابیندرێته‌وه، وڵامێکی ئه‌وتۆ به‌خۆم ناده‌مه‌وه...
کاتژمێر 22:30 له وێسترۆس داده‌به‌زم، ده‌نگێک هیچ گهرمیو مێهره‌بانی جارانی تێدا نییه، ده‌نگێک ئیدی سه‌مفۆنی ده‌نگی من موچۆڕک به‌له‌شیدا ناهێنێ، شتێک هه‌میشه لێی ترساوم، ئێره دواین خاڵه، به‌خۆم ده‌ڵیم، کات باش کوڕی باش، کات باش.
لێره هه‌موو گیانم له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێ، ئێره پڕه له بیره‌وه‌ری بۆم، پڕه له ئه‌زموون، ژیانه‌وه، چه‌مینه‌وه، شه‌ڕ، هه‌ڵچوون‌و داچوون، پڕه له شت، له‌و شتانه‌ی هه‌میشه له جانتای بیره‌وه‌ریه‌کانی مندا ههنو ده‌بن...
ده‌چمه ماڵ کاک ئه‌سعه‌دو میوانه‌کانی بریتانیایان به‌دیتنم خۆشحاڵ ده‌بن، کاتژمێر 4:00ی به‌ره‌به‌یانی سوبهی شه‌وه له‌گه‌ڵ کاک نه‌جمه به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه به‌رێده‌که‌وم، چه‌ند دژواره، ته‌نانه‌ت فریای خودا حافزیش ناکه‌وم، فریای سوپاسێک له‌و هه‌موو مێره‌بانی‌و دڵسۆزییه‌ی خوشکه ئایشێ، سوپاسی تهلهفوونی تامی ئه‌وه نادات، ده‌ست له ده‌ستی که‌سێک بنێیت‌و چاو له چاوه‌کانی ببڕیو له دڵه‌وه سوپاسی بکه‌یت.
بیر له زۆر شت ده‌که‌مه‌وه، له‌و ساتانه‌ی جانتای تۆ پڕ بوو له بۆنی من، له بۆنی کوڕانی دراوسێ، گه‌ڕه‌ک، هاوپۆله‌کانت، سارێژ بوو له نیگای هه‌موو ئه‌و کوڕانه‌ی به‌کامێرای چاوه‌کانیان له‌حه‌ولدا بوون ساتێک له نیگات، دڵۆپێک له چاوه‌کانت، بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی حه‌زه ههڵچووهکانیان وه‌ده‌ست بێنن. به‌ڵام من وه‌کوو هه‌میشه جیاواز بووم، پێویستم پێت بوو وه‌کوو نان، وه‌کوو ژیان، وه‌کوو ئازادی!
هیچ شتێکی تۆ لای من به‌ردباران ناکرێ، نه‌خۆت، نهیادت، نه‌دووریت، نه وڵام نه‌دانه‌وه‌ت، بێده‌نگیت دڵم ده‌له‌رزێنێ، هه‌میشه که بێده‌نگ ده‌بیت، که وڵامت نییه، هه‌ست ده‌که‌م کاره‌ساتێک له رێدایه، هه‌ست به‌مه‌ترسی ده‌که‌م، توڕه به له‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژانه نه‌متوانیوه بتپارێزم، نه‌متوانیوه بتبینم، سه‌رتاپات ماچ باران بکهمو له ژێر هه‌ناسه‌ی سۆز‌و مێهرمدا بتخوسێنم، ببوره بۆ خراپییه‌کانم.!
ئازیزی هه‌میشه‌یی من، وه‌سوه‌سه‌ی دیتنه‌وه‌ی من له خۆتدا بکوژه، یادم، ناوم، له جانتاکهتدا، له ملوانکه، بازنه، ئه‌نگوستیله‌و گوارهکانتدا بکوژه، داوێنی ئه‌و کراسانهت بدرێنه په‌نجه‌ی نامه‌حره‌می کورێکیان لێکه‌وتوه، به‌شێک له شته‌کان له خۆتدا بکوژه، مه‌ترسییه‌کان، رێگا دوور‌و نزیکه‌کان، ته‌نانه‌ت تاریکایی‌و ڕووناکایی ئه‌و ساتانه‌ی پێکه‌وه بووین، ئه‌و لێوانه ڕه‌نگ ئاوییه بشکێنه دواجار لای تۆ ئاوم تێدا خوارده‌وه، ئه‌و ئاوێنه وردوقاش که، ته‌نانه‌ت جارێک له جاران پڕچهکانتم له‌به‌ریا شانه نه‌کرد، یان هه‌ڵیگره، ره‌نگه ڕۆژێک تووشت هاتم...
به‌ڵام مه‌هێڵه کانی ئهوینو ئه‌ویندار مانه‌وه له ناخت‌دا ویشک بێ، ژیان به بێ قوڵته قوڵتی ئه‌و کانیه به‌رده‌وام بوونی گه‌لێک زه‌حمه‌ته، مه‌رگه‌ساتێکه هه‌ر مه‌پرسه، مه‌ترسه له تاقی کردنه‌وه، مه‌ترسه له گه‌شه‌و به‌ره‌وپێش چوون، خۆت به خۆتی خۆت، سنووره‌کانی ترس داڕمێنه، هه‌وڵ بده بۆشایه‌کان پڕ که‌یته‌وه، ئه‌گه‌ر پڕ نه‌بوونه‌وه، بیر له بازدان بکه‌وه، تێپه‌ڕه‌و به‌ره‌و پێش بڕۆ...
سات، رۆژ، حه‌توو، مانگ‌و وهزهکان، ساڵانێکی زۆر ناتبینمه‌وه، به‌ڵام سۆراغی سڵامهتیو سه‌که‌وتنت له ئاسمان‌و زه‌وی، له مانگ‌و ئه‌ستێره، له ڕووناکاییو هه‌تاو، له زهمینو زه‌مان، له‌خوا دهپرسمو به‌رده‌وام دۆعای سڵامه‌تیت بۆ ده‌که‌م، شاد به که‌سه‌که‌م، شادی شاد، به‌ڵێن بده، به‌جێگای منیش شاد به، باشه؟سوپاس، بۆ هه‌موو ساته‌کانی له‌گه‌ڵ تۆ بوون، بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌مانه‌ی بیرم لێکردیته‌وه، بۆ ته‌واوی ئه‌و کاتانه‌ی پێکه‌و بووین، یان بیرمان له پێکه‌وه بوون کرده‌وه، یادو یادگارییه‌کانی تۆ بۆ هه‌موو سه‌رزه‌مینێک ده‌به‌م، به‌ڵام له هه‌موو شت‌و له هه‌موو که‌ست ده‌شارمه‌وه، له ته‌نیایی خۆم نه‌بێ، لهشادیم نه‌بێ، له سپێده‌و ساته‌کانی نووستنم نه‌بێ...
ببوره کچی هه‌تاو، ببوره، جارێکیان شتێکی تایبه‌تیم لێ دڕاندیت، هه‌موو شه‌وێک به‌ر له نووستن، کانی، هۆمه‌ر دزه‌یی، خالید ره‌شید، ساڵح دیلان، مریه‌م ئیبراهیم پوور، کامکاران، ماملێ‌و...هتد، یادت له ڕۆحمدا زیندوو ده‌که‌نه‌وه، هه‌موو سپێده‌یه‌ک له ژووره‌که‌مدا چاوت بۆ ده‌گێڕم، هه‌ر کاتێک جلێکی جوان، کراوتێکی سپی، یان بۆنێکی خۆش له‌خۆم ده‌ده‌م، بیر له دیتنت ده‌که‌مه‌وه، وه‌کوو ئێستا که خه‌ونم پێوه دیتوویو کاتژمێر 4:30 خوله‌کی شه‌و، سه‌رقاڵی نووسینم...
ئێستاش کاتێ چاو له ئاوێنه ده‌بڕم، چاوه‌رێم له پشته‌وه باوشم پێداکهیتو گۆرانیه‌کم بۆ بچڕێ، منیش ئارام ئاوڕ بده‌مه‌وه‌و نه‌رمایی گوێچکه‌کانت ماچ بکه‌م، ده‌ست له پرچه‌کانت بژه‌نم، لێو له لێوه‌کانت وه‌رده‌مو به کۆڵانی مه‌مکه‌کانتا گوزه‌ر بکه‌م...
ڕۆژی هه‌ینی حه‌وتووی داهاتوو، 15ی مانگ، 30 مۆم داده‌گیرسێنم، جێژنێکی بچووک ده‌گرم، شه‌راب ده‌نۆشم، گوێ ده‌ده‌مه"CD گوڵی خوێناوی هۆمه‌ر دزه‌یی".
"دوێنێ شه‌و بینیم له خه‌وێ، له سه‌ر جێی به‌ر مانگه شه‌وێ، خۆم خزانده سه‌ر جێی فێنک، نه‌مهێشت به‌ر هه‌ناسه‌م که‌وێ، قژی خاوی، بالێداوی، ئاڵۆزاوی، جارجار دایده‌پۆش لاچاوی، خوایه گیان چه‌نده‌م خۆش ده‌وێ، زۆر بهئاسپاییو به‌نه‌رمی، ده‌مم برد بۆ لێوی گه‌رمی، چاوی هه‌ڵهێناو پێی گوتم، خه‌ونم ئه‌دی تۆ هاوسه‌رمی، نه‌یهێشت هه‌ستم، گرتی ده‌ستم، لێوی گه‌ستم، موچۆرکێکی خۆش دایگرت سه‌رتاپای هه‌ناوو هه‌ستم، وێکڕا تا مه‌لا بانگدانێ، تێکئاڵانو ده‌ست له‌ملانێ، له‌ناکاو ده‌نگی مه‌لای هات، دایبریم له‌به‌ژنی جوانێ، به‌سه‌ر سامی، به‌ناکامی، بێ ئارامی، به‌جێم هێشت به‌هه‌شتی خه‌ونم، چاوم پڕ بوو له گریانێ".
ببوره، نهمکردیته دایک، ببوره نه‌بووم به باوک!
به‌خۆڕ یادت ده‌که‌م، کوردانه بیرت لێده‌که‌مه‌وه، کوردانه‌تر خۆشم ده‌وێیت.
سلاو ماندوو نه بی له و دارشتنه جوانه ی که به راستی پره له سوز و خوشه ویستی هیوای ژیانیکی پر له خوشی و به خته وه ریت بو ده خوازم و به هیوای سه ر که وتنت له هه موو بواره کانی ژیانت دا برات سمکۆ بێ که س
ReplyDelete