مرۆڤ جاری واییه دێت كارێك باشتر بكات، خراپتر و ئاڵۆزتری ده‌كات. نازانم جاری واییه له گه‌ل كه‌سێك، هاورێ، دۆست، ناسیاو، تا ئه‌و په‌ڕی تاریكی ده‌چیت و، باس له زام و برینه به سوێكان ده‌كه‌یت. پێكه‌وه باس له ئه‌زموونه‌كان ده‌كه‌ن. باسی ژیان، باسی هه‌ر هه‌موو شته‌كان،ته‌نانه‌ت باسی ئه‌و شتانه‌ی كه نابێ بكرێت.
ئاخه‌ر جاری وایه كه‌سێكت تاكوو سه‌ر ئێسقان خۆش ده‌وێت، رێزێكی زۆرت بۆی هه‌یه و دایم هه‌ست به بوونی دهكهییت، لای خۆت. متمانه، هه‌ر له خۆرا پێك دێت و، هه‌ر له خۆراش، له بناخه‌وه ههڵدهتهكێت و، خاپوور ده‌بێت.
ته‌پووتۆزی پاش خاپوور بوونه‌كانیش، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر شان و باهۆی مرۆڤ ده‌نیشێت، به‌ڵكوو ده‌چێته ناو گلێنهكانیشیهوه. ئه‌م ده‌مانه بینایی مرۆڤ تارو لێڵ ده‌بیێت. هه‌ر بۆیه ساته‌كانی پاش رووخانی باوه‌ره‌و و، متمانه‌كان، لاوانه‌یه قوڵترین ساته به ئازاره‌كانی، مرۆڤ بن. ئه‌م ئازارانه كاتێك به‌ژانتر ده‌بن كه مرۆڤ نه‌توانێت، یان بۆ خۆی نه‌خوازێت ژانه‌كانی پاش داڕمانی باوه‌ره‌كان، بكاته قین و بوغز و كینه و وه‌كوو ژه‌هر هه‌لیان ڕێژێت.
زۆر كهڕهتانیش كه‌سێك له ته‌نیشتت ڕاوستاوه و قسه‌ت بۆ ده‌كات و چیرۆكی ژیانی، به‌سه‌ر هات و خه‌م و خۆشییه‌كانی له به‌ر ده‌متا هه‌ڵده‌رێژێت. كه‌چی تۆ هه‌ست به بوونی ناكهییت و لێت دووره. به‌ڕاستی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی سه‌یره.
جیهانێك پێك دێت كه ئینسان ڕاشكاوانه سفره‌ی دڵی ده‌كاته‌وه. مرۆڤ هه‌میشه نیازی به كه‌سێك هه‌یه كه گوێی بۆ بگرێت و سه‌رنج بداته په‌یڤه‌كانی و ئاخی له گه‌ل هه‌ڵكێشێت و هاوخه‌می له گه‌ل بكات. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكوو لازمه بۆ قاقا لێدان و بۆ پێكهنینش كه‌سێك هه‌بێت. مه‌گه‌ر مرۆڤ چه‌نده به‌رگه‌ی خۆ خواردنه‌وه‌و ته‌نهایی ده‌گرێت؟
كه‌سێك كه له شادی و خه‌مه‌كانمان دا حزووری هه‌ییه و ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شانمان و له گه‌ڵمان هه‌نگاو ده‌نێت و زۆر جاران فرمێسكه‌كانمان بۆ ده‌سڕێته‌وه ،به بێ ئه‌وه‌ی خۆت به خۆت بزانیت ده‌بێته به‌شێكی گرینگ له ژیانت و، هه‌میشه بوونی لای خۆت هه‌ست پێده‌كه‌ی ، له ده‌ست دانی به هه‌ر هۆێك، قورس و تاڵ و پڕ ئازاره.
وا بیر ده‌كه‌مه‌وه كه ئازاره‌كان كاتێك جه‌رگی مرۆڤ له‌ت ده‌كه‌ن كه هه‌رگیز هۆێكی عاقلانه و مه‌نتقی، له به‌ر ده‌ستت دا نه‌بێت، تاكوو كه‌مێك دڵی پێخۆشكهیت و، لانی كه‌م ئه‌زموونێك وه‌رگریت، تاكوو كه‌مێك له ئازاره‌كان ڕاماڵێت. سه‌خته مرۆڤ هه‌ر پرسیار له خۆی بكات، باشه بۆ؟ له پێناوی چیدا و بۆچی؟
زۆر سه‌یره جاری وایه له ناكاو هه‌والێك، خه‌به‌رێك ده‌گاته گوێت و ئازارێكی قووڵ ده‌رژێنێته هه‌موو وجوودی ئینسانه‌وه. مرۆڤ زۆر هه‌وڵ ده‌دات كه باوه‌ڕ نه‌كات. دێت و ده‌چێت، بیر ده‌كاته‌وه خۆی ده‌خواته‌وه، گه‌ره‌كیه به زۆر بیسه‌لمێنێت كه ئه‌و قسه و باسانه درۆن، ده‌نگۆن، قسه‌ی به‌د خوازانن،به‌ڵام ناچاری به خۆتی بسه‌ڵمێنیت كه راستن. راستیێكی تاڵ و پڕ ژان.
چه‌ند سه‌خته كه مرۆڤ ناچار بێت، شتێك قبووڵ كات كه زۆر ئازاری ده‌دات. من پاش ئه‌م هه‌موو ماوه، پاش ئه‌م هه‌موو قسانه، پاش ئه‌م هه‌موو ته‌له‌فوون و ،چات و ئی
مه‌یل و،s.m.s و، هات و چۆیانه، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌و هه‌موو ههڵچوونوو داچوونانه، پاش ئاشت بوونه‌وه‌كان و سه‌ر له نوێ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی دیالۆگه‌كانمان، هه‌ر لام پیرۆزتر و به‌رێزتر ئه‌بوویت. تۆ هه‌میشه قهڵاێك بوویت كه پشتم پێ ده‌به‌ستیت و به بوونت هه‌ستم به جۆرێك له ئارامی ده‌كرد. له‌وانه‌یه سه‌یر بێت ئێستا خۆت بویته شتێك كه ئازارم ئه‌ده‌یت. هه‌میشه باوه‌ڕم پێت بوو، ئاخر ئازیز من كه خه‌می دڵم لا ههڵدهڕشتیت بۆت وات كرد؟
نازانم، ئه‌و جار بێ باوه‌ر بم و، گومان له هه‌موو شته‌كان بكه‌م، یان لێبوردنه‌كه‌ت لێ وه‌رگرم و، دۆخێكی نوێ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه؟ ئه‌زانیت زۆر ده‌ترسم، ده‌ترسم ناچار بم بۆ په‌ڕاندنه‌وه‌ی خۆم و سه‌لماندنی بێ تاوانیم، هه‌موو ئه‌و شتانه بڵێم كه نابێت بیان ڵێم!
له دونیاكه‌ی مندا، سه‌ره‌تای ساڵ به وێرانی ده‌ستی پێكرد و هه‌موو چرۆكان هه‌ڵوه‌رین و، باوه‌ڕه‌كان، درزێكی گه‌وره‌یان تێكه‌وت. ئه‌م ساڵیش قورس‌تر له ساڵی پار هه‌نگاو به‌ره‌و كۆتایی ده‌نێت. هاورێم، ئه‌زانیت ئه‌كرا ئاواش نه‌بێت..
3 1 2005
No comments:
Post a Comment