كه زستان تێپه‌ڕده‌بێت!
خۆره كه‌وتۆته گیانم و خه‌وم ناییه. بیر له‌م ساته وه‌ختانه‌ی مێژوو ده‌كه‌مه‌وه كه نزیك به 20 سال به‌ر له ئێستا پتر له پێنج هه‌زار كه‌س له‌م و دیو ئه‌و دیو هه‌ناسه‌كانیان بۆ درێژبوونه‌وه‌ی چه‌ن چركه‌ساتێكی دیكه‌ی ژیان خێراتر ده‌كرد، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه پشوو سوار بوونی هه‌ناسه‌كانیان خێراتر بۆ مه‌یدانی قه‌ڵا چۆو مه‌رگی ده‌بردن و به‌ره‌و نه‌مانی لوول ده‌دان.
زستان وه‌رزێكی قورس و تووشه. وه‌رزێك كه مرۆڤ هه‌ر گرمۆله بوون و گڤه گڤهكانی بیر ده‌كه‌وێته‌وه. وه‌رزی ساته وه‌ختی خێرا چوون و خێرا تێپه‌ڕ بوونهكانه. نازانم كه‌نگێ تۆ ده‌توانیت من له بیر خۆت به‌ریته‌وه؟! زستان بارگه‌وبنه‌ی تێكه‌وه پێچاوهوهو به هاتنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی نیازی مانه‌وه‌ی نییه. چاو لێبكه چۆن نێوچاوانی گرژ كردووه و به نابه‌دڵی جێ‌مان دێڵێت و تێیده‌ته‌قێنێت و ده‌رباز ده‌بێت. رێك ئه‌م ساتانه وه‌كوو ئه‌و ده‌مانه ده‌چن كه تۆ ماچت نه‌ده‌دامێ و منیش خۆم گرژ ده‌كرد و تۆش مێهره‌بانتر له هه‌میشه ته‌ڕه ماچت له لێوه‌كانم گرێ ده‌دا.
چاوڕه‌ش گیان! ده‌ترسم كه زستان وه‌رزی جێهێشتن و دابڕان بێت. وه‌رزی له بیر كردن و له بیر بردنه‌وه. وه‌رزێك كه هه‌موو هه‌ناسه لێكئاڵاوهكانیش له گه‌ل خۆی بۆ نادیارترین مهكانهكان لوول ده‌دات. نازانم، به‌ڵام زۆر ده‌ترسم. ئه‌م ساتانه له هه‌موو ساتێك پتر خۆشم ده‌وێیت. وه‌ره باوشم بگره با زستان به ناوچاوانی گرژه‌وه له گه‌ل خۆیدا ڕاپێچم نه‌دات.
No comments:
Post a Comment