هاورێم سڵاو‌و ئێواره باش!
دوێنی نامه‌یه‌کم بۆ نووسیبویت، به‌ڵام به‌هۆی سهرقاڵیو مه‌شغه‌ڵه‌تی ڕۆژانه نه‌کرا بۆت بنێرمو هه‌روا له‌سه‌ر مێزی نان خواردنه‌که له پاڵ فنجانێکی سپی ره‌نگی قاوه‌دا که‌وتبوو.
ئه‌مڕۆ کاتێک له "حه‌مام" به جه‌سته‌یه‌کی نیوه ته‌ڕو نیوه ویشک هاتمه ده‌روو خاولییه درێژه ره‌نگ ئاویهکهمم له خۆم ئاڵاندبوو، هاتمه نێو هاڵی ماڵه‌که‌مان، هه‌یوانێک که تۆ تاکوو ئێستا نهتدیتووهو پێکه‌وه نه قاوه‌یه‌کمان تێدا خواردۆته‌وه نه قسه‌وباسێکمان تێدا کردووه، نه زه‌می که‌سمان لێکردووه، نه پێکه‌وه لێره له‌م هه‌یوانه‌ی ماڵ ئێمه که نه تابڵۆیه‌کی تێدایه نه شتێکی ئه‌وتۆ که سه‌رنجی مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، قه‌ت پێکه‌وه دانه‌نیشتووین، تاکوو هه‌نووکه له بازار پێکه‌وه نهگهراوینهتهوه که هێندێک خرتوپرتمان کڕیبێتو له سه‌ر مێزه‌که بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌و هه‌ر شتێک له جێگای خۆی دابنێین.
ئه‌زانی، من زۆر میوه‌م پێخۆشه‌و حه‌ز ده‌که‌م هه‌ر جارێک که ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵێ هێندێک میوه‌م به ده‌سته‌وه بێ؟
به‌ڵام ئه‌م هه‌یوانه سێ په‌نجه‌ره‌ی گه‌وره‌ی تێدایه. ئه‌زانیت، یه‌کێک له‌م په‌نجه‌رانه ڕوو به شاری پاریسه‌و له‌وێوه زۆر که‌ڕه‌تان چاو له بورجه به‌رزو بینا چه‌ند نهۆمهکانو هاتوچۆی ماشێنهکانو...هتد، ده‌که‌م.
زۆر جاران لێره‌وه گوێ بۆ موسیقای ڕه‌ش پێسته‌کان ده‌گرم که له کۆڵانی ئه‌وبه‌ر ماڵ ئێمه‌وه شه‌وانی هه‌ینی، شهمۆو یه‌کشه‌ممه به تایبه‌تی زۆر شێتانه ئاله‌ته‌کان ده‌ژه‌نن به چه‌شنێک که من به بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مێلۆدیو ریتم‌و ئاهه‌نگه‌که‌ی ئاشنا بم، به بێ ئه‌وه‌ی گوێم، ناخمو ڕۆحم ئاشنا به‌م مۆسیقا شێتانه‌یه بێ، گوێی ده‌ده‌مێ.
ببووره که ئه‌م چرتو پرتانهت بۆ ده‌نووسم. ئاخر ئه‌و نامه‌یه‌ی که پێشتر بۆم نوسیبوویت، که خوێندمه‌وه قاقا پێکه‌نیم، به‌راستی هیچی وای تێدا نه‌بوو که بۆ تۆ نوێ بێت.
ئیدی به بێ ئه‌وه‌ی سێ‌و دووی لێبکه‌م دڕاندمو بڕیارمدا ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنووسم‌و بینێرم.
حه‌ز ده‌که‌م ئێستا یه‌ک به‌خۆم هاوار بکه‌م، وه‌کوو منداڵێک گڕوو بگرم، ههڵخهمهوهو داخه‌مه‌وه.
جیددیه‌تی ئه‌م ڕۆژانه، که بزه‌و پێکه‌نینیان لێسهندوومهوه، که گاڵته‌و گهپو سه‌یرو سه‌فه‌ریان لێ زه‌وت کردووم، به ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر شان‌و باهۆزمهوه قورسایی ده‌کات.
ئه‌زانم ئێستا له بهرخۆتهوه قاقا پێده‌که‌نیت، یان ده‌بیر ڕادهچیت، به‌ڵام که‌سه‌که‌م به‌شی ئێمه له‌م دونیادا له‌مه‌ی که هه‌یه زۆرتره.
تا کاتێکی دیکه ئاگات له خۆت‌و "باران" بێت.
بیرتان ده‌که‌م.
ئیمزا
باوکی باران
پاریس
31ی جۆزه‌ردانی 1386ی هه‌تاوی
22 سپتامبری 2007ی زایینی
No comments:
Post a Comment