ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژی 15ی مانگی ڕابردوو، تره‌مپ رایگه‌یاند كه 9 هەزار و 500 سەربازی ئه‌مەریكا لە ئەڵمانیا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه وڵات، به‌م جۆره ژمارەی سه‌ربازه‌كانیان له ئه‌ڵمانیا بۆ 25 هه‌زار و 500 سەرباز كه‌م ده‌كاته‌وه.
سه‌ره‌رای ناره‌زایه‌تی ئا‌ڵمانیا، ناتۆ‌و كۆنگرێسی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا، تره‌مپ له‌سه‌ر بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌ڵمانیا پێداگری كرد، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئەڵمانیا پارە بۆ تێچووه‌كانی ناتۆ زیاد نه‌كات، كه بیانووی سه‌ره‌كی تره‌مپه، بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی له ئه‌ڵمانیا.
تره‌مپ سه‌باره‌ت به هۆكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان له ئه‌ڵمانیا راگه‌یاند: ''ئێمە لە رێگەی هێزەکانمانەوە بەرگری لە ئەڵمانیا دەکەین، كه‌چی ئەڵمانیا خۆی لە دابینکردنی تێچووه‌كانی ناتۆ دەدزێتەوه".
به‌ڵام هه‌نووكه به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ كه‌وتوه‌و وەزارەتی دارایی ئا‌ڵمانیا پشت راستی كردۆته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەڵمانیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پتر لە 1 میلیارد دۆلاریان بۆ تێچووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئا‌ڵمانیا دابین كردوه.
بریجیت فرایهۆڵد، كه یاسادانهرهو ئەندامی پارتی چەپی بهرههڵستاره، ده‌رباره‌ی تێچووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئا‌ڵمانیا، پرسیاری له وه‌زاره‌تی دارایی وڵاته‌كه‌ی كردوه، له ئاكام دا ئه‌م داتا‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كه‌وتوون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وەزارەتی دارایی، ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵانی نێوان 2010 تاكوو 2019، سه‌رجه‌م 982.4 میلیۆن یورۆی بۆ تێچووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته دابین كرده‌وه. 648 میلیۆن و نیو یورۆ، له‌و پاره‌یه بۆ تێچووی کاری سازكردن ته‌رخان كراوه.
ساڵی 1990، له كاتی جیهانی دوو جه‌مسه‌ری و بوونی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت نزیکه‌ی 200 هەزار سەربازی ئەمەریکی له ئه‌ڵمانیا هه‌بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی رووسیا و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئەڵمانیای رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، پاش رووخاندنی دیواری بەرلین و هه‌ڵوه‌شانی یەکێتی سۆڤیه‌ت، به‌ره به‌ره ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا له ئەوروپا کەمکرانەوە.
پێشتر كۆنگرێسمان مایکل مه‌کۆڵ و ئادەم کینینزینگەر، كه به‌رپرسایه‌تی تیمی كۆمارییه‌كان له كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ن، له نامه‌یه‌كدا بۆ تره‌مپ داوایان كردبوو كه: "بوونی سەربازهكانی ئێمه لە ئەڵمانیا، نه‌ك ته‌نیا له ئه‌وروپا، به‌ڵكو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقاش له خزمەت بەرژوەندییە ستراتیژییەکانی ئه‌مریكادایه. چونكه له‌و شوێنانه دەسەڵاتی وڵاتانی چین و رووسیا لە په‌ره‌سه‌ندنه".
هه‌روه‌ها به‌ر له‌و هه‌ڵوێسته‌ی كۆمارییه‌كان، ئیلیەت ئێنگل، سەرۆکی كۆمیته‌ی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنه‌ران و سیناتۆر بۆب مێنیندێز له ئه‌نجومه‌نی پیران، پرۆژه یاساییه‌كان پێشكه‌ش كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی تره‌مپ 9 هەزار و 500 سه‌ربازی ئەمەریکی له ئه‌ڵمانیا بكشێنێته‌وه.
پاش بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ، وەزیرانی ده‌ره‌وه‌ی و به‌رگری ئەڵمانیا و هه‌روه‌ها سكرتێری ناتۆ نیگه‌رانی خۆیان له باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌ربڕی.
No comments:
Post a Comment