پێشتر فیلمی "نان و ئازادی"م دیتبوو. فیلمه‌كه له سه‌رده‌می بێكهرهستهیی دا به‌رهه‌م هاتبوو تاكوو كاره‌ساته‌كان تۆمار بكات، مێژوو بنووسێته‌وه‌و له هه‌مان كاتدا راسته‌رێی خه‌بات بۆ ئازادی پیشان بدات. هاوینی ساڵی2007 ئه‌و كات له پاریس ده‌ژیام، بڕیاردرابوو وه‌كوو به‌رپرسی لاوان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات؛ بۆ به‌شداری له كۆنگره‌ی 4ی لاوان دا بچمه‌وه كوردستان. كاك حامید دروودی كادری ته‌كنیكی تیشك تی ڤی بوو داوای كرد په‌ڕتووكێك هه‌یه بیبه‌مه‌وه بۆ مامۆستا حه‌مدی له كۆیه. مامۆستا حه‌مدی كاتی خۆشی مامۆستا‌م بوو له فێرگه‌و ده‌مناسی.
"ژیان بەدەم زریانەوە" ئه‌و په‌ڕتووكه بوو بردمه‌وه‌و له رێگای گهرانهوهداو له ئاسمانی وڵاتان دا خوێندمه‌وه. دوایه پاش دیداری ئازیزێك له سلێمانی كه پاش چه‌ند ساڵێك دووری، چه‌ند رۆژ پێكه‌وه بووین، دیسان بۆ جاری دووهه‌م ئه‌و پهڕتووكهم له رێگای سلێمانی بۆ كۆیه خوێنده‌وه.
به‌شێك له قاره‌مانه‌كانی ئه‌و په‌ڕتووكه هه‌مان ئه‌و پێشمه‌رگه‌كانه بوون كه ده‌مناسین و كارم له‌گه‌ڵ كردبوون. گێرانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی، شه‌ڕ، هیوا، ترس و دڵهراوكێیانه له راستی دا نه‌ك هه‌ر دارشتنه‌وه‌ی رۆمانێك به‌ڵكوو تۆمار كردنی مێژوو به هه‌موو باشی و خراپییهكانیهوه بوو. به‌تحایی مێرخاسی وتنه‌وه‌و تۆمار كردنی بابه‌ته بڤه‌كان بوو...
چه‌ند جاریش گوێم دابوه قسه‌كانی له به‌رنامه‌كانی "ڕامان" دا له تیشك تی ڤی كه برای به‌رێزم كاك فه‌ریدوون ئه‌رشه‌دی ئه‌و به‌رنامه‌ی به‌رێوه ده‌برد. رۆژی 10ی دهسێمبهری 2020، پیاوه‌كی پڕ به‌رهه‌می كورد له سوید دڵه گه‌وره‌كه‌ی له لێدان كه‌وت. ئه‌و ته‌یفووری به‌تحایی خاوه‌نی "ژیان به ده‌م زریانه‌وه" بوو. به‌تحایی، نووسه‌ر، وه‌رگێر، سینه‌ماكار، په‌یكه‌رساز بوو، ئه‌و ده‌یان به‌رهه‌می به‌پێزی له پاش خۆی به‌جێهشت و بۆ هه‌میشه ناوی به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه.
یادی ئازیزی به‌خێر بێ
No comments:
Post a Comment