Wednesday, December 30, 2020
Tuesday, December 29, 2020
Monday, December 21, 2020
كوتانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، راسته‌وخۆ له تی ڤی بڵاوكرایه‌وه
سه‌رۆكی زۆرایه‌تی كۆمارییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی پیران پیرۆزبایی له سه‌رۆك جۆو بایده‌ن كرد
Thursday, December 17, 2020
پیرۆزه رۆژی ئاڵای كوردستان
Wednesday, December 16, 2020
ئاسایی بوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان مه‌غریب و ئیسرائیل كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه
ره‌حیم ره‌شیدی/ واشنگتن
#مستەر_كورد
Tuesday, December 15, 2020
Thursday, December 10, 2020
ده‌ستنیشانكردنی ژه‌نه‌راڵ لۆهید ئۆستن بۆ وەزیری بەرگری ئه‌مریكا ماناداره
رۆژانامه‌ی نیویۆرک تایمز له هه‌واڵێكدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر هه‌وڵی جۆو بایده‌ن بۆ ده‌سنیشان كردنی ژه‌نه‌راڵ لۆهید ئۆستن بۆ وەزیری بەرگری ئه‌مریكا. ئۆستن پێشتر له چوارجێوه‌ی سپای ئه‌مریكادا له عێراق ئه‌ركدار بوه، به لێكدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه هه‌وڵی بایده‌ن له‌م بواره‌دا ماناداره، چوونكه جیا له‌وه‌ی كه ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن یه‌كه‌مین ره‌شپێستی ئه‌مریكاییه بۆ ئه‌و پۆسته ده‌پاڵێورێ، له هه‌مان كاتدا دیدو روانگه‌ی ژهنهراڵهكه ده‌رباره‌ی عێراق كراوه‌و پڕ ئه‌زموونه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نیویۆرك تایمز، ژه‌نه‌راڵ ماوه‌ی 4 ساڵ به‌ر له ئێستا خانه‌نشین كراوه. پاڵێوراوه‌كه‌ی سه‌رۆك بایده‌ن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری، شاره‌زایه‌كی چڕوپڕی سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌و ئاسته‌نگانه هه‌یه كه سپای ئه‌مریكا له عێراق له‌گه‌ڵی رووبه‌روویه. له هه‌مان ده‌مدا ناوبراو ئه‌زموونی باشی ده‌رباره‌ی ئه‌و گروپ و تاقمانه هه‌یه كه له ڕابردوودا‌و له‌گه‌ڵ سپای عێراق دا شه‌ری داعشیان كردوه.
نیویۆرك تایمز له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن به باشی شاره‌زاو ئاگاداری ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مهترسیانهشه كه تاقم و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق دا دژ به به‌رنامه‌و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یهێنه ئاراوه.
رۆژنامه‌كه ئه‌و باسه‌شی وروژاندوه كه ئایا پاش ده‌ست به‌كار بوونی جۆو بایده‌ن، ره‌وتی كه‌مكردنه‌وه‌و پاشه‌كشه كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كۆتایی دێت یان نه كه پێشتر سه‌رۆك تره‌مپ بڕیاری لێداوه؟
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئه‌مریكا جۆو بایدن دیاریکردنی ژه‌نه‌راڵی خانەنشین لوەید ئۆستنی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتڕاست کردۆته‌وه‌و ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌نجوومه‌نی پیران ژه‌نه‌راڵ ئۆستن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری په‌سه‌ند بکات ئەو ناوبراو دەبێتە یەکەمین ڕەشپێست كه ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه وه‌رده‌گرێ.
جۆو بایده‌ن لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا لەگەڵ به‌ربژێره‌كه‌ی بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری کاری کردوە، ئه‌وان پێكه‌وه سەرپەرشتی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی ساڵی 2011ی سه‌رۆك ئۆبامایان کردوه بۆ کشاندنەوەی 50 هەزار سەربازی ئهرمریكایی لە عێراق.
جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا ده‌رباره‌ی ژه‌نه‌راڵ ئۆستن نووسیویه‌تی: "هه‌نووكه به شێوەیەکی بێ وێنه دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاسته‌نگ و قەیرانانە ببێتەوە کە ڕووبەڕوومان بونه‌ته‌وه. بە درێژایی خزمەتەکەی و لەو ماوە زۆرەی پێکەوە له كۆشكی سپی و لە وه‌تاغی ئەرکەکان و هێزەکانمان لە دەرەوە تێپه‌ڕاندوه، ژه‌نه‌راڵ ئۆستن سەلماندوویەتی له سهركهردایهتی كردن دا کەسێکی بێ وێنه‌یه.ئه‌و کەسێکی بەڕێزو سەرسوڕهێنەرەو کەسایەتییەکی دیارە لە مێژووی سوپای ئەمەریکادا."
ژه‌نه‌راڵ ئۆستن ساڵی 2016، پاش 40 ساڵ خزمەت كردن له سپای ئه‌مریكادا، له ته‌مه‌نی67 ساڵی دا خانه‌نشین كرا. لوەید ئۆستن لە شه‌ڕه‌كانی عێراق و ئەفغانستان دا بەشداری کردوەو دواتر فه‌رمانده‌یی ناوەندی سوپای ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له ئه‌ستۆ بوه
ژه‌نه‌راڵ لۆید ئۆستن جیا له‌وه‌ی شاره‌زایه‌كی باشی له‌سه‌ر كورد‌و هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه، كاتی خۆی له پله‌ی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئه‌مریكادا، چه‌ند جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆبۆته‌وه‌و به دۆستی هێزه كوردییه‌كان ناوی ده‌بردرێ.
پێنتاگۆن ڤاكسینی دژه كۆرۆنا به‌كار دێنێ
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ده‌ڵێ كۆرۆنا په‌ره‌ی به نادادی داوه
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پێنتاگۆن) ڤاكسینی دژه كۆرۆنا به‌كار دێنێت و میشێل بەچلێت، كاربهدهسی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا له ساڵوەگەری رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دا رایگه‌یاند: "ئێمه له ئاست مه‌ترسی كۆرۆنادا بێ ده‌ره‌تان و لاواز ماوینه‌ته‌وه."
هه‌ر له‌و چوارچێوەیەدا لوو شاغبوونۆی، بەڕێوەبەری رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، سه‌ر بەUN ئاشكرای كرد: "کاتێک دێتە سەر بابه‌تی دابینکردنی چارەسەرییەکان و ڤاکسێنەکان، ده‌رده‌كه‌وێ كه ڤایرۆسی كۆرۆنا نایەکسانی قووڵی دروستكردووە".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، هه‌نووكه له باری مرۆییه‌وه 235 ملیۆن كه‌س له جیهان دا پێوستیان به یارمه‌تی و پشتیوانی كردن هه‌یه. لە ژمارەیەك وڵات ئاژاوه‌و ناسه‌قامگیری سەریھەڵداوە، له هه‌مانكاتدا، له به‌شێكی دیكه له وڵاتانی جیهاندا، ده‌سه‌ڵاته زۆردار‌و خۆسه‌پێنه‌كان به داخستنی شوێنه گشتییه‌كان هه‌وڵیانداوه مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل و ئازادییه‌كان سنووردار بكه‌ن.
لە دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به ملیار قوتابی رێگایان نه‌بووه بچنه قوتابخانه‌كان. تاكوو ئێستا له ئاستی جیهان دا، پتر له 69 ملیۆن و 85 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و له و نێوه‌دا پتر له 1 ملیۆن و 574 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
تائێستا وڵاتانی بەریتانیا و كه‌نه‌دا به فه‌رمیی رێگایان داوه كه ڤاكسینی دژه كۆرۆنا به‌كار بهێندرێت. هه‌روه‌ها دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، لە به‌رنامه‌یه‌كی تایبەتدا لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبوونی هەموو ئەو کەسانەی کاریان له‌سەر رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و بەرھەمھێنانی ڤاکسین کردووە، سه‌ركه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا راگه‌یاند.
Wednesday, December 9, 2020
Saturday, December 5, 2020
ئه‌مه‌ریكا چاوه‌رێی زستانێكی سه‌خته
ناوه‌ندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشییەکان، ناسراو به ( CDC) هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێ زستانێکی پڕ مه‌ترسی به‌ڕێوه‌یه، له كاتێكدا رێژه‌ی تووش بوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه.
رۆبێرت رێدفیڵد، سه‌رۆكی CDC، له لێدوانێكدا كه له لایه‌ن ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكاوه سازدرا‌و بوو ئاشكرای كرد: "ڕاستییەکە ئەوەیە مانگەکانی 12ی ئه‌مساڵ و 1 و 2ی ساڵی داهاتوو زۆر دژوار دەبن. لە ڕاستی دا بڕوام وایه ئه‌مه لە مێژووی تەندروستی ئەم وڵاتەدا قورسترین دۆخ بێ".
سه‌رۆكی CDC، به جددی داوای له هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا كرد له ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا، ره‌چاوی رێنماییه ته‌ندرووستییه‌كان بكه‌ن، پاكوخاوێنی، دووره‌په‌رێزی ره‌چاو بكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌مامك ببه‌ستن.
تاكو ئێستا له ئه‌مه‌ریكا، پتر له 14 ملیۆن و 630 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و له‌و نێوه‌شدا نزیكه‌ی 284 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان پێشبینیی ده‌كرێ كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2021دا، ڤاكسینی كۆرۆنا له هه‌موو شوێنێكی جیهان به‌رده‌ست بێ.
له ئێستادا، پتر له 210 جۆر ڤاكسینی دژه ڤایرۆسی كۆرۆنا له قۆناغه جیاوازه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌دان، لانیكه‌م 48 جۆری ئه‌و ڤاكسینانه دیاریكراون تاكوو له‌سه‌ر مرۆڤ تاقی بكرێنه‌وه، له كۆی ئه‌و 48 جۆره‌ش، ئێستا 10 جۆر ڤاكسین له دوایین قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌دان.
دیدار له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئەمریكا لە سوئێد
هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕێزدار ئازیتا راجی، باڵوێزی ئەمریكا لە سوئێد، قسەوباسێكی دۆستانەمان هەبوو دەربارەی ڕۆڵ و پێگەی داهاتووی ئەمریكا، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا. لەم بەستێنەدا هاوڕابووین كە پێویستە واشنگتن شوێن و كاریگەری خۆی لە ناوەندە جیهانییەكان دا بەهێزتر بكات، ئەم هەنگاوەش لە ئاكامدا بە قازانجی ئاشتی و تەناهی نێونەتەوەییە...
Friday, December 4, 2020
گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكا چوار كه‌سایه‌تی ساڵ ده‌ستنیشان ده‌كات
گۆڤاری (people)، وه‌كوو به‌شێك له‌و دوو ژماره‌ی له كۆتایی ساڵ دا ده‌رده‌چن، ناوه‌كانی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، جۆرج کڵونی، سێلێنا گۆمێز و ڕیگینا کینگی وەک کەسایەتییەکانی ساڵی 2020 ناساند.
بڕیاره كۆڕێكی رێزلێنان بۆ ئه‌و چوار كه‌سایه‌تییه ساز بكرێ كه له میانی كێشه‌كانی جیهان دا، له ماوه‌ی ساڵی 2020 دا، كاریگه‌ری ئه‌رێنیان هه‌بووه.
د. ئانتۆنی فاوچی وه‌كوو زاناترین کەس لە نەخۆشیە درمییەکان، پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بەردەوام رێنمایی باش و زانیاری راستی داوه‌ته خەڵک، ناوبراو وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌نستیتوتی نیشتیمانی بۆ نەخۆشییە درمی و گوازراوه‌كان، یەکێک بووە لە سەرچاوە پێشڕه‌وه‌كانی زانیاری سەبارەت بە خه‌بات دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵات‌دا.
له كاتێك دا باس له‌وه ده‌كرێ ره‌نگه جۆرج کڵۆنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی (ئاسمانی نیوه‌شه‌و)، "The Midnight Sky"، بباته‌وه وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی ساڵ ده‌ستنیشان كراوه. كڵۆنی جیا له كاری سینه‌ماو هونه‌ر، كه‌سایه‌تییه‌كی خێرخوازه كه ئه‌مساڵ پاش مردنی جۆرج فلۆید، بڕی 500 هه‌زار دۆلاری به‌خشیه به‌رنامه‌كانی یه‌كسانی و داپەروەری لە ئەمریکا، هه‌روه‌ها بۆ بەره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، لەندەن و لۆس ئانجلۆس بڕی 1 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش كردووه.
ریگینا کینگ، لە مانگی9دا، براوەی خەڵاتی ئیمی بوو، ئه‌و توانای خۆی بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردنیان لە دەنگداندا به‌كار هێنا. ناوبراو هەروەها له كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا، داكۆكی له هه‌رێمه پەراوێزخراوەکان کرد و داواشی كرد كرده‌وه‌ی تووندوتیژی پۆلیسەکان بەرامبەر بە رەشپێستە بێ چەکەکان كۆتایی بێ. وەک یەکەم کاری دەرهێنانیش بۆ فیلمی (شه‌وێك له مه‌یامی) "One Night in Miami" باس لە هەڵبژاردنی فیلمەکەی وه‌كوو یەکێک لە به‌ربژێره شیاوه‌كان بۆ وه‌رگرتنی خەڵاتی ئۆسکار ده‌كرێ.
سێلێنا گۆمێز ئەلبوومی سەرکەوتووی خۆی بە ناوی "Rare" بڵاو کردەوەو میوانداریی پرۆگرامی (چێشتلێنان و سێلێنا) "Selena+Chef" له به‌رنامه‌ی (ئێچ بی ئۆ ماکس) "HBO Max"، كرد. بەڵام ئەو ئەستێرەی میوزیکی پۆپ هەروەها پەیامی رێکلامی خۆی لە رێگایی مارکی سوراوسپیاو بە ناوی (جوانی بێ وێنه) "Rare Beauty" بڵاو كرده‌وه، کە مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له ماوه‌ی 10 ساڵ دا، بڕی 100 ملیۆن دۆلار كۆبكاته‌وه تاكوو له‌و رێگاوه یارمه‌تی به دۆزینەوەی چارەسەرییە نوێکان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان بدات.
#مسته‌ر_كورد
Thursday, December 3, 2020
بایدن بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران مه‌رجی هه‌یه
جۆو بایدن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020ی ئه‌مه‌ریكا، له وتووێژێكدا لەگەڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز هەڵوێستی خۆی له‌سه‌ر قه‌یرانی ناوكی ئێران رایگه‌یاند و گوتی: "ئەگەر تاران دووبارە رێز لە بەرپرسایهتییهكانی بگرێتەوە، واشنتن وەکو خاڵی دەستپێکردن دەگەڕێتەوە ناو رێکكەوتنهكه ناوكیه‌كه‌ی وڵاتانی 5 + 1".
جۆو بایدن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیوایه ئه‌م بابه‌ته دژوار و قورسه، به‌ڵام ئه‌و وه‌كو له كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی دابوو هه‌وڵ بۆ رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات.
بایده‌ن له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره له‌گه‌ڵ نیویۆرك تایمزدا ده‌ڵێ: "له ناوچه‌كه‌دا، تەنها رێگە ئه‌وه‌یه بۆ گەیشتن بە شێوازێك لە سەقامگیری بایه‌خ بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بدرێت. چونكه ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناو‌کی ئەوا کێبڕکێی خۆ پڕچەککردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات، ئێمه‌ش نامانەوێت لەو بەشەی جیهاندا ئه‌مه رووبدات. بە راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەست به دانوستانەکان و رێکكەوتنەکانی دیکە ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران توندتر‌و درێژتر بکەینەوە، هەروەها تاووتوێی بەرنامە مووشەکییەکەشی بکەین".
ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی بایدن له كاتێكدایه كه جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی پله به‌رزی کاروباری دەرەوەی یەکیه‌تیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل رایگه‌یاند: "لەگەڵ جه‌واد زه‌ریف وەزیری دەرەوەی ئێران قسەم کردووە، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه داوای کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لە رێکكەوتنەکە دەکەم. ئەم رێكکەوتنە تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناو‌کی".
رێككه‌وتی 8ی مانگی 5ی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، به فه‌رمیی له رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه كه مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2015 له ڤیه‌ننا له نێوان وڵاتانی (5 + 1) مۆركرابوو. پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن گه‌مارۆی هه‌مه لایه‌نه‌ی ئابووری خسته سه‌ر ئێران و بوه هۆكاره داڕمانی ئابووری ئێران.
Tuesday, December 1, 2020
دیدار له‌گه‌ڵ حاكمی فلۆریدا
هاوڕێ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز رۆن دیسانتس حاكمی ولایه‌تی فلۆریدا قسه‌و باسێكی تێروته‌سه‌لمان هه‌بوو ده‌رباره‌ی بایه‌خی پێوه‌ندی نێوان كوردستان و ئهمریكاو پێویستی پڕچه‌ك كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆو به‌رده‌وامی پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی واشنگتن له پرسی كورد له پانتایی رۆژهه‌ڵاتی نێوراست دا...
هێژا دیسانتس له‌و كاته‌شدا كه ئه‌ندامی كۆنگرێس بوو سه‌باره‌ت به داگیركردنی عه‌فرین له لایه‌ن توركیا‌و په‌لاماری میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران دژی پێشمه‌رگه‌و داگیركردنی كه‌ركووك له ١٦ی ئوكتۆبه‌ری ٢٠١٧دا، هه‌ڵوێستی شیاو‌و جێگای رێزی هه‌بوو...
داوا له كۆنگرێس ده‌كرێت رێگری بکات له فرۆشتنی چەک بە ئیمارات
ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا گرێبه‌ستێكی فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی به بڕی 23 میلیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی واژۆ كردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ش ئه‌مەریكا ده‌بێ: فڕۆکەی جەنگی، مووشه‌ك، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان راده‌ستی ئیمارات بكات.
ئه‌م هه‌نگاوه وای كردوه 29 رێکخراوی داكۆكیكاری مافەکانی مرۆڤ، له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا لە كۆنگرێسی ئه‌مەریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بكه‌ن سنوور بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك و تەقەمەنی دابنێت، رەچاوی گرێبه‌سته‌كه نه‌كه‌ن و واشنتن له فرۆشتی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به ئیمارات، خۆ ببوێرێت.
له به‌شێكی ئه‌و داواكارییه‌دا هاتووە "ئیمارات، لایەنێکە لە ململانێکانی یەمەن و لیبیا، بۆیه گرێبه‌ستی چه‌كفرۆشتن به‌و وڵاته دەبێتە هۆی زۆرتربوونی زیانگه‌یاندن به هاووڵاتییانی مەدەنی، ئه‌مه‌ش قەیرانە مرۆییەکان خراپتر دەکات".
هاوكات له‌گه‌ڵ داوای ئه‌م رێكخراوانه‌دا، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە، کە تێیدا داوای راگرتنی چه‌كفرۆشتن به ئیمارات دەکەن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نێوان هەردوو وڵات؛ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس، فڕۆکەی ئێف-35ـی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و موشەکی کۆمپانیای رەیسیۆن، راده‌ستی ئیمارات ده‌كرێن.
لە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاشكرای كرد: محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر ئاسایی‌کردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رێككه‌وتوون.
پاش ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جار، فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئیسرائیلی به درووشمی "فڕینی ئاشتی" به ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودیدا گه‌یشته ئیمارات. سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆش (سێشەممە، 1-12-2020) یەکەمین گەشتی بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، دەستیپێکرد.
جارێد كۆشنه‌ر، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، ئاڤی بێرکۆوێتز، نوێنه‌ری واشنتن بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و برایان هووک، به‌رپرسی پێشووی كاروباری ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سعودیه دابوو بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كان به ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌دا تێپه‌ڕن.
ئه‌مەریكا سه‌باره‌ت به رازیبوونی به‌رپرسانی ریاز بۆ گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ڵێ "گه‌شته‌كان دەبنە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی هه‌موو کۆمپانیاکانی گەشتی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی سەرنشینان لە ئیسرائیلەوە بۆ ئیمارات و بەحرەین و بەپێچەوانەشەوە، ئێمه ئه‌م بابه‌ته‌مان چاره‌سه‌ركردووه".
Saturday, November 28, 2020
Wednesday, November 25, 2020
Monday, November 23, 2020
Sunday, November 22, 2020
به یادی د. فه‌رسه‌ت سۆفی، ئه‌و نانه‌ی هه‌رگیز نه‌مانخوارد!
پێشتر كه ئه‌ندامی پاڕڵمانی كوردستان بوو ده‌مناسی. چه‌ند جارێك له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی كونسولخانه‌كانی بیانی له هه‌ولێر دیتبووم و پێكه‌وه له‌سه‌ر پرس و بابهتهكان قسه‌مان كردبوو.
له ئاخافتندا، رێز، ساده بوون، وردبینی، له‌سه‌ره‌خۆیی و به‌ڵگه‌مه‌ندی له لێدوانه‌كانی دا ڕێز‌و خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری له هه‌ناوم دا ساز كردبوو.
كۆتایی مانگی 5ی 2018دا كوردستان 24، كۆرێكی سیاسیی بۆ باس له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، له هوتێڵ كریستاڵی هه‌ولێر رێكیخستبوو. له كۆره‌دا كۆمه‌ڵێك له كورده‌كانی ئه‌ندامی پاڕڵمانی عێراق و كوردستان به‌شدار بوون، زۆربه‌ی ئاماده‌بووان نوخبه‌ی سیاسیی، رۆژنامه‌وانی و خه‌ڵكی خاوه‌ن روانگه‌و بۆچوون بوون له‌سه‌ر پرسه‌كان...
له‌و كۆڕه‌دا وڵامی بۆچوونێكی ناراستی یه‌كێك له‌به‌شدار بووانم دایه‌وه كه گۆیا رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له 25ی 9ی 2017دا، كوردی لاواز كردوه... وڵامه‌كانی من ئه‌و كات ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌و جه‌ماوه‌رێكی زۆر پێشوازیان لێ‌كرد.
پاش كۆره‌كه د. فه‌رسه‌ت سۆفی ده‌ست خۆشی لێكردم و وتی: "كاكه گیان من كه‌سێكی قانووینم، ده‌ست خۆشی ئه‌و هه‌ڵوێست و روانگه‌ت لێده‌كه‌م، پێم خۆشه له‌م باره‌وه قسه‌ی كه‌سانی وه‌كوو ئێوه كه له ده‌ره‌وه دێنه‌وه‌و له روانگه‌یه‌كی كراوه‌تره‌وه چاو له بابهتهكان ده‌كه‌ن زۆرتر بیسترێ، ئیشه‌ڵا پێكه‌وه نانێك ده‌خۆین و له‌م باره‌وه زۆرتر قسه ده‌كه‌ین..."
كهموزۆر له‌گه‌ڵ د. فه‌رسه‌ت سۆفی پێوه‌ندیم هه‌بوو. دواین جار له كۆڕێكدا له هۆڵی شه‌هید سه‌عدوڵا دیتمه‌وه. رۆژی 17\ 10\ 2019، "رێكخراوی كرۆك بۆ رۆشه‌نبیری گشتیی"، له ژێر ناوی "نوێ سازی ئامانجمانه"، بوونی خۆی ڕاگه‌یاندو چه‌ند خه‌ڵاتی رێزلێنانی به چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی (سه‌ركرده‌ی كار) پێشكه‌ش كرد.
له ڕاستی دا، د. موسلیح سه‌رۆكی زانكۆی سۆران یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه ده‌با خه‌ڵاتی وهرگرتباو نه‌یتوانیبوو ئاماده‌ی كۆڕه‌كه بێ، هه‌ر بۆیه د. نه‌هرۆ زاگرۆس كه یاریده‌ده‌ری بوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه راسپاردبوو.
د. نه‌هرۆ پێداگری كرد پێكه‌وه بچینه كۆره‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگی پێویست بۆ به‌شداری له كۆڕه‌كه‌م له‌به‌ردا نه‌بوو، دڵم نهشكاندو له‌گه‌ڵی چووم...
له ناكاو د. سۆفی هاته هۆڵه‌كه‌و یه‌كسه‌ر بۆلام هات، پاش چاكوچۆنی، فه‌رمووی: "ئه‌وه لێره‌ی؟ پێم وابوو له واشنگتنی، به‌خێر بێیه‌وه..."، هه‌موو مانگێك بوو كه ببوه پارێزگاری هه‌ولێر، 15ی 9ی هه‌مان ساڵ، واته 3 رۆژ پاش هه‌ڵبژاردنی به پارێزگاری هه‌ولێر، پیرۆزبایم لێكردبوو...
له كۆڕه‌كه، سه‌ره‌رای هه‌وڵی د. نه‌هرۆ هه‌وڵمدا برۆمه دواوه دانیشم، به‌ڵام نه‌مر د. فه‌رسه‌ت رووی تێ‌كردم و فه‌رمووی: "وه‌ڵا كاكه ئه‌تۆ له‌هه‌ر كوێ دانیشی منیش له‌وێ داده‌نیشم..."
دوكتۆری مه‌تین و خه‌مخۆری وڵات، وتارێكی به‌پێزی پێشكه‌ش كرد، تێیدا باسی له بایه‌خی رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان كرد‌و به‌ڵێنی هاریكاری و پشتیوانی پێدان...
له‌وێش دیسان به كه‌سایه‌تییه به‌رزو و بێ فیزو ساده‌كه‌یه‌وه، فه‌رمووی: "كاكه گیان به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه، ده‌بێ پێكه‌وه نانێك بخۆین و قسه بكه‌ین..."
یادو ناوی د. فه‌رسه‌ت سۆفی كه‌سایه‌تی خۆنه‌ویست و خه‌ڵك ویست به‌رزو به‌ڕێز بێ، هیوام وایه هه‌موان به ده‌ست و داوێن پاكی و دڵسۆزی خزمه‌ت به كوردستان و دۆزه ره‌واكه‌ی بكه‌ین و به‌م چه‌شنه ناو‌و یادی به دره‌وشاوه‌یی بهێڵینه‌وه!