Saturday, August 27, 2022

بە بڕیاری سەرۆک بایدەن پەلامارێکی ئاسمانی دژی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە سووریا هاتە ئاراوە



رەحیم رەشیدی\ کوردستان
24


بە گوێرەی بەیاننامەیەکی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمرۆ سێشەممە، ڕێکەوتی 23ی ئاگوستی 2022، بە بریاری سەرۆک جۆو بایدن، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیان لە دێرزووی سووریا بۆسەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بەڕێوە بردوە. 

بە پێی بەیاننامەکە لەو هێرشەدا تاقمێکی چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە ئامانج و لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە بۆردمان کراون.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو هێرشەکە ئاسمانییە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا بوە لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی لە ناوچەکەدا لە لایەن ئەو گروپانەی سەر بە ئێران دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا. 

لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکادا باس لەوە کراوە کە واشنگتن بە دوای هەڵایساندنی شەرو نانەوەی پەشێویدا ناگەرێ؛ بەڵام هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خەڵکەکەیان ڕەچاو دەکەن.  هەروەها لەسەر ئەوەش پێداگری کراوەیەوە کە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا تێکۆشانە لە پێناوی تێکشکانی داعش.

رۆژی 15ی ئاگوست، گروپە چەکدارەکانی گرێدراوی ئێران لە سووریا هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئەمریکاو ئەم گورزە ئاسمانییەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گروپانەی سەر بە ئێران لە سووریا لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا بوە.

No comments:

Post a Comment