كۆنگره‌ی 13ی حیزب لوتكه‌ی ئاڵوگۆڕه جیددییه‌كان
[به‌شی پێنجه‌م]
به سه‌رنجدان به‌وه‌ی كه هاتنه ئارای هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی مۆدێرن و دیمۆكراتیكی سیاسی و له‌دایكبوونی هه‌ر چه‌شنه ڕه‌وتێكی نوێخواز، كۆمه‌ڵێك دژبه‌ری و هه‌ڵسوكه‌وتی نادیمۆكراتیك دێنێته ئاراوه، ده‌كرێت له ئاست ئه‌م سنوورداربوونه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م له حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دا، چاوه‌ڕوانی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێست و كرداری نادیمۆكراتیك بین له ئێستا و داهاتوودا، چونكه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی نوێخواز تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كۆمه‌ڵێك پێوانه‌ی كه‌ون و نه‌ریتی ده‌خاته به‌ر شه‌پۆلی گۆڕان.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ناكۆكی دێنێته ئاراوه ئه‌گه‌ر بێت‌و بواری په‌ره‌پێدانی كاری به‌كۆمه‌ڵ و به‌ره‌وپێشبردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌ره‌و پێشه‌وه هیدایه‌ت نه‌كه‌ین و خۆمان به شته لاوه‌كییه‌كانه‌وه سه‌رقاڵ كه‌ین. شته لاوه‌كییه‌كان ده‌كرێت ئه‌و بابه‌تانه بن كه بۆ گه‌شه‌پێدانی شه‌فافیه‌ت و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی پتر له نێوان ئۆرگانه جۆراوجۆره‌كانی حیزب‌دا ببنه ته‌گه‌ره و كۆسپ. ئێمه ده‌بێت به‌شێك له دژبهرییهكان به دڵفهراوانییهوه وه‌رگرین و به كرده‌وه نیشان بده‌ین كه له پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕدا ته‌نها نیزمان ئه‌وه‌ییه جۆشوخرۆشێك دروست كه‌ین و شه‌پۆلێك بخولقێنین كه هه‌موومان له به‌رده‌م تهكانهكانیدا هه‌ست به ئارامی و متمانه بكه‌ین. جێخستن و چه‌سپاندنی ئه‌م كه‌لتوره هه‌نگاوێكی گرینگ و دیمۆكراتیك و بیانوبڕه و ئێمه له‌م ڕه‌وته‌دا به نیشاندانی ئارامی و له‌سه‌ره‌خۆیی و دڵفراوانیدا متمانه به‌رهه‌م دێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك هه‌نگاو له پرنسیپی دیمۆكراتیك پاشه‌كشه‌مان كردبێت.
به‌تایبه‌ت كه ئێمه به‌هۆی درێژكێشانی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌سه‌رمانادا و ته‌رخانكردنی زۆربه‌ی هێز و تواناكان بۆ به‌رگری، بواری گه‌شه‌پێدانی پرسه دیمۆكراتیكهكانمان لێ به‌رته‌سك بۆته‌وه؛ به جۆرێك كه پرسی گۆڕان و نوێخوازی زۆر جار نامومكین و كول دێته پێش چاو، ئێمه ته‌نها به ڕاگرتنی وه‌زعی مه‌وجوود ڕازی بووین. ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌شمان به جۆرێك له سه‌ركه‌وتن بۆ خۆمان تۆمار كردووه. له ڕاستیدا لێره‌دا ئه‌و عه‌قڵه به ئه‌نقه‌ست پشتگوێ خراوه كه سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ده‌كرێت. دیاره به‌رژه‌وه‌ندی كورد وای خواستوه ئه‌م حاڵه‌ته وه‌كو خۆی بپارێزرێت. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه بارودۆخی چه‌قیو هه‌میشه جۆرێك له كۆنه‌پارێزی به بیانووی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخدا دێنێته ئاراوه كه پرسی گۆڕان دژوار ده‌كات. ڕوونه له‌م حاڵه‌ته‌دا عه‌قلی پیلان په‌ره ده‌ستێنێت و هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك ئه‌گه‌ر حه‌رام نه‌كرێت، ئه‌وا به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ده‌كرێت. گومانێك كه له جه‌وهه‌ری خۆییدا پرۆسه‌ی پێكه‌وه كاركردن و هه‌ڵكردن لاواز ده‌كات. ته‌نها وه‌ڵام ده‌ربوون و سینگفراوانی و دیالۆگی ئاشكرا ده‌توانێت ئه‌م هه‌وره چڵكهنهی گومانی پیلان ڕامالێت.
دیاره ئه‌م شه‌پۆلانه هێندێك قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی نوێ له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێننه به‌رهه‌م، به جۆرێك كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵێكی دیكه ده‌كه‌وێته پله‌یه‌كی نزمتر، كه‌واته ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین ئه‌و توێژه‌ی وا قازانج و ده‌سه‌ڵاتی كه‌وتۆته به‌ر پرۆسه‌ی گۆڕان، دژبه‌ری و هێندێك جار كرده‌وه‌ی نادیمۆكراتیك له‌خۆی نیشان بدات. هه‌رچه‌ند ده‌كرێت ئه‌م دژبه‌ریانه ته‌نها له‌نێو ڕیزه‌كانی حیزبه‌وه نه‌بن و مه‌یدانێكی به‌رفراوانتر به‌خۆوه بگرن. چونكه ئێمه له ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزدا ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وتمان و میكانیزمی بهڕێوهبهراییهتیمان له‌سه‌ر ده‌ورووبه‌رمان شوێندانه‌ره و ئه‌مه شتێك نییه هه‌روا ئاسان به قهراخیدا تێپه‌ڕین. ناسكبوونی كێشه‌كه كاتێك به‌ڕوونی خۆی ده‌رده‌خات كه بزانین ئێمه ئه‌م پرۆسه‌مان ده‌ستداوه‌تێ و ده‌بێ به‌ره‌وپێشی به‌رین. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه بواری ته‌مرین كردن و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه به‌رته‌سكه و ئێمه‌ش ئه‌و كه‌ره‌سته به‌هێزانه‌مان له ده‌ستدا نییه كه وه‌كو ڕۆژی ڕوون به جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی نیشان بده‌ین و قازانج و به‌رهه‌مه خاسهكانی بخه‌ینه ڕوو.
ئاشكارایه كه پرۆسه‌ی گۆڕان و نوێبوونه‌وه و نۆژهنگكردنهوه و پێداچوونه‌وه به میتۆد و ڕێبازه جۆراوجۆره‌كاندا گرێ بدرێته‌وه به بازنه‌ی قازانجی ئه‌و توێژه‌ی وا له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی گۆڕاندا چاوه‌ڕوانی پاراستنی قازانجه‌كانی خۆی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێت ئه‌م شانۆیه گوڕ و ته‌كانێك به ڕێكخراوه كوردییه‌كانی دیكه بدات و چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات له ناو ئه‌وانیشدا بخاته به‌رده‌م پرسی گۆڕان و له‌م باره‌وه گوڕ و ته‌كانێك له ناخی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حیزبی كوردیدا بێنێته ئاراوه. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌نگاو و گه‌لی ئێمه‌وه هه‌یه.
درێژه‌ی هه‌یه...
No comments:
Post a Comment