كۆنگره‌ی 13ی حیزب لوتكه‌ی ئاڵوگۆڕه جیددییه‌كان
[به‌شی هه‌شته‌م]
پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندیشه جیاوازه‌كان و ڕوانگه هزرییه ڕهنگاورهنگهكان چه‌كه‌ره ده‌كات و ڕاستوڕه‌وان له دڵی پرۆسه دیموكراتیكه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. ته‌نها كه‌شی دیموكراسییه كه ته‌حه‌مولی ڕوانگه جیاوازه‌كان ده‌كات. دیموكراسی ئه‌م ڕوانگه جیاوازانه ده‌خاته خزمه‌ت به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانی و له‌سه‌ر بنه‌مای لێكنه‌چوونه‌كان گه‌شه به بواره جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه ده‌دات و له چوارچێوه‌ی یاسادا پێكهوهحهوانهوه ده‌كاته بنهماێكی پته‌و؛ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و هه‌وڵدان بۆ پاراستنی بێ ئه‌ملاولای به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ڕادێن، تاكو له‌سه‌ر بناخه‌ی حورمه‌تگرتنی یه‌كدی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و له ناخی كۆمه‌ڵگه‌دا بكه‌ونه جموجووڵ.
ئێمه ده‌بێت هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌یین بۆ ئه‌وه‌ی كه مافه‌كانی مرۆڤ له حیزب‌دا به ته‌واوه‌تی نهادینه بكه‌ین. لێره‌وه ده‌توانیین ئه‌ندامانی حیزب بۆ نێو بازنه‌ی دیالۆگێكی شارستانی تر و مۆدێرن تر په‌لكێش بكه‌ین و هاوكات هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له ئاست چاره‌نووس و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی حیزب‌دا به‌ره‌وژوور هه‌ڵكێشین.
خوڵقاندنی وه‌ها دۆخێك گه‌شه‌سه‌ندنی پتر و خێراتری بیر و ڕوانگه جیاوازه‌كانی لێده‌كه‌ێته‌وه و له ته‌نیشت ئه‌م مه‌سه‌له‌دا ملكه‌جكردن بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی دیمۆكراتیك فه‌راهه‌م تر و خێرا تر ده‌بێت. وا بیر ده‌كه‌مه‌وه كه به هێنانی چه‌مكی دوو ده‌ووره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به دوای یه‌كدا نیازێكی حه‌یاتی به به‌ربڵاوتركردنی هه‌رچی پتری ئه‌م بابه‌ته هه‌ست پێده‌كرێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م مه‌سه‌له ناسكه پشتگوێ بخه‌ین ئاوا دۆخی چه‌قیو و یه‌خه‌مان به‌رنادات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه لێك دوور ده‌كه‌وینه‌وه نه پێكه‌وه كار ده‌كه‌ین. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م مه‌سه‌له‌ش بێ بایه‌خ بوونی زۆر دیارده‌ی به‌نرخی لێده‌كه‌وێته‌وه كه قوربانی زۆرمان بۆ داوه.
سه‌رنجڕاكێشه كه ههڵسوكهوتهكانمان له چوارچێوه‌ی پاراستنی كه‌سایه‌تی یه‌كتردا قه‌ت به مانای ته‌نگه‌به‌ركردنه‌وه‌ی بازنه‌ی دیموكراسی نییه. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه دیموكراسی به‌ره‌و مه‌ترسی پاڵ پێوه ده‌نێت دیار نه‌بوونی ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تییه. ئێمه كاتێك باس له پاراستنی كه‌سایه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ین ڕاست ئه‌م خاڵه به مانای ئه‌و مافانه‌یه كه ئێمه له‌ژێر سێبه‌ری دیموكڕاسیدا وه‌چه‌نگی دێنین و یاساكانی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراسیانه بۆمان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. دیموكراسی پرۆسه‌یه‌كی دوولایه‌نه كه له‌سه‌ر بناخه‌ی ماف و ئه‌رك گه‌شه ده‌كات.
لێره‌دا خاڵێكی هه‌ره ناسك هه‌یه كه ده‌بێت به وردی سه‌رنجی بده‌ینێ. خوو و خده‌ی مرۆڤه‌كان به‌گشتی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه. مادام وایه سروشتییه كه مرۆڤ و مرۆڤه‌كان هه‌وڵبده‌ن كه یاسا و ڕێسایه‌ك داڕێژن كه قازانجه جۆراوجۆره‌كانیان بپارێزێت و هاوكات به‌ره‌و پێشیشی ببات. مادام مرۆڤه‌كان بیركردنه‌وه و حه‌ز و ئاوات و ئاره‌زووه‌كانیان، هه‌ست و تێڕوانین بۆ دیارده‌كان جیاوازه، ئاساییه كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز بێنه ئاراوه.
هاتنه ئارای ئه‌م قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه بواری تێكشكانی كه‌سایه‌تی یه‌كدی دێنێته ئاراوه ئه‌گه‌ر بێت و یاسا دیموكراتیكه‌كان هه‌موو شتێك سنووربه‌ندی نه‌كه‌ن و چوارچێوه‌ی ڕه‌فتار و كرداری مرۆڤه‌كان ته‌نزیم نه‌كه‌ن. ئه‌م ته‌نزیم كردن و سنووربه‌ندی كردنه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا زۆرترین ئازادی به سه‌رجه‌م تاكه ههڵسووڕهكانی نێو كۆمه‌ڵگه ده‌به‌خشێت. لێره‌وه‌یه تێده‌گین ئه‌وانی دیكه‌ش به‌شیان هه‌یه و بێ دابینكردنی به‌شی ئه‌وان تووشی سه‌رئێشه‌یه‌كی وه‌ها ده‌بین كه بواری كاری جییددیمان بۆ ناهێڵێته‌وه.
ئاشكرایه كه ئه‌م پرس و بابه‌تانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكردن بواری هاتنه‌ئارای كێبه‌ركێ ده‌رخسێنێت. پراكتیزه‌كردنی دوو ده‌ووره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به دوای یه‌كدا ده‌رگای ئه‌م كێبه‌ركێیه‌ی ئاوڵا كردوه. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونه‌كانی كۆنگره‌ی 10ی حیزب هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م چه‌مكه نوێیه‌ش بۆ پێشه‌وه به‌رین قازانجی زۆری لێده‌كه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی قه‌یران بین.
كۆنگره‌ی 10ی حیزب له سه‌ره‌تای به‌هاری 1374ی هه‌تاوی له كورستان پێكهات. كۆنگره‌یه‌ك كه من بڕوام وایه تێكۆشانی حیزبی ئێمه‌ی خستۆته قۆناخێكی نوێوه. قۆناخێك كه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆلینه‌وه‌ی تایبه‌ت هه‌س. پیش كۆنگره باسێكی زیندوو له سه‌رتاپای حیزب‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. دوو به‌ره له‌سه‌ر تێڕوانینی دوو لێكدانه‌وه‌ی به ته‌واوه‌ی جیاواز له حیزب‌دا شکڵده‌گرن و به هه‌مان لێكنهچوونهوه ده‌رگای كۆنگره‌ی 10ی حیزب ده‌خه‌نه سه‌ر پشت. كێشه‌كه كێشه‌یه‌كی سیاسی چاره‌نووسسازه و لابردنی كۆسپێكی گه‌وره‌ی سه‌ر ڕێگای تێكۆشانی دواڕۆژی حیزبه. ئه‌ویش كێشه‌ی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پاش به‌سترانی كۆنگره‌ی 8 له ساڵی 1366ی هه‌تاویدا ڕیزه‌كانی حیزب بهجێدیڵن.
سه‌رنجڕاكێشه كه بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی میللی دیموكراتیكی كوردستاندا لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار پاش قسه و باسێكی چڕ له كۆنگره‌دا ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان له حیزب‌دا ده‌داته ده‌ستی لایه‌نی به‌رانبه‌ر. ئه‌مه نیشانه‌ی ته‌مرینكردنی درێژماوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسییه كه تێكۆشه‌رانی دیموكرات دكارن وه‌ها ئه‌زموونێكی زێڕین له مێژووی سووری حیزبه‌كه‌یاندا تۆمار بكه‌ن. ئه‌وه باوه‌ڕبوون به دیموكراسییه كه تێكۆشه‌رانی دێموكرات له‌پێناوی به‌هێزتركردنی حیزب‌دا هێز و تواناكان وه‌سه‌ریه‌ك ده‌خه‌ن و بڕیاری پێكه‌وه‌كاركردن مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
جیاوازاییهكان به هیچ جۆر بواری لێكترازان و لادان و كارشكێنی خۆش ناكات. به‌ڕێز كاك مسته‌فای هیجری سكرتێری لێكه‌وتووی ئه‌وكات هه‌ر له‌و كۆنگره‌دا تاجه‌گوڵینه له گه‌ردنی هاوڕێی تێكۆشه‌رمان، سكرتێری تازه‌ی ئه‌وكات مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ده‌كات. پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌كاركردن و به‌ره‌وپێشبردنی حیزب پاش كۆنگره‌ی 10 سه‌رتاپای جه‌سته‌ی حیزب داده‌گرێت. له وه‌ها دۆخێك‌دا ئیدی شانتاژ و قسه و قسه‌ڵۆك جێگای نییه. تۆمه‌ت لێدان و بیرۆكه‌ی پیلان و شتی له‌م بابه‌تانه له ئارادا نین. لێره‌دا یه‌ك خاڵی به‌هێزی دیموكراتیك وه‌كو هه‌تاو ده‌دره‌وشێته‌وه، ئه‌ویش ملكه‌جكردن بۆ ئیراده‌ی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی باڵاترین ئۆرگانی ده‌سه‌ڵاتداری حیزبه.
ئه‌م ساده‌ترین و له هه‌مان كاتدا گرینگ‌ترین لایه‌نی دیموكراسی و دیموكرات بوونه بێ قبووڵكردن و كارپێكردنی ئه‌م دیارده هه‌موو بابهتهكان سه‌قه‌ت و دروشماوی له ئاو دێنه ده‌ر و خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئێمه خاوه‌نی ئه‌م لاپه‌ڕه زێڕینانه‌ی له مێژووی دوور و نزیكی خۆمان‌داین بۆیه ده‌توانیین به له‌دایكبوونی داهاتوویه‌كی گه‌ش هیوادار بین.
درێژه‌ی هه‌یه...
No comments:
Post a Comment