[به‌شی نۆیه‌م]
چه‌سپانی دوو ده‌وره سكرتێری له دوو كۆنگره‌ی به‌دوای یه‌كدا و كارپێكردنی له بارودۆخی ئێستای بزووتنه‌ی كوردستاندا كه له دۆخی چاوه‌ڕوانی و چه‌قیودا ژیانی سیاسی خۆی بۆ پێشه‌وه ده‌بات، ڕه‌نگه لایه‌نه گرینگه‌كانی وه‌كو پێویست خۆی ده‌رنه‌خات و هه‌ست پێ نه‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنین كه حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا خاوه‌نی ڕۆڵ و ده‌ورێكی چالاكه و خه‌ڵكێكی زۆر و زه‌وه‌ندی له ده‌ور خڕ ده‌بێته‌وه، ئه‌و كات ده‌كارین خاستر له قازانجه‌كانی ئه‌م پڕۆسه دیموكراتیكه تێبگه‌ین و بكه‌وینه هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌كردنی و ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ به‌ره‌ی ئێستا به‌گشتی و نه‌وه‌ی دواڕۆژ به‌تایبه‌تی ده‌ستنیشان بكه‌ین.
به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه ددانی پێدا بندرێ كه ئه‌وه حیزبی ئێمه‌یه به هێنانی ئه‌م خاڵه دیموكراتیكه ئه‌و تاپۆیه‌ی تێك‌شكاند كه تاكو ئێستا له‌ناو هه‌موو هێزه جیددییه‌كانی كوردستانیدا باو بووه كه باسكردن له‌به‌ر ته‌سكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاقه‌كه‌س و سنوورداركردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ده‌ستنیشانكردنی ئاستی بڕیاردانی حه‌رام بووه و به گوناحێكی گه‌وره هاتۆته ژماردن.
ئاشكرا و به‌ڕچاوه كه ئه‌م خاڵه خه‌باتی نێوخۆیی حیزبی ئێمه‌ی بۆ بازنه‌یه‌كی زیندووتر پاڵ پێوه ده‌نێت. ئه‌م خاڵه ده‌توانێ جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی گۆڕانكاری و چاكسازی بێت له حیزب‌دا. من باوه‌ڕم وایه كه ئه‌م خاڵه ده‌توانێ لێهاتوویی و كاركوشتهیی توانای سكرتێره‌كانی حیزب وه‌كو ڕۆژی ڕوون بۆ ئێمه ده‌رخات. ئه‌وانه‌ی كه پێیان وایه حه‌سه‌نزاده به‌هۆی پیر بوون و بێتاقه‌تی خۆیی ئه‌و چه‌مكه‌ی چه‌سپاندووه، بێگومان باسه‌كان به لاڕێدا ده‌به‌ن و قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان بۆ كردن پێ نییه كه مرۆڤ كاتی خۆی بۆ گوێپێدانی به‌فیڕۆ بدات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌وری گێڕابێت ئه‌وا هیچ له جه‌وهه‌ری دیموكراتیكی پرۆسه‌كه كه‌م ناكاته‌وه.
چوونكه ئیتر ڕۆلی كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م له حیزب‌دا به مه‌رگ كۆتایی نایه‌ت. مه‌رگ هه‌میشه جۆرێك له دیواری سۆزداری بۆ كۆچكردوو یان شه‌هیده‌كانی ئێمه پێكدێنێت كه ڕێگرێكی جێددییه له پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بێبه‌ری له ده‌مارگرژی. ئه‌م خاڵه كاتێك ڕوونتر دێته دیتن كه ئێمه تێبگه‌ین سه‌رۆكانی سیاسی ئێمه به چ پیلانێكی ناجوانمێرانه و دڵڕه‌قانه خه‌ڵتانی خوێن كراون. چاره‌نووسێكی خه‌مهێنه‌ر كه پێداچوونهوهێكی ڕه‌خنه‌گرانه به ئاكار و كرداری وان‌دا گه‌لێك زه‌حمه‌ت و دژوار ده‌كات.
به‌لام ئێستا ئیدی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه شكاوه و ئێمه به هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد له‌سه‌ر كارنامه‌ی تێكۆشانی تاكه‌كان بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین و هه‌ر له ئاكامی ئه‌م پرۆسه‌دایه كه له‌ناو لیستی باشه‌كاندا باشترین هه‌ڵده‌بژێرین. پێشتر به‌داخه‌وه هه‌میشه ئه‌و هه‌سته زاڵ بووه كه كه‌س ناتوانێ جێگای كه‌سایه‌تی یه‌كه‌م پڕ كاته‌وه. ئه‌م چوارچێوه له لایه‌ك ڕێگر بووه له ده‌ركه‌وتنی توانا جۆراوجۆره‌كان و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پاش نه‌مانی سه‌ركرده‌كان جۆرێك له بێ هیوایی و دڵساردی لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئێمه‌دا زاڵ بووه.
لێره‌دا ده‌مهه‌وێت ئاماژه به‌و ڕاستییه بكه‌م كه له بارودۆخی ئێستادا كه‌س ناتوانێ ڕۆڵی دوكتۆره‌كان له حیزبی ئێمه‌دا یاری بكات. ئه‌وان به بوونی خۆیان له پێپلیكانی هه‌ره سه‌ره‌وی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه زۆرترین خزمه‌تیان به خه‌باته ڕهواكهنان به‌خشیوه و چالاكترین ده‌وریان گێڕاوه. به‌ڵام بێگومان ئه‌وانیش وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكی دیكه خاوه‌نی خاڵی به‌هێز و لاواز بوون. سه‌ره‌ڕای لێهاتوویی و توانایی به‌رچاویان، ئه‌وان هه‌میشه دیموكرات بوون بۆ گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی هه‌نگاوی بهكردهوهیان بۆ پێشه‌وه هاویشتووه. ئێمه بۆ ژیانی دیموكراتیكی خۆمان ئێستاش قه‌رزاری وانه و هه‌ڵسوكه‌ته‌كانی ئه‌وانین.
درێژه‌ی هه‌یه...
No comments:
Post a Comment