"له یادی دووهه‌مین ساڵوه‌گه‌ری ماڵپه‌ڕی گیاره‌نگ دا "
گیاره‌نگ بۆ زۆربه‌ی ئێمه ناوێكی ئاشنا و دڵگیره. ناوێك كه خه‌باتی پۆلێك له رۆله‌كانی گه‌لێكی ژیرچهپۆكهمان به‌بیرده‌خاته‌وه كه له سه‌رجه‌م ماڤ و ئازادییه ئینسانییهكانی بێ به‌ش كراوه و ده‌كرێت.
گیاره‌نگ چیای سه‌ركه‌ش و به‌ئاسماندا چووی سه‌رده‌شت، شاری خه‌بات و تێكۆشانه. گیاره‌نگ سینگی مێژووی خه‌باتێكی خوێناوی و دژواری كورده و به بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مه‌لا ئاواره و جموجۆله‌كانی سالی 46 و 47 هه‌تاوی تێكۆشه‌رانی دێمۆكراته. گیاره‌نگ له خۆگری رازی حه‌سه‌ن شیوهسهڵیهكان، نارستییهكان، حهدادهكان، حه‌سه‌ن پووره‌كان، نهستانییهكان، حهكیمزادهكان، نازداره‌كان و ده‌یان و سه‌دانی دیكه‌ی وه‌ك ووانه.
داوێنی پڕ له سه‌وزایی و گیاوگوڵی، مه‌كانی پڕ له متمانه و ئارام بۆ تێكۆشه‌رانی گه‌ل بووه. سینگی پۆلاینی گیاره‌نگ ، سه‌دان جار به ناپاڵم و چه‌كی قورسی داگیركه‌ران و ژه‌هری كوشه‌نده، كێوماڵ كراوه و ده‌كرێت. به‌ڵام گیاره‌نگ و گیاره‌نگ خۆشه‌ویستان ، هه‌ر به پێوه‌ن و به متمانه‌وه تێههڵدهچنهوهو به ئاواتی له باوه‌ش گرتنه‌وه‌ی گیاره‌نگ و ، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی كورد زمان، نایشكێنێت دانه‌ری تۆپی زه‌مان و ، بۆ هه‌ڵمژینی شنه‌بای شڵماش و گوێ دان به ئاهه‌نگی مۆسیقا ئاسای تاڤگه‌كه‌ی و ، بۆ ئۆقره گرتن و به‌بادانی خه‌می دڵان له ناوچه زه‌نوێر و لێواولێو له ڕه‌زوو داربه‌ڕوو باغه‌كانی ده‌ڤه‌ری دڵرفێنی ئالان ، دڵ پڕ له هیوا بۆ پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن و، وه‌فادار به رێبازه سه‌وزه‌ی دێموكرات ، بۆ كوردستان و سه‌ربه‌رزی كوردان و، له سه‌رنانی تاجی ئازادی ، له كوردایه‌تی كۆڵ ناده‌ن.
كوڕانی په‌روه‌رده كراوی گیاره‌نگ چوونكا له هه‌وای ساف و بێگه‌ردی گیاره‌نگیان هه‌ڵمژیوه‌و هه‌ڵده‌مژن، هه‌میشه سه‌وز ده‌بنه‌وه‌و، ماندویی ناناسن و ته‌وێڵی ئارهقاویان بۆ هه‌نگاونانێكی دیكه ده‌سڕنه‌وه. ماڵپه‌ڕی گیاره‌نگ نموونه‌ی زیندووی ئه‌م راستیانه‌یه كه ئاماژه‌م پێداوه.
ره‌نگه زۆر كه‌س نه‌زانن كه به‌رێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری گیاره‌نگ، په‌روه‌رده‌كراوی مه‌ڵبه‌ندی گیاره‌نگه، خاڵێک كه ئه‌م له‌وانی دیكه جودا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ییه كه حه‌مه‌ره‌سوڵ كه‌ریمی به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی خۆی له گیاره‌نگ به جێهێشتووه. ئه‌م پیاوه گۆشكراوی قوتابخانه‌ی دێمۆكراته و ، زۆر شه‌وان له گه‌ڵ باغ و ڕه‌زو و كێلگه‌كان و ، جوتیار و زه‌حمه‌تكێش، كۆڵبه‌ر و مامۆستا ، كیژو لاوی ئاشق به‌م گیاره‌نگه ، ده‌رده‌دلی كردوه و باوه‌ڕپێكراویان بووه. یاده‌كانی حه‌مه و هه‌ڤاڵه‌كانی و ماچه به جێماوهكانیان ، له نێو سروشتی به‌هه‌شت ئاسای سه‌رده‌شت دا، ئاواره و سه‌رگه‌ردان نیین. یاده‌كانیان به به‌رۆكی كیژانی كوردستانییه‌وه تابلۆێكی ره‌نگین و خۆشه‌ویستن و بۆ كوڕانیش ره‌مزی ئه‌وین به نیشتمانه.
باوكی باوان ده‌یان جار له گه‌ل رۆله‌كانی گیاره‌نگ له لاییه‌ن دوژمنانی گه‌له‌وه بۆسه‌ی بۆ داندراو ته‌قه‌ی لێكراو ، ده‌یان جار هه‌وڵیاندا به درۆ و فیشاڵ چۆكی پێدابده‌ن. هه‌ڕچه‌نده دوژمنان توانیان به‌شێك له جه‌سته‌ی لێ‌بستێنن و ژان برژێنه وجوودیه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانتوانی باوه‌ری لێ‌بستێنن و چۆكی پێدابده‌ن.
گیارهنگیهكان، له نێو هه‌نار ،شه‌وبۆ، شللێر، گوڵالهگهزیزه،رێحانه‌و..شلێرێكی ئاشنا به دێمۆكرات و خۆڕاگر له ئاست دژواریه‌كاندا ده‌ست له ملانی به‌رێوه‌به‌ری گیاره‌نگ كرد. گیاره‌نگ كه پێی نایه مه‌یدانی ڕاگه‌یاندنی كوردییه‌وه قایم هات و پته‌و به‌رده‌وام بوو. نه‌یارانی گیاره‌نگ وه‌كوو سه‌رده‌می رۆژانی تاقه‌ت پڕوكێنی شاخ ژه‌هریان هه‌ڵڕشت و خه‌ونی خراپیان دیت. ئه‌وان كێچ كه‌وته كه‌وڵیان و ژان گرتیانی و ناحه‌زانه دوان و گه‌ره‌كیان بوو ئه‌م باغچه نۆبه‌ره بكه‌نه قه‌قنه‌س و ، نه‌هێڵن ئه‌م مه‌كۆی زانست و زانیارییه به‌ر بدات.
ئێستا دوو سال به سه‌ر دامه‌زراندنی ماڵپه‌ڕی گیاره‌نگدا تێده‌په‌رێت. خاڵ گه‌لێك گیاره‌نگی دونیایی زانست و زانیاری گرێده‌داته‌وه به گیاره‌نگی شاخه‌وه. هه‌ردوو له به‌ری دیفاع له ماڤ و ئازادیه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندان و، مه‌لبه‌ندی كۆبوونه‌وه‌ی زانست خوازانن. ئه‌گه‌ر له گیاره‌نگی شاخ لاوان و تێكۆشه‌رانی گه‌ل كۆ ده‌بوونه‌وه تاكوو له گه‌ڵ رێبازی شه‌هیدان په‌یمانی وه‌فاداری نوێ كه‌نه‌وه و له تێكۆشان به‌رده‌وام بن، ئه‌وا ئێستا گیاره‌نگی شار ڕاستگۆیانه و به دوور له چه‌واشه كاری و ساخته‌چیه‌تی ، لاوانی كورد به چه‌كی زانست پێده‌گه‌ێنێت و بۆ خزمه‌تی ژیانی شاریان ئاماده ده‌كات. ئه‌گه‌ر لاوانی كورد به گه‌شتی گیاره‌نگ هه‌وای ئازادی و ئازادی خوازی ده‌كه‌وته سه‌ریانه‌وه ئه‌وا گیاره‌نگی شار بۆ تێگه‌یشتنی قوڵتر له رووداو پێشهاته‌كان خریان ده‌كاته‌وه و به چه‌كی زانست گۆشیان ده‌كات. رۆڵه‌كانی گیاره‌نگی شار و شاخ له پێناوی ئازادی و راستیدا تێده‌كۆشن و تا سه‌ركه‌وتن كۆڵ ناده‌ن.
به هیوای به‌رده‌وام بوونی گیاره‌نگ له سه‌ر رێبازی كوردایه‌تی و ئاواتی سه‌ربه‌رزی بۆ به‌رێوه‌به‌ره ماندوویی نهناسهكهیی و سڵاوێكی هاورێیانه‌ش بۆ ئه‌و سه‌ربازه فیداكاره نادیارانه‌ی كه ته‌حه‌مولی دۆستایه‌تی حه‌مه‌ڕه‌سول و گیاره‌نگی شار ده‌كه‌ن و به خه‌نده‌وه به ده‌وریا دێن و ده‌چن و وزه‌ی وه‌به‌ر ده‌نێنن. رۆژگارێك دێت ئه‌م ساتانه رێزیان لێ‌بگیردرێت و سه‌ربازانی نادیار ماڤی خۆیان بدرێتێ.
No comments:
Post a Comment