مه‌زنترین تابلۆ!
ئه‌زانیت چه‌نده بیرت ده‌كه‌م؟ هه‌رچی ده‌كه‌م و دێم ودهچم، خۆم ده‌خۆمه‌وه، كتێب ده‌خوێنمه‌وه، شه‌راب ده‌نۆشم، گوێ ده‌ده‌مه شمشاڵه‌كه‌ی مامۆستا قاڵه مهره، چاو له‌و وێنانه ده‌كه‌م كه ته‌نها یادگاری رۆژانی تێپه‌ر بوون و ئه‌توانم ده‌ستیان تێ وه‌رده‌م و دهبیرڕاچم. چاو له فیلم ده‌كه‌م و ماڵ خاوێن ده‌كه‌مه‌وه، كه‌وچكێك چێشت ساز ده‌كه‌م و لیباسه‌كانم ده‌شۆم و رێكوپێكیان ده‌كه‌م. جار جاریش خه‌ریكی وانه‌كانم ده‌بم.
ته‌له‌فونێك ،كه ماوه‌ێكه نه‌ك هه‌ر زۆر زه‌نگی پێلێنادهم، به‌لكوو له ولامدانهوهشیدا ته‌نبه‌ڵ بوگم، ئه‌م دهسوئهودهسی پێده‌كه‌م. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه و زۆر شتی دیكه‌ش ، رۆژگار تێناپه‌رێت و، ساته‌كان هێنده ئارام ده‌چنه پێش كه هه‌ست ده‌كه‌م قه‌ت ناتبینمه‌وه، تاكوو چاو له چاوه‌كانت بخزێنم و ده‌سته‌كانت ئارام بگرم و ....
دێم، ده‌چم. پیاسه ده‌كه‌م. ده‌چمه مه‌له كردن و، جاروباریش سه‌ر له دوكانه‌كان هه‌ڵدێنم. نه‌ختاڵێك شتوومه‌ك ده‌كڕم. حه‌ز ده‌كه‌م پێكه‌وه بین. هه‌میشه ده‌بێژیت ره‌حیم گیان ناكرێت نا. منیش ئه‌ڵێم تاكوو كه‌نگێ بۆ خه‌ڵك و به قسه‌ی خه‌لك بجوڵینه‌وه و تاكوو كام قیامه‌ت رۆڵ بگێڕین ؟ دیسان ئه‌زانم كه نازانیت. به‌لام تاكوو كه‌نگێ؟ تاكوو كه‌نگێ من هه‌میشه له‌وه بتۆقم كه له ئاوه‌دانیدا پیاسهێكت له گه‌ل بكه‌م. تاكوو كه‌نگێ دارستان و رێگا نائه‌منه‌كان و ماڵه بێ‌ڕۆح و لێواولێو له ترس، ژوانگه‌مان بێت؟ تاكوو كه‌نگێ له ئامێزگرتنمان تێكه‌ل به دڵه خورپه بێت؟!
چاولێبكه گیانه. من پێم واییه كه تۆ ده‌توانیت ئه‌م به‌سته‌ڵه‌كانه بشكێنیت و بێ باوه‌ری له له ناخدا بۆ هه‌میشه ته‌فروتوونا كه‌یت. باوه‌ر بكه، به‌ده‌ست هێنانی ئیراده و باوه‌ربه‌خۆبوون هیچ كاتێك به راده‌ی ئاشق بوون ئازایه‌تی ناوێت. من ده‌زانم كه تۆ ده‌توانیت ئه‌م دیواره پیرانه بروخێنیت و هه‌ڕچی ڕاستیه ههڵیرێژیت و ئارام بگریت. تۆ عاشقیت ئاشق.
تۆ ده‌توانیت بۆ ئازادی پتر خه‌بات بكه‌یت و تێبكۆشیت. وه‌ره با له پێناوی منجه‌منج و نگیا شاردراوه‌كاندا ئه‌شق كاڵ نه‌كه‌ینه‌وه. ئه‌زانییت كه پێكه‌وه جوڵه‌مان خسته نێو بێده‌نگی دارستان و لێڕهوارێكمان له خه‌و هه‌ڵساند. دارستان به هۆی شه‌قه‌ی ماچه‌كانی ئێمه، له خه‌و ڕاچڵه‌كی و كه‌وته گڤه‌گڤ.
ئێمه به ئامێزێكی گه‌رم و قایم ڕهشهباشمان شكست دا. نازانی چ هه‌ستێكی سه‌یرم هه‌یه. له‌م ساتانه‌دا هه‌میشه هه‌ستێكی سه‌یر دامدهگێرت. هه‌ستێك كه به هه‌موو وجودمه‌وه گه‌ره‌كمه بۆ هه‌میشه لات بمێنمه‌وه‌و نه‌هێلم ته‌نها بیت. باوه‌ر ناكه‌م بزانییت كه چه‌نده حه‌ز ده‌كه‌م سینه و مه‌مكت بۆنی په‌نجه‌كانی منیان لێنه‌بڕێت.
نازانم بیره‌ت له‌وه كردۆته‌وه كه ئێمه له خستنه سه‌ر پشتی درگاكانیشدا هه‌ر نوقمی ئاڵوزی و ترسین؟ زۆر جار بیر ده‌كه‌مه‌وه باشه بۆ ده‌بێت هێنده بترسین؟ ترس له چی؟ مه‌گه‌ر ئێمه سنوری ئازادی كێمان به‌زاندووه، كێمان ئازار داوه، بهردرگامان به كێ گرتووه؟
له‌وانه‌ییه رۆژێك بێده‌نگی دارستان لێمان بێته قسه و هه‌رچی نهێنیه بیدركێنێت. كه داره‌كان خۆیان راده‌وه‌شێنن من نیگه‌رانی و دڵه راوكه دامده‌گرێت مبادا باوش و ماچه به‌جێماوه‌كانی ئێمه بۆ نێوجه‌رگه‌ی ئاوه‌دانی تۆڕ هه‌ڵدات. تێناگه‌م كه من به ته‌نهام له ده‌نگی با زۆر ده‌ترسێم و ئارامم لێهڵدهگێرێت. له نێو چڕی دارستاندا با بیانویه بۆلێك ئاڵانمان، ده‌مانخزێنێته باوشی یه‌كتره‌وه. من له نێو چڕی لێڕه‌وار و رهزهكاندا له هاژه‌و گڤه‌گڤی با ناترسم...
جاری واییه حه‌ز ده‌كه‌م با و، دارستان پیلانێكمان له دژ بگێڕن و هه‌ڕچی نهێنی و جێژوانمان هه‌س له تابلۆێكدا كۆیكه‌نه‌وه و به به‌رچاوی عاله‌مه‌وه ئاوێزانی كه‌ن. گوڵم خه‌مت نه‌بێت. ئه‌وسا ئێمه بۆ دارستان بار ده‌كه‌یین. به‌ڵام له بیرت نه‌چێت كه زۆربه‌ی دانیشتوانی شار ده‌بنه خاوه‌نی تابلۆ. گیانه ده‌با تابلۆی ئێمه مه‌زنترین تابلۆ بێت.
منیش ده‌ترسم. ده‌ترسم، ترس رازیمان كات رێگاێك هه‌ڵبژێرین كه رێگای ئێمه نه‌بێت و ، تاوانه‌كه‌ی بخه‌ینه ئه‌ستۆی قه‌ده‌ر و چاره‌نوس. نا، نا قه‌ده‌ر و چاره‌نوس هه‌ر ئێمه دروستی ده‌كه‌یین و ئه‌بێت راسگۆ بین. پێكه‌وه ده‌كارین ئه‌م ترسانه گۆر كه‌یین و بۆ هه‌میشه ئاشق بمێنینه‌وه. پێكه‌وه ده‌ست لهنێودهست رێگای شهختهوسههۆڵبهندانیش ده‌بڕین.
No comments:
Post a Comment