Archive

Monday, June 25, 2012

به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆنسیرتی‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ واشینگتۆن

 وێنه‌: سامی ساڵه‌یی، فه‌وزیه‌ خانم، سه‌لاح بایه‌زیدی‌، ره‌حیم ره‌شیدی‌و نایب مه‌شایخی

 رۆژی هه‌ینی رێکه‌وتی 22ی مانگی جونی 2012ی زایینی، كۆنسیرتی‌ هونه‌ری‌ به‌ به‌شداری‌ هونه‌رمه‌ندان به‌رێزان نجمه‌دین غولامی‌‌و فواد نه‌راقی‌ له‌ ده‌ڤه‌ری واشینگتۆن‌، به‌ به‌شداری رێژه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ کوردستانیان به‌رێوه‌ چو.
له‌و کۆڕه‌ هونه‌ریه‌دا، هونه‌رمه‌ندان گۆرانی‌و ئاوازی جۆراوجۆریان چڕی‌و شادی‌و خۆشیه‌که‌ی زۆریان به‌ ئاماده‌بوانی ئه‌و شه‌وه‌ هونه‌ریه‌ به‌خشی.‌.
شایانی باسه‌ ره‌حیم ره‌شیدی به‌ نوێنه‌رایه‌تی ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ ئامریکاو هه‌روه‌ها پارتی دێموکراتی کوردستان، یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان‌، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان‌و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که‌ پشتیوانیان له‌ به‌رێوه‌ چوونی ئه‌و کۆنسێرته‌ کردبوو، سه‌باره‌ت به‌ پێکهاتنی کۆنسێرته‌که‌ قسه‌ی بۆ به‌شداران کردو وێرای به‌خێرهاتن کردنی هونه‌رمه‌ندان، سپاسی ئاماده‌بوونی ره‌وه‌ندی کوردی بۆ به‌شداری چالاکانه‌یان له‌و کۆنسێرته‌دا کرد.
هه‌روه‌ها ناوبراو له‌ باره‌ی  هونه‌ری ره‌سه‌نی کوردی‌و ئه‌ده‌بیاتی به‌رگری‌و بایه‌خی هونه‌ری گۆرانی‌ بۆ خۆڕاگری‌و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد قسه‌ی بۆ به‌شدارانی ئه‌و کۆڕه‌ هونه‌ریه‌ کرد.

Saturday, June 2, 2012

دانوستاندنی ناوه‌کی ئێران، چاره‌سه‌ر یان کات به‌فیڕۆدان؟


ئێران و زلهێزانی جیهان جارێکی تر له‌م مانگه‌دا له مۆسکۆ کۆده‌بنه‌وه له هه‌وڵێکدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ناوه‌کی ته‌هران.  ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه که بالیۆزی ئه‌مه‌ریکا له ئیسرائیل هۆشداری ده‌دات که ده‌لیڤه‌ی چار‌‌ه‌سه‌رکردنی کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران به ڕێگای دیالۆگ که‌م ده‌بێته‌وه.
دوای چه‌ندین گه‌ڕی دانوستاندن له ڤیه‌ننا، ئسته‌نبول و به‌غدا، ئایا مۆسکۆ ده‌بێته وێستگه‌ی ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانیه‌كانی رۆژئاوا به‌رامبه‌ر به به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران که گومانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ناوه‌کی لێده‌کرێت؟ وه‌یا ئێران ناتوانێت لێدوانه‌کانی بسه‌لمێنێت که به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌که‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه؟
له به‌رنامه‌ی مێزگردی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا رۆژنامه‌وان ره‌حیمی ره‌شیدی له واشنتن و رۆژنامه‌وان سۆران پاڵانی له کوردستانی عێراق وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیار ده‌ده‌نه‌وه ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی ناوه‌کی ئێران، ئه‌گه‌ره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی دانوستاندنی ناوه‌کی و ده‌رئه‌نجامه‌کانی.