Archive

Monday, June 26, 2017

بەرزەگوفتاری ئێمە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنە!

بەرزەگوفتاری ئێمە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنە!
رەحیم رەشیدی
 هەر وەکوو ئێوەی خۆشەویست دەزانن، پاش ئەوەی رەوتی وەسەریەکەوتنەوەی دێموکرات شێلگیرتر بوە، کە هیواوو ئاواتی هەموو مرۆڤێکی بەرپرسە لەم دۆخەدا، کۆمەڵێک کەس نەزانانە یان راسپێردراو، هەوڵیان ئەوەیە کە بە درۆو چەواشەکاری بێ سنوور، بمانکێشنە نێو باسێکی پڕ زیان و بێ ئاکام.
 هە ربۆیە داواوو تکام ئەوەیە کە سەردەمی یەکریزی و یەکگرتنەوەیەو هەرگیز دامەبەزنە ئاستی کەسانێک کە هەوڵیان ئەوەیە لەبەر کۆنە قین، یان هەر هۆکارێکی دیکەی لەم بابەتە، بەرەوو دۆخێکمان ببەن کە تەنیا دوژمن تێیدا سەرکەوتوو دەبێ.
 هەڤڵان، نزم گوفتاری و کردەوەی هەرزان بەها لە ئێمە ناوەشێتەوە. کێشە نیە با ئەو کەسانە جنێوو قسەی ناشیرن بە من بدەن و هەموو سنوورێکی ئەدەب و نزاکەت ببەزێنن. وەکوو دەبینین مخابن ئەوان تەنانەت بەزەیان بە پلەی بەرزی شەهید ناێتەوەو لە پشت ئەو سەرمایە مەزنەی نەتەوەکەمانەوە سەنگەر دەگرن بۆ ئەوەی هەنگاوی تێکدەرانە بنین؛ بەم جۆرەش ئەوان وریا یان نەزان، خزمەت بە بەرنامەو ئامانجی دوژمن دەکەن.
 پێم وایە کەسانێک راسپێردراون کە رەوتی یەکگرتنەوەی دێموکرات پەک بخەن و ئەگەریش بۆیان نەکرا ئەوە دوای بخەن. باشترین کار کە دەتوانین بیکەین بریتییە لەوەی کە لەسەر ئەدەبیاتی یەکریزی بەردەوام بین. بەم جۆرە هەموو هەوڵێکی شەری نەرمی دوژمن پووچەڵ دەکەینەوەو کلتووری بەرزی ژیانی سیاسیی و حیزبایەتی بە بەرزی و بڵیندی دەهێڵینەوە. ئەمە سەرەکیترین خاڵی پێوەندی نێوان شۆڕشگێران و جەماوەرەو بە کردەوەی جوان و ئەدەبیاتی خاوێن و لەسەرەخۆو داخوازو رەخنەی خۆمان بۆ یەکریزی دووپات و هەزار پات دەکەینەوە. ئەگەر تێبینی یا رەخنەیەکیشمان هەیە هەڵیدەگرین بۆ دواتر یان لەم بازنەدا دەیهێنینە گۆرێ...
 دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ تۆمەت‌و بوختان و لۆمپەنیزمێک، ناتوانێ بە قازانجی خەباتی رەوای ئێمە بۆ ئازادی بێ. کەواتە دووری کردن لە وڵامدانەوە بەو جۆرە کەس و رەوت و لایەنانە، باشترین هەنگاوە کە خزمەتە بە ئامانجە بەرزەکەنمان دەکات...

پێشەکی سپاس لە هاوکاری و دڵسۆزیتان...