Archive

Monday, December 31, 2012

ساڵی نوێتان پیرۆز بێ

ساڵی نوێتان پیرۆز بێ
Happy New Year
سال نو مبارک
Bonne année
Gott Nytt År

Saturday, December 29, 2012

یادی کاک تەها عەتیقی لە دڵم‌دا زیندوە/ رەحیم رەشیدی


وێنە: نەمر کاک تەها عەتیقی


هەموو شتێک لە نەکاو هاتە گۆڕێ، بە سەفەرێک لە پاریسەوە هاتبومە واشینگتۆن، رۆژێکی ساردو تووش، تفت هەڵخستایەت بە ئاسمانەوە دەیبەست. کۆمەڵێک هاورێ لە ماڵی دۆستێک کۆبووینەوە، دەمان هەویست لێوێک بە بادە تەڕ کەین‌و خەمێکی غەریبی بە "با" دەین. گەرەکمان بوو کە دەفتەری بیرەوەری پێشمەرگایەتی، ئاوارەیی‌، پەناخوازی‌و پەنابەری چەند ساڵەمان لە تورکیە، ئورووپاو ئامریکا، هەڵدەینەوەو ئەو بوخچانەی دڵ بکەینەوە کە ماوەیەکی زۆرە نەکراونەوە، بۆ ئەوەی دەمارەکانی ژیان تەژی لە هیوا کەینەوە.
هەورامیەکی کۆنە ناسیاو هەر خەریکی موبایلەکەیەتی، لە نەکاوو لە نێو ئەو حەشیمەتەدا، ڕوو لە من دەکات‌و دەڵێ: "ئەزانی کاک تەها عەتیقی مرد". بێ ئەوەی پرسیاری لێبکەم، کە چی ڕووی داوە، بێ ئەوەی زارم گۆ بکا، لە جێگای خۆم سڕ دەبم.
دونیای منداڵی خۆم وەکوو فیلمێک، بە خێرایی شەمەندەفەر، بە رهێڵەکانی زەینم‌دا دێت‌و دەچێت، ئەرێ، من هەمیشە ئۆگری دەنگی بووم. هەموو کات بە دڵ خۆشم ویستوە، هیچ کاتێک سەبارەت بەو پیاوە هەستم بە دووری‌و غەریبی نەکردبوو. بە تایبەتی ئەو کاتانەی بەو دەنگە نەرم‌و نیانەی لە بەرنامەی "وڵامی نامەی گوێگرەکان" کە لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران‌دا، رۆژانی هەینی هەموو حەوتوویەک‌، وەکوو نەقوڵ‌و نەبات بەسەر کوردستانیان بە گشتیی‌و ڕۆژهەڵاتی وڵات بە تایبەتی دەبەخشرایەوە. دەنگێک کە وەکوو تاڤگە هەر هەستێکی هەڵچووشی هێور دەکردەوە.
ئێستاش کە بیر لە ڕابردوو دەکەمەوەو بە کۆڵانی بیرەوەرییەکانم‌دا شۆڕدەبمەوە، زانست‌و قسەی نەستەقی کاک تەها سەرنجم ڕادەکێشن، هەستێکی سەیر دامدەگرێ کە بیری دەسنووسەکانی دەکەومەوە کە کاتی خۆی لە رادیۆ بە حەزو خولیایەکی بی سنوورەوە دەمخوێننەو لێیان فێر دەبووم. ئەوە ماوەی سێ ساڵی ڕەبەقە قورسایی مەرگی کوت‌وپڕی ئەم مرۆڤە شکۆمەندە بەری نەداوم...
ئێوارەی ٢٩ی مانگ، زۆر لە خۆم دەکەم‌و لەگەڵ دادە ئەسمەر خێزانی کاک تەها، تەوار شەریفی‌، هەروەها دەگەڵ دوو هەڤاڵی دێرین‌و تا سەر بە وەفای کاک تەها، بەرێزان عەلی پوورئامان‌و ئەحمەد شێربەگی دەدوێم‌و هاوخەمیان لەگەڵ دەکەم، لە راستی‌دا خەمیان لەگەڵ بەش دەکەم. کوڵی گریانێکی بە ژان سەرتاپای وجودم دەهەژێنێت، قسەکانی دادە ئەسمەرو لاواندنەوەکەی هەموو مرۆڤێکی بە ویژدان‌و خودان هەست، سڕ دەکات. کاک عەلی پوورئامان ئەم مرۆڤە بەهست‌و گەوورەیە، بە وردی‌و بەو پەڕی خەفەتبارییەوە هەموو ڕووداوەکەم بۆ دەگێرێتەوە کە چی ڕووی داوەو چلۆن کاک تەها لە کاتی وەرزش کردن‌دا شەپڵە لێیداوە...
دەزانم کە دادە ئەسمەر ئەوە دوو جارە هێلانەکەی لێدەشێوێ، دوو جارە ئێش‌و ژان لە هەناوی رۆ دەچێت، ئەو ئۆف‌و ئێشی مەرگی سوورو سەربەرزانەی شەهید عەبدوڵا شەریفی سەر لە نوێ بۆ زیندوو بۆتەوە، دەردەکەی زیندوو بۆتەوە؛ لە بەر ئەوەی کاک تەها بەراستی‌، بە سۆزو مێهرەبانی بێ سنوورەوە، نەبوون‌و بێ بابی بۆ منداڵەکانی باجە ئەسمەر کاڵ کردبوەوە...
یەکەمین  جار کاک "تەها"م لە رێکەوتی ٢٤ی ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٤دا، لە بڕلین پێتەختی ئاڵمان لە کاتی دانانی لەوحی بیرەوەری شەهیدانی میکۆنۆس دیت‌، ئەو کات لە سوئێد دەژیام‌‌، ئەویش پێشتر لەوێ دەژیا، دوایە کە ژیانی هاوبەشی پێکهێنا هەواری گواستەوە بۆ سوئیس، لەبەر گرینگی دانانی ئەو لەوحە لەوێ بوو، ئاشنایەتی‌مان درێژەی کێشاو بە دەست بە کار بوونم لە تەلەویزیۆنی تیشک لە پاریس، دۆستایەتی‌‌مان چڕتر بویەوە، لەو ماوەدا کاک تەها بۆ من مامۆستاو رێنوێنکی یەکجار مەزن‌و گەورە بوو. هەر دەم، رێنوێنی دەکردم، هەڵەو پەڵەی بۆ پینە دەکردم‌‌و رێگای دروستی لە پێش دادەنام...
جارێک کاک هادی حوسێنی، بۆی باس کردم کە لە مێژە کاک تەها دەناسێ‌و دواجاریش لەگەڵ کۆمەڵیک بەرپرسی حیزبی لە ماڵیان بوە کە پێیانی وتوە: "...ئاگاتان لە کاک رەحیم بێ، دڵی ڕاگرن..."
پاش ماوەیەکی زۆر، پرسیارم لێکرد کە شتێکی ئاوام بیستوە، سوپاسم لێکرد‌، یادی هەزاران جار بەخێر بێ، فەرمووی: "...ئەمن دەیانناسم‌و کارم لەگەڵ کردوون، پێم سەیرە کە ئەوندە خۆت ڕاگرتوە، دەزانم کە چ دەکەیت‌و چەندەش باشی دەکەیت...". بۆچوونی کەسێکی وەکوو کاک تەها، بەو هەموو لێزانی‌و زانستەوە لەسەر کارەکانم‌، بۆ من بایەخ‌و پەیامێکی گەورەی تێدا بوو.
کاک تەها عەتیقی، قوتابخانەیەکی گەورە بوو، بێ گومان ئەدەبیاتی بەرگری کورد قەرزاری قەڵەم‌و خزمەتە بەرچاوەکانی ئەو مرۆڤەیە، باوەرم وایە کە پێویستە خوێندکارانی کورد تێزی دوکتۆرا لەسەر خزمەتەکانی کاک تەها بنووسن. دەشێ ئەوان سەبارەت بە کارو تێکۆشانی ئەو نەمرەو ئەو خزمەتە مەزن‌و بەرچاوانەی بە زمان‌و وێژەی کوردی‌ بە گشتیی‌و ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەو پێشکەوتوانە کە لە سەردەمێکی سەخت‌و دژواردا پێشکەشی کردوە. توێژینەوە بکەن.
بە داخێکی گرانەوە، کاک تەها لە هەلومەرجێک‌دا گوڵی تەمەنی پڕ لە شانازی هەڵوەڕی کە، بزوتنەروەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی خۆ خۆری‌و دووبەرەکیەکی بێزئەستێن‌و دوژمن شادکەرەوە، تاکوو ئێستاو بەو جۆرەی شیاوی ژیان‌و ڕابڕدووی پڕشەنگداری ئەو نەمرەیە، یادی نەکراوەتەوە.
یادو ناوی کاک تەهای عەتیقی هەمیشە لە دڵمان‌دا زیندوە.


لێرەو لەوێ!


رەحیم رەشیدی
کە جانتای سەفەرم پێچایەوەو بە دڵە ڕاوکەیەکی زۆرەوە رێگام گرتەبەر، تۆ تەنیا بیانوی ئەم کردارە بوویت. لە هەموو دێرەکانی ئەو پەڕتووکانەدا سیمات دەردەکەوت کە بۆ کورت کردنەوەی ئەم رێگا دوورە لە نێو چەمەدانە بچووکەکەم ئاخنی بوون‌و لەو مەودا بەرینەدا سەرقاڵی خوێندنەوەیان بووم.
شێعرەکان هەر لە خۆت دەچووون، دەنگت هەر دەم ئاوێتەی موسیقی دەبویەوەو بۆم دەبوە هۆنراوەو ئاواز، هەموو ئەو ماوەیە پێم وابوو کە دەگەمە ئاستانەی دیدارت، چ روو دەدا، بیرم لە ماچ کردنی دەستەکانت دەکردەوە، لەوەی کە لە ئامێزی پڕ مێهرەبانیت‌دا ئۆقرە دەگرم‌و تۆ پەنجەکانت لە پرچەکانم دەژەنی. پێم وابوو کە لەم ساتە وەختەدا، تۆ نوێترین شێعرەکانت بە هەوێنی ئەوین دەخولقێنی‌و ئیدی روخسارم بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر سەمای پرچەکانی تۆدا دەمێنێتەوەو گەرم دادێت.
ئێستا بە خۆم دەڵێم، هیچ کەس لەم گەردوونەدا، بە رادەی من تۆی ناوێت، تۆ کە ئەزانم ئیدی ناتوانی  هاوکات دوو کەست خۆش بوێ؟! من هەموو دەریاکان دەپێوم، دووری هەموو شتێکی لە من‌دا سەبارەت بە تۆ پاراستوە بۆ ئەوەی بگەمەوە تۆ، هەر چەندە ئەتۆ بەو بێ مەیلیە تێبکۆشی قەڵەمەکەم کول بکەیت من هەدا نادەم...
حەزی دیداری چاوەکانت، بۆتە هەتاوی ژێر باران، سەد بریا هاتبایت بۆ لام، سەد بریا هێشتبات سەر بکەمە سەر شانەکانت، دوای ئەوەی چەند کاتژمێر لە سەر تەختەکەم ئەملاوو لام کرد، نەهاتی، ئەو ساتانە زۆر بە لەسەرە خۆیی‌و قورس تێدەپەڕین، وەکوو ئەوەی کە گیراوێک پاش ماوەیەکی زۆر بیهەوی کەسێکی ئازیزی ببینی. خۆزگە دەتزانی کە نەهاتیت، چەندە دڵتەنگانە بە خۆمم دەوت،  منت نەویست‌و فرێت دامە کۆشی فەرامۆشی‌و بێ کەس تر لە هەمیشە بە تاریکیت سپاردم...
گەرەکمە لەوە دڵنیا بیت کە نفرەتێکم نیە لە تۆی بکەم، هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە مەودای نێوانمان کورت کەمەوە، دیوارەکان بروخێنم‌و تۆ بە کەسێکی ئاسایم ببینی. قسەیەکم نەکردوە بۆ ئەوەی بترەنجێنم، کە کورتە نامەیەکم بۆ ناردیت‌و باسم لە دوو ڕوویت کرد تەنیا مەبەستم ئەوە بوو کە بێژم روویەکت هەتاوەو ڕوویەکت مانگ، سەرم سووڕمابوو کە چلۆن شەو ڕۆژ وێکراو پێکەوە دەرکەوتوون...
من کاتی ئەوەم نیە کە نفرەتت بۆ بنێرم، ماومەوە بۆ جموجوڵەکانی ئەم رێگا بێ بڕانەوەیە، ئێستا تەنیا دەمهەوێ بێیتە گۆ، شتێک بکەی، بنووسی، تشتێک وەکوو باران‌و لە جنسی هەتاو...
هەرگیز بۆم مەنووسە، "باشه گیان ئارام به، چیت ئه‌وێ به‌رانبه‌ر من بیکه، حه‌ز ئه‌که‌ی بمکوژه، ئاماده‌م، به‌ڵام ئاگات له دڵت بێ".
ئاگام لە دڵمە، لەبەر ئەوەی کە تەنیا تۆی تێدایت، هەرگیز ناتوانم ئەو دڵە ژاراوی بکەم کە خۆشەویستی تۆی لە ناخی‌دا هەڵگرتوەو ئەم خۆشەویستییە بەردەوام گەرا دەخاتەوە.
ئێستاش یادەکانت کە لە ئێوارەیەکی حەزین‌دا، کە لە تەنیشتەوە دانیشتبووم‌و تەمەنام کردیت بێیتە ژورەکەمەوە، چرۆیان کردۆتەوەو سەرتاپام دەخوسێنن.
بە خولیایەکی سەیرەوە بیرت لێدەکەمەوە، هەر بۆیە حەزی چلێسم لێت تێر نابێت. هیوام بدەیە کە ئەم جارە وەکوو جاری دیکە نابێ، بۆم بنووسە کە دەتوانم سەر لە ماڵەکەت بدەم‌و پێکەوە قاوەیەک دەخۆینەوە. من کە دەتوانم بیر لە بڕینی ئەم رێگا بکەمەوە، خولیایی دیداری چاوەکانتم لە سەردا پاراستوە...
کەسم، ئەمەوێ تۆ هەر دەم شەکری قاوەی ژیانم بیت.

Tuesday, December 25, 2012

بە یادی شەرەفەدین ئالچی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی بەشدارو ئەندامی پاڕڵمانی تورکیە/ رەحیم رەشیدی

بە داخێکی گرانەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٥ی مانگی ١٢ی ٢٠١٢ی زایینی، لە رێگای ئی‌مەیلەوە ئاگادار کرام کە شه‌ڕه‌فه‌دین ئاڵچی، سیاسه‌تمه‌داری كوردو نوێنەری شاری دیاربەکر لە پاڕلمانی تورکیە، پاش دوو ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئانکارا، کۆچی دوایی کردوە. ئالچی پاش تێکۆشانێکی بەرچاوی سیاسیی لە پێناو دابین کردنی ماف‌و ئازادییەکانی کورددا، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا. 

وێنە: نەمر شەڕەفەدین ئاڵچی

 

بۆ یەکەمین جار، ساڵی ٢٠٠٧، لە رێگای کاک عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر، لەگەڵ شەرەفەدین ئالچی ئاشنا بووم‌، ئەو کات لە پاریس دەژیام‌و رۆژنامەوانی تەلەویزیۆنی تیشک بوم.
لە ماوەی ٥ ساڵ پێوەندی‌و ئاشنایەتی لەگەڵ بەرێز ئالچی‌دا، جیا لەوەی کە چەند وتووێژم سەبارەت بە پرس‌و بابەتی پێوەندیدار بە بارودۆخی تورکیەو کوردستان لەگەڵ پێکهێنا، هاوکات ئاڵقەی ناسین‌و پێوەندیم لەگەڵ چەند کەسایەتی سیاسیی‌و چالاکوانی دیکەی کوردو تورک لە وڵاتی تورکیەو دەرەوە بو.
بەرێز شەڕەفەدین ئالچی لەو ماوەداو هەر کاتێک سەبارەت بە هەر باسێک کە پێوەندی بە کوردەکان‌و ئاڵوگۆڕەکانی نێوچەوە هەبا، بە دڵفراوانیەوە وڵامی پرسیارەکانی دەدامەوە، لە ڕاستی‌دا ئەو نەمرە سەرچاوەیەکی باش‌و باوەڕپێکراوی زانیاری بۆ کەسانی وەکوو ئێمە بوو کە بە هۆی پیشەکەمانەوە دەست ڕاگەیشتن بەو جورە سەرچاوانە کە ئاگاداری ڕووداوەکانی پشتی پەردەی دنیای سیاسەتی ئالۆزو تەماوەی ئەو دەڤەرەن، گەلێک گرینگ‌و بە بایەخەن.
مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٠، بۆ کارێکی پێویست دەبا بۆ شاری ئیستانبوڵ سەفەرم کردبا، بەر لە سەفەرەکەم لە ئورووپاوە بۆ تورکیە، تەلەفوونم لێکردو بڕیار بوو هەڤدو ببینین، کەچی بە داخەوە بە هۆی هێندێک گرفتی تایبەتییەوە ئەم دیدارە سەری نەگرت‌، پێوەیستە ئاماژە بەوە‌ش بکەم کە لەو ماوەدا کە لە ئیستانبوڵ بووم چەند جار بە تەلەفوون قسەمان کردو  لە رێگای ئەویشەوە سەردانی ئەنستیتۆی کوردم لە ئیستانبوڵ کردو لەگەڵ کاک سامی تان سەرۆکی ئەنستیتۆ، دیدارو چاوپێکەوتنم پێکهێنا...
سیاسەتمەدارو تێکۆشەری کورد شەڕەفەدین ئاڵچی، ‌ساڵی 1938 له‌ جه‌زیرەی بۆتان له‌ دایك بوە، ساڵی 1965 له‌ دامەزراندنی  پارتی دێموكراتی كوردستانی توركیەدا بەشداری کرد. ناوبراو ساڵی 1977 بە نوێنەرایەتی شاری مێردین بۆتە ئەندامی پاڕڵمان‌و لە ساڵی 1978 بۆ 1979 له‌و کاتەی کە  بڵند ئه‌جه‌وید سەرۆک وەزیری تورکیە بو، ئالچی پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دان کردنه‌وەی‌ بە ئەستۆ گرتبو.
پێویستە بگوترێ کە پاش کودیتاکەی ساڵی 1980 لە تورکیە، ئالچی بە هۆی کوردایەتی‌و پێدارگری لەسەر ناسنامەی کورد بوونی خۆی، دوو ساڵ‌و سێ مانگ سزای گیرانی بۆ بڕایەوەو هاوکات تێکۆشانی سیاسیی لێ قه‌ده‌خه‌ كرا. ئەو نەمرە بەردەوام‌و شێلگیرانە بە پشت بەستن بە پێوانە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بەرپەرچی گوتاری رەگەزپەرەستانەی دەدایەوە.

وێنە: هێژا شەڕەفەدین ئاڵچی


ئالچی، ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی پلاتفۆڕمی كوردی دێموكراتیكی‌ بونیاد نا. هەروەها ساڵی 1997 پارتی کۆبوونەوەی دێموکراتیکی دامەزراند کە ئەم حیزبە ساڵی 1999 لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیەوە هەڵوەشاوە ڕاگەیەندراو چالاکییەکانی بەربەست کرا.
لە ئاکام‌دا، ئالچی ساڵی 2000  پارتی دێموكراتی به‌شداری دامەزراندو تاکۆ ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد سەرۆکایەتی ئەو حیزبەی لە ئەستۆ بو. هەروەها بە نوێنەرایەتی شاری دیاربەکر ئەندامی پاڕلمانی تورکیە بو.
ئالچی، باوەڕێکی زۆری بە خەباتی ئاشتیخوازانەو پاڕڵمانی هەبوە، لەگەڵ ئەوەش‌دا زۆر بە بایەخەوە چاوی لە تێکۆشانی حیزبەکانی دیکەی کوردستان دەکردو بەردەوام ئەوەی دوپات دەکردەوە کە ئەگەر دەسەڵاتداران کەشی لەبار بۆ کاری سیاسیی برەخسێنن‌و دەست لە کردەوەی کوشتارو داپلۆسین هەڵگرن، کوردەکان هیچکات حەز لە توندوتیژی ناکەن‌و پەنا بۆ چەک نابەن.
بەم چەشنە شەڕەفەدین ئالچی، بوێرانە سیاسەتی شەڕو خوێن رشتی لە کوردستان، بە ئاکامی پاوانخوازی‌و پێشێل کردنی مافەکانی کورد لە لایەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا دەزانی.
دواین جار، مانگی سپتامبری ٢٠١٢، تەنیا بۆ ئەحواڵپرسی‌و ئاگادار بوون لە بارودۆخی لەش ساغی ئەو تێکۆشەرە پێوەندیم لەگەڵ گرت‌و قسەم لەگەڵ کرد. ئێستاش دەنگی لە گوێم‌دا دەزرنگێتەوە کە بە چ ورەو هیوایەکەوە قسەی دەکرد.
نەتەوەی کورد بە گشتیی‌و خوشک‌و برا کوردەکانمان بە تایبەتی لە تورکیە، کەسایەتیەکی گرینگ‌و شوێندانەرمان لە قیس چوو کە بۆ کەم کردنەوەی خوێن رێژی‌و هەنگاو نان بۆ لێکتێگەیشتن، بوونی لە نێومان‌دا پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر بوو.
بێ گومان رۆڵ‌و دەوری ئالچی‌و هاوبیرەکانی بۆ گەشەو بەرەوپێش چوونی پرسی کوردو ئەوەی ئەمرۆ لە تورکیە پاش ئەو هەموو سەرکوت‌و حاشا لێکردنەی دەوڵەت لە هەمبەر مافی کوردەکان هاتۆتە گۆڕێ، لە بیر ناکرێ.
ناوو یادی نەمر شەڕەفەدین ئاڵچی، بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوەو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردو تەنانەت ئاشتیخوازانی تورکیەش تێکۆشانی شکۆمەندانەی ئەم کەسایەتییە مەزنە لە پێناو ئاشتی‌و دێموکراسی‌دا بە بایەخەوە چاو لێدەکەن.



Rahim Rashidi's interview with Andrew J. Tabler and Jeffrey White in Washington DC

Monday, December 24, 2012

نظر سنجی شماره -٢ در باره مهاجرت

دوستان از شما خواهش میکنم برای تغییر قانون پناهندگی در استرالیا و ژنو این نظر سنجی را پر کنید. گزارش این نظرسنجی بسیار مهم است. بسیاری از ما پناهنجو و پناهنده بودەایم. بیایید در انتشار این نظر سنجی برای کمک بە هم میهنان خودمان شرکت کنیم. هدف این است که نشان دهیم فرار از ایران دلایل سیاسی دارد نه مالی و اقتصادی...
سپاس

لطفا، جهت پر کردن فرم نظر سنجی شماره -٢ در باره مهاجرت، اینجا را کلیک کنید

توجە، در مورد اقای منشە امیر مفسر رادیو اسرائیل

عکس: منشە امیر


دوستان بندە شخصا با اقای منشە امیر صحبت کردەام، ایشان در فیسبوک هیچ صفحەای ندارند، و بە زودی در رادیو اسرائیل، راجع بە نوشتەهایی کە بە اسم او بر علیە کردها پخش شدە است، توضیح خواهند داد. ایشان فکر می‌کنند کە این کار عواملین جمهوری اسلامی است...

مرسی

رحیم رشیدی

Sunday, December 23, 2012

پێوه‌ندی به پێی کام میکانیزم؟

بۆ ئەوەی هەڵوێست‌و بوێری ون نەبێت. ئەم وتارەم هاوینی ٢٠٠٨ نوسیوە، تەنانەت ئەم بۆچوونەم بە ڕاشکاوی لە تیشک تی‌ڤی باس کرد، ئەو کاتە شتەکان لەگەڵ ئیستا زۆر جیاواز بوون!
 
 









کاتێک باس له رێکخراوێکی دێموکراتیک دێته گۆرێ، ده‌بێ به‌ر له هه‌ر شت بیر له‌و چه‌مک‌و پێوانانه بکه‌ینه‌وه که کۆڵه‌که‌ی راسته‌قینه‌ی دێموکراسی نێو رێکخراون‌.
به ورد بوونه‌وه له‌و یاسا، پێوانه‌، رێگاو شوێنانه که به‌رهه‌می کۆده‌نگی‌یه‌ له رێکخراوێکی دێموکراتیک‌دا، ده‌توانیین چاوه‌روان بین دێموکراسی به باشترین شێوه‌ جێگیر ‌بێ‌و ئه‌م جێگیرییه باڵ به‌سه‌ر کارو تێکۆشانی رێکخراوه‌که‌دا بکێشێ، به چه‌شنێک ئیدی رای تاکه که‌س به بێ ئاڵوگۆڕی بیروڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ی له کۆمیته‌ یان ئۆرگانێک‌دا به‌شدارن، ناتوانێ بڕیارێکی دێموکراتی بێ‌ له پێناو دابین کردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی‌دا.
هه‌مووان ده‌زانیین رێکخراوه خۆشه‌ویسته‌که‌مان، واته یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستان، له ڕۆژه‌کانی 13 تاکوو 16ی مانگی گه‌لاوێژی 1386ی هه‌تاوی، چواره‌مین کۆنگره‌ی خۆی سه‌رکه‌وتوانه به به‌شداری سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی به‌شه جیا جیاکانی ئه‌م رێکخراوه پان‌و به‌رینه پێکهێنا‌و له ڕه‌وتی کاروباری کۆنگره‌دا زۆر باس‌و پرسی جۆراوجۆر هاتنه گۆڕێ، چاوه‌ڕوان ده‌کرێ رێبه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی چواره‌می یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ به پشت به‌ستن به‌و بڕیارانه که به‌رهه‌می بیروڕای گشتیی رێکخراوه‌که‌مانه، هه‌نگاو بنێ‌و به‌رهه‌می هه‌نگاونانی به پێی میکانیزمه دیاری کراوه‌کان بۆ هەموو رێکخراوه‌که بگێڕێته‌وه.
یه‌کێک له‌و باسانه‌ی که ده‌خوازم له ستوونی "لاوانه‌"ی ئه‌م جاره‌دا قامکی بۆ ڕادێرم‌و به کورتی باسی لێبێنمه گۆرێ، به‌ندی 11ی بڕیارنامه‌ی کۆنگره‌ی چواره‌می یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراته سه‌باره‌ت به‌ هاورێیانی پێشوومان که پتر له ساڵێک به‌ر له ئێستا جوودا بوونه‌وه‌، به‌ داخه‌وه ده‌ستپێکی جوودابوونه‌وه‌یان له رێکه‌وتی 2/9/2006 پاش پێکهاتنی حه‌وته‌مین کۆنفراسی گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوان له سوئید بو کە هه‌نگاویان بۆ هه‌ڵگرت‌و پاشان دابڕانه‌که‌یان سه‌رتارسه‌ری کرد.
ئه‌و خاڵه‌ی بڕیارنامه‌ی کۆنگره‌ی چوارم‌ که له باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌یه‌، وه‌هایه: " کۆنگرە وێڕاى مەحکوم کردنى جودابوونەوەى هاوڕێیانى پێشوومان کە هیچ هۆکارێکى سیاسیی لە پشت نەبوو، پێداگرى دەکات، تاکوو لە ناوو هێماکانى یەکیەیتى لاوان کەڵک وەرگرن هیچ فەرمییەتێکیان نابێ".
جێگای خۆیه‌تی رێبه‌ری ئێمه ئه‌و راستی‌یه‌ قبووڵ بفه‌رمووێ سه‌ره‌ڕا‌ی ئه‌وه‌ی تاکوو هه‌نووکه ڕه‌وتی کاره‌کانی لاوان پاش کۆنگره‌ی چوار به باشی چۆته‌ پێش، له‌م باره‌وه وه‌کوو پێویست هه‌نگاو هه‌ڵنه‌گیراوه، هیوادارم به زوویی ئه‌م بۆشایه پڕ بکرێته‌وه‌.
پێویسته یه‌کیه‌تیی لاوان له‌و راستی‌یه‌ به باشی تێبگا پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ هاوڕییانی پێشوو یان قبوڵ کردنی داوای وان بۆ دانیشتن‌و پێوه‌ندی، یان کاری هاوبه‌ش له چوارچێوه‌ی دیاری کراودا به گوێره‌ی بڕیارنامه‌کانی کۆنگره، جیا له‌وه‌ی کارێکی یاسایی‌، مەشرع‌‌و پیرۆزه، هاوکات به ئاوڕدانه‌وه له‌ به‌ندی 11ی بڕیارنامه‌ی کۆنگره که راسته‌وخۆ پێوه‌ندی بە هاوڕێیانی پێشوەوە هه‌یه‌، ئه‌رکێکی بێ ئه‌م لاو لایه، رێبه‌ری ده‌بێ به باوه‌ڕ به‌ خۆ بوونێکی به‌ هێزو شوێنه‌دانه‌ره‌وه کاری بۆ بکات‌و له‌م به‌ستێنه‌دا وه‌کوو هه‌میشه به‌رپرسانه بجوڵێته‌وه.
بڕیارنامه‌که جیا له مه‌حکووم کردنی هۆکاری جودا بوونه‌وه‌ی وان، میکانیزمه‌کانی هاوکاری‌و پێوه‌ندی به‌وانه‌وه دیاری کردوه‌. کاتێک ئه‌م خاڵه‌ی بڕیارنامه‌ی مه به ئاشکرا ڕاده‌گه‌ێنێ تاکوو وان له ناوو هێمای یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران که‌ڵک وه‌رگرن، فه‌رمیه‌تیان نابێ. مانای راستی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان مادام ئه‌و کاره‌یان کردبێ با له‌به‌ر داوای ئێمه‌‌ش نه‌بووبێ، کارێکی باش‌و به‌رپرسانه‌یان کردوه‌، کە لە کۆنگرەی خۆیان‌دا  ناوو ئاڕمیان گۆڕیوە.
ئاشکرایه ئه‌وان له ژێر هه‌ر لێکدانه‌وه‌ یان خوێندنه‌وه‌یه‌ک‌دا ناوو هێمای خۆیان گۆری بێت، یان گۆرانکاریان تێدا کردبێ، ئێمه ده‌بێ پێشوازی لێبکه‌ین‌و هه‌نگاوه‌که‌ به بابه‌تێکی ئه‌رێنی بزانیین‌و رێزی بۆ دابنێین، چوونکا داوای ئێمه‌ش هه‌ر هه‌مان شت بووه که ئه‌وان کردوویانه.
ڕوونه یه‌که‌مین کار ده‌بێ هه‌ر چه‌شنه بایکوت کردنێک له‌سه‌ر وان هه‌ڵگیرێت‌، پاشان به گوێره‌ی سیاسه‌تی وان له ئاست لاوانی کورد‌و هه‌ڵوێست‌و ڕوانگه‌یان سه‌باره‌ت به پرسی کورد، راده‌ی هاوکاری‌و یارمه‌تی کردن به‌وان دیاری بکرێت‌و بۆ خولقانی وه‌ها دۆخێک پێویسته رێبه‌رایه‌تیی هه‌نگاوی به‌ کردوه بهاوێژی‌، بۆ ئه‌م هه‌نگاونانه‌ش وه‌کوو وترا به بڕیاره‌ گشتیی‌‌یه‌کان پشت ئه‌ستوور بێ.
چوونکا ئێمه بۆ هه‌ر پراکتیک‌و کارێک میکانیزمی دێموکراتیکمان هه‌یه‌، ده‌توانیین ڕوون‌و ئاشکرا که‌ڵک له‌م میکانیزمانه وه‌رگریین تاکوو دێموکراسی وه‌کوو هه‌میشه هه‌رچی باشترو به‌ربڵاوتر له رێکخراوه‌که‌ماندا جێبگرێ...


ێبینی:1. ئه‌م بابه‌ته بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ستوونی "لاوانه‌"، له‌ هاوینی ٢٠٠٨، لە ژماره ‌28ی گۆڤاری "لاوان" ئۆرگانی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌‌دا بڵاوو کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ستوونه‌ ره‌حیم ره‌شیدی ده‌ینووسێت.

Monday, December 17, 2012

جانتا ونبوەکەت!


 
ئەو کاتەی کە من بە تاریکی بسپێری، یان پشتم تێکەی، ئیدی من گۆڕێکی قوڵ لە سەر بەری دەستی چەپم هەڵدەکەنم، هەرچی ئاوات‌و هیوام هەن لەوێ‌دا، دەنێژم. پەنجەکانم لەم بەخاکسپاردنەدا رۆڵیکی گەورەیان دەبێ. کە تۆ نەبی، ئیدی ژیان لە مێژە بۆ من کۆتایی هاتوە، ئەوەتا ساڵانێکی زۆرە کە ژیانی من هەر لە نێوان دەستەکانم‌دا دەرباز دەبن، جەمسەرەکانی دونیا نامگەیەنەوە تۆ، تۆیەک کە جانتای سەفەرێکت ون کردوەو من ناتوانم یارمەتیت بدەم، ئەمەوێ بزانی کە من جانتای ژیانم ون کردوە کە بێ توانام لە یارمەتی دانت، تەنیا دەستەکانی تۆ سوکنایم پێ دەبەخشن... ببوورە کە هێندە بیرت لێدەکەمەوە!، باوەڕ بکە یادەکانت پشکۆن بڵێسەی ئاگرن...
رەحیم لەو پەری ئاوە دوورەکانەوە بیر لە دیداری چاوەکانت دەکاتەوە...

Sunday, December 16, 2012

بۆ کاک رەحیم رەشیدی


وێنە: رەحیم رەشیدی‌و جەماڵ پوورکەریم
سڵاو لە تیشک و لە بینەرانی
لە کاك ڕەحیم و لە کارمەندانی

ڕەحیم زیرەکی بۆ گەل و وڵات،
هیوام ڕۆژێك بێ بگەی بە ئاوات

تۆ تێکۆشەری بۆ خاک و ئاوت
رەحیم رەشیدی سڵاو لە ناوت
تۆ زۆر هەوڵت‌ دا لە تیشک کردت کار
بەرابەر دوژمن کورد کوژی غەدار
هیوام بەم جۆرە هیچ کات کۆڵ نەدەی
بە گیانت ڕەحیم کوڕی ئەم سەدەی

وەك رۆژنامەنوس ناوت مەزنە
هەوڵت زیاتر کە بۆ گەلی منە

کوردی ڕۆژهەڵات ڕێزت لێ دەگرن
ڕەحیم نەوەستی تا ماف وەر ئەگرن

قەدمت ڕەحیم وە سەریی چاوم
دوژمنم دەرکرد لە خاک‌ و ئاوم
رەحیم بێرە دی ئاواتی رێبەر
قازی سەرکۆمار قاسملوی سەروەر
هەوڵت بخەگڕ رەحیم رەشیدی
تێکۆشەرەکەی رێی شەرەفکەندی
سڵاو هەم لە تۆ لە کاکە جەماڵ
بژین بۆ گەل و بۆ ماڵ‌ و مناڵ


موحەممەد پاڵانی جاف
سوید/ کارلستاد
١/٢/٢٠١٢

هەڵبەستێك بۆ ڕەحیم ڕەشیدی/ دڵدار جاف







وێنە:موحەممەد پاڵانی جاف/ دڵدار

ڕەحیم ڕەشیدی ڕۆڵەی تێکۆشەر
بۆ گەلی کوردم هەر وەك تاجی سەر
زۆر خەباتگێڕی بۆ گەلو خاکت
بەرابەر دوژمن پیسی ناپاکت

تێکۆشانی تۆ قەد ناچی لە بیر
سڵاوت لێ بێت کاك ڕەحیمی ژیر
گەلی بەش خوراو کوردی ڕۆژهەڵات
بە ئاوات ئەوەن بێ تەوە وڵات
چون ڕێبازەکەت ڕیی سەر کۆمارە
ڕێگای قاسملوو پیاوی ناودارە
خۆت تێکۆشەریی بۆ چین چەوساوە
ڕەحیم ئەو ناوەت لە سەریی چاوە
دەنگت زوڵاڵە بەرابەر دوژمن
ڕەحیم کۆڵ نەدەی ئەی هەواڵی من
بۆیە ئەم شێعرەم نوسیی بۆ باڵات
ڕەشیدی ئازیز ڕۆڵەی دێمۆکرات

موحەممەد پاڵانی جاف/ دڵدار

سوید/ کارلستاد
١٦/١٢/٢٠١٢
٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی




کاکە ئەوەش پێشکەش بە تۆ، هەر چەند من قەسەمم خواردوە هیچ هۆنراوەیەك بۆ کەس نەڵێم بەڵام لە بەر خاتری دێمۆکرات و خۆشەویستی تۆ لای من، ئەو دەنگە زوڵاڵەت کاری لێ کردوم، بۆیە رێگام بە خۆم دا بۆت بنۆسم.

پیرۆز بێ ٢٦ سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان

فرخندە باد ٢٦ اذر سالروز پیشمرگ کردستان

Friday, December 14, 2012

بێ دەروەستی رووناکبیران لە ئاست نەمانی بەرنامەی "ڕامان"دا

 
 وێنە: فەریدون ئەرشەدی
 

رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

بەرێز فەریدوون ئەرشەدی شاعیرو ڕووناکبیری خۆشەویستی کورد، یەکێک لەو هۆزانڤانانەی نەتەوەکەمانە کە جێ پەنجەی لە دونیای شێعری کوردی‌دا دیارە؛ ئەو تاکوو ڕادەیەکی باش شارەزای ئەدەبیاتی فارسییەو لەم بوارەش‌دا فارسی نووسێکی بە توانایە.
تەنانەت ئەگەر مرۆڤ نەیناسێ، پێی وادەبێ کە ئەو شاعیرە هەر لە بنەڕەتەوە فارسە کە ئاوا لەو مەودا بەرینەدا دەتوانی یاری بە وشەکان بکات‌و وەستایانە لە تەنیشت یەک‌و بەو هەموو جوانییە سەرەنج ڕاکێشەوە، وەکوو ئەندازیارێکی بە خاوەن تەجرەبە، دیواری وشە لەسەر یەک هەڵدەچنێت.
هەر چەندە بەر لەوەی کاک فەریدوون بێتە تەلەویزیۆنی تیشک تی‌وی‌و دەست بە بەرێوەبردنی بەرنامەی "رامان" بکات، ئەزموونی کاری ئەدەبی هەبوو. هاوکات ناوبراو لە بواری ڕاگەیاندن‌دا بە گشتیی‌و مێدیایی دەنگ‌و ڕەنگ‌دا بە تایبەت کاراو چالاک بوو.
هەر بۆیە کاتێک دەستی بە بەرێوەبردن‌و بڵاوکردنەوەی بەرنامەی "ڕامان" کرد، بۆ تووێژی ئەدیبان‌و ڕووناکبیرانی نەتەوەکەمان بە گشتیی‌و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ناسراو بوو. ئەمە لە تەواویەتی خۆی‌دا هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ئەوەی کە لە نێوان ڕامان‌و میوانەکانی ئەو بەرنامە بە پێزەدا، پەرژین‌و دیوارێک بوونی نەبێ. هەر کەس بیویستایە دەیوانی لە باغ‌و بێستانی ئەو بەرنامەدا گوڵ‌و میوەی بە تام‌و چێژی خۆی ببینێتەوە.
دەکرێ بێژم، "ڕامان" لە تیشک چاوی نەپشکووت‌ کە پێویستی بە دارە دارە بێ، ئەو پێشتر پێی گرتبوو تەنیا پێویست بوو گزینگی هەتاو هەوری دووری‌و تارای تارمایی لە رووخساری پڕ بەهرەی لادات بۆ ئەوەی دەرکەوێ‌ بەو بەژن‌و باڵا لاولاوەوە. خۆشەویستی‌و بایەخی تیشک لە نێو هەناوی گەل‌دا، هێندەی دیکە لە جێگیر کردن‌و جێخستنی ئەو بەرنامەدا کارسازو دەلوێ بەوپەڕی تێرادیووی باس لەوە بکەین کە ئەم بەرنامەیە باغچەیی بوو نەک تاقچەیی.
واتە کاتێک دەهاتیە نێو ڕامانەوە وەکوو ئەوە وابوو لە وەرزی بەهاری پڕ لە گوڵ‌‌دا بیت‌و خێرا بۆن‌و بەرامەی ئەو هەموو چیمەن‌و گوڵ‌و گوڵزارە لەو دەشتە بە پیت‌و زەنوێرەی دونیای ئەدەب‌دا سەرمەتی پەیڤ‌و وشەی نایاب‌‌و دەقی پڕ نێوەرۆکی دەکردیت. تاقچەیی نەبوو کە گوڵی ویشکهەڵاتووی بێ رۆح‌ سەرەنجت ڕانەکێشێ‌و پشتی تێکەی‌و بڵێی پشتر ڕازاوەو جوانتر بوو. ڕمان هەر وەکوو گوڵی سەر تاقە وابوو لە وەرزی بەفرو سەرمادا.

لەم مێرگ‌و لالەزارەی دونیای زمان‌و وێژەدا، هەتا دڵ ویستبای‌و تاکوو دەروون مەیلی لێبا دەتوانی بۆنی نوێ بوونەوە لەگەڵ باران‌و هەتاو بۆ نێو سییەکانت هەڵمژی‌. چێژ وەرگری‌و سنوورە دوورەکانی ڕەخنەی بونیادنەر گرێ پووچکەی زۆر رەمز‌و  ڕازی نێو لاپەرە، دەق‌و بابەتەکانی دونیای فەرهەنگی بۆ دەکردیتەوە.
ئاشکرایە کە ئەم پێگە هزرییە دەرەتانێ بوو بۆ ئەوەی تووێژی ئەهلی رۆشنبیری بە متمانەو خاترجەمییەکی پترەوە ڕوو لەو پەنجەرە کراوە بکەن‌. لە لایەکی دیکەوە شارەزایی‌و وەستایی باوکی "یەسنا" لە کارەکەی‌دا، هەر وەها ئەو پاشخانە ئەدەبییەی هەیبوو وای کردبوو هەر لە دەسپێکەوە داری ئەو بەرنامە بە پڕ بەهرەیی‌و زەنگینی‌و چڕوپڕییەوە ‌لق‌و پۆییەکانی بۆ نێو گوڵزاری ئەدەبی کوردەواری شۆڕ بێتەوە.
لە پاڵ ئەمەدا، نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازادو کراوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌، بەرتەسک بوونەوەی مەیدانی چالاکی رۆشنبیران لە نێو خۆو لە ئارادا بوونی سیاسەتی قوڵت‌و بڕو هەڵپاچین‌و مەقەست کردنی بەرهەمی ئەو خۆشەویستانە لە لایەن ملهوڕانەوە، وەکوو مۆتەکەی ترس و دڵە ڕاوکە بەسەر سەریانەوە قورسایی دەکرد.
لەم کاتەدا هەتاوی بە تین‌و تاوی "ڕامان" بە تیرێژی هیوا بەخشەوە دڕی بە شەوە زەنگ‌دا، بەشێک لەو شاعێرو نووسەرانەی کە جاروبار بەرهەمەکانیان‌و ناوو ناوبانگیان لە گەڕەکی شارو زێدەکانی خۆشیان تێنەدەپەڕی، درگایان بۆ خرایە سەر پشت‌و بە بێ جیاوازی‌و بە بێ لەبەر چاو گرتنی ڕوانگەو باوەڕی تایبەتیان، لە دیوەخانی شێعرو ئاوازو ئەدەبی کوردی‌دا بە بۆن‌و بەرامەیەکی خۆشەوە هاتنە نێو شەو چلەی ئەم بەرنامەیەو دەرکەوتن‌‌و لە ئاکام‌دا هەر خۆیان ئاماژەیان دەکرد کە قەدرو قیمەتیان هەڵکشاوەو رێزو خۆشەویستیان وردە وردە دەرواو وا خەریکە سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگا دەتەنێ‌و رەگاژۆ دەبێ. ئەوە کە شەمشەممە کوێرەکان کۆڕو سمینارو پێشانگاو تابڵوو نیگارو گۆرانی‌و سەماوو سینەماوو هەرچی بۆنی فەرهەنگی ئازایانەو پێشکەوتوانەی ئەوتۆ کە ورەی کولتووری زنجیر پسێنی‌و بەزاندنی کۆت‌و بەندی دابا، دەسڕیەوەو دەسڕێتەوە، لێ کە "ڕامان" هەبوو بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو دۆزەخە مەرگ خولقێنەدا گەلێک ساناتر بوو...
کاریگەری‌و خۆشەویستی ڕامان بە ڕادەیەک بوو کە ئەو کەسانەی وا زۆر جار لێیان بیستراوە کە حیزبەکان ناکرێ‌و نابێ کاریان لەگەڵ بکرێ، بە حەزو خولیایەکی قوڵەوە تامەزرۆی بەشداری کردن لەو بەرنامەیەدا بوون‌، ئەوانەی لەگەڵ ئەو کاروانە نەکوتبوون وەیان دەزانی گەوهەری پڕ بەهایان لە بن دەریا کەوتوە‌و بە پشوو سوارییەوە چاوەڕوان بوون‌و ڕوویان لە هەموو لایەک دەکرد بۆ ئەوەی لەو دیوەخانەدا ئامادە بن‌و بەسەر بکرێنەوە.
ڕەوا نیە بێژیین کە "ڕامان" تەنیا رامانێک بوو لەسەر شێعر، وێژە یان رەخنەی زانستی‌ لە هەموو بوارەکانی دونیای هونەردا، بە باوەڕی من تۆز تەکانی ئەو بەرهەمانەش بوو کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نێو سنوقی بیردا مابونەوەو درگایان لێ گاڵە درابوو، یان لە گۆشەیەکەوە تۆزی فەرامۆشیان لەسەر نیشتبوو.
دەکرێ بڵێم، "ڕامان" لە سەردەمێک‌دا کە نووسەرانی بوارە جۆربەجۆرەکانی دونیای هونەرو هۆنیینەوەو ئافراندن، بە دەست هەژاری‌و دەست کورتییەوە دەناڵێنن‌و ناتوانن بەرهەمەکانیان چاویان بە ژیانی بەرهەم هێنان یان چاپەمەنی هەڵبێت، ئەوە "رامان" بوو کە بەوپەڕی مشوورخۆرییەوە شەختەو بەستەڵەکی ئەم بەستێنەی دەتواندەوەو دەوری وەشانخانەیەکی زارەکی دەگێڕاو لەسەر زۆر بەرهەم‌و داهێنان قسەی دەکردو خاوەنەکانی دەدواندن کە ڕەنگە هەرگیز دەرەتان نەرەخسێ چاویان بە دونیای وێژە، ئەدەب‌و هونەر ڕوون بێتەوەو وەکوو کۆرپەی هونەر بێنە گوڵزاری فەرهەنگەوە.

شایان نیە، لەم سەردەمەداو بەو هەموو کەندوکڵۆیەوە، بەو گشتە ئاستەنگەوە کە لە بەردەم توێژی خاوەن پێنووسی کۆمەڵی مەدا هەیە، ئەوان ئاوا لە ئاست نەمانی‌دا بێ دەروەست بن‌، یان ڕاوەستانی ئەم بەرنامەیە هیچ چەشنە باس‌و خواستێک بە دوای خۆی‌دا نەهێنێ...
مرۆڤ بی هیوایی دایدەگرێ کە بەو حەشیمەتە زۆرو زەوەندەوە، بەو هەموو لاوو پیر، ژن‌و پیاوە بە بەرهەمانەوە نەکرێ وێکڕا هەنگاوێک بنرێ کە لانی کەم چرای ئەو بەرنامەیە نەکوژێتەوە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە شەوە زەنگی ئەنگوستە چاو تروسکایی بەرەو پاش پاڵ پێوە دەنێت. "ڕامان" لە ڕەوتی کارو خەباتی پڕ بەهرەی خۆی‌داو لەو ماوە کەمەدا، بە بێ بەرچاو تەنگی‌و هەڵاواردن، بە بێ خۆمانە خۆمانە کردن‌، هەر کەس کە قسەیەکی بۆ کردن لە چوارچێوەی یاساکانی ئەو بەرنامەیەدا هەبوو بەسەر کردەوە یان لە بەرنامەی‌دا بوو کە بەسەریان بکاتەوە.
ئەم بەرنامەیە، کێلگەکانی وەرد دایەوە، ڕەزو بەغەکانی لە هەرێزو کاڵە پاقژ کردەوەو هەمووان بە ڕوویەکی خۆش‌و گەشەوە لە وەرزی خەلەو خەرمان‌دا وتمان خەرمان بەرەکەت‌و دانەوەێڵەی وەرزی تۆفمان پاشکەوت کرد!

پێویست بوو کە خوازیاران‌و ئەویندارانی ئەو بەرنامەیە لە ئاست ئاوابوونی خۆری تەمەنی‌دا هێندە سادەو ساکار نەبن، هەر وەکوو ئەوەی لێوانێک ئاو بکەن بە دەروون‌دا. خۆ ئێوە بە دەم زەمزەمەی شێعرەوە‌و هەر لەو پەنجەرەیەی ڕوو بە هەتادا، لێوتان لەگەڵ پەیکی بادە ئاشت بوویەوەو سرودی دڵداریی هەر مانەوەتان وتەوەو لە یەک کەلام‌دا بووژانەوەیەکی فرە ڕەهەند پانتایی دونیای خەونەکانی ئێوەی گرتەوە.
ڕەنگە مەیلی ئێوە بۆ بێدەنگی بێ کە ئاوا ساڵانێکە هیچ شنەیەک هەوری ئاسمانی ئەم هەرێمە ڕانامالێت‌و هەتاوی بەتین‌وتاو وەکوو پێویستە پرچی شارو شاخ داناهێنێت. خێڵ‌و خزمانی ئەدەب دۆست، لە قاپوخی ئەو بێدەنگییە وەرنە دەرێ‌و شوشەی ترس‌ کە تەنیا تەنووری داوماوی نێڵ دەدات بشکێنن‌، با گوڵە ڕەنگاو ڕەنگەکان جوانتر بپشکوون‌و شکۆفە دەرکەن.
ئەم بێدەنگییەی ئێوەو ئەو پاساو هێنانەوەیە کە گۆیا دۆخەکە نالەبارە، بێ ناوەرۆکەو ئەم بێ دەروەستیە دەستی لە بینەقاقای کۆمەڵگا ناوەو ئەوەتا تەنیا لاڵی‌و بێ زوانی پەرە دەگرێت. کەوایە ئەرکی ئێوە چییەو لە کوێوە دەست پێدەکات‌و پێویستە کەنگێ‌و لە کام وێستگە ڕاوەستێ؟

ئەگەر "ڕامان" نەشگەڕێتەوە، ئەوا دیرۆکێکی پڕشنگداری لە پاش خۆی بەجێهێشتوەو بەردەوام لە نێو بڕگەو بوارە جیا جیاکانی رۆشبیری‌دا بە پیرۆزی‌و سەر بڵیندییەوە یادی دەکرێتەوەو وەکوو ئەستێرەی ئاسمان هەر دەم دەبریسکێتەوە...

بێ دەروەستی رووناکبیران لە ئاست نەمانی بەرنامەی "ڕامان"دا


Thursday, December 13, 2012

بۆ مانگرتن نەکرا؟!

دەقی ئەم نوسراوەیەم لە نێوخۆی پیرانشارەوە بۆ هاتوە:

 ئه‌مرۆ له‌ شیناوێ بووم. به‌ داخه‌و که‌ س به‌ ده‌م بانگه‌وازهکه‌ نه‌هاتبوو. چووم بۆ مزگه‌وت پیره‌ مێردێک له‌ به‌ر ده‌م ده‌رکی مزگه‌وت بوو. لێم پرسی کاکه‌ قه‌بره‌ستان له‌ کام شوێنه‌ وتی برا ئه‌م شه‌قامه‌ موسته‌قیم برۆ ده‌یبینی به‌لام ئێستا که‌س له‌ وێ نانێژن و ده‌یان به‌ن بۆ قه‌بره‌ستانی کۆنه‌خانێ. زۆرم پێ سه‌ێر بوو. به‌لام له‌ به‌رده‌م مه‌دره‌سه‌ هێزه‌کانی ئه‌منیه‌تی لێ بوون له‌گه‌ل چه‌ن کارگه‌رێک که‌ دیواری مه‌دره‌سه‌یان ره‌نگ کردبوو و ده‌یان ویست که‌ دیوێک درووست که‌ن بۆ ماتۆرخانه‌ که‌ له‌ مه‌ و به‌ دواوه‌ شوفاژ دابنێن بۆ مه‌دره‌سه‌ (نوش دارویه‌ بعد از مرگ سهراب). به‌ داخه‌وه‌ پێم وابێ خه‌لکی مه‌ هێشتا نه‌یان زانیوه‌ که‌ چ کاره‌ ساتێک رووی داوه‌.

----------------------------------------------

رۆژی‌ پێنجشه‌مه ‌23ی‌ سه‌رماوه‌زی‌ 1391ی‌ هه‌تاوی‌ به‌رامبه‌ر به‌ 13ی‌ دیسامبری‌ 2012 وه‌ك رۆژی ماتەمینیی‌ گشتیی‌ له‌ كوردستانی‌ ئێران، راده‌گه‌نرێت‌و هاوكات داوا له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كرێت هه‌مان رۆژ له‌ گۆرستانی‌ شیناوێ‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ هاوخه‌می‌ ده‌ربرین له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ كاره‌ساتی‌ قوتابخانه‌ی‌ شیناوێ‌ كۆببنه‌وه‌.

ژماره‌یه‌ك چالاكوانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ رۆژهه‌لاتی‌ كوردستان به‌ ده‌ركردنی‌ بانگه‌وازێك كه‌  داوا له‌ هه‌موو حیزب‌و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان‌، رۆژنامه‌وان‌و چالاكانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاوكاریان بكه‌ن به‌ راگه‌یاندنی‌ ماته‌مینی‌ گشتی‌ بۆ رۆژی‌ پێنجشه‌مه‌ی‌ داهاتوو راشیانگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌مان رۆژ له‌ سه‌ر قه‌برستانی‌ شیناوی‌ كۆ دەبنەوە‌.

جیا لە چالاکانی مەدەنی، ئەم رێکخراوانەش داویان کردبوو کە مانگرتن ببێ!

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سازمانی خەباتی کوردستان

پارتی سەربەستیی کوردستان

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستان (لایەنی جیاوەبوو)

پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

پژاک...

؟!

نظرات عبداللە حجاب و رحیم رشیدی در مورد پیشمرگ کردستان

Wednesday, December 12, 2012

ئەگەری دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان

رەحیم رەشیدی _ واشینگتۆن/کوردستان تی‌ڤی
 
 

ئەنجومەنی زانیاری نەتەوەیی ئامریکا، کە ناوەندێکی شرۆڤەو هه‌ڵسه‌نگاندنی سـتراتیژیـیه‌ کە سەبارەت بە پـێشـهات‌و گۆڕانکاریـیە جیهانیەکان له‌ پاشه‌ڕۆژدا، هەر چوار ساڵ جارێک زانیاری بڵاو دەکاتەوە، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی‌دا کە ١٦٠ لاپەڕە لە خۆ دەگرێ، باسێکی سەبارەت بە داهاتووی کوردستان هێناوەتە گۆڕێ‌‌و دەنووسی کە شیمانە دەکرێ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست‌دا، وڵاتی کوردستان دروست ببێ.
هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات کە، قارەی ئاسیا تاکوو سالی ٢٠٣٠، واتە لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا، دەبێتە بەهیزترین کیشوەری جیهان‌و پێش ئامریکاو ئورووپا دەکەوێتەوە. زانیاریەکانی هەمان راپۆرت باس لەوە دەکات کە وڵاتی چین لە بواری ئابوری‌دا وەپێش ئامریکاش دەکەوێتەوە.
ئەو راپۆرتە لە باره‌ی پـێشـهاته‌کانی جیهان لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا، باس لەوە دەکات کە ڕه‌نگه‌ سنووره‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، بە هۆی دروست بوونی دەوڵەتی کوردستانەوە گۆڕانکاریان تێدا پێکبێت‌و ئەوەش لەوانیە کە یەکپارچەیی وڵاتی تورکیە لەگەڵ گرفت‌و ئاستەنگ ڕوو بە ڕوو بکاتەوە. هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ زیاد بوونی حەشیمەتی کورد، ئەوەش هاتۆتە گۆڕێ کە ڕه‌نگه‌ هه‌ر ژنێـکی کورد له‌ باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیە، کە مەبەست "کوردستانە" نزیکه‌ی 4 منداڵیان لێبکەوێتەوە.
هەر بە گوێرەی زانیاریەکانی ئەو ڕاپۆرتە، رەنگە لە سوریەی پاش ئەسەدا، کەسێکی سونی مەزهەب بە هاوپەیمانەتی لەگەڵ کوردو ئیخوان ئه‌لموسلیمین حکومەت پێکبێنن.
ئەو ڕاپۆرتە سەبارەت بە ئێران نوسیویەتی، ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی توانی له ‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌و دەستی بە چه‌کی ناوکی ڕابگات، ئه‌وا ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ڕوو به‌ ڕووی پاشه‌ڕۆژێـکی زۆر شپڕێوو ناسەقامگیر ده‌بێته‌وه‌.

ئەو بوارانەی کە ئاسیا وەپێش ئوروپاو ئامریکا دەخاتەوە، بەرهەم هێنان، چەکداری‌و سەرمایەدانان‌و ئی دیکەش لە خۆ دەگرێ‌و رەنگە وڵاتی سین بە تەنیایی ببێتە گەورەترین ئابوری جیهان‌و پێش ئامریکا بکەوێتەوە، لەوەش ناچێ کە چین بۆ چارەسەر کردنی قەیرانە نێونەتەوەییەکان هاوپەیمانی بکات وەکوو ئەوەی ئامریکا کردویەتی‌و دەیکات.
بە گوێرەی زانیاریەکانی ڕاپۆرتی ئاماژە بۆ کراو،  وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، لە ماوەی دو دەیەی داهاتودا، لە بواری وزەدا، سەربەخۆ دەبێت.
ڕاوێژکاری شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی‌و سەبارەت بە بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زانیاری نەتەوەیی ئامریکا وتی: "...ئەوە کە وڵاتێک مەزنترین ئابوری جیهانی ببێ، بەو مانا نیە کە زلهێترین وڵاتی جیهانیشە..."
ڕاپۆرتەکە بۆ یەکەم جار بەم چەشنە باسی دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان لە ماوی داهاتوودا دێنیتە گۆڕێ‌و بەگوێرەی سەرنج‌و لێکدانەوەشیان بۆ ڕووداو پێشهاتەکانی پێشووتری ئەو ناوەندە لە ئاستی جهیانی‌دا، ئەم بابەتە بایەخی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەی کە کەسانی زۆر شارەزاو پسپۆر کە زانیاری وردو هەمەلایەنەیان لە بەر دەست دایە، ئەو باسانە سەبارەت بە ڕووداوو پێشهاتە جیهانیەکان لە داهاتوودا، دەخەنە رۆژەڤەوە...


ئەنجوومەنی زانیاری نەتەوەیی، سەنتەری توێژینەوەی دڕێژخایەنە لە نێو كۆمەڵگای هەواڵگریی ئامریکادا.
ساڵی 1979 دامەزراوەو توێژینەوەكانی لە لایەن بەرپرسانی كۆشكی سپی‌و دەزگای هەواڵگریی ئامریکاوە جێی بایەخن، ئەوەش بە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی بێلایەنانە‌و زانستیانە شیكاری ڕووداوو پێشهاتەكان دەكەن.
چوار ساڵ جارێك‌و پێش دەستبەكار بوونی هەر سەرۆكکۆمارێک، ڕاپۆرتێكی نوێ دەربارەی جیهان‌و گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكان ئامادە دەكات.
سەرۆکۆماریش، پێش دەستبەكاربوونی ئەم ڕاپۆرتە وەردەگرێت‌و زۆر بە وردی دەیخوێنێتەوەو پێشنیارە ئاماژە بۆ کراوەکان لە سیاسەتی خۆی‌داو لە پێناو بەرژەوەندی ئامریکادا، ڕە
چاو دەکات.
بۆ خوێندنەوەی هەموو راپۆرتەکە، ئەم تالۆکەیە بچرکێنە.

Wednesday, December 5, 2012

Shin Abad near Piranshahr, Kurdistan

Unfortunately wensday morning, 12/05/2012, oil heater exploded in the fourth grade elementary girle school at Village , "Shin Abad" near Piranshahr, Kurdistan, 38 students and teachers have been burned/wounded, 7 of 38 victims during the transition to relief centers have lost their lives...