Archive

Monday, December 21, 2020

كوتانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، راسته‌وخۆ له‌ تی ڤی بڵاوكرایه‌وه‌



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژی هه‌ینی، مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ رێگای مێدیاكان و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ فاكسێنی دژه‌ كۆرۆنا كه‌ به‌رهه‌می كۆمپانیای "فایزه‌ری ئه‌مریكاو بایۆ ئه‌ن ته‌كی ئاڵمانیایه‌ "، ‌ لێدرا. حه‌تووی پێشوو ناوه‌ندی چاوه‌دێری خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكا رێگای دابوو كه‌ بۆ حاڵاته‌كانی له‌ناكاو ده‌كرێ له‌و ڤاكسێكه‌ كه‌ڵك وه‌ربگیرێت.
هاورێ له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك كارن پێسنی خێزانی، د. جرۆم ئاده‌مز نه‌شته‌رگه‌ری گشتیی ئه‌مریكاش كوتانی دژه‌ كۆڕۆنایان بۆ كرا.
مایك پێنس پاش لێدانی ڤاكسێنه‌كه‌ وتی: "هه‌نووكه‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ده‌توانن به‌ دڵنیایه‌وه‌ ڤاكسێنه‌كه‌ به‌كار بێنن و له‌ زووترین كاتیشدا دووهه‌مین ڤاكسێكی دژه‌ كۆرۆنا كه‌ متمانه‌پێكراوه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت."
پێشتر كۆشكی سپی رایگه‌یاندبوو كه‌ جێگری سه‌رۆك، سه‌رۆكی تیمی كۆشكی سپی بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، كوتانیش به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌، هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌ویه‌ دڵنیایی و خاته‌رجه‌می به‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ببه‌خشێ تاكوو ڤاكسێنكه‌ به‌كار بێنن.
پێشتر بیل كلینتۆن، جۆرج بۆش و باراك ئۆباما سێ سه‌رۆكی به‌رێی ئه‌مریكا رایانگه‌یاندبوو كه‌ ئاماده‌ن به‌ مه‌به‌ستی دڵنیا كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سڵامه‌تی ڤاكسێنكه‌، خۆبه‌خشانه‌و له‌ رێگای تی ڤی، واكسێنكه‌ به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌كار بێنن و كوتانیان بۆ بكرێ.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌مریكاش له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند كه‌ ڤاكسێنی دژه‌ كۆڕۆنای به‌رهه‌می كۆمپانیای مۆدێرنا په‌سه‌ند كراوه‌و به‌ زووترین كات ڤاكسێنكه‌ به‌رده‌ست ده‌بێ. به‌م جۆره‌ هه‌نووكه‌ له‌ ئه‌مریكا دوو ڤاكسێن كه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكایه‌وه‌ په‌سه‌ند كراون له‌ بازاردا به‌رده‌ست ده‌بن.

سه‌رۆكی زۆرایه‌تی كۆمارییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك جۆو بایده‌ن كرد



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژی سێشه‌ممه‌، مچ مککانەڵ كه‌سایه‌تی دیارو ناسراوی كۆمارییه‌كان و سەرۆکی زۆرینەی ئه‌وان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، ده‌رباره‌ی یه‌كلابوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ٢٠٢٠، كه‌ تێیدا جۆو بایده‌ن له‌ به‌رانبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ دا سه‌ركه‌وت، قسه‌ی كردو له‌م باره‌وه‌ وتی: "دوێنێ ئه‌نجوومه‌نی هەڵبژاردن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر 50 ولایه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن، کۆبوونەتەوه‌و بڕیاری خۆیان داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ لە ئەمڕۆ به‌دواوه‌، وڵاتەکەمان بە فەرمیی سەرۆک و جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەیە. زۆربەمان هیوامان به‌ ئاكامێكی دیكه‌ هه‌بوو، بەڵام سیستەمی ده‌وڵه‌تی ئێمە پرۆسەیەکی هەیە دیاری ده‌كات کێ لە 20ی مانگی یەکدا وەک سەرۆکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات."
سه‌رۆكی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان له‌ سینات له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی دا وتی: ئەمڕۆ ده‌خوازم پیرۆزبایی لە جۆو بایدن وەکوو سەرۆک کۆمار بكه‌م، ناوبراو به‌ كاروباری ئه‌نجوومه‌نی پیران ئاشنایه‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ڕابردووی خزمه‌ت كردنی هەیە. هەروەها پیرۆزبایی لە هاوکارمان کامڵا هێرسی نوێنەری کالیفۆرنیا دەکەم کە جیا لە جیاوازییەکانی ئێمە، گشت ئه‌مریكاییه‌كان دەتوانن شانازی بەوەوە بکەن کە وڵاتەکەمان بۆ یەکەمجار، ژنێك جێگری سەرۆک کۆمارەكه‌یه‌تی."
ئه‌نجوومه‌نی ده‌نگدان، ڕۆژی دووشەممە، 14 ی مانگ، کۆبوونەوەیەکی فەرمییان بۆ ڕاگەیاندنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا پێكهێناو دواتر له‌ كۆی 538 ئه‌ندام، جۆو بایدن بە بردنەوەی 302 دەنگ وه‌كوو 46هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌ڵبژێردرا.
پاش ده‌نگدانه‌كه‌، بایده‌ن دره‌نگانی شه‌و له‌ ده‌ڤه‌ری ویڵمینگتۆن لە ولایه‌تی دێلاوێر، له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند: "دیموکراسی سەرکەوت. ژێربه‌نای فەرمانڕەوایەتی وڵات، پاڵیان پێوە نرا، تاقیکرانەوەو هەڕەشەشیان لێدەکرا، بەڵام نەڕوخان. ئەگەر کەسێک پێشتر نەیزانیبێت، ئەوا ئێستا دەیزانیین. ئەوەی لەناو دڵی ئەمریکاییەکاندا لێدەدات، دیموکراسییە. مافی گوێ لێگرتن، مافی ئەژ مارکردنی دەنگەکەت، مافی هەڵبژاردنی ڕێبەرانی ئەم وڵاتە. لە ئەمریکا سیاسەتمەداران نابنە خاوەن دەسەڵات، خەڵک ئەو دەسەڵاتەیان دەداتێ. مەشخەڵی دیموکراسی زۆر لە مێژە لەم وڵاتە دایە، دەشزانیین هیچ شتێک، تەنانەت پەتا، یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات؛ ناتوانن ئەم مەشخەڵە دابمرکێننەوە. بێ ماندوو بوون كار ده‌كه‌م بۆ ئەوانەی دەنگیان پێنەداوم، بە هەمان ڕاده‌ی ئەوانەی دەنگیان پێداوم."
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی هەڵمەتی ترەمپ دەیان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هه‌بوه، چەند جار گوێیان بۆ گیرا، هەرجارێکیش سکاڵاکان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرا، دەردەکەوت بێ بنەمان، دووبارە پارێزەرانی ترەمپ لۆمەی بەرپرسانی ویلایەتەکانیان دەکرد، لە فەرمانڕەواکانی ویلایەتەکان و دادوەران، لە کۆتاییشدا دوو جار له‌ دادگای باڵا، لە لایەن زیاتر لە 80 دادوەرەوە له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كانیان گوێیان درایه‌، به‌ڵام هیچ پێشێلكاری و ساخته‌كاریه‌كی ئه‌وتۆ رووی نه‌دابوو.
به‌ڵام تره‌مپ و تیمه‌كه‌ی تاكوو ئێستاش ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قبووڵ ناكه‌ن و پێیان وایه‌ ساخته‌كاری و فڕتوفه‌ڵ كراوه‌.
وه‌كوو باوه‌، بڕیاره‌ بایده‌ن لە 20ی مانگی 1ی 2020دا، بەفەرمیی دوای سوێند خواردنی یاسایی، له‌ كۆشكی سپی، وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ست به‌ كاره‌كانی بكات.

Thursday, December 17, 2020

دیدی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌كانی پێكاكاو هه‌رێمی كوردستان

دیدی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌كانی پێكاكاو هه‌رێمی كوردستان

پیرۆزه‌ رۆژی ئاڵای كوردستان



له‌ هه‌موو جێگایه‌ك و به‌ شانازییه‌وه‌ بۆ شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵا بێ وڵاته‌كه‌مان تێده‌كۆشین. به‌ خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ له‌ تێكۆشان به‌رده‌وام ده‌بین تاكوو ئه‌و رۆژه‌ی شكۆو سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین.
له‌م وێنانه‌دا، له‌ وڵاتانی جۆربه‌رجۆری دونیادا به گشتیی و له‌ ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تی، هه‌وڵمداوه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دیارو كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مریكاو جیهان شكۆو رێزی ئاڵاكه‌مان بپارێزم و به‌رده‌وام و به‌ شانازیه‌وه‌ ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر سینگم ده‌دره‌وشێته‌وه‌...
له‌م وێنانه‌دا، ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مریكاو ئه‌نجوومه‌نی پیران و به‌رپرسانی پله‌به‌رزی وه‌زاره‌ته‌كانی ئه‌مریكا و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان هه‌ن:
ئه‌ندامانی كۆنگرێس: پیتەر ڕۆسکام، جۆن کارته‌ر، جێری کانۆلی، لی زیلدەن، سه‌ناتۆر کریس ڤان هۆڵن، سەناتۆر باب کۆرکەر سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و گرێتا ڤان سستێرن بێژەرو رۆژنامه‌وانی دیاری ئه‌مریكایی، ویلیام كارته‌ر وێنه‌گری به‌ناوبانگی ئه‌مریكایی، تۆماس كانتریمه‌ن و جاشوا به‌كه‌ر وته‌بژێرو یارده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، به‌تس باشه‌رت شاره‌داری شاری یه‌پسه‌لانتی له‌ ولایه‌تی میشیگان...
شه‌كاوه‌ بێ ئاڵای شه‌ره‌ف و شانازی
ئاوه‌دان بێ كوردستان و ڕاوه‌ستاو خۆڕاگرتر بێ پێشمه‌رگه‌ باسكی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان

Wednesday, December 16, 2020

ئاسایی بوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان مه‌غریب و ئیسرائیل كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌




ره‌حیم ره‌شیدی/ واشنگتن

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، سه‌رۆك تره‌مپ له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند‌ به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا پێوه‌ندییه‌كانی مه‌راكش و ئیسرائیل ئاسایی بۆته‌وه، سه‌رۆك ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ ده‌سكه‌وتێكی‌ مێژوویی ناوبرد.
تره‌مپ له‌م بازنه‌دا نووسیویه‌تی: "ئه‌مرۆ ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی دیرۆكی به‌رهه‌م هات. ئیسرائیل و شانشینی مه‌غریب، دوو دۆستی هه‌ره‌ باشی ئێمه‌، ڕێكه‌وتوون به‌ ته‌واوه‌تی پێوه‌ندی دیپلۆماتیك بێنه‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ پێشكه‌وتنێكی مه‌زنه‌ بۆ ئاشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست. ئه‌مرۆ من به‌یاننامه‌یه‌كه‌م واژۆ كردوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌غریب به‌سه‌ر سه‌حرای رۆژئاوادا به‌ فه‌رمیی ده‌ناسێ، پێشنیاری خودموختار‌یه‌كی شێلگیر، شیاوو راسته‌قینه‌ی مه‌راكه‌ش، ته‌نیا بنه‌مای رێگا چاره‌سه‌ریه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و به‌رده‌وام بۆ ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیه‌."
سه‌رۆك تره‌مپ له‌ درێژه‌دا ده‌ڵێ: "مه‌راكه‌ش له‌ ساڵی 1777دا، ئه‌مریكای به‌ فه‌رمیی ناسیوه‌، هه‌ر بۆیه‌ شیاوه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌غریب به‌سه‌ر سه‌حرای رۆژئاوادا به‌ فه‌رمیی بناسین."
 گرێدراو به‌م باسه‌وه‌، وڵاتانی ئیمارات و به‌حره‌ین پێشوازیان له‌و هه‌نگاوه‌ی ئیسرائیل و مه‌غریب كرد‌. بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوه‌ كردوه‌ پاشا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە پێشوازی لە بڕیارەکەی مەغریب بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ ئیسڕائیل ده‌كات.
هاوكات شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان لە تویتێكدا نووسیویه‌: "پێشوازی لە بڕیارەکەی مەغریب، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل ده‌كه‌ین، ئەمە هەنگاوێکی بایه‌خداره‌ لە هەوڵە هاوبەشەکانمان دا بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاشتی به‌رده‌وام لە ناوچەکەدا."
له‌ ماوه‌ی 4 مانگی ڕابردوودا، به‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامی ئه‌مریكا، له‌ چوارچێوه‌ی ره‌وتی ناسراو به‌ "رێكه‌وتنه‌كانی ئیبراهیم دا"،  بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی، سه‌ره‌تا  ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی، پاشان به‌حره‌ین و دواتر سودان په‌یوه‌ست به‌م په‌یماننامه‌یه‌وه‌ بوون. هه‌نووكه‌ش مه‌غریب چواره‌مین وڵاتی عه‌ره‌بیه‌ كه‌ له‌ دووتووێی ئه‌و رێكه‌وتنانه‌دا پێوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی ده‌كاته‌وه‌.

#مستەر_كورد

Thursday, December 10, 2020

ده‌ستنیشانكردنی ژه‌نه‌راڵ لۆه‌ید ئۆستن بۆ وەزیری بەرگری ئه‌مریكا ماناداره‌

 


ره‌حیم ره‌شیدی، واشنگتن

رۆژانامه‌ی نیویۆرک تایمز له‌ هه‌واڵێكدا په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر هه‌وڵی جۆو بایده‌ن بۆ ده‌سنیشان كردنی ژه‌نه‌راڵ لۆه‌ید ئۆستن بۆ وەزیری بەرگری ئه‌مریكا. ئۆستن پێشتر له چوارجێوه‌ی سپای ئه‌مریكادا له‌‌ عێراق ئه‌ركدار بوه‌، به‌ لێكدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌ هه‌وڵی بایده‌ن له‌م بواره‌دا ماناداره‌، چوونكه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن یه‌كه‌مین ره‌شپێستی ئه‌مریكاییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌پاڵێورێ، له‌ هه‌مان كاتدا دیدو روانگه‌ی ژه‌نه‌راڵه‌كه‌ ده‌رباره‌ی عێراق كراوه‌و پڕ ئه‌زموونه‌.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نیویۆرك تایمز، ژه‌نه‌راڵ ماوه‌ی 4 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا خانه‌نشین كراوه‌. پاڵێوراوه‌كه‌ی سه‌رۆك بایده‌ن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری، شاره‌زایه‌كی چڕوپڕی سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌و ئاسته‌نگانه‌ هه‌یه‌ كه‌ سپای ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌گه‌ڵی رووبه‌روویه‌. له‌ هه‌مان ده‌مدا ناوبراو ئه‌زموونی باشی ده‌رباره‌ی ئه‌و گروپ و تاقمانه‌ هه‌یه‌ كه له‌ ڕابردووداو‌ له‌گه‌ڵ سپای عێراق دا شه‌ری داعشیان كردوه‌.
نیویۆرك تایمز له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن به‌ باشی شاره‌زاو ئاگاداری ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌شه‌‌ كه‌ تاقم و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق دا دژ به‌ به‌رنامه‌و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یهێنه‌ ئاراوه‌.
رۆژنامه‌كه‌ ئه‌و باسه‌شی وروژاندوه‌ كه‌ ئایا پاش ده‌ست به‌كار بوونی جۆو بایده‌ن، ره‌وتی كه‌مكردنه‌وه‌و پاشه‌كشه‌ كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كۆتایی دێت یان نه‌ كه‌ پێشتر سه‌رۆك تره‌مپ بڕیاری لێداوه‌؟ 
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئه‌مریكا جۆو بایدن دیاریکردنی ژه‌نه‌راڵی خانەنشین لوەید ئۆستنی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتڕاست کردۆته‌وه‌و ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌نجوومه‌نی پیران ژه‌نه‌راڵ ئۆستن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری په‌سه‌ند بکات ئەو ناوبراو دەبێتە یەکەمین ڕەشپێست كه‌ ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه‌ وه‌رده‌گرێ. 
جۆو بایده‌ن لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا لەگەڵ به‌ربژێره‌كه‌ی بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری کاری کردوە، ئه‌وان پێكه‌وه‌ سەرپەرشتی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی ساڵی 2011ی سه‌رۆك ئۆبامایان کردوه‌ بۆ کشاندنەوەی 50 هەزار سەربازی ئه‌رمریكایی لە عێراق.
جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا ده‌رباره‌ی ژه‌نه‌راڵ ئۆستن نووسیویه‌تی: "هه‌نووكه‌ به‌ شێوەیەکی بێ وێنه‌‌ دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاسته‌نگ و قەیرانانە ببێتەوە کە ڕووبەڕوومان بونه‌ته‌وه‌. بە درێژایی خزمەتەکەی و لەو ماوە زۆرەی پێکەوە له‌ كۆشكی سپی و لە وه‌تاغی ئەرکەکان و هێزەکانمان لە دەرەوە تێپه‌ڕاندوه‌، ژه‌نه‌راڵ ئۆستن سەلماندوویەتی له‌ سه‌ركه‌ردایه‌تی كردن دا کەسێکی بێ وێنه‌یه‌.ئه‌و کەسێکی بەڕێزو سەرسوڕهێنەرەو کەسایەتییەکی دیارە لە مێژووی سوپای ئەمەریکادا." 
ژه‌نه‌راڵ ئۆستن ساڵی 2016، پاش 40 ساڵ خزمەت كردن له‌ سپای ئه‌مریكادا، له‌ ته‌مه‌نی67 ساڵی دا خانه‌نشین كرا‌. لوەید ئۆستن لە شه‌ڕه‌كانی عێراق و ئەفغانستان دا بەشداری کردوەو دواتر فه‌رمانده‌یی ناوەندی سوپای ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌ ئه‌ستۆ بوه‌
ژه‌نه‌راڵ لۆید ئۆستن جیا له‌وه‌ی شاره‌زایه‌كی باشی له‌سه‌ر كوردو هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، كاتی خۆی له‌ پله‌ی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئه‌مریكادا، چه‌ند جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆبۆته‌وه‌و به‌ دۆستی هێزه‌ كوردییه‌كان ناوی ده‌بردرێ.

پێنتاگۆن ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا به‌كار دێنێ



وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، به‌رنامه‌ی خۆی بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر سەربازو ئەندامانی سوپای ئه‌مەریكادا راگەیاند. بە گوێرەی پلانەکەی پێنتاگۆن، لە سەرەتادا ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر بەسەر 16 شوێنی دەرەوەی ئەمەریکادا دابەش دەکرێن کە سەر بە پێنتاگۆنن. بڕیارە كاربه‌ده‌ستانی سه‌ربازی له‌به‌ر چاوی خەڵک ڤاکسینەکەیان لێبدرێت، بۆ ئەوەی ئه‌و خه‌ڵك دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێنتاگۆن متمانە بە سەلامەتی و باشی ڤاکسینەکە ھەیە. ژمارەیەک به‌رپرسی پله‌ باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و لەنێویاندا، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت، ڤاكسینەكه‌ به‌كار دێنێ. جۆناسان هۆفمان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت "پێنتاگۆن لە سەرەتادا نزیکەی 44 هەزار ڤاکسین وەردەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا مۆڵەتی دابەشکردنی ڤاکسین بە کۆمپانیای فایزەر دەدات. تۆماس مککافری، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەرچەندە کوتانی سەرەتایی خۆبەخشانەیە، بەڵام ئەوان داوا لە هەموو کەسێک دەکەن کە خۆیان بکوتن". بڕیارە لەم دوو رۆژەدا، پێنتاگۆن ڤاکسینەکانی پێبگات. 43 هەزار و 875 دانە لە ڤاکسینە هاوبەشەکەی کۆمپانیاکانی فایزەری ئەمەریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی بە بڕی جیاجیا بەسەر 16 شوێندا دابەشدەکرێن. ئەمڕۆ پێنجشەممە راوێژکارانی ناوه‌ندی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا دوایین بڕیار له‌سه‌ر سەلامه‌تی ڤاكسینەكه‌ بده‌ن. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان پێشبینی ده‌كرێت له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2021دا، ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهان به‌رده‌ست بێت. له‌ ئێستادا، زیاتر له‌ 210 جۆر ڤاكسینی دژه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌دان، لانیكه‌م 48 جۆری ئه‌و ڤاكسینانه‌ دیاریكراون، تاكوو له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیبكرێنه‌وه‌، له‌ كۆی ئه‌و 48 جۆره‌ش، ئێستا 10 جۆر ڤاكسین له‌ دوایین قۆناغی كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌دان.
تائێستا وڵاتانی بەریتانیا و كه‌نه‌دا رێگایان داوه‌ كه‌ ڤاكسینی كۆرۆنا به‌كار بهێندرێت. دۆناڵد تره‌مپ، لە کۆشکی سپی، سه‌ركه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا را‌گه‌یا‌ند.
تاكوو ئێستا له‌‌ ئاستی جیهان دا، پتر له‌ 69 ملیۆن و 85 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و له‌ و نێوه‌دا پتر له‌ 1 ملیۆن و 574 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
#مسته‌ر_كورد


نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌ڵێ كۆرۆنا په‌ره‌ی به‌ نادادی داوه‌

K24 - واشنتن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پێنتاگۆن) ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا به‌كار دێنێت و میشێل بەچلێت، كاربه‌ده‌سی باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا له‌ ساڵوەگەری رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ ئاست مه‌ترسی كۆرۆنادا بێ ده‌ره‌تان و لاواز ماوینه‌ته‌وه‌."

هه‌ر له‌و چوارچێوەیەدا لوو شاغبوونۆی، بەڕێوەبەری رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، سه‌ر بەUN  ئاشكرای كرد‌: "کاتێک دێتە سەر بابه‌تی دابینکردنی چارەسەرییەکان و ڤاکسێنەکان، ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا نایەکسانی قووڵی دروستكردووە".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، هه‌نووكه‌ له‌ باری مرۆییه‌وه‌ 235 ملیۆن كه‌س له‌ جیهان دا پێوستیان به‌ یارمه‌تی و پشتیوانی كردن هه‌یه‌. لە ژمارەیەك وڵات ئاژاوه‌و ناسه‌قامگیری سەریھەڵداوە، له‌ هه‌مانكاتدا، له‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌ وڵاتانی جیهاندا، ده‌سه‌ڵاته‌ زۆردارو خۆسه‌پێنه‌كان به‌ داخستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان هه‌وڵیانداوه‌ مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل و ‌ئازادییه‌كان سنووردار بكه‌ن.

لە دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ ملیار قوتابی رێگایان نه‌بووه‌ بچنه‌ قوتابخانه‌كان. تاكوو ئێستا له‌ ئاستی جیهان دا، پتر له‌ 69 ملیۆن و 85 هه‌زار كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و له‌ و نێوه‌دا پتر له‌ 1 ملیۆن و 574 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

تائێستا وڵاتانی بەریتانیا و كه‌نه‌دا به‌ فه‌رمیی رێگایان داوه‌ كه‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا به‌كار بهێندرێت. هه‌روه‌ها دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، لە به‌رنامه‌یه‌كی تایبەتدا لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبوونی هەموو ئەو کەسانەی کاریان له‌سەر رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و بەرھەمھێنانی ڤاکسین کردووە، سه‌ركه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا را‌گه‌یا‌ند.

Saturday, December 5, 2020

بۆچی توركیا دۆڕاوی سه‌ره‌كی كێشه‌كه ده‌بێ

بۆچی توركیا دۆڕاوی سه‌ره‌كی كێشه‌كه ده‌بێ

#مسته‌ر_كورد

ئه‌مه‌ریكا چاوه‌رێی زستانێكی سه‌خته‌

K24 – واشنتن

ناوه‌ندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشییەکان، ناسراو به‌ ( CDC) هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێ زستانێکی پڕ مه‌ترسی به‌ڕێوه‌یه، له‌ كاتێكدا رێژه‌ی تووش بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندایه‌.

رۆبێرت رێدفیڵد، سه‌رۆكی CDC، له‌ لێدوانێكدا كه‌ له ‌لایه‌ن ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ سازدراو بوو ئاشكرای كرد: "ڕاستییەکە ئەوەیە مانگەکانی 12ی ئه‌مساڵ و 1 و 2ی ساڵی داهاتوو زۆر دژوار دەبن. لە ڕاستی دا بڕوام وایه‌ ئه‌مه‌ لە مێژووی تەندروستی ئەم وڵاتەدا قورسترین دۆخ بێ".

سه‌رۆكی CDC، به‌ جددی داوای له‌ هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا كرد له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا، ره‌چاوی رێنماییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان بكه‌ن، پاكوخاوێنی، دووره‌په‌رێزی ره‌چاو بكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌مامك ببه‌ستن.

تاكو ئێستا له‌ ئه‌مه‌ریكا، پتر له ‌14 ملیۆن و 630 هه‌زار كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و له‌و نێوه‌شدا نزیكه‌ی 284 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان پێشبینیی ده‌كرێ كه‌ له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2021دا، ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهان به‌رده‌ست بێ.

له‌ ئێستادا، پتر له‌ 210 جۆر ڤاكسینی دژه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌دان، لانیكه‌م 48 جۆری ئه‌و ڤاكسینانه‌ دیاریكراون تاكوو له‌سه‌ر مرۆڤ تاقی بكرێنه‌وه‌، له‌ كۆی ئه‌و 48 جۆره‌ش، ئێستا 10 جۆر ڤاكسین له‌ دوایین قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌دان.

ئه‌مریكاو ئێران له‌ چوار ساڵی داهاتوودا

ئه‌مریكاو ئێران له‌ چوار ساڵی داهاتوودا

#مسته‌ر_كورد

دیدار له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئەمریكا لە سوئێد

هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕێزدار ئازیتا راجی، باڵوێزی ئەمریكا لە سوئێد، قسەوباسێكی دۆستانەمان هەبوو دەربارەی ڕۆڵ و پێگەی داهاتووی ئەمریكا، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا. لەم بەستێنەدا هاوڕابووین كە پێویستە واشنگتن شوێن و كاریگەری خۆی لە ناوەندە جیهانییەكان دا بەهێزتر بكات، ئەم هەنگاوەش لە ئاكامدا بە قازانجی ئاشتی و تەناهی نێونەتەوەییە...

Friday, December 4, 2020

بۆچی دیپلۆماته‌ ئه‌مریكاییه‌كان به‌غدا چۆڵ ده‌كه‌ن

بۆچی دیپلۆماته‌ ئه‌مریكاییه‌كان به‌غدا چۆڵ ده‌كه‌ن

گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكا چوار كه‌سایه‌تی ساڵ ده‌ستنیشان ده‌كات





گۆڤاری (people)، وه‌كوو  به‌شێك له‌و دوو ژماره‌ی له‌ كۆتایی ساڵ دا ده‌رده‌چن، ناوه‌كانی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، جۆرج کڵونی، سێلێنا گۆمێز و ڕیگینا کینگی وەک کەسایەتییەکانی ساڵی 2020 ناساند.

بڕیاره‌ كۆڕێكی رێزلێنان بۆ ئه‌و چوار كه‌سایه‌تییه‌ ساز بكرێ كه‌ له‌ میانی كێشه‌كانی جیهان دا، له‌ ماوه‌ی ساڵی 2020 دا، كاریگه‌ری ئه‌رێنیان هه‌بووه‌.

د. ئانتۆنی فاوچی وه‌كوو زاناترین کەس لە نەخۆشیە درمییەکان، پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بەردەوام رێنمایی باش و زانیاری راستی داوه‌ته‌  خەڵک، ناوبراو وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌نستیتوتی نیشتیمانی بۆ نەخۆشییە درمی و گوازراوه‌كان، یەکێک بووە لە سەرچاوە پێشڕه‌وه‌كانی زانیاری سەبارەت بە خه‌بات دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتدا.

له‌ كاتێك دا باس له‌وه‌ ده‌كرێ‌ ره‌نگه‌ جۆرج کڵۆنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی (ئاسمانی نیوه‌شه‌و)،  "The Midnight Sky"، بباته‌وه وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی ساڵ ده‌ستنیشان كراوه‌‌. كڵۆنی جیا له‌ كاری سینه‌ماو هونه‌ر، كه‌سایه‌تییه‌كی خێرخوازه‌ كه‌ ئه‌مساڵ پاش مردنی جۆرج فلۆید، بڕی 500 هه‌زار دۆلاری به‌خشیه‌ به‌رنامه‌كانی یه‌كسانی و داپەروەری لە ئەمریکا، هه‌روه‌ها بۆ بەره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، لەندەن و لۆس ئانجلۆس بڕی 1 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش كردووه‌.

ریگینا کینگ، لە مانگی9دا، براوەی خەڵاتی ئیمی بوو، ئه‌و توانای خۆی بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردنیان لە دەنگداندا به‌كار هێنا. ناوبراو هەروەها له‌ كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا، داكۆكی له‌ هه‌رێمه‌ پەراوێزخراوەکان کرد و داواشی كرد كرده‌وه‌ی تووندوتیژی پۆلیسەکان بەرامبەر بە رەشپێستە بێ چەکەکان كۆتایی بێ. وەک یەکەم کاری دەرهێنانیش بۆ فیلمی (شه‌وێك له‌ مه‌یامی) "One Night in Miami" باس لە هەڵبژاردنی فیلمەکەی وه‌كوو یەکێک لە به‌ربژێره‌ شیاوه‌كان بۆ وه‌رگرتنی خەڵاتی ئۆسکار ده‌كرێ.

سێلێنا گۆمێز ئەلبوومی سەرکەوتووی خۆی بە ناوی "Rare" بڵاو کردەوەو میوانداریی پرۆگرامی (چێشتلێنان و سێلێنا) "Selena+Chef" له‌ به‌رنامه‌ی (ئێچ بی ئۆ ماکس) "HBO Max"، كرد. بەڵام ئەو ئەستێرەی میوزیکی پۆپ هەروەها پەیامی رێکلامی خۆی لە رێگایی مارکی سوراوسپیاو بە ناوی (جوانی بێ وێنه)‌ "Rare Beauty" بڵاو كرده‌وه،‌ کە مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 10 ساڵ دا، بڕی 100 ملیۆن دۆلار كۆبكاته‌وه‌ تاكوو له‌و رێگاوه‌ یارمه‌تی به‌ دۆزینەوەی چارەسەرییە نوێکان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان بدات. 

K24 – واشنتن:

#مسته‌ر_كورد

Thursday, December 3, 2020

باید‌ن بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران مه‌رجی هه‌یه‌


جۆو باید‌ن براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ وتووێژێكدا لەگەڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز هەڵوێستی خۆی له‌سه‌ر قه‌یرانی ناوكی ئێران رایگه‌یاند و گوتی: "ئەگەر تاران دووبارە رێز لە بەرپرسایه‌تییه‌كانی بگرێتەوە، واشنتن وەکو خاڵی دەستپێکردن دەگەڕێتەوە ناو رێکكەوتنه‌كه‌ ناوكیه‌كه‌ی وڵاتانی 5 + ‌1".

جۆو بایدن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیوایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ دژوار و قورسه،‌ به‌ڵام ئه‌و وه‌كو له‌ كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی دابوو هه‌وڵ بۆ رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات.

بایده‌ن له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌ له‌گه‌ڵ نیویۆرك تایمزدا ده‌ڵێ: "له‌ ناوچه‌كه‌دا، تەنها رێگە ئه‌وه‌یه‌ بۆ گەیشتن بە شێوازێك لە سەقامگیری بایه‌خ بە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بدرێت. چونكه‌ ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی ئەوا کێبڕکێی خۆ پڕچەککردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات، ئێمه‌ش نامانەوێت لەو بەشەی جیهاندا ئه‌مه‌ رووبدات. بە راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەست به ‌دانوستانەکان و رێکكەوتنەکانی دیکە ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران توندترو درێژتر بکەینەوە، هەروەها تاووتوێی بەرنامە مووشەکییەکەشی بکەین".

ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی بایدن له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی پله‌ به‌رزی کاروباری دەرەوەی یەکیه‌تیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل رایگه‌یاند: "لەگەڵ جه‌واد زه‌ریف وەزیری دەرەوەی ئێران قسەم کردووە، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ داوای کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لە رێکكەوتنەکە دەکەم. ئەم رێكکەوتنە تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکی".

رێككه‌وتی 8ی مانگی 5ی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، به‌ فه‌رمیی له‌ رێككه‌وتنی ناوكی له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه‌ كه‌ مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2015 له‌ ڤیه‌ننا له‌ نێوان وڵاتانی (5 + 1) مۆركرابوو. پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن گه‌مارۆی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی ئابووری خسته‌ سه‌ر ئێران و بوه‌ هۆكاره‌ داڕمانی ئابووری ئێران.

#مسته‌ر_كورد

Tuesday, December 1, 2020

دیدار له‌گه‌ڵ حاكمی فلۆریدا


هاوڕێ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز رۆن دیسانتس حاكمی ولایه‌تی فلۆریدا قسه‌و باسێكی تێروته‌سه‌لمان هه‌بوو ده‌رباره‌ی بایه‌خی پێوه‌ندی نێوان كوردستان و ئه‌مریكاو پێویستی پڕچه‌ك كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆو به‌رده‌وامی پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی واشنگتن له‌ پرسی كورد له‌ پانتایی رۆژهه‌ڵاتی نێوراست دا...
هێژا دیسانتس له‌و كاته‌شدا كه‌ ئه‌ندامی كۆنگرێس بوو سه‌باره‌ت به‌ داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیاو په‌لاماری میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران دژی پێشمه‌رگه‌و داگیركردنی كه‌ركووك له‌ ١٦ی ئوكتۆبه‌ری ٢٠١٧دا، هه‌ڵوێستی شیاوو جێگای رێزی هه‌بوو...

#مسته‌ر_كورد

‎كێشەكانی نێوان واشنگتن و ئانكارا ‎


‎كێشەكانی نێوان واشنگتن و ئانكارا ‎

داوا له‌ كۆنگرێس ده‌كرێت رێگری بکات له فرۆشتنی چەک بە ئیمارات





ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا گرێبه‌ستێكی فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی به‌ بڕی 23 میلیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی واژۆ كردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ش ئه‌مەریكا ده‌بێ: فڕۆکەی جەنگی، مووشه‌ك، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان راده‌ستی ئیمارات بكات.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ وای كردوه‌ 29 رێکخراوی داكۆكیكاری مافەکانی مرۆڤ، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا لە كۆنگرێسی ئه‌مەریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن سنوور بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك و تەقەمەنی دابنێت، رەچاوی گرێبه‌سته‌كه‌ نه‌كه‌ن و واشنتن له‌ فرۆشتی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به‌ ئیمارات، خۆ ببوێرێت.

له‌ به‌شێكی ئه‌و داواكارییه‌دا هاتووە "ئیمارات، لایەنێکە لە ململانێکانی یەمەن و لیبیا، بۆیه‌ گرێبه‌ستی چه‌كفرۆشتن به‌و وڵاته‌ دەبێتە هۆی زۆرتربوونی زیانگه‌یاندن به‌ هاووڵاتییانی مەدەنی، ئه‌مه‌ش قەیرانە مرۆییەکان خراپتر دەکات".

هاوكات له‌گه‌ڵ داوای ئه‌م رێكخراو‌انه‌دا، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە، کە تێیدا داوای راگرتنی چه‌كفرۆشتن به‌ ئیمارات دەکەن.

به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نێوان هەردوو وڵات؛ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس، فڕۆکەی ئێف-35ـی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و موشەکی کۆمپانیای رەیسیۆن، راده‌ستی ئیمارات ده‌كرێن.

لە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاشكرای كرد: محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات رێككه‌وتوون.

پاش ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جار، فڕۆكه‌یه‌كی نه‌فه‌رهه‌ڵگری ئیسرائیلی به‌ درووشمی "فڕینی ئاشتی" به‌ ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودیدا گه‌یشته‌‌ ئیمارات. سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆش (سێشەممە، 1-12-2020) یەکەمین گەشتی بازرگانیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، دەستیپێکرد.

جارێد كۆشنه‌ر، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا، ئاڤی بێرکۆوێتز، نوێنه‌ری واشنتن بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و برایان هووک، به‌رپرسی پێشووی كاروباری ئێران له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سعودیه‌ دابوو بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شته‌كان به‌ ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌دا تێپه‌ڕن.

ئه‌مەریكا سه‌باره‌ت به‌ رازیبوونی به‌رپرسانی ریاز بۆ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌ڵێ "گه‌شته‌كان دەبنە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی هه‌موو کۆمپانیاکانی گەشتی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی سەرنشینان لە ئیسرائیلەوە بۆ ئیمارات و بەحرەین و بەپێچەوانەشەوە، ئێمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان چاره‌سه‌ركردووه".