Archive

Wednesday, December 23, 2015

یادی لەدایکبوونی د.قاسملوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچووە




بۆنەی شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونی د. قاسملوو، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمەڵگای کوردەکانی دەڤەری واشنگتۆن ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بە بۆنەی شەوی یەڵدا هەشتاوپێنجەمین ساڵیادی لەدایکبوونی د. قاسملوو، بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. 
پاشان "ڕەحیم ڕەشیدی" لەسەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو قسەی کرد و لە بەشێک لە قسەکانی‌دا گوتی: "کاتێک لە ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی‌دا خودا ئەو کۆرپەی بە بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی قاسملوو بەخشی، ڕەنگە کەس بە بیر و زەینی‌دا نەهاتبێ کە ئەم کۆرپەی ناوی عەبدولڕەحمان قاسملووی لەسەرداندرا، دەبێتە هیوا و هومێدی نەتەوەیەک و ئەوەتا لێرە ئێمە جێژنی ٨٥ ساڵەی لەدایکبوونی بە ڕێزەوە دەکەینەوە و ئەو کۆرپەی ئەو کات، ئێستا خۆشەویستی گشت نیشتمانپەروەرێکی کوردە لە سەرانسەری گۆی زەویدا".
دواتر ژیاننامەی شەهید د. قاسملوو لە لایەن خاتوو "سەیران شەرەفی" خوێندرایەوە.
پاشان "محەممەد داستان" کادری دێرینی حیزبی دێموکرات وێڕای باسێک لەسەر شەوی یەڵدا، بارودۆخی ئێستای کوردستانی شی کردەوە و ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕەکان بە قازانجی کوردە و بۆ ئەوەی مافەکانمان دەستەبەر بن، زۆر پێویستە کە یەکگرتوویی خۆمان بپارێزین. 
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، ڕێبوار سەلیمی کادری دێرینی حیزب، باسێکی لەسەر گرینگیی یادکردنەوەی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد و گوتی کە ئێستا خەڵک بۆخۆیان ئەو یادە لە نێو ماڵەکانیان دەکەنەوە و ئەمەش بۆ خۆشەویستیی دوکتور قاسملوو لە نێو خەڵکدا دەگەڕێتەوە، کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم بابەتە ڕۆژ بە رۆژ پەرەی گرتووە و ناوبراو چەند بیرەوەرییەکی سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو گێڕایەوە.
دواتر خاتوو "جانا دەمیجەر" شێعرێکی پێشکەش کرد و بە دوای ئەودا نووسەر و شاعیری ڕۆژئاوای کوردستان "ساڵح دەمیجەر" هۆزانێکی لە بارەی کەسایەتیی بەرزی دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد.
دواتر "حوسێن شێوەسەڵی" کادری دێرینی حیزب و ڕۆژنامەوان "فاتیمە سیندی"، بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشان بەشداریی بەرنامەکەیان کرد.
لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا شعێری "عومەر غوڵامعەلی" و خاتوو "بەهار حوسێنی" بە بۆنەی شەوی یەڵدا لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکەوە خوێندرانەوە.
دواتر بەشداران بە شایی و هەڵپەرکێ بەرنامەکەیان ڕازاندەوە.

Tuesday, December 1, 2015

هێمای پێزانیین


لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حدکا لە ئەمریکا، ئەم  هێمای سپاس و پێزانیینەم لە چێژنی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان دا، پێشکەش کرا...
بۆ من شانازیەکی مەزنە کە رۆژێک لە رۆژان لە ریزەکانی ئەو حیزبەدا پێشمەرگە بووم. بێ گومان هەردەم حیزبی دێموکرات بۆ من زانستگای فێربوون و خزمەت بە کوردو کوردستان بوە.

وێرای پیرۆزبایی بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سپاسی دڵسۆزی و خەمخۆری کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا دەکەم.

بژی کوردو کوردستان
شکۆدار بێ خەباتی پێشمەرگە لە پێناو ئازادی و دادپەروەری دا