Archive

Wednesday, January 25, 2017

Monday, January 23, 2017

ڕێوڕەسمی یادی ٧١ ساڵەی کۆماری کوردستان لە واشینگتۆن بەڕێوە چوو


کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئامریکا ڕێوڕەسمی بەرز ڕاگرتنی یادی ٧١ ساڵەی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ٧١ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکان و کوردەکانی دانیشتووی دەڤەری واشێنگتۆن بەڕێوە برد.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی نوێنەرایەتی حیزبی لە ئامریکا پێشکەش بە ئامادە بوان کرد.

پاشان پەیامی هەریەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن "جەلیل ئازادیخواز"ـەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا "محەممەد داستان"، پێشمەرگەی دێرینی حیزب بە پارچە پەخشانێک لە سەر ڕاسان بەشداری بەرنامەکە بوو و پاشان شاعیر و نووسەری کوردی نیشتەجێی ئامریکا "ناسر باباخانی" بە وتارێک ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆماری کوردستانی شی کردەوە.
هەروەها هۆنراوەیەک لە لایەن "دەریا عبدوڵڵا زادە" پێشکەش کرا.

لە درێژەی بەرنامەکەدا ڕەحیم ڕەشیدی و محەممەد داستان بە بۆنەی بەشدارییان لە ڕاساندا لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە خەڵات کران کە ئەو خەڵاتانە لە لایەن جەماڵ عەبدوڵڵا زادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا و عوسمان پاڵانی بەرپرسی تەشکیلات، پێشکەش بەو بەڕێزانە کرا.

پاشان جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا وێڕای بەرز نرخاندنی بەشداریی ئەندامانی حیزب لە ڕاسان، ئامانجی کۆمیتەی بۆ پێشکەش کردنی ئەو خەڵاتانە شی کردەوە.

چەند برووسکەی پیرۆزبایی بە ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوون کە بریتی بوون لە:
ـ نوینەرایەتی هەرێمی کوردستان
- یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کورستان
-پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان
- سازمانی فیمینیستی کورد لە ئامریکا
-کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لقی ئامریکا

لە برگەی کۆتایی ئەو بەرنامەیەدا ئاهەنگی شایی و هەڵپەرکێ بە دەنگی هونەرمەند فواد تا کۆتاییەکانی شەو بە بەشداری کوردەکانی دانیشتووی دەڤەری واشینگتۆن بەڕێوە چوو.

Wednesday, January 18, 2017

ماڵئاوا مێرخاسە خاکیەکە!

وێنە: نەمرکاک فەتاح کاویان


بەداخەوە ئەمرۆ رێکەوتی ١٨ی ژانویەی ٢٠١٧، ئاگادار بووم کە تێکۆشەری دێرین کاک فەتاح کاویان ئەندامی پێشووی رێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات لە شاری کۆیەو لە نێو کۆڕی هاورێ و هاوسەنگەرانی دا بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک داناوەو کۆچی دوایی کردوە.
 بێ گومان بۆ ئێمەومانان کە لە نزیکەوە کاک فەتاح کاویانمان دەناسی و شارەزای زانست و زمان زانی و توانا ئەدەبیەکانی بووین و رۆژگارێک لێی فێر ببووین و بە واتایەک مامۆستامان بوو، هەواڵی کۆچەکەی بەژانترە.
لە ناخی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و هەموو داخدارانی کۆچی دوایی ئەو گەورە مرۆڤە دەکەم و خۆم لە خەمی لە دەستدانی کاک فەتاح دا بە هاوبەش دەزانم.

ڕۆحی شاد بێ
رەحیم رەشیدی
 واشنگتن

Tuesday, January 17, 2017

مخابن بۆ کۆچی ناوادەت




لە نێوەراستی هاوینی ساڵی ٢٠١٦دا، وێرای چەن هاوڕێیەک لە واشنگتن، بۆ دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ چەند دۆستی بەرێزو بەنرخ، چبووینە کانەداو لە دەڤەری نیاگارا، لە هاوینە هەوارێکی خۆش و دڵرفێن گیرساینەوە.
بۆ یەکەمین جار لەگەڵ کورێکی ئارام و هێدی و لەبەر دڵان، هەتا دڵ بخوازێ سەنگین و لەسەرەخۆو ئاشنا بووم کە بە ئارامی و زۆر لەسەرەخۆ قسەی دەکرد. ئەو خۆی پێناساندم و لەگەڵ من لوتفێکی زۆری نواند. 
ئەو مێرخاسە، سەوداسەرێکی تاکووسەری ئازادی و رزگاری کوردستان بوو. لە نێوەرۆکی قسەکانی دا دێموکراتێکی راستەقینەو بەپەرۆش بۆ یەکریزی و بەهێزتر کردنەوەی خەباتی ئەم سەردەمەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەو بە حەز و خولیاوە باسی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی دەکردو لەگەڵ هەموو رەخنەو سەرەنجەکانی لەهەمبەر کەمووکورتییەکانی دەسەڵاتی کوردی، ئەو ئەزموونەی بە دەسکەوتی نەتەوەیی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد دەزانی و پێی وابوو دەبێ بە هەمووان پارێزگاری لێبکەین و یارمەتی بە بەهێزتر کردنی بکەین.
پێشمەرگەی پێ پارێزەری کوردستان و دەستەبەر کردنی ئازادی بوو.
ئێستا باوەڕ ناکەم کە ئەو رۆژی ١٥ی ژانویەی ٢٠١٧، کەمتر لە شەش مانگ، یەکەمین دیدارمان، بۆ هەمیشە بووبێتە دواین دیدار. سیمای بە ویقاری و نەرمونیانیەکەی لە زین و هۆشم دا ناسڕێتەوەو دیمەنی جوان و ساکاری هەردەم لەبەرچاومە.
نرخێکی زۆری بۆ هاوڕێیەتی و دۆستایەتی دادەناو داوای لێکردم کە پێکەوە هاوکاری دۆستێکی هاوبەشمان بکەین کە بە نیازە بێتە کانەداو لەوێ بگیرسێتەوە. زۆری بۆ گرینگ بوو کە ئەو خۆشەویستە بە خۆیی و خاوو خێزانەوە بە سڵامەت بگەنە جێ. بڕیارمان دابوو کە پێکەوە هەرچیمان لە دەست بێ لەم بوارەدا بیکەین.!
"ئازادهونەر پەژوو" کوڕی سەید "کەریم" خەڵکی شاری بۆکان، تۆ بە سەفەر لە کانەداوە گەرابویتەوە بۆ کوردستان، لە نێوان پیرە هەولێرو پیرمام دا، بە هۆی کارەساتی وەرگەرانی ئوتۆموبێل گیانت لە دەست داو دواتر لە گۆرستانی شەهیدانی دێموکرات بەرێزەوە بە خاکی نیشتمان سپێردرایت. 

هاورێم، خەمی لە دەستدانت خەمی هەمووانە. رۆحت شادو یادت لە دڵمان دا زیندوە.
رەحیم رەشیدی
واشنگتن

خەڵاتکردنی کوردستان تی ڤی وەکوو پردی پێوەندی نێوان ئەمریکاو کوردستان