Archive

Saturday, March 25, 2017

واشنگتن: تێزی دوکتۆرا لەسەر حیزبی دێموکڕات!


رەحیم رەشیدی
خۆشحاڵم کە توانیم یارمەتیدەری خوێندکارێکی ئەمریکایی بم بۆ ئەوی تێزی دوکتۆراکەی لەسەر حیزبی دێموکڕات بنووسێ. بیرم لەوە دەکردەوە، هاورێیانی ئێمە خەریکی چین لەم دۆخە ناسک و دژوارەدا، هەتا کەی ئەم هەموو وزە بۆ شتی لاوەکی و یەکتر شکاندن و خۆخۆری دەکار دەکرێت؟
بە هیوای ئەوەی کە ئەم هەوڵەم خزمەتێکی بچووک بێ بە خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردو کوردستان بە گشتیی و شەهیدانی راسانی رۆژهەلات بە تایبەتی.
بە قولی باوەرم وایە تاکوو پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان نەکەوێتە رۆژەڤەوەو لەسەر پێ نەبێ، گومانی تێیدا نیە دۆزی کورد لە پانتایی رۆژهەڵاتی نێوەراست دا وەکوو پێویست بەرەوپێش ناچێ؛ دڵنیام کە سەربەخۆیی باشوریش وەکوو ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ بە سانایی سەرناگرێ، ئەگەر کوردستانی بن دەستی ئێران لاواز بێ، چوونکە تاران سەرسەخترین دوژمنی وەدیهاتنی مافە بنەرەتی و رەواکانی کوردە لە گشت هەرێمەکەداو ئەمەشی هیچ کاتێک نەشاردۆتەوە...

Monday, March 13, 2017

کتووپڕ!


رەحیم رەشیدیهێندێک جار پێویستە بۆ قوتاربوون لە تەنگەبەری و دۆخێکی چەقیوو نادۆستانە، کتووپڕ لەسەر بڕیارێک ساخبیتەوە کە هەرگیز خۆتت بۆ ئامادە نەکردوە. گرینگ نیە کە پاشتر چ دەوترێ و چۆن شرۆڤەی ئەو هەنگاوەت دەکرێ، ئەوە بایەخدارە کە نەهێڵی ئەو شتانە بوترێ و روو بدەن کە دژبەرانت خۆیان بۆ کردن و وتنی بەرانبەر بە تۆ ئامادە کردوە.
ئەگەر خێرا ساخنەبیتەوەو ئازایەتی ئەوەت تێدا نەبێ کە بە پەلە هەلێک بقۆزیتەوە یان دەست لە شتێک بەردەی، ئەوە بەردەوام دەبێ لە بازنەیەک دا بسووڕێیتەوە کە ئاستی روانیین و هەڵسووکەوتت زۆر نزم و هەرزان بەها دەکات.پێم وایە باشترە کە مرۆڤی ژیرو خاوەن ئەندێشە، نەچێتە نێو یاری و کایەیەکەوە کە رۆڵگێرو ئەکتەرە سەرەکییەکانی نادیارن و هەوڵدەدن لە ژێر دەمامکدا بتکەنە دەستەچیلە و دەسکەلای خۆیان. چوونکە ئەگەر بابەتێک ڕوون و ئاشکرا نەبێ، هەر بڕیارێکی لە بارەوە بدەیت، بەردەوام دەتوانێ ئەو درزە بهێڵێتەوە کە بەرژەوندیخوازان هەر تاو ناتاوێ، لە پێناو شتێکدا کایەت پێبکەن کە تۆ بە باشی لێت ڕوون نیە ئەو شتە چیەو بە هەر بارێکدا شرۆڤەی بکەی ئەوە ئەوان هەر قەوانی خۆیان لێدەدەنەوە...ریسک و سەرشێتی لە یاری سیاسیی دا نابێ بتخاتە کەلەبەرێکی ئەوتۆوە کە مافی بیرکردنەوەو بڕیاردانت لێبستێنێ. چوونکە ژیان بە ئیرادەو باوەڕ بە خۆبوونەوە خۆشە!

Thursday, March 9, 2017

ڕوونکردنەوە!



دۆستانی بەرێز
هاوڕێیانی هێژا

هەر وەکوو ئاگادارن رۆژی ١٨ی فیبرواری ٢٠١٧، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە واشنگتن، کۆریادێکی بۆ رێزگرتن لە یادی مامۆستاو هاورێی خۆشەویستمان کاک عەبوو کەریمی پێکهێنا.
رەوەندی کوردی بە گشتیی‌و ئەندامانی بیرکراوەو تێگەیشتووی حیزب بە تایبەتی، شاهێدیم بۆ دەدەن کە لە هەموو کەس پتر هەوڵمدا ئەو کۆریادە بە شکۆوە بەرێوە بچێ.
بەرێز کۆمیتەی حیزب داوای لە من کرد کە وەکوو دۆست‌و هاوڕێی نەمر کاک عەبوو کە ماوەی چەند ساڵێک پێکەوە لە تیشک تیڤی لە پاریس کارمان کردوە، لەسەر کەسایەتی بەرزی نەمر کەریمی قسە بکەم.
دەتوانم زۆر ڕاشکاوانە بێژم کە ئەوانەی لە کۆڕو سیمینارەکانی دواترداو لە شوێنەکانی دیکە لەسەر کاک عەبوو قسەیان کرد، هەمان قسەو روانگەکانی منیان دووبارە کردەوە.
کاک عەبوو بۆ من باوک‌و مامۆستایەکی مەزن بوو، ئەوانەشی کە گوێیان لە قسەکانم گرتبێ کە ماوەی پتر لە ٢٠ خولەکە، بە باشی دەتوانن لەو راستییە تێبگەن کە چەندە بەرزو بەرێز باسم لە کەسایەتی گەورەو شوێندانەری کردوە کە مخابن بە زیندوویی وەکوو پێویست جێگەوپێگەیمان نەزانی!
لەو کۆڕیادەداو لە کۆتایی قەسەکانم دا، چەند بیرەوەریەکم گێرایەوە کە هەم لە زمان خۆی بیستبووم و هەمیش لە دۆستانی نزیکی. لەم بارەوە ئاماژەم بە ناوی بەرێزان کاک حەمەنەزیف قادەری و کاک عەلی پوورئامان کرد. هەموو ئەوانەی کاک عەبوو دەناسن دەزانن کە دوو کەس لە دۆستە هەرە خۆشەویستەکانی ئەو بەرێزانە بوون کە ناوم هێنان. ئەوان نەک هەر هاوڕێ بەڵکوو دۆست و براو پاڵپشتی تاکووسەری یەکتر بوون‌و بە دەیان جار دیتومەو بیستوومە کە چەند بە رێزەوە باسی یەکتریان کردوەو چەندەش لە یەکتر نزیک بوون.
ئەوەی جێگای ئەوپەڕی داخ‌و مخابنە کەسانێک کە لەو کۆڕیادەش دا بەشدار نەبوون، ئەو بەشە لە قسەکانی بەندەیان بڕیوەو بۆ ئەملاولای دەنێرن کە گۆیا من بێرێزیم بە مامۆستای خۆم کردوە. ئەم هەنگاوە لە هەناوی خۆی دا کارێکی چەوت‌و نادۆستانەیەو لە هەمان کاتدا بێرێزی کردنە بە یادی ئەو گەورە پیاوەی نەتەوەکەمان.
بە دڵنیایەوە من پتر لە هەموو ئەو کەسانەی کەوتوونەتە تۆمەت بەخشینەوەو چەواشەکاری، بە وتارو لێدوان، لە رابردووش دا و ئەو کاتەی کاک عەبوو لە ژیان دا بوو هەوڵی رێزگرتنم لە کەسایەتی بەرزی نەمر کەریمی داوە. ئەوەش کە لە کۆڕیادێکی سیاسیی‌و کراوەدا ئاماژەم بە چەند بیرەوەرییەک کردوە بۆ نیشاندانی سادەیی‌و بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی ئاسایی‌و کۆمەڵایەتی ئەو نەمرە بوە. رەنگە ئەوەش لە بەختی خراپی کاک عەبوو بێ کە رێورەسمی ناشتنەکەی‌و یادکرنەوەشی لەوسەری دونیا ئاوا دەکەوێتە بەرلێشاوی بێ لوتفی‌و نامێرەبانی ئەو جۆرە کەسانە کە بەراستی هیچ سنوورێکی ویژان ناناسن‌و لە ژێر ناوی ئەو نەمرەدا هەوڵی تیرۆری یەکێک لە وەفادارترین هاوڕێکانی دەدەن بۆ چەند دەسکەوتێکی کاتی‌و بێ بایەخ!.
بۆ گەورەیی نەمر کەریمی هەر ئەوندە بەسە کە بە بیر بهێنمەوە، لە کاتی وەرگرتنی لەوحی رێزلێنانی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان لە رێورەسمی یادی ٧٠ سالەی دامەزرادنی کۆماری کوردستان‌دا فەرمووبووی: "من لە ژیانمدا زۆر بڕوانامەم لە بوارەکانی خوێندن، وەرزش‌و زۆر شتی تر پێ بەخشراوە، بەڵام هیچ کام لەو خەڵاتانە هێندەی ئەم لەوحی رێز لێنانە کە لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەم پێم بەخشرا، قەدرو قیمەتیان نەبوو. ئەم خەڵاتە گەورەترین‌و بەنرخترین خەڵاتی ژیانمەو شانازی پێوە دەکەم، شانازی بە حیزبەکەم‌و بە ڕابردوومەوە دەکەم".

هەزاران سڵاوو لە یادو ناوی نەمر کاک عەبوو کەریمی

لەگەڵ سپاس و رێز

رەحیم رەشیدی
واشنگتن
٩ی مارسی ٢٠١٧

Wednesday, March 8, 2017

واشنتۆن: رۆژی جیهانی ژنان بەرز راگیرا

واشنگتن: رێورەسمی ٨ی مارس

دایکی شەهید:



ئەمە وێنەی دایكێكی جەرگ سووتاوە بە ناوی "پوورە سەلمە" خەڵكی گوندی پشتەو خەراجیان، كە دەکەوێتە نێوان شارەکانی روانسەرو كامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان. وەکوو ئاشکرایە رژێمی تیرۆرو دژە كوردی ئێران، كوڕە پێشمەرگەو تاقانەكەیان شەهید كردووەو چەندین ساڵ شوێنی تەرمەکەیان لێ شاردوەتەوە، بەڵام لە ئاكامداو پاش هەوڵ‌و ماندووبوونێكی زۆرو بەرتیلدان بە جاشەكان، شوێنی ناشتنی كوڕە تاقانەكەی لە شاری "هەمەدان" پەیدا كردووە. ئەم شێرە ژنە، كەلەسەری جگەرگۆشەكەی وەك تاجی شاهانە بە سەرەوە ناوەو لەگەڵ باقی پاشماوەی ئێسقانەكانی لە گۆڕغەریبی دەریهێناوەو بردوویەتەوە بۆ كوردستان‌و لەوێ تەسلیم بە خاكی پیرۆزی نیشتمانی كردوە بۆ ئەوەی بەڵکۆ رۆحی بەرزە فڕی کورە شەهیدەکەی ئارام بگرێ...
ئەمەیە رەمزی مانەوەی نەتەوەی کورد.

Saturday, March 4, 2017

ژەنڕاڵ ئێرنی ئودینۆ بۆ ڕەحیم ڕەشیدی:



ژەنڕاڵ ئێرنی ئودینۆ بۆ ڕەحیم ڕەشیدی: ئەمن ئەو دەرفەتم هەبوو کە لە مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠١٦دا سەردانی کوردستان بکەم و چاوم بە مستەفا هیجری و حوسین یەزدانپەنا بکەوێ و بە گوێرەی بەرنامەکەم هەوڵمدا کە کۆمەڵەش ببینم و پێکەوە کۆیان کەمەوە. دەخوازم بە خۆشحاڵیەوە بێژم هەنووکە تەبایی و یەکریزی کورد زۆر پێویستە...