Archive

Saturday, September 22, 2007

ئه‌زانی؟

هاورێم سڵاوو ئێواره‌ باش!

دوێنی نامه‌یه‌کم بۆ نووسیبویت، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵی‌و مه‌شغه‌ڵه‌تی ڕۆژانه نه‌کرا بۆت بنێرم‌و هه‌روا له‌سه‌ر مێزی نان خواردنه‌که‌ له پاڵ فنجانێکی سپی ره‌نگی قاوه‌دا که‌وتبوو.

ئه‌مڕۆ کاتێک له "حه‌مام" به جه‌سته‌یه‌کی نیوه ته‌ڕو نیوه‌ ویشک هاتمه‌ ده‌روو خاولییه درێژه‌ ره‌نگ ئاویه‌که‌مم له خۆم ئاڵاندبوو، هاتمه نێو هاڵی ماڵه‌که‌مان، هه‌یوانێک که تۆ تاکوو ئێستا نه‌تدیتووه‌و پێکه‌وه نه قاوه‌یه‌کمان تێدا خواردۆته‌وه نه قسه‌وباسێکمان تێدا کردووه، نه زه‌می که‌سمان لێکردووه، نه پێکه‌وه لێره له‌م هه‌یوانه‌ی ماڵ ئێمه‌ که نه تابڵۆیه‌کی تێدایه نه شتێکی ئه‌وتۆ که سه‌رنجی مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، قه‌ت پێکه‌وه دانه‌نیشتووین، تاکوو هه‌نووکه له بازار پێکه‌وه نه‌گه‌راوینه‌ته‌وه که هێندێک خرتوپرتمان کڕیبێت‌و له سه‌ر مێزه‌که بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌و هه‌ر شتێک له جێگای خۆی دابنێین.

ئه‌زانی، من زۆر میوه‌م پێخۆشه‌و حه‌ز ده‌که‌م هه‌ر جارێک که ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵێ هێندێک میوه‌م به ده‌سته‌وه بێ؟

به‌ڵام ئه‌م هه‌یوانه سێ په‌نجه‌ره‌ی گه‌وره‌ی تێدایه. ئه‌زانیت، یه‌کێک له‌م په‌نجه‌رانه ڕوو به شاری پاریسه‌و له‌وێوه‌ زۆر که‌ڕه‌تان چاو له بورجه‌ به‌رزو بینا چه‌ند نهۆمه‌‌کان‌و هاتوچۆی ماشێنه‌کان‌و...هتد، ده‌که‌م.

زۆر جاران لێره‌وه گوێ بۆ موسیقا‌ی ڕه‌ش پێسته‌کان ده‌گرم که له کۆڵانی ئه‌وبه‌ر ماڵ ئێمه‌وه شه‌وانی هه‌ینی، شه‌مۆو یه‌کشه‌ممه به تایبه‌تی‌ زۆر شێتانه ئاله‌ته‌کان ده‌ژه‌نن‌ به چه‌شنێک که من به بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مێلۆدی‌و ریتم‌و ئاهه‌نگه‌که‌ی ئاشنا بم، به بێ ئه‌وه‌ی گوێم‌، ناخم‌و ڕۆحم ئاشنا به‌م مۆسیقا شێتانه‌یه بێ،‌ گوێی ده‌ده‌مێ‌.

ببووره که ئه‌م چرت‌و پرتانه‌ت بۆ ده‌نووسم. ئاخر ئه‌و نامه‌یه‌ی که پێشتر بۆم نوسیبوویت، که خوێندمه‌وه قاقا پێکه‌نیم، به‌راستی هیچی وای تێدا نه‌بوو که بۆ تۆ نوێ بێت.
ئیدی به بێ ئه‌وه‌ی سێ‌و دووی لێبکه‌م دڕاندم‌و بڕیارم‌دا ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنووسم‌و بینێرم.

حه‌ز ده‌که‌م ئێستا یه‌ک به‌خۆم هاوار بکه‌م‌، وه‌کوو منداڵێک گڕوو بگرم‌، هه‌ڵخه‌مه‌وه‌و داخه‌مه‌وه.

جیددیه‌تی ئه‌م ڕۆژانه، که بزه‌و پێکه‌نینیان لێسه‌ندوومه‌وه، که گاڵته‌و گه‌پ‌و سه‌یرو سه‌فه‌ریان لێ زه‌وت کردووم، به ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر شان‌و باهۆزمه‌وه قورسایی ده‌کات.

ئه‌زانم ئێستا له به‌رخۆته‌وه قاقا پێده‌که‌نیت، یان ده‌بیر ڕاده‌چیت، به‌ڵام که‌سه‌که‌م به‌شی ئێمه له‌م دونیادا له‌مه‌ی که هه‌یه‌ زۆرتره.

تا کاتێکی دیکه ئاگات له خۆت‌و "باران" بێت.

بیرتان ده‌که‌م.

ئیمزا
باوکی باران
پاریس
31ی جۆزه‌ردانی 1386ی هه‌تاوی
22 سپتامبری 2007ی زایینی

وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شێربه‌گی

ڕه‌حیم ڕه‌شیدی
کاک ئه‌حمه‌د شێربه‌گی خۆشه‌ویست، سوپاس که له بیره‌وه‌ری کاره‌ساتی تێرۆری دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌و هاورێکانی‌دا، ئیزنتان‌دا ئه‌م وتووێژه‌تان بۆ رۆژنامه‌ی ''کوردستان'' له‌گه‌ڵ ساز بده‌یین.

منیش سوپاسی ئێوه ده‌که‌م بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆتان ره‌خساندم بۆ ئه‌وه‌ی له ١٥‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری شـــــــــه‌هید بوونی سه‌رکرده‌ی ماندوویی نه‌ناس، رێبه‌ری هه‌میشه زیندوو، دوکتور صادق شه‌ره‌فکه‌ندی که له نێو کۆری هاورێیانی به کاک سه‌عید ناسرابوو، چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ک له خه‌بات‌و تێکۆشانی ئه‌و سه‌رکرده شۆڕشگێره هه‌ڵده‌مه‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌گوترێ گۆشه نیگایه‌کی زۆر بچووکه له ژیان‌و تێکۆشانی ئه‌م نه‌مره.

١. کاک ئه‌حمه‌د ٢٦ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ ١٥ ساڵ به‌سه‌ر تێرۆری دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی، رێبه‌ری لێوه‌شاوه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران‌و هاورێکانی تێپه‌ر ده‌بێت، ئه‌م بیره‌وه‌ری‌یه بۆ ئێوه به‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی چییه؟

٢٦ی خه‌رمانانی سالی ١٣٧ی هه‌تاوی رۆژی یادکردنه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی تاڵوگورچووبڕه که گه‌لی کورد تووشی هات، رۆژی کولانه‌وه‌و ســـه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی برینێکی قووڵه که تازه قتماخه‌ی گرتبوو ده‌هات سارێژ بێته‌وه، هێشتا دایکی نیشتمان‌و گه‌لی کورد له ژێر زامی پر له ئێشوژانی مه‌لی له خوێندا شه‌ڵاڵی ئاشتی، رێبه‌ریی زانا دوکتور قاسملووی نه‌مر پشتی راست نه‌کردبۆوه که، دیسان ره‌شه‌بای زریانی نامۆ هه‌ڵیکردو مۆمی ته‌مه‌نی ژیانی مه‌لێکی تری ئاسمانی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کوردستانی کوژانده‌وه، دیسان داوه‌ڵی شه‌و له بۆ‌سه‌ی پر له قینوبوغزدا که‌مینی نایه‌وه‌و گیانی له رێبه‌رێکی دیکه‌ی کورد ئه‌ستاندو، ده‌گه‌ڵ پۆلێک هه‌ڵۆی سووری کوردســــــتان خوێنیان تێکه‌ڵ به‌یه‌ک بوو، که‌ســانێک بوونه قوربانی که ته‌نیا تاوانیان وه‌دیهێنانی خێرو خۆشی بۆ کورد بوو، ئه‌م رۆژه ناخۆشترین‌و تاڵترین رۆژه که تا ئێستا له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی ژیانم‌دا تۆمار کراوه، غه‌درێکی یه‌کجار گه‌‌وره‌یه که له‌م رۆژه‌دا ده‌ر‌هه‌ق به کوردی بێبه‌ش کراوه، به راشکاوی ده‌توانم بڵێم؛ برینی ئه‌مجاره‌مان زور له برینی شه هید بوونی دوکتور قاسملوو قووڵترو به‌ژانترو دڵته‌زێنتر بوو، ئه‌وکاتی رێبه‌ری زاناو دانا، دوکتور قاســــــــــملووی مه‌زن دڵه گه‌وره‌که‌ی له لێدان که‌وت، دوکتور سـه‌عید به لێوه‌شاوه‌ی‌یه‌کی که‌م وێنه به‌هاوکاری‌و هاوفکری هه‌موو کادرو پێشمه‌رگه توانی حیزب به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره به‌رێ که دوکتور قاسملوو ڕێبه‌ریی ده‌کرد، به شاهیدی دۆست‌و دوژمن کاتێک کاک سه‌عید پێی نایه جێ پێی مامۆســــــتاکه‌ی هه‌ستت ده‌کرد دوکتور قاسملوو له هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م حیزبه‌دا حزووری هه‌یه، راسته جسمی له گۆرستانی پێرلاشێز بوو، به‌ڵام ئه‌وه رووح‌و ویژدانی دوکتور قاسملوو بوو که هه‌موو رۆژێ له که‌ل ده‌هاته ده‌رێ‌و له که‌ل بوو ئاوا ده‌بوو.

٢. ئێوه وه‌کوو ده‌نگی دلێری ''رادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران'' ساڵانێکی زۆر له بازنه‌ی به‌رپرسایه‌تی راسته‌وخۆی دوکتۆردا کارتان کردووه، له‌م باره‌وه ده‌توانن بپه‌یڤن؟

دوو رۆژ بوو "رادیۆ ده‌نگی کوردســـتانی ئێران'' ده‌ستی به‌وه‌شانی به‌رنامه‌کانی خۆی کردبوو واته ٢٩ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاوی، شاری مه‌هابادم به‌ره‌و شاخ به جێهێشت، ئه‌وکات رێبه‌رایه‌تی حیزب بنکه‌ی له دۆڵی'' قه‌ڵاتی ئه ســــنان''ی ناوچه‌ی مه‌نگورانی مه‌هـــــاباد بوو، من پێشتر له ئنتیشاراتی کـــۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب له شاری مه‌هاباد کارم ده‌کرد، ئینتشاراتیش گوێزتبوویه‌وه شاخ، منیش پێوه‌ستی هاوڕێیانم له شاخ بووم، من تا ئه‌و‌کاتی کاک سه‌عیدم له نیزیکه‌وه نه‌ده‌ناسی‌و به قسه نه‌م دیبوو، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی که برای بچووکی ئه‌دیب‌و شاعیری نه‌مر مامۆستا ''هه‌ژار''ی موکریانیه، پیاوێکی مام ناونجی ره‌زا شیرینی رووح سووکم هاته به‌رچاو، تۆپه‌ڵه ریشێکی ماش‌و برنجی دانابوو، هه‌تا خودا حـه‌ز ده‌کا سیمای مرۆڤێکی شۆرشگێرانه‌ی تێدا به‌دی ده‌کرا، هه‌ر له یه‌که‌م نیگادا هه‌ستت ده‌کرد ساڵانێکی درێژه ده‌یناسی، نامۆییت لێ نه‌ده‌کرد، هه‌ر ئه‌و رۆژه له لایه‌ن کومیته‌ی ناوه‌ندی‌یه‌و‌ه پێشنیاریی کار له "ده‌نگی کوردســــــتانم" پێکرا، بۆ به‌یانی رۆژی٣٠ جۆزه‌ردان ده‌ستم به‌کار کرد، یه‌که‌م رۆژی کارکردنم له رادیودا له هه‌ڵکه‌ندنی شاخ به ده‌ستی به‌تاڵ پێ دژوارتر بوو، هیچ ئه‌زموونێکم نه‌بوو، ســــــامی میکرۆفۆن گرتبوومی، باوه‌ربڕاو ببووم، له خوێندنه‌وه‌و ئه‌داکردنی رسته‌کاندا زۆرکڵۆڵوو ده‌سته وه‌ســـــــــتان بووم، زۆر به راشکاوی ڕامگه‌یاند ئه‌مه کاری من نیه‌و له توانامدا نیه، به‌ڵام هاوکاریی سه‌خاوه‌‌تمه‌ندانه‌و بێدریغیانه‌ی کاک ســــه‌عیدو کاک ته‌هاو ته‌نانه ت مامۆســـــتای نه‌مر دوکتور قاســـــــملوو بوو به هۆی ئه‌وه باوه‌ر به‌خۆم بێنم، له رێنوێنێه‌کانیان که‌ڵک وه‌ربگرم‌و به‌ســــــه‌ر دێوه‌زمه‌ی میکرۆفۆن‌دا زاڵ بم، کاک ســـــــــه‌عید هیچکات لێم غافڵ نه‌بوو، کاتێک گوێی له به‌رنامه‌کانی رادیۆ راده‌گرت، نه ته‌نیا هـــــه‌ڵه‌کانی من به ڵکوو هه‌موو وێژه‌ره‌کانی تریشی راست ده‌کرده‌وه، زور جاری وا هاتۆته پێشێ که وه‌ک کلاسی ده‌رس شێوه‌ی به‌یانو ئه‌دا‌کردنی وشه‌کانی پێده‌کوتینه وه، به‌راستیش لێی شاره‌زا بوو. کاک سه‌عید له کاری رادیودا به‌تایبه‌تی زۆر وه‌سواس بوو، هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بوو ئاوێنه‌یه‌کی باڵانوێنی راستیی بێ، رادیو بۆ کاک سه‌عید زۆر خۆشه‌ویست بوو، بۆیه به‌دڵ بۆ ســـه‌رکه‌وتنی رۆژ له گه‌ڵ رۆژ زیاتری تێده‌کۆشا، رادیو ده‌نگی کوردستانی ئێران، به ژماره‌‌یه‌کی زۆر که‌م کادری فیداکارو له خۆبوردوو ماندوویی نه‌ناس هه‌ڵده‌سوورا، ده‌توانم به راشکاوی بڵێم که کاک سه‌عید ده‌ورێکی گه‌وره‌ی چ له باری ناوه‌رۆکی به‌رنامه‌کانی‌و چ له باری تکنیکی‌و فه‌نی‌یه‌وه له سه‌رکه‌وتنی"ده‌نگی کوردســـــــتان"دا هه‌بوو، جێی سه‌ر سووڕمان بوو ئه‌و ئینسانه ئه‌و هه‌مووه هێزو توانایه له کوێرا دێنێ؟، کاتێک کاک سه‌عیدت ده‌دی ئاوا خۆی ماندوو ده‌کا، پێت شه‌رم بوو خۆت له کار بدزێوه.

3. دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی جیا له به‌رپرس بۆ ئێوه چ بوو؟

کاک سه‌عید له کاری روژانه‌ی رادیۆدا وه‌کوو به‌رپرسی یه‌که‌م ئه‌رکی حیزبی‌و دوســــــتایه‌تی تێکه‌ڵ به‌یه‌ک نه‌ده‌کرد، له ســـــــه‌ر ئه‌رکی حیزبی چاوپۆشی له نووری چاویی نه‌ده‌کرد، ده‌سه‌ر که‌ســـه‌وه نه‌ده‌چوو، به‌رگ‌و مـــه‌قام بۆ ئه‌و گرینگ نه‌بوو، له کاری حیزبی‌دا به‌رپرس، به‌ڵام خاریج له ده‌ره‌وه‌ی کاری رادیۆ ره‌فیق بازو موخلیس بوو، ئه‌رکی حیزبی له جێگای خۆی‌و دوســـــــتایه‌تیش له جێگای خۆی، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه دۆستی نزیکی بووم جاری وا هاتۆته پێشێ که له‌ســـــــه‌ر ئه‌رکی حیزبی لێک هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌و ره‌خنه‌ی تووند له‌یه‌کتری بگرین، هیندێک جار وا کـــــه‌وتوومه به‌ر شاڵاوو وای هه‌ڵپێچاوم که با به‌ده‌واری شڕیی نه‌کرد‌بێ، به‌ڵام له ژیانی شـــه‌خسیدا ئه‌وه‌نده لێک نیزیک بووین که ته‌نانه‌ت له نهێنیه‌کانی ژیانی بنه‌ماڵه‌یی ئاگادار بووین، کاک سه‌عید باوه‌رێکی قووڵی به دۆستایه‌تی هــــه‌ب‌وو، له دۆستایه‌تی‌دا زۆر بێ غه‌لوغــــــه‌ش بوو، ئه‌وه‌نده‌ی له کاری حیزبی‌دا ئیدامه کارو به‌بڕشت بوو، له‌مه زیاتریش له دۆستایه‌تی‌دا خۆمانی، نیزیک‌و مه‌جلیس خۆش بوو، به ته‌نگ چاره‌سه‌ر کردنی گیرو گرفته‌کانی ژیانمانه‌وه بوو، بۆیه ده‌توانم بڵێم کاک سه‌عید جگه له‌وه‌ی به‌رپرسم بوو، سکرتێرم بوو، مامۆستام بوو، دۆستم بوو، برام بوو، هێزو توانام بوو، هومێدم بوو، قینی شۆڕشگێرانه‌م بوو، هانده‌رم بوو، رچه‌شکێنم بوو.

4. کاتی بیستنی هه‌واڵه‌که چ هه‌ستێک دایگرتیت‌و چت کرد؟

به‌یانی رۆژی ٢٧ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٧١ی هه‌تاوی بوو، ئه‌مرۆژه‌ش وه‌کوو هه‌موو روژه‌کانی دیکه خۆم بۆ کاری رادیۆ ئاماده ده‌کرد، به‌ته‌نیا له ژووری کاری رادیۆ بووم، چاوه‌ڕوانی هاتنی هاوڕێیانی دیکه‌م ده‌کرد، هه‌ستم به‌دڵه‌راوکێک ده‌کرد به‌ڵام نه‌مده‌زانی هۆکاره‌که‌ی چیه، په‌نام برده به‌ر دیوانی شێعری شێرکۆ بێکه‌س، قه‌سیده‌ی'' داســـتانی هه‌ڵۆی سور''م هه‌ڵداوه‌و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌مخوێنده‌وه، نووقمی به‌سه‌رهاته‌که بووم، چووبوومه نێو قووڵایی ئه‌و پانۆرامایه‌ی که شاعیر وه‌سفی کرد بوو:" ئه‌ی تفه‌گه‌که‌ی موعینی/ ته‌نها ئه‌و وه‌خته ببووره/ بله پیاوکوژان/ گه‌ر توانیان جارێکی‌تر/ ''موعینیت'' بۆ بهێننه‌وه/ بتکاته شان''، له پرێکا کاک ته‌ها خۆی به‌ژووردا کرد، له ره‌نگی بزرکاوی، سامێکی سه‌یر دایگرتم، موچرکێک به هه‌موو له‌شم‌دا هات، کاک ته‌ها به ده‌نگێکی کپ کراوو په‌شۆکاو کووتی: '' ئه‌حمه‌د ماڵمان وێران بوو، کاک سه‌عیدیان ترۆر کردوه''، هێشتا ووته‌ی کاک ته‌ها ته‌واو نه‌ببوو که زریکه‌و گابۆری خه‌جیجم به‌ر‌گوێ که‌وت، حه‌به‌ســــا بووم، نه‌مده‌توانی باوه‌ر بکه‌م، هه‌ســــــتم ده‌کرد خه‌ونه، نابێ راست بێ،'' به دلدارانی شه‌م بڵێن/ حه‌ریقێ به‌ربۆته دڵم/ هه‌ر که ئه‌دوێم/ ئه‌بێ به‌وه‌رزی ژیله‌مۆو پشـکۆ بارین/ به دڵدارانی شه‌م بڵێن/ له به‌ر بۆن‌و بۆکروزی جه‌رگی منه/ باخان چاویان پر ده‌بێ له ئاوو ژان/ هه‌موو وه‌کوو دایکم ئه‌گرین...".
بوغز گه‌روومی گرتبوو، فرمێسک له چاومدا قه‌تیس مابوو، چاوم رێشکه‌و پێشکه‌ی ده‌کردو وشه‌کانی داستانی هه‌ڵۆی سوور تێکه‌ڵ به یه‌ک ده‌بوون، نه‌مده‌زانی له کوێی زه‌مان راوه‌ستاوم، بیرم به خێرایی هه‌موو ئه‌م کات‌و ئه‌و سه‌حنانه‌ی ده‌خسته به‌رچاو که کاک سه‌عید ســـــه‌ری به ژووری رادیۆدا ده‌کرد، تووڕه بوونه‌کانی، پێکه‌نینه‌کانی، دڵپاکێکه‌ی، ســــه‌داقه‌ته‌که‌ی، دوایین جار که له لامان بوو، وای چ ساته‌وه‌ختێکی ناخۆش‌و جه‌رگبڕو دڵته‌زێن بوو، کێ بروای ده‌کرد ئیتر کاک سه‌عید نابینینه‌وه ئه‌مه سه‌فه‌ری ئاخری ده‌بێتوو قه‌ت نا‌گه‌رێته‌وه کۆڕی هاورێیانی؟. له دووره‌وڵاتی‌و له هه‌نده‌ران گۆرغه‌ریب ده‌بێ‌و له ته‌نیشت مامۆستاکه‌ی دوکتۆر قاسملوو ئارام ده‌گرێ‌و به‌ڵێنی‌یه‌که‌ی خۆی به‌جێده‌گه‌یه‌نێ ؟. ''یان سه‌ر ده‌که‌وین، یان شه‌هید ده‌بین‌و له ئامێزت ده‌گرین''.
ئه‌و رۆژه‌ی رێبه‌ری زانا دوکتور قاسملوو شه‌هید بوو هه‌واڵه گورچوبرو دڵته‌زێنه‌که‌م له ده‌نگی کوردستانه‌وه خوێنده‌وه، سیمای کاک سه‌عیدم له‌به‌ر چاو لانه‌ده‌چوو، هه‌میشه ئه‌و روژه ره‌شه‌م له‌به‌ر رچاو بوو که وه‌کوو کونده په‌پوو هه‌واڵی مه‌رگی کاک سه‌عیدیش بڵاو که‌مه‌وه، چارم نه‌بوو، ده‌بوو ئه‌م هه‌واڵه جه‌رگبره، به خوێنی دڵم به کۆمه‌ڵانی کۆست که‌وتووی کوردستان رابگه‌یه‌نم‌و پێیان بڵێم جارێکی دیش کۆستیان که‌وت، هه‌ر ئه‌وه‌نده شێت نابی‌و دڵت ناته‌قێ، تاڵترین، جه‌رگبرترین، دڵته‌زێنترین، ناخۆشترین به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری ســـیاسی بوو که بۆ دووهه‌مین جار که‌وتبووه سه‌ر شانم، به‌ڵام وه‌کی ئێرنێست هیمینگوی نووســـــــه‌ری به‌‌ناوبانگی ئه‌مریکایی ده‌ڵێ: " ئاده‌میزاد قه‌ت بۆ ئه‌وه نه‌خوڵقاوه ببه‌زێ! له‌وانه‌یه مرۆڤ تێکبشکێندرێ، به‌ڵام هه‌رگیز نا‌به‌زێندرێ''.


5. دوکتور سه‌عید چ شوێنه‌وارێکی له سه‌ر بیرو ژیانی تایبه‌تی جه‌نابت هه‌بووه؟

یه‌که‌م شت که له کاک سه‌عید فێر بووم؛ باوه‌ر به‌خۆبوون بوو، ده‌یفه‌رموو: "باوه‌ر به خۆبوون ده‌سته‌به‌ری سه‌ر‌که وتنه، تا باوه‌رت به فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی خۆت نه‌بێ مه‌حاڵه له ته‌نگه‌ژه‌و تاڵیی ژیان ڕزگارت بێ‌و به‌سه‌ر نه‌هاتی‌یه‌کان‌دا زاڵ بی، دووهه‌م شت که هه‌میشه په‌یره‌وی لێده‌کرد: "پرنسپ‌و ئه‌خلاقی شۆڕشـــــــــــگێرانه‌ی بوو، هه‌ر قسه‌یه‌کی له زاری ده‌هاته‌ده‌رێ، هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌نجامی ده‌دا شۆڕشــــــگێری پێوه دیار بوو.
یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کاک ســـه‌عید ئه‌وه بوو که نانی به که‌س به‌قه‌رز نه‌ده‌دا، قسه له رووبوو، له‌گه‌ڵ که‌س ته‌عاروفی نه‌بوو، ره‌خنه‌ی ده‌گرت، پێشنیاریشی پێبوو، قسه‌و کرده‌وه‌ی یه‌کی ده‌گرته‌وه، نه‌مبیستو نه‌مدی قسه‌یه‌کی بکاو عه‌مه‌لی پێنه‌کا، چاو چنۆک نه‌بوو، ساده ده‌ژیا، بێ فیز بوو، سه‌داقه‌ت له هه‌موو کردارێکی دابوو، پێی له سه‌ر عه‌رز بوو، له خه‌یاڵدا نه‌ده‌ژیا، شـانازی به‌وه‌ی ده‌کرد کورده، نه‌خۆی وه‌ک کورد به که‌م ده‌گرت وه نه زیاتر. زۆر جار له بۆنه‌کانی حیزبی‌دا ده‌یکووت: "منی کورد بۆ ده‌بێ شه‌رم له خۆم بکه‌م له کاتێکی‌دا کوردستان ته‌نیا سه‌نگه‌رێکه که له دژی سه‌ره‌رۆترین رێژیمه‌کانی سه‌رده‌م راوه‌ستاوه، به‌ربه‌ره‌کانێ ده‌کا، خوێن ده‌دا، قوربانی ده‌داو ماڵی کاوڵ ده‌بێ.
شه‌هامه‌تی کاک سه عید له‌مه‌دا بوو که پێی له هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌نا، زۆر به راشکاوی ده‌ست نیشانی ده‌کردو ره‌خنه‌ی له خۆی ده‌گرت، کاک سه‌عید قه‌ت له چوارچێوه‌ی ته‌سکی بیرکورتی‌دا خۆی قه‌تیس نه‌ده‌هێشته‌وه، باوه‌رێکی قوڵ‌و بنه‌ڕه‌تی به دوارۆژی رووناک‌و پڕشنگدار به گه‌له‌که‌ی هه‌بوو، زۆر به‌رنامـه‌و گه‌ڵاڵه‌ی روون‌و گونجاوو پێشکه‌وتووانه‌ی بۆ به‌ره‌کانی داهاتوو له مێشک دابوو.
له کاتی ته‌نگانه‌و له ناخۆشترین هه‌لومه‌رج‌دا کاک ســـــه‌عیدم ناهومێد‌و ده‌سته‌وه‌ستان نه‌هاته به‌رچاو، ئه‌و‌کاته‌ی رێبه‌ری بلیمه‌ت مامۆستای زانا دوکتور قاسملوو سینگه پاکه‌که‌ی بوو به قه‌ڵغانی گولله‌و دڵی له ترپه وه‌ستا، کاک سه‌عید که ده‌یزانی چ به‌رپرسایه‌تێکی قورسی که‌وتۆته سه‌ر شــــــــان، بێئه‌وه‌ی دوژمن به گه‌له‌که‌ی خۆش بکا، زۆر لێبراوانه‌و شۆرشگێرانه له په‌یامێکی کورتی بێسیمیدا که بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی موخابه‌ره کرد نووسی: ''دوکتور عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو، سکرتێری حیزبه‌که‌مان چووه نێو کاروانی شه‌هیدانی کوردستانه‌وه، خه‌بات درێژه‌ی هه‌یه''.
کاک سه‌عید فێری کردم که خۆم بناسم، له‌سه‌ر پێی خۆم بم، کوردستان‌و کوردم خوش بوێ.

٦. تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاوی دوکتۆر سه‌عید له به‌رێوه‌بردنی ڕادیۆدا، له ڕوانگه‌ی به‌رێزتانه‌وه چیه؟

له ماوه‌ی ١٤‌ساڵ‌و ٢‌مانگ‌و٢٣رۆژ که شه‌ره‌فی خزمه‌تکردنم له رادیۆ "ده‌نگی کوردستانی ئێران"دا هه‌بوو، نزیک به ١١ سال‌و چه‌ند مانگ کاک سه‌عید به‌رپرسی راسته‌وخۆی'' ده‌نگی کوردستان ''و رۆژنامه‌ی''کوردستان''بوو، کاک ســـــــه‌عید بایه‌خێکی زۆری ده‌دا به پێگه‌یاندن‌و بارهێنان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی چ له به‌شی'' ده‌نگی کوردستان''و چ له به‌شی ڕۆژنامه‌ی ''کوردستان''دا کاریان له‌گه‌ڵ‌دا کردوه، شاهیدی بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن که چ مامۆســـتایه‌کی نیازپاک‌‌و دڵئاواڵا بوو، چه‌نده به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه بوو ئه‌وکه‌سه‌ی کاری ده‌گه‌ڵ‌دا ده‌کات به ئازادی‌و به ئاره‌زووی خۆی بنووسێ، هانده‌رت بوو، ده‌ستی ئاواڵه هێشتبوویه‌وه بۆ ده‌ربڕینی ئیده‌کانت، نووسینی که‌سی به‌لاوه ســـــــووک نه‌بوو، که‌سی له نووسین دڵسارد نه‌ده‌کرده‌وه، به ســــــه‌خاوه‌ته‌وه چاوی به نووسینه‌که‌ی‌دا ده‌گێرا، هه‌ڵه‌کانی ده‌ست نیشان ده‌کرد، راستـــــــ‌‌و‌ره‌وانی ده‌کرد، ئینجــــــا بۆی شیده‌کرده‌وه، هانی زیاتری ده‌دا بنووسی‌و له نووسین باکی نه‌بێ، شه‌هیدی زینده یاد ده‌یگووت: "ئه‌و که‌سه هه‌ڵه ناکا که کار ناکا، که‌سێک کار بکا هه‌ڵه‌ش ده‌کا، به‌ڵام مـــــــــه‌رج ئه‌وه‌یه‌له ره‌وتی کاردا هه‌ڵه‌کان راست بکاته‌وه، هه‌ر بۆیه نووسین بۆ کاک ســـــه‌عید جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو، ئه‌و ئازادیی گه‌لی کوردی له نووکی قه‌ڵه‌م‌دا به‌دی ده‌کرد، هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بوو نووسه‌ر پێ بگه‌ێنێ، نووسه‌رێک که ده‌رمانی ده‌ردی گرانی گه‌له‌که‌ی ببینێته‌وه.
کاک سه‌عید په‌نجه‌ره‌ی رووناکی گه‌له‌که‌ی دیتبۆوه، ده‌یزانی کورد ته‌‌نیا بۆ دیفاع له مان‌ومه‌وجوودیه‌تی خۆی په‌نای بردۆته به‌ر چه‌ک، کورد له شه‌ر بێزاره، هه‌موو ره‌نجو ئازارو چاره‌ره‌شی‌یه‌ک که به‌سه‌ری هاتووه له شه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆ کاک سه‌عید ئه‌مه روون‌و ئاشـــــکرابوو، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ کورد زیاتر پێویستێتی‌و هه‌ستی پێده‌کا خوێندنه، ته‌یار کردنی مێشکێتی به نووری زانست.
کاک سه‌عید له کاری رادیۆو رۆژنامه‌ی کوردستان‌دا زۆر وه‌سواس بوو، وردبینی‌و دیقه‌تێکی زۆری له خۆی نیشان ده‌دا، هه‌موو تێکۆشانی ئه‌وه بوو که هه‌ڵه‌یه‌ک له په‌خشی به‌رنامه‌کانی رادیۆدا روو نه‌دا که له‌سه‌ر حیزب ببێته ماڵ، له راستبێژی‌و پرستیژدان به ده‌نگی کوردســــتانی ئێران‌دا ده‌ورێکی کارای هه‌بوو، مودیرێکی شیاو بوو، ده‌یزانی چ ده‌کاو چیده‌وێ، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌نگی کوردستانی به وتاره‌کانی د‌ه‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرد، هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی که بۆ بڵاوکردنه‌وه ئاماده ده‌کران چاوی پێدا ده‌گێران، چ له باری زمـــــانه‌وانیو چ له باری رامیاریه‌وه هه‌ڵه‌کانی راست ده‌کردنه‌وه.
گوێی لێراده‌گرتی رێزی ئیده‌کانتی ده‌گرت ئه‌گه‌رچی هاوڕات نه‌بایه، فه‌زایه‌کی دۆستانه‌و پر له برایه‌تی له شوێنی کار پێکده‌هێنا، به قسه‌ی خۆشوو نوکته‌ی جوان ته‌می خه‌می له دڵان د‌ه‌تاراند.
هیچـــکات هه‌ستت به ماندوویه‌تی نه‌ده‌کرد، به بوونی کاک ســــــه‌عید زیاتر شــــه‌وقی کار کردنت تێدا به‌هێز ده‌بوو، به دڵگه‌رمی‌یه‌وه ئه‌رکه پێئه‌سپێردراوه‌کانت راده‌په‌راند.

٧. ده‌توانن هێندێک بیره‌وه‌ری خۆتان له‌گه ڵ دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی بۆ خوێنه‌رانی به‌رێزی ''کوردستان''باس بفه‌رموون؟

له ماوه‌ی ئه‌و ١٣ساڵ‌و چه‌ند مانگه‌ی که شانازیی ئه‌وه‌م هه‌بوو هاورێ‌و هاوکاری کاک سه‌عید بم، گه‌لێک بیره‌وه‌ریی تاڵ‌و‌شیرن هه‌ن.
به‌راستیی تێماوم باسی کامیان بکه‌م، گێرانه‌وه‌ی هه‌ر چرکه ساتێکی ئه‌م ماوه‌یه بۆخۆی چیرۆکێکی درێژه که له حه‌وسه‌له‌ی ئه‌م ئاخافتنه‌دا به‌ده‌ره، باسی جوامێری بکه‌م؟ باسی ئینسان دۆستی بکه‌م؟ باسی ئازایه‌تی بکه‌م، باسی چاو نه‌ترسی‌و بوێری بکه‌م؟ یان باسی خاکیی بوون، بێ ریایی‌و بێ فیزیی بکه‌م؟.
یه‌کێک له‌م بیره‌وه‌ری‌یانه که شوێنێکی یه‌کجار قووڵی له‌سه‌ر مێشک‌و هه‌ستم داناو د‌ه‌توانم بڵێم بوو به پێوانه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی رێبه‌رێک له کاتی نه‌هامه‌تی له رۆژه سه‌خته‌کاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ٢١سال له‌مه‌وپێش واته بۆ ٢٥ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هه‌تاوی، ئه‌وکاته‌ی بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی له گوندی کاولکراوی ''گه‌وره دێ'' پێم وایه ''گاوره دێ'' راست بێ، له ناوچه‌ی شینکایه‌تیی کوردستانی باشوور بوو، ئه‌و رۆژه رێوره‌سمی ئاهه‌نگی ٢٥ی گه‌لاوێژ ساڵ‌وه‌گه‌ری دامه‌زرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به شکۆیه‌کیی ته‌واوه‌وه به‌رێوه چوو، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی شـــه‌هید''ئه فشین''و شــــه هید''ئاواره'' له دوو عه‌مه‌لیاتی جیا جیادا مزگێنی دوو سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌یان له دژی هێزه مۆڵدراوه‌کانی کۆماری ئیسلامی له کوردستان، له رێگای ده‌نگی کوردستانی ئێرانه‌وه دایه کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵکی حیزب خۆشه‌ویستی کوردستان.
هه‌موو لایه‌ک سه‌رمه‌ســـتی رێزگرتن له‌و جه‌ژنه مێژووییه‌‌و گوێبیسی ئه‌و حه‌ماسه خوڵقاندنه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بوون، رۆژێکی خۆش‌و پر له شادیان بردبوه‌سه‌ر، شه‌و باڵی ره‌شی به‌سه‌ر وڵات‌دا کێشابوو، هاورێیانی حیزبی بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی رۆژێکی نوێ له کاروتێکۆشانیان وچانیان گرتبوو له خه‌وی گراندابوون، شـــــه‌و له نیوه‌ی تێپه‌ریبوو، مانگ له تاقی ئاســــــــمان بوو، ئه‌ستێره ده‌دره‌وشانه‌وه، چرکه‌ی زه‌مان به هێوری له تێپه‌ریندابوو، کاتژمێر یه‌کو هه‌ڤده خوله‌ک''١:١٧"دوای نیوه‌شه‌بوو، له پڕێکی بوو به گرموهۆڕ، دنیا بوو به ئاور، ره‌هێڵه بارانی ئاگرو ئاســـن بنکه‌و باره‌گاکانی ده‌فته‌ری سیاسی ده‌پێکا، له خوله‌کێکدا سه‌دان گولله تۆپ‌و خۆمپاره‌و مووشه‌کی کاتیوشا شێتانه ده‌هاتنه خوارێ، کۆماری ئیسلامی له‌م ئاوربارانه‌ی‌دا ته‌نانه‌ت له چـــــــه‌کی شیمیایی که‌ڵکی وه‌رگرت، مه‌به‌ستێکی گڵاوی تاقیب ده‌کرد، ته‌مای قر‌کردنی هه‌بوو، ده‌یهه‌ویست زه‌برێکی کاریگه‌رو قه‌ره‌بوو نه‌کراو له حیزب بوه‌شێنێ، نه‌قشورۆڵی شۆڕشگێرانه‌ی کاک ســــــه‌عید له‌م کاته حاسته‌م‌و چاره‌نووس سازه‌دا ده‌رکه‌وت، له‌م جه‌هه‌نمه‌دا که دنیا ببوه ئاورو دارو به‌رد ده‌سووتا، بۆنی بارووتوو سووتانی داروو ده‌وه‌ن هه‌موو لایه‌کی داگرتبوو، له ژێر ره‌هێڵه‌ی ئه‌م ئاورو ئاسنه‌دا که که‌س به هیوای به‌یانێکی گه‌شو رووناک نه‌بوو په‌ناگا به په‌ناگا ده‌گه‌ڕاو رێنوێنی پێویستیی له مه‌ڕ پووچــــــــــه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه گڵاوه‌ی کۆماری ئیســــلامی ده‌دا، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ئه‌سه‌راتوشوێنه‌واره‌کانی ناله‌باری چه‌کی شیمیایی که‌م بکاته‌وه، وجوودی کاک ســـــه‌عید له‌م کاته‌دا وه‌کوو شووره‌یه‌کی پۆڵایین‌وابوو که له په‌نای ویدا خۆت له ئاگری دوژمن بپارێزی، وه‌کوو کێوی ژیلوان قایم راوه‌ستابوو به‌سه‌خاوه‌ته‌وه سینگی کردبووه مه‌تاڵ، بوونی ئارامیشی پێده‌به‌خشین، هیوات به ئاسۆی سه‌رکه‌وتن‌و دوارۆژێکی روون‌و گه‌شه‌دار زیاتر ده‌بوو، کاک سه‌عید بێگومان وه‌کی هه‌موو ئینســــانه‌کان ترسی ده ده‌روون‌دا بوو، به‌ڵام له کاتی ئاوادا بێ ئه‌وه‌ی خۆی بدۆرێنێ، بێئه‌وه‌ی وره به‌ردا، به‌سه‌ر ترس‌دا زال ده‌بوو وه ده‌یزانی چۆن هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌گه‌ڵ‌دا بکا، شاهیدم هه‌موو ئه‌وانه‌ن که ئه‌و شه‌وه‌ی کاک سه‌عیدیان دیتبوو.
ئه‌مه نموونه‌یه‌کی بچووک‌و مشتێک بوو له خه‌روارێک، ئه‌گینا دوژمن هه‌ر به‌وه‌نده رانه‌وه‌ستاوه‌و ســــه‌دان پیلانی دیکه‌ی بۆ زه‌ربه‌لێدان له جووڵانه‌وه گێراوه‌و له زۆر‌یاندا کاک سه‌عید به ئازایه‌تی‌و چاو نه‌ترسانه به‌رپه‌رچی پیلانه‌کانی داوه‌ته‌وه.

٨. دوا ووته‌تان بۆ کارگێرانی ''کوردستان"و به‌رێوه‌به‌رانی ئێستای ''رادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران''.

بێگومان مێدیا رۆڵێکی گرینگ‌و دیار له وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ‌دا یاریی ده‌کا، کاریگه‌رترین که‌ره‌سه‌یه که جه‌ریانێک بۆ به‌ره‌و پێشبردنی ئامانج‌و ئه‌هدافی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرێ، له هه‌لومه‌رجی ئیستادا که شنه بای ئازادی‌و نه‌زمی نوێی جیهانی له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستیی گه‌وره‌دا هه‌ڵیکردوه، ئاڵوگۆری زۆر به‌رچاوو بنه‌‌ڕه‌تی له ناوچه‌دا روویداوه، کورد ده‌رفه‌تێکی زێرینی بۆ هاتۆته پێش که له‌م هه‌له به قازانجی خۆێ که‌ڵک وه‌ربگرێ، مێدیای کوردی به گشتیی‌و، به تایبه‌تی رۆژنامه‌ی''کوردستان''و ''ده‌نگی کوردســـــــتانی ئێران''ده‌بێ جاڕی یه‌کێتی‌و برایه‌تی بده‌ن‌و له‌‌وشیار کردنه‌وه‌ی رووحی نه‌ته‌وه‌یی‌دا ئه‌رکـــی خویان به شێوه‌یه‌کی مۆدێرن که له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێستا بگونجێ بگێڕن، ئێستا کورد به قۆناغێکی هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌کا، له هه‌موو کاتێک زیاتر پێویستی به یه‌کیه‌تی ریزه‌کانی خۆیه‌تی، بوونی به‌ره یان هه‌ر ئیتفاقێک له نێوان هێزو رێکخراو که‌سایه‌تی‌یه‌کانی نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد پێویستی‌یه‌کی مێژووییه، ئه‌مه ره‌ساڵه‌تێکه که مێژوو خستوویه‌تیه سه‌ر شانیان، ته‌نیا پته‌وتر کردنی ریزه‌کانه که گه‌‌لی کوردمان به‌ره‌و ترۆپکی سه‌رکه‌وتن رێنوێنی ده‌کا، سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌کی ده‌خوازم‌و ماندوو نه‌بوونیان پێده‌ڵیم.

وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌ژاڵ عه‌بدولی

پێکهێنه‌ری وتووێژ، ره‌حیم ره‌شیدی

به‌رێز خوشکه که‌ژاڵ حاجی عه‌بباسی، سوپاس که کاتی خۆتان ته‌رخان کرد تاکوو له بیره‌وه‌ری تێرۆری میکۆنووس‌دا ئه‌م وتووێژه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی ''کوردستان'' له‌گه‌ڵ پێکبێنین.

منیش سوپاسی ئێوه ده‌که‌م که ئه‌م هه‌له‌تان بۆ ره‌خساندم باسێک له‌و کاره‌ساته‌و ئاکامه‌کانی بکه‌م .

١. با به‌و پرسیاره ده‌ست پێبکه‌ین، هه‌واڵی تێرۆرکرانی دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌و هاورێکانیت چۆن بیست؟

١٥ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر رۆژی٢٦ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٧١ی هه‌تاوی، کاتژمێر ١١ی شه‌و زه‌نگی ته‌له‌یفون رای چڵه‌کاندم. دڵه خورپه دایگرتم، له که‌متر له چرکه‌یه‌کدا هه‌موو ئه‌و بیره تاڵو ناخۆشانه که ژیانێک ده‌هه‌ژێنێ به به‌ر‌چاومدا تێپه‌رین. تۆ بڵێی...تۆ بڵێی ئه‌وه نه‌قه‌ومابێ که من هه‌میشه لێی ده‌ترسام؟ ئا‌خر هاوسه‌ری ژیانم له سه‌فه‌ر بوو، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که زۆر جار له لای خۆم بێئه‌وه‌ی توانای درکاندنم هه‌بێ، پێموابوو رۆژێک بێ گه‌رانه‌وه ده‌بێ. به‌داخه‌وه هه‌ر ئه‌وه بوو که زۆر ده‌مێک بوو لێی ده‌ترسام .
له هه‌نده‌ران، له غه‌ریبایه‌تی، دوور له که‌س‌وکار، له دڵی وڵاتێکی بێگانه‌دا که ته‌نانه‌ت زمانه‌که‌شم نه‌ده‌زانی، له نێو کۆمه‌ڵێک که هیچ شتێکی ئێمه‌ی تێدا‌نه‌بوو، به خۆمو منداڵێکی ٥ ساڵانه‌وه، له نه‌کاوێکه‌وه قه‌ڵای ئاواته‌کانم ڕمی‌و خۆم به تاقی ته‌نێ دێته‌وه. ئێمه که تا دوێنێ له ژێر سێبه‌ری ئه‌و خۆشه‌ویسته‌دا هه‌ستمان به به‌تاڵایی ژیان نه‌ده‌کردو پێموابوو به‌خته‌وه‌رترین ژنم، له چرکه‌یه‌ک‌دا بێ ده‌ره‌تان ماینه‌وه‌و تاریکایی باڵی به‌سه‌ر ژیانمان‌دا کێشا.
ئه‌و ته‌له‌یفونه شوومه هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوو ''هه‌رچی زووتر وه‌ره ده‌فته‌ر، که‌س نه‌ماوه''. ده‌رفه‌تی قسه کردن نه‌بوو، کێ نه‌ماوه؟ چ قه‌وماوه؟ له کوێ؟ چۆن؟ که‌نگێ؟ که‌س نه‌بوو وه‌ڵامی پرسیاره‌کانم بداته‌وه. ته‌له‌یفونه‌که پچرا، به ته‌نیا له ژێر سه‌ری جگه‌ر گۆشه‌که‌م که له خه‌وی قووڵی منداڵانه‌ی خۆی‌دا بوو هه‌ڵده‌له‌رزیم‌و فرمێسکم هه‌ڵده‌وه‌راند، هه‌سته رۆڵه شیرینه‌که‌م، هه‌سته خوشه‌ویسته‌که‌م ده‌بێ برۆین، ده‌لێن... ده‌ڵێن باوکت برینداره !!!
کوره‌که‌م هیچ لێی حاڵی نه‌بوو بۆ ده‌بێ به‌و نیوه‌شه‌وه له خه‌و هه‌ستێ‌و برواته جێگایه‌کی دیکه، نه‌یده‌زانی بۆ‌چی دایکی چاو به فرمێسک‌و دڵ به په‌رۆشه؟. ئه‌و که تا ئێستا دایکی به‌م شێوه‌یه نه‌دیبوو، ماتو حه‌یران مابوو، ئاگای له دوارۆژی ژیان نه‌بوو، ئاگای له‌وزامه نه‌بوو که چه‌نده به‌ئێشه‌و قه‌ت سارێژ نابێته‌وه. هه‌ر جۆرێک بوو تێمگه‌یاند چ قه‌وماوه، هه‌ر له‌م کاته‌دا هه‌وڵم ده‌دا به‌جه‌رگ بم، قایم بم، دڵخۆشی بده‌مه‌وه، بیپارێزم، پێی بڵێم که قه‌ت به‌ته‌نیای نا‌هێڵمه‌وه، تێیبگه‌یه‌نم که ئه‌و یه‌که‌م منداڵی بێ بابی کورد نییه، به هه‌زارانی وه‌ک ئه‌و له تامی ژین ده‌گه‌ڵ باوکیان بێبه‌شن، به‌س نییه ئه‌و شانسی وه‌ی هه‌یه له شوێنێکه که ژیان مانای هه‌یه، به‌ڵام به‌هه‌زاران منداڵی بێ بابی دیکه هه‌ن که له‌و شانسه بێ به‌رین.
چوو‌مه ده‌فته‌رو له‌وێ له ورده‌کاریی‌یه‌یانی ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه گه‌یشتم.


٢. راستی که‌نگێ له‌گه‌ڵ کاک فه‌تاح عه‌بدوڵی ئاشنا بوون‌و له کوێ ژیانی هاوبه‌شتان پێکهێنا؟

شه‌هید فه‌تاحم له سه‌ر‌ده‌می مێر منداڵی‌یه‌وه ده‌ناسی، پاشانیش له کاتی گه‌نجێتی‌دا، به هۆی ئه‌وه‌ی که له قوتابخانه زۆر زیره‌ک بوو هه‌ر وه‌ها له هاورێیه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌نج‌و لاوانی گه‌ره‌ک وه‌کوو که‌سێکی وریاو سه‌ر‌به‌خۆ ناسرابوو.
منیش ئه‌وکات ته‌نیا به ناوو قه‌یافه ده‌مناسی، دواتر به هۆی تیکۆشانم له شانه‌یه‌کی حیزبی که له لایه‌ن رژیمه‌وه ئاشکرا کراو ناچار بووم شار به‌ره‌و شاخ به‌جێبێڵم ده‌گه‌ڵ فه‌تاحی ئاشنا بووم که ئه‌ویش ریزه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی هه‌ڵبژاردبوو، له باری فکری‌وه له فه‌تاح زۆر نیزیک بووم‌و باس کردن له‌گه‌ڵی وه‌کوو مرۆڤێکی رووناکبیر زۆر ئاسان‌و راحه‌ت بوو.
خاڵی هاوبه‌شمان زۆر بوو، لێکحاڵی ده‌بوین، ئینسانێکی زۆر ئاواڵه بوو، باوه‌رێکی ته‌واوی به به‌رامبه‌ری ژن‌و پیاو هه‌بوو، ئه‌و لێکحالی بوونه به‌ره به‌ره چه‌که‌ره‌ی خۆشه‌ویستی له نێوانمان‌دا داکوتا، به‌ڵێنمان به‌یه‌کتری‌دا بناغه‌ی ژیانی هاوبه‌ش دامه‌زرێنین، له به‌هاری ساڵی ١٣٦٤ بووینه ده‌زگیران‌و له 12ی به‌فرانباری هه‌مان ساڵ‌دا دوای ته‌واو بوونی کۆنگره‌ی ٧ی حیزب له '' گه‌وره دێ''ی کوردستانی باشوور زه‌ماوه‌ندمان کرد.

3. ده‌کرێ هێندێک له تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی کاک فه‌تاح له کاتی به‌رێوه‌بردنی کاروباری حیزبی‌دا بۆ خوێنه‌رانی ''کوردستان'' باس بفه‌رموون؟

شه‌هید فه‌تاح ئه‌و لاوه کورده بوو که بۆ خۆی، خۆی پێگه‌یاندبوو، کورێک که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێردا گه‌وره ببوو، به‌ڵام به هۆێ وریایی‌و سه‌داقه‌ت‌و کارامه‌یی بوو به هۆی ئه‌وه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بتوانێ به‌رزترین پله‌ی ته‌شکیلاتی ببڕێ‌و به‌رپرسایه‌تی گرنگ بگرێته ئه‌ستۆ.
فه‌تاح که‌سێک بوو که باوه‌رێکی قووڵی به‌فێربوون‌و خۆپێگه‌یاندن هه‌بوو، باوه‌ری به دیالۆگ هه‌بوو، ئه‌هلی مه‌نتق بوو، که‌سێک بوو که به بێ بیر لێکردنه‌وه هیچکات بڕیاری نه‌ده‌دا. له‌گه‌ڵ هاورێیانی راوێژی ده کرد، باوه‌رێکی قووڵی به کاری به‌کۆمه‌ڵ‌و به بیری جه‌معی هه‌بوو، له بڕیاردان‌دا په‌له‌ی نه‌ده‌کرد، بڕیار بڕیاری جه‌معی بوو، له کاتی ته‌نگانه‌دا پشووی له‌سه‌ره‌خۆ بوو، هێدی‌و هێمن بوو، به‌ڵام پێداگرو به‌بڕشت بوو، ترسی له‌وه نه‌بوو بیرو‌رای خۆی بڵێ،ّ پشتی بڕیاره‌کانی ده‌گرت هه‌رچه‌ند مه‌ترسیداریش با.
فه‌تاح ئه‌هلی خوێندنه‌وه‌و موتالا بوو، له هه‌موو ده‌رفه‌تێک که‌ڵکی وه‌رده‌گرت پله‌ی زانیاری خوی به‌رێته سه‌رێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو بێئیمکاناتێکی که له شا خ له‌گه‌ڵی به‌ره‌و روو‌بوین، فه‌تاح هه‌وڵی ده‌دا له خوێندنه‌وه‌و له هه‌واله‌کانی ناوچه‌و جیهانی به‌جێ نه‌مێنێ، ئه‌گه‌ر پێویست با به‌ده‌لیل‌و به‌ڵگه قسه‌ی کردبا، هه‌وڵی ده‌دا هه‌موو لایه‌نێک لێکبداته‌وه، به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و به‌بێ به‌ڵگه‌ی ته‌واو بڕیاری یه‌کجاره‌کی نه‌ده‌داو که‌سی تاوانبار نه‌ده‌کرد.
لایه‌نگری راسته‌قینه‌ی بیری لاوان‌و ژنان بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ستی کردبا یه‌کێک توانای گه‌شه‌ساندنی هه‌یه ده‌توانێ خۆی پێبگه‌یه‌نێ‌و له داهاتوو‌دا ده‌بێته ماڵ بۆ حیزب‌و جوڵانه‌وه، له پشتی راده‌وه‌ستاو یارمه‌تی ده‌کرد.
فه‌تاح هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی که‌م بوو به‌ڵام هه‌ر به‌م ته‌مه‌نه که‌مه‌وه جێگای له نێودڵی پیرو‌لاودا کردبۆوه‌و خۆشه‌ویستی هه‌موو لایه‌کی بوو، فه‌تاح که‌م قسه بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست با هه‌موو کاتی خۆی بۆ روونکردنه‌وه‌ی باسه کان‌و وه‌ڵام دانه‌وه به پرسیاره‌کان ته‌رخان ده‌کرد.
ئه‌و له ماوه‌یه‌کی که‌مدا بوو به جێگای متمانه‌و بروای هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له ناوچه‌کانی ژێر به‌رپرسا‌یه‌تی ئه‌ودا ده‌ژیان‌و وێردی زمانی خه ڵک بوو.
فه‌تاح وه‌خت ناس بوو، کات بۆ ئه‌و بایه‌خی هه‌بوو، کاتی به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا، بۆ فێر بوون زۆری له خۆی مایه داده‌نا، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ته‌واوی رۆژ خه‌ریکی راپه‌ڕاندنی کاری حیزبی‌و چاوپێکه‌وتن‌و سه‌فه‌ر کردن بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی حیزبی بوو، که ده‌هاته‌وه ماڵێ، ٢ تا ٣ کاتژمێر خه‌ریکی فێربوونی ﴿زمانی فه‌رانسه‌و به‌دوا داچوونی هه‌واڵه‌کان به زمانی فه‌رانسه‌وی بوو).
ئه‌گه‌ر ١ی دوای نیوه شه‌ویش گه‌راباوه ماڵێ ده‌بوو ئه‌و ٢تا٣ کاتژمێره‌ی که دیاری کردووه بۆ فێر بوون، ئه‌نجامی بدا، هه‌ر ئه‌م پشتکاره بوو به هۆی ئه‌وه له ماوه‌ی که‌متر له ٦ مانگ‌دا بتوانێ به زمانی فه‌رانسه قسه بکاو له کۆرو‌کۆمه‌ڵه‌کان‌دا به‌بێ وه‌رگێر به‌شداریی بکا.
فه‌تاح له‌و ماوه کورته‌دا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به دۆستانی حیزب چ کورد، چ ئێرانی‌و چ بێگانه‌ی نیشان‌دا که مرۆڤێکی به پشتکار، به فکرو ئیده‌یه، ئه‌و نیشانی‌دا که گوێبیسی پێشنیارو ره‌خنه‌ی هه‌موولایه‌‌که، به‌ڵام ئه‌وه‌شی ده‌زانی که به‌بێ هاوکاریی هه‌مه لایه‌نه سه‌رکه‌وتن له کاره‌کان‌دا مسۆگه‌ر نابێ.
فه‌تاح زۆر زوو قابلییه‌ت‌و توانای خۆی ده‌رخستو جێی خۆی له نێو کۆروکۆمه‌ڵه‌کان‌دا کرده‌وه‌و ناسرا.
گیانێکی نوێی دایه به‌ر ته‌شکیلاتی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، کاری به‌کۆمه‌ڵ‌و به‌رپرسایه‌تی جه‌معی کرده شێوه‌ی کاری حیزبی، بایه‌خ پێدان به لاوانی کرده باو، ئاڵوگۆری بیرورای ده‌کرد، به‌رپرسێکی به‌وه‌ج‌و له هه‌مان کاتیش‌دا داهێنه‌ر بوو.
رارایی نه‌ده‌کرد، له‌گه‌ڵ هاورێکانی‌دا راست‌و دروست بوو. هیچ شتێک بۆ ئه‌و له قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب له‌سه‌ره‌وه‌تر نه‌بوو، بۆیه رێبه‌رانی شه‌هید چ دوکتور قاسملوو که ئه‌وده‌م فه‌تاح له ناوخۆی کوردستان به‌رپرس بوو وه چ له کاتی سکرتێری شه‌هید دوکتور سه‌عید‌دا که فه‌تاح به‌رپرسی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، باوه‌رو متمانه‌ی ته‌واویان پێیبوو، ده‌ستیان ئاواڵه کردبۆوه له بڕیاردان .
کاک سه‌عید شه‌وێک پێش ئه‌و سه‌فه‌ره بێ گه‌رانه‌وه‌یه له نێو جه‌معێک له هاوریێان‌دا فه‌رمووی: '' ئێمه ده‌بێ به‌هه‌موو توانامانه‌وه فه‌تاح بپارێزین، چۆن ئه‌و که‌سه جێگای هیوای حیزب‌و گه‌له‌که‌یه‌تی، ده‌بێته که‌سێک له داهاتوودا که توانای پرکردنه‌وه‌ی که‌لێنی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه''.
فه‌تاح قه‌ت به‌تاریف‌و پێدا‌هه‌ڵگووتن له‌خۆ‌بایی نه‌ده‌بوو، رۆژبه‌رۆژ هه‌وڵی ده‌دا به‌ره‌وپێش بچێ‌و له بیرو هزرو هه‌ستان‌و دانیشتنی میلله‌تانی پێشکه‌وتوو حاڵی بێ‌و له‌گه‌ڵ بارو‌دۆخی کورد هه‌ڵیسه‌نگێنێ.

4. ئه‌دی تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی شه‌هید فه‌تاح له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا؟.

فه‌تاح چه‌نده له ژیانی سیاسی‌دا سه‌ر‌که‌وتوو بوو، هه‌ر به‌م راده‌یه‌ش له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو، دوژمنی زۆردارو ئینسان کووژ ده‌رفه‌تی پێنه‌دا زۆرتر بناسرێ، به‌ڵام هه‌ر به‌و کاته که‌مه ئیده‌کانی خۆی نیشان‌دا.
فه‌تاح رچه‌شکێن بوو، بۆ وێنه له یه‌کێک له نووسراوه‌کانی‌دا که له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری‌یه‌کاندایه‌و له پاشی به‌جێماوه، هه‌ستی پاک‌وناسکی خۆی له‌سه‌ر من وه‌ک عونسری ژن زۆر به‌شه‌فافی ده‌ربڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسراوه‌که‌ی درێژه‌و له توانای ئه‌‌م وتووێژه به‌ده‌ره، که من لێره ناچمه سه‌ری. (دیاره من بۆتانی به‌ڕێ ده‌که‌م، سه‌ربه‌ستن له بلاوکردنه‌وه‌ی‌دا﴾. *
فه‌تاح باوه‌ری به‌عه‌یبه‌و مه‌که نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بۆخۆی باوه‌ری به‌شتێکی هه‌با ده‌یکردو باکیشی له‌وه نه‌بوو له پاشه‌مله‌ چی له‌سه‌ر ده‌ڵێن، ئه‌و ده‌یگووت: '' ئه‌و کۆمه‌ڵه، ئێمه ده‌بێ بیگۆرین، ئه‌گه‌ر ئێمه له خۆمان‌را ده‌ست پێنه‌که‌ین، که‌س له‌جیاتی ئێمه‌ی ناکا''. بۆ فه‌تاح ئاسایی بوو هاوسه‌ره‌که‌ی دوای ژیانی هاوبه‌شیش هه‌روا پێشمه‌رگه‌و له‌مه‌قه‌ر له‌گه‌ڵ هاورێیانی پیاو بمێنێته‌وه‌و ئاڵوگۆری بیروڕا بکاو له‌گه‌ڵ ئه‌وان‌دا له‌سه‌ر یه‌ک سفره هه‌ستێ‌و دانیشێ.
بۆ فه‌تاح ئاسایی بوو، ژن به‌دڵخوازی خۆی هاورێ‌و هاو‌به‌شی ژیانی هه ڵبژێرێ.
فه‌تاح دژی ئه‌و داب‌ونه‌رێته دزێوه‌ی کۆمه‌ڵ بوو که پیاو مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ چه‌ند ژنی هه‌بێ.
له‌بیرمه جارێک پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌ناوبانگ،که خاوه‌نی ژن‌و چه‌ند منداڵ بوو، ده‌یهه‌ویست ژنێکی دی به‌سه‌ر ژنه‌که‌ی بێنێ، فه‌تاح که ئاگاداری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بوو، هاوڕێ پێشمه‌رگه‌که‌ی بانگ کردو زۆر به‌‌ڕاشکاوی پێی راگه‌یاند، بێتوو کارێکی وا بکا، بێ سێ‌و دوو لێکردن، هه‌رچه‌ند قاره‌مان‌و به‌که‌ڵک‌و حیزبی ره‌سه‌ن بێ، له ریزه‌کانی حیزب‌دا جێگای نیه‌و ده‌رده‌کرێ. به‌ده‌لیل‌و به‌ڵگه قه‌ناعه‌تی پێهێنا که له به‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه نیه، به‌ڵکوو ئه‌و وه‌کوو به‌رپرسێکی حیزبی ده‌بێ ئه‌و پرنسیپه بپارێزێ.
ئه‌گه‌ر فه‌تاحت زۆر نه‌ناسیبا پێت وابوو له خۆرازی‌و به‌هه‌وایه، چۆن خۆی له ژیانی خه‌ڵک هه‌ڵنه‌ده‌قورتاندو، له‌سه‌ر خه‌ڵک قه‌زاوه‌تی نه‌ده‌کرد، ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یناسیبا زۆر به‌قسه نه‌بوو له‌گه‌ڵی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆزه ناسینێکی هه‌بایه فه‌تاح هه‌موو شتێکی وه‌لا ده‌نا، ده‌بوو به دۆست‌و هاوڕێیه‌کی دڵسۆزی، لایه‌نگری خه‌ڵکانی نه‌دارو هه‌ژار بوو، پشتیوانی ژنی لێقه‌وماوو لاوی بێده‌ره‌تان بوو، ئینساندۆست به مانای ووشه بوو، مرۆڤێکی خۆ نه‌ویست‌و گه‌ل دۆست بوو.

5. بێگومان دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌تان له نیزیکه‌وه دیوه‌و له‌گه‌ڵ به‌شێک له روانگه‌کانی سه‌باره‌ت به‌بابه‌ته جۆراوجۆره‌کان به‌تایبه‌ت کێشه‌ی ژنان ئاشنا هه‌ن، ده‌کرێ له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا بۆمان بدوێن؟.

به‌داخه‌وه من زۆر ده‌گه‌ڵ دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له نیزیکه‌وه کارم نه‌کردوه‌و جگه له‌و ماوه‌یه‌ی که له ده‌فته‌ری حیزب له پاریس بووم‌و ئه‌و سکرتێری حیزب بوو، به‌ڵام له‌م ماوه که‌مه‌دا دوو نموونه‌م لێدی، بۆ من به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له روانگه‌کانی دوکتور سه‌عید سه‌باره‌ت به‌کێشه‌ی ژن ئاگادار بم.
پێش ناردنی فه‌تاح وه‌ک به‌رپرسی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له لایه‌ن رێبه‌رایه‌تی بڕیار درابوو که‌سانێک ئه‌و پۆسته‌یان بدرێتێ که ره‌به‌ن بن. له دانیشتنێک که له نێوان من‌و فه‌تاح‌و دوکتور سه‌عیددا هه‌بوو، فه‌رمووی: " من ته‌نیا له‌به‌ر فه‌تاح نیه که کادرێکی لێوه‌شاوه‌یه، به‌ڵکو که‌ژاڵیش که کادری حیزبه‌و له داهاتوودا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ کاراتر کردنی پێوه‌ندیه‌کانمان ده‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه پێویستیمان به ژن ده‌بێ، هه‌ر بۆیه ئێوه‌م پێشنیار کردوه.
نموونه‌ی دووهه‌م ئه‌وه بوو، سالێک له‌هاتنم بۆ ئۆرووپا تێپه‌ڕیبوو، حیزبی دێمۆکرات نۆهه‌مین کۆنگره‌ی خۆی به‌ست، به پێی ئوسول فه‌تاح وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌بوو بگه‌رێته‌وه کوردستان، منیش له‌گه‌ڵی هاتمه‌وه، چاوم به دوکتور سه‌عید که‌وت، له وه‌زعی منی پرسی که زمان فێر بووم یا نا؟. من به ڕاشکاوی‌و به گله‌یی پێمگووت؛ که به داخه‌وه زۆر مه‌جالم نه‌بووه، فه‌تاح وه‌ک به‌رپرسی ده‌فته‌ر نایهه‌وێ زۆر بڕیار له‌سه‌ر هه‌زینه‌ی خوێندن بۆ کلاسی زمان بدا، که نه‌کا قسه‌ی بێته‌وه سه‌رو زه‌ربه له که‌سایه‌تی بدرێ، دوکتور سه‌عید هه‌ر له‌وێ بڕیاری‌دا له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌م ده‌بێ هه‌م کات هه‌میش ئیمکاناتی ماددی ته‌رخان بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی که من بتوانم زمان فێر بم .
دیسان دووپاتی کرده‌وه که ئه‌و کاره‌مان به قازانجی حیزبه‌و له داهاتوودا ده‌توانین بۆ کاری دیکه له بوونی ژنێکی وه‌ک که‌ژاڵ که‌ڵک وه‌ربگرین.
دوکتور سه‌عید هه‌ر وه‌ک زۆر به‌رنامه‌و گه‌ڵاڵه‌ی بۆ وه‌گه‌رخستنی گیانێکی تازه بۆ ئۆرگانه‌کانی دیکه‌ی حیزبی هه‌بوو، پڕۆژه‌شی هه‌بوو بۆ کاراترکردنی کیشه‌ی ژن.
شه‌هید شه‌ره‌فکه‌ندی له بریار دان‌دا زۆر قاتع‌و به‌بڕشت بوو، هیچ باکی له‌وه نه‌بوو پشتیوانی له که‌سانێک بکا که بۆ دوارۆژ به‌که‌ڵکن‌و بۆ کورد خێر ده‌ده‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی ژنان.

6. ئه‌دی چ ئاشنایه‌تێکتان له‌گه‌ڵ شه‌هید کاک هومایون ئه‌رده‌ڵان هه‌بوو؟.

من شه‌هید کاک هومایونم هه‌ر له کوردستانه‌وه ده‌ناسی.
پێوه‌ندی‌و هاورێیه‌تیم ده‌گه‌ڵی هه‌بوو، کاک هومایون چه‌ند ده‌وره ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب بوو، گه‌لێک به‌رپرسایه‌تی له‌ئه‌ستۆ بووه، دواین به‌رپرسایه‌تیشی هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی، به‌رپرسایه‌تی کۆمیته‌ی حیزبی له ئاڵمان بوو، کاک هومایون له‌گه‌ڵ فه‌تاحیش ئه‌وکاته‌ی له باشووری کوردستان بوون زۆر نیزیک بوون، هه‌ر چه‌ند وا‌رێک نه‌که‌وتووه له شوێنێکی پێکه‌وه کار بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ندی ده‌مناسی، تێکۆشه‌رێکی به‌ئیمان‌و به‌وه‌فا بوو، باوه‌رێکی قووڵی به‌ڕێبازی گه‌له‌که‌ی هه‌بوو، سادق‌و دڵپاک بوو، حه‌یا‌به‌خۆ بوو، ئه‌رکه‌کانی به‌سه‌داقه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌برد، هه‌ر چه‌ند ئینسانێکی که‌م قسه بوو، به‌ڵام هه‌میشه بزه‌ی له‌سه‌ر لێوان بوو، رووح سووک بوو، غه‌لوغه‌شی نه‌بوو، پله‌ی زانیاری له سه‌رێ بوو، تێگه‌یشتوو بوو، به‌ڵام هیچکات خۆی مه‌تره‌ح نه‌ده‌کرد، هه‌میشه بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که شه‌هید هومایون زۆری غه‌در لێکرا، چونکی له‌گه‌ڵ که‌سانێک‌و له جێگایه‌ک شه‌هید بوو که زۆر به‌که‌می باسی ده‌کرێ‌و ناوی ده‌هێنرێ، یادی به‌خێرو سڵاۆ له گیانی پاکی.

7. خوشکه که‌ژاڵ وه‌کوو ده‌زانن کۆماری ئیسلامی به‌پێچه‌وانه‌ی تێرۆره‌کانی پێشوو، له تێرۆری میکۆنوو‌س‌دا ریسوایه‌کی مێژوویی به‌نسیب بوو، پاش هاتنه ئارای ئه‌م بڕیاره هه‌ستان به‌چی کرد؟.

دیاره ده‌بێ بڵێم پاش چه‌ند ساڵ چاوه‌ڕوانی، کاتێک بڕیاڕێکی وه‌ک بڕیاری دادگای میکۆنووست گوێ لێ ده‌بێ، که له‌ودا ددان به حه‌قانییه‌ت‌و مه‌زلوومییه‌تی گه‌لێک‌و له‌هه‌مان کات‌دا به بێتاوانی خۆشه‌‌ویسته‌که‌ت‌دا ده‌نرێ، هه‌ست ده‌که‌ی به‌شێک له‌و برینه قورس‌و گورچو بڕه سارێژ بۆته‌وه، هه‌ست به‌وه ده‌که‌ی ئه‌و شتانه‌ی تۆ باست کردوون‌و به دوای‌دا وێڵی، راستن‌و خه‌ڵک باوه‌ری پێکردووی، هه‌ست ده‌که‌ی که ویژدانی مرۆڤایه‌تی هێشتا نه‌مردووه، گوێیه‌ک هه‌یه هاواری مه‌زلومییه‌تی تۆ ببیسێ، هه‌ست ده‌که‌ی له‌م دنیا پر له سات‌و سه‌ودایه‌دا کاسانێک هه‌ن ده‌نگ به‌لێقه‌و‌ماویت بد‌ه‌ن.
به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، به خۆم ده‌گووت: "که‌ژاڵ! بۆ تۆ چ گۆڕا؟ خۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ت که به‌ردی بناخه‌ی کۆشکی ئاواته‌کانتان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وین دامه‌زراندبوو، قه‌ت ناگه‌رێته‌وه؟ خۆ بۆ خۆی زیندوو نیه‌و له به‌رانبه‌رت دانه‌نیشتووه که پێت بلێ : "دیتت من له سه‌ر هه‌ق بووم‌و ئه‌وان ناهه‌ق؟ تۆ بۆ هه‌ر سه‌رزینیشم ده‌که‌ی که ئاگامان له خۆمان نه‌بوو، دیتت دوژمنه‌که‌مان دڕنده‌و هاره‌و به بێ سووچ‌و تاوان ئینسان ده‌کوژێ؟ داخی گرانم زیندوو نیه تا به‌بزه هه‌میشه‌ییه‌کانی سه‌ر لێوی پێم بڵێ که ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ‌و جگه‌ر‌گۆشه‌که‌ی ده‌گرێته ئامیزو ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵ ده‌دا کاتێکی زۆرتری بۆ ته‌رخان کاو ده‌گه‌ڵی بێ‌و شاهیدی سه‌رهه‌ڵدانی بێ.
زۆر جار له خه‌وم‌دا فه‌تا‌حم دیوه چاو به فرمێسک، داوای لێبووردن ده‌کا، که له خه‌و راده‌چڵه‌کام، خۆرگه‌م ده‌خواست خه‌ونه‌که راست بایه‌و به فه‌تاخم گوتبایه: "فه‌تاح شانازیت پێده‌که‌م، نیگه‌رانی زاگرۆس مه‌به، ئیستا باڵای کردووه‌و پێگه‌یوه‌و له‌خه‌م ره‌خساوه، پێی بڵێم من هه‌ر ئه‌و که‌سه‌م که له نووسراوه هه‌ست بزوێنه‌کانت‌دا باسی ده‌که‌ی‌و هیوات پێم بێ، پیێ بڵێم که خۆشم ویستووه‌و خۆشم ده‌وێ، هه‌تا مردن.


8. ئیستا بارودۆخی ژیانی ئێوه پاش تێپه‌ربوونی ١٥ساڵ له کاره‌ساتی تێرۆری شه‌هیدانی میکۆنووس چۆنه؟.

به‌دوای شه‌هید بوونی فه‌تاح ئاڵوگۆرێکی بنه‌ره‌تی له ژیانم‌دا پێکهات، وه‌کو هه‌ر که‌سێکی تاراوگه نشین، شتی ناخۆشی زۆرم هاته سه‌ررێ.
دوای ٤ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته‌دا بریارم‌دا ژیانێکی نوێ ده‌ست پێبکه‌مه‌وه، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هاورێ‌یه‌کی خۆشه‌ویست، ئه‌حمه‌د شێربه‌گی ژیانی هاوبه‌شمان پێکهێنا، ئێستا له وڵاتی سویس ده‌ژیم، به‌رهه‌می ژیانی هاو‌به‌شی ئه‌مجاره‌م کیژێکی خنجیلانه‌ی ٣‌ساڵانه‌یه که ئاڵو‌گۆرێکی قووڵی له ژیانمان‌دا پێکهێناوه.
له باری ژیانی سیاسی‌یه‌وه به‌ستراوه به هیچ رێکخراوه‌یه‌ک نیم، حیزبم خۆش ده‌وێ‌و شانازی ده‌که‌م که رۆژێک له رۆژان ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووم‌و شانازی به رابردووم ده‌که‌م، به‌ڵام ده‌گه‌ڵی ناژیم. له هه‌مان کات‌دا ئه‌گه‌ر خزمه‌تێکم له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد له ده‌ست بێ، کۆتایی ناکه‌م .
له ئاستی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه، وه‌کوو هه‌موو تاراوگه نشینێک هه‌وڵم داوه خۆم له‌گه‌ڵ هه‌لو‌مه‌رجی ئه‌م وڵاته بگونجێنم، منیش به نۆره‌ی خۆم وه‌کوو جوزئێک له‌و کۆمه‌ڵه له هه‌لم که‌ڵک وه‌رگرت، به‌گوێره‌ی توانام خوێندنم له رشته‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا ته‌واو کردو ئیستا وه‌ک چاوه‌دێری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له یه‌کێک له نه‌خۆشکانه‌کانی شاری ژنێڤ خه‌ریکی کارم.

9. دواین ڕوانیین‌و قسه‌کانت بۆ خوێنه‌رانی رۆژنامه‌ی "کوردستان"‌و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان؟.

به سوپاس له ئێوه‌و سوپاس بۆ خوێنه‌رانی رۆژنامه‌ی ''کوردستان''سڵاوو رێزی بێپایانم ده‌نێرم بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، له به‌رانبه‌ر رووحی پاکی شه‌هیدانی له خوێن‌دا شه‌ڵاڵی کوردستان‌دا کڕنۆش ده‌به‌م، هۆمێد ده‌خوازم به‌ری ره‌نج‌و خه‌باتی گه‌لی کۆڵنه‌ده‌ری کورد بێته دی.
ئه‌مرۆ کوردستان‌و ناوچه‌ی رۆژ‌هه‌ڵات که گه‌لی کوردیش یه‌کێک له فاکتۆره‌کانه، به‌قۆناخێکی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێ، رێژیمی تێروریست په‌روه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران، له‌گه‌ڵ تووڕه‌یی‌و بێزاریی بیرورای گشتی جیهانی به‌ره‌و روو بووه، ئه‌و رێژیمه هیچکات له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی ئه‌وتۆ مه‌ترسیدارو جیددی به‌ره‌و روو نه‌بووه، هه‌موو گه‌لانی ئێران ئێستا بوونه‌ته ئۆپۆزیسیۆن، هه‌موو چین‌و توێژێکی ئه‌م کۆمه‌ڵه له‌و رێژیمه بێزاره، ئه‌م نیزامه گه‌نده‌ڵه هیچ چاره‌یه‌کی نه‌ماوه جگه له‌وه‌ی مل بۆ ویست‌و داخوازی گه‌لانی ئیران که چ بکا‌و خۆی گۆر ون کا، من گه‌شبینم‌و ئاسۆی کورد رووناک ده‌بینم به‌مه‌رجێک به‌ره‌یه‌ک له هه‌موو هێزو لایه‌ن‌و که‌سایه‌تی‌یه تاکه‌کانی کورد پێکبێ، سبه‌ینێ دره‌نگه.

دیسان سوپاس.
…………………………………………………………………………………………………………………

بۆ کچه کوردێکی رچه‌شکێن*
پێشکه‌ش به هاورێیه‌کی خۆشه‌ویستم که له‌م قۆناخه تایبه‌تی‌یه‌ی جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان قۆڵی هه‌ڵماڵیوه بۆ خه‌باتێکی هه‌موو لایه‌‌نه‌له‌سه‌ر گه‌یشتن به مافی گه‌لی کورد به‌گشتی‌و سه‌لماندنی نه‌خشی چاره‌سازی ژن له شۆڕش‌دا وه‌ک نیوه‌ی کۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی.

ئه‌ی کچه جوان‌و شۆڕشگێره‌که‌ی کۆمه‌ڵی کورده واری
هه‌ر چه‌ند هه‌ستان‌و هه‌ست‌و قسه کردن‌و مات بوونت ده‌بینم
هه‌ر چه‌ند پاکی‌و سه‌داقه‌ت‌و زاناییت دێنمه به‌رچاو
هه‌ر چه‌ند تێکه‌ڵاویت له شۆڕش‌و خه‌بات‌داو بۆچوون‌و ئیمان‌و وره‌ت ده‌بینم
ناتوانم‌و بۆم ناکرێ
بێ ده‌‌نگ بم‌و له دڵ‌و د‌ه‌‌روون‌دا راستی‌و واقعییه‌ت بشارمه‌وه
ده‌بێ ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م به‌رم
ده‌بێ راستی روون که‌مه‌وه
ده‌بێ مێژوو له لاپه‌ره‌کانی‌دا بینوو‌سێ
تا تۆ وه‌ک هه‌ی بکێشمه‌وه‌و به شۆڕش‌و گه‌له‌که‌ت بناسێنم
ده‌بێ بیناسێنم
تایبه‌تی‌یه‌کانی تۆ
وره‌و ئیمان‌و هه‌ستی جوان‌و پاکی تۆ
زانایی‌و تێکۆشه‌ری‌و هه‌ستی شۆڕشگێریی تۆ
له خۆ بووردوویی‌و توانایی‌و به‌ربه‌ره‌کانێی تۆ
به‌شۆڕش، به‌گه‌ل، به‌هاوڕێیانم، به‌مێژوو
به کیژو کورانی کوردستان که ئه‌م رێگه‌یان نه‌دیتۆته‌وه
کچه شۆڕشگێره‌که‌ی کۆ‌مه‌له‌که‌م!
به‌ژیری‌و وریایی تۆ
به‌فکری به‌ربه‌ره‌کانێ‌و مانه‌وه‌ت له ریزی شۆڕش‌دا
هێزو توانایی شۆڕشگێریم زۆرتر ده‌بێ
هیوای ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌م به یه‌کجاری‌وه‌ک گوڵ ده‌گه‌شێته‌وه
تۆ پێشره‌وی
تۆ شۆڕشگێری
نموونه‌ی کچی جوان‌و پاکی شۆرش‌و خه‌باتی کۆمه‌ڵی کورده‌واری
جێگه‌ی هیوای کچان‌و کورانی کۆیله‌ی
که‌وا وو
هاورێ به‌رێزو خۆشه‌ویسته‌که‌م!
شۆڕش بناسه!
کۆمه‌ڵ بناسه!
ده‌وروو به‌رت بناسه!
ئه‌مجار، وردو هێدی‌و هێمن
بۆ پێشه‌وه
به‌ره‌و پچراندنی زنجیری کۆ‌یله‌تی
به‌ره‌و یه‌کسانی ژیان بۆ ژن‌و پیاو
هه‌نگاو هه‌ڵگره
کچه جوان چاکه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌م!
تۆ پری له هیوا
گه‌شه بکه‌و گوڵ بکه
برۆ به‌ره‌و ئاسۆ
مه‌وه‌سته
قۆڵ هه‌ڵماڵه
به شێوه‌ی شۆڕشگێرانی راسته‌قینه
بگۆره، تێک بده ئه‌م نه‌زمه پر له جیاوازی‌یه
بسه‌لمێنه، به‌کرده‌وه‌هێزی نیوه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌مان!
تۆ پاکی
له تۆدا تایبه‌تی ژیانی خه‌بات‌و شۆڕش شین بۆته‌وه
تێکۆشه‌رانه تا به‌رو بوو ده‌گرێ بۆ پێشه‌وه
تۆ هی شۆڕشی
هی گه‌لی دابه‌شکراوی کوردی
دڵنیا به، خه‌فه‌ت مه‌خۆ
شل‌و سڵ مه‌به
تۆ سه‌ر‌ده‌که‌وی
شۆرش قیمه‌ت‌و بایی تۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ
که‌وابوو
کچه شۆرشگێره‌که!
بۆ هه‌رچی کۆن‌و کۆت‌و به‌نده ته‌سلیم مه‌به
خه‌باتی تۆ
شۆڕشی تۆ
مانه‌وه‌و راوه‌ستان‌و تێکۆشانی شۆڕشگێرانه‌ی تۆ
جیاوازی‌و کۆیله‌تی‌و چه‌وسانه‌وه هه‌ڵده‌گرێ
نه‌زمی تازه‌و پێشکه‌وتوو به دیاری دێنێ
بۆ پێشه‌وه
تا رزگاری یه‌کجاری
تا به‌دیهێنانی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ رزگاری یه‌کجاری چه وساوه‌کانی کوردستان
تا لابردنی جیاوازی ژن‌و پیاو
تا ره‌شکردنه‌وه‌ی خه‌تی کێشراوی داگیرکه‌ران
تا پێکه‌وه‌نانی ژیانێکی ئینسانی بۆ خۆت‌و بۆ هه موو که س

١٠ی‌ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٦٣ی هه‌تاوی
فه‌تاح

Wednesday, September 19, 2007

وه‌رگێڕانی په‌یامه‌کان بۆ کوردی، ره‌حیم ره‌شیدی

په‌یامی حیزبی کۆمونیستی فه‌رانسه به بۆنه‌ی پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی‌و هاورێیانی.

هاورێیانی به‌رێزی حدکا

حیزبی کۆمونیستی فه‌رانسه، بیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م کادرو رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، که ناجوانمێرانه به ده‌ست رێژیمی دیکتاتۆری ئێران تیرۆر کراون، به‌رزو به‌رێز ڕاده‌گرێت.

به ناوی حیزبی کۆمونیستی فه‌ڕانسه له 15هه‌مین ساڵرۆژی شه‌هیدانی گه‌وره‌تان‌دا، له سه‌ر هاوپێوه‌ندی‌و پشتیوانی کۆمونیسته‌کانی فه‌ڕانسه له خه‌باته‌که‌‌‌تان بۆ دێموکراسی، دادپه‌روه‌ری‌و مافی مرۆڤ له ئێران‌دا پێداگری ده‌که‌ین.

ژاک فات
به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان
پاریس
15 09 2007

په‌یامی حیزبی سۆسیالیستی فه‌رانسه

په‌یامی حیزبی سۆسیالیستی فه‌رانسه به بۆنه‌ی پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی‌و هاورێیانی.

هاورێیانی‌و دۆستانی هیژا له حدکا.

بانگهێشت کردنی ئێوه‌مان بۆ به‌شداری له رێوره‌سمی رێکه‌وتی 16ی سپتامبر 2007، به بۆنه‌ی 15هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری شه‌هید شه‌ره‌فکه‌ندی‌، سکرتێری گشتیی حیزبی ئێوه که له گۆرستانی پێرلاشێز به‌رێوه‌ده‌چێت، پێگه‌یشت. ئه‌م جنایه‌ته له 17ی سپتامبری ساڵی 1992ی زایینی‌دا له برڵین خولقا.
ئه‌مه له حالێک دابوو ئه‌و هاورێیانه هاتبوونه برلین تا له کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنال سۆسیالیست‌دا به‌شداری بکه‌ن.

ئێمه به گشتیی‌و هاورێ که‌ریم پاکزاد به تایبه‌تی به داخین که به هۆی کاری له‌وه‌پێش دیاری کراو، ناتوایین له‌و رێوره‌سمه‌دا به‌شدار بین.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی له حیزبی سۆسیالیستی فه‌رانسه‌دا، دوکتۆر سه‌عید هاوخه‌باتی دوکتۆر قاسملوویان ده‌ناسی، هه‌موو کات ئه‌ویان وه‌کوو رێبه‌‌رێکی سیاسیی مه‌زن به تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاو، یه‌کێک له خه‌باتگێرانی رێگای وه‌دی هاتنی دێموکراسی‌و مافی دادپه‌روه‌رانه‌‌و ڕه‌وای کورده‌کان له ئێران‌دا ده‌زانی‌.

هاورێیانی به‌رێز!

15ساڵ له تیرۆری دوکتۆر سه‌عیدو هاورێیانی تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌‌ڵام خه‌باتی ئه‌وان له ئێران‌ که بۆ مافی مرۆڤ‌و ئازادی‌ شارۆمه‌ندان بوو، رۆژانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی‌یه‌‌وه پێشێل ده‌کرێت‌و ئێستا ئه‌م پێشێلکاریانه رۆژانه دووپات ده‌کرێنه‌وه.

حیزبی سۆسیالیستی فه‌رانسه وێرای به‌رزنرخاندنی ئه‌م رێوڕه‌سمه، جارێکی دیکه‌ش له‌سه‌ر هاوپێوه‌ندی‌و پشتیوانی خۆی له حیزبی دیموکراتی‌ کوردستانی ئێران‌و ته‌واوی هێزه پێشکه‌وتنخوازه‌کانی ئێرانی که بۆ ده‌سته‌به‌ر بوونی ئاشتی، دێموکراسی‌و پێشکه‌وتن له‌ ئێڕان‌دا خه‌بات ده‌که‌ن، پێداگری ده‌کات.

هاورێ له‌گه‌ڵ رێزو سڵاوی به‌تینی سۆسیالیسته‌کانی فه‌ڕانسه.
موریس برود
سه‌رۆکی ده‌فته‌ری پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان حیزبی سۆسیالیستی فه‌ڕانسه
پاریس
14 09 2007

په‌یامی حیزبی سه‌وزه‌کانی فه‌رانسه

په‌یامی حیزبی سه‌وزه‌کانی فه‌رانسه به بۆنه‌ی پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی‌و هاورێیانی.

دۆستانی به‌رێزی حدکا

سه‌وزه‌کانی فه‌ڕانسه، وێرای به‌رزڕاگرتنی یادی دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له‌سه‌ر پشتیوانی خۆی له خه‌بات‌و تێکۆشانی "حدکا"، پێداگری ده‌کات.

ئه‌م جنایه‌ته دژی ئینسانی‌یه‌ له لایه‌ن به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه به‌رێوه‌چوو، رێژیمێک که پتر له 28 ساڵه کوشتاری هه‌موو مرۆڤه دێموکراته‌کان‌و به‌تایبه‌ت نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ی کورد که خوازیاری ئازادی‌و به‌فه‌رمیی ناسینی خواسته به‌رحه‌قه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ن، کردۆته سه‌رله‌وحه‌ی کرداری دژی ئینسانیانه‌ی خۆی.

ئێمه سه‌وزه‌کانی فه‌ڕانسه، له‌م ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌رده‌گرین‌و وه‌کوو هه‌میشه له‌سه‌ر هاوپێوه‌ندی خۆمان له‌گه‌ڵ خه‌باتی گه‌لی کورد‌و ته‌واوی گه‌لانی ئێران پێداگری ده‌که‌ینه‌وه.

بژی دۆستایه‌تی نێوان هه‌موو گه‌لانی جیهان
سه‌قامگیر بێ ئازادی‌و دێموکراسی له ئێران‌دا

پاتریک فاربیاز
به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی سه‌وزه‌کانی فه‌ڕانسه
پاریس
15 09 2007

په‌یامی هاوبه‌شی دوکتۆر فلورانس وبر، دوکتۆر فردریک تیسۆ

په‌یامی هاوبه‌شی دوکتۆر فلورانس وبر، دوکتۆر فردریک تیسۆ له به‌رپرسانی پێشووی رێکخراوی یارمه‌تی‌یه‌ ده‌رمانی‌یه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی.
به بۆنه‌ی پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی‌و هاورێیانی.

دۆستانی هێژای حدکا.

15ساڵ له تیرۆری "کاک سه‌عید"و هاورێیانی له شاری برلین تێده‌په‌ڕی. به‌‌ڵام تێپه‌ربوونی کات ناتوانێ ئه‌و دۆستایه‌تی‌یه‌ که له نێوان ئێمه‌و دوکتۆر سه‌عیددا هه‌بوو له نێو به‌رێ. دوکتۆر سه‌عید به‌ته‌واوی به‌سه‌ر زمانی فه‌رانسه‌وی‌دا زاڵ بوو، هه‌موو کات به ڕوو خۆشی‌و بزه‌ تایبه‌تی‌یه‌که‌یه‌وه له تیمه پزیشکی‌یه‌کانی سه‌ر به رێکخراوی یارمه‌تی‌یه‌‌ ده‌رمانی‌یه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی، پێشوازی‌و میوانداری ده‌کرد.

دوکتۆر سه‌عید که بۆ پێکهاتنی ئێرانێکی دێموکراتیک‌و کوردستانێکی خودموختار تێده‌کۆشا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ژیانی دژوارو ناخۆشی قبووڵ کردبوو، به‌ڵام هه‌‌میشه رووخۆش‌و مێهره‌بان بوو.

دوکتۆر سه‌‌‌‌عید که‌سایه‌تێکی بیرمه‌ندو به‌ڕه‌وشت بوو که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی‌یانه به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌ویان کردبووه که‌سایه‌تێکی تاقانه.

یاد‌و بیره‌وه‌ری ئه‌و قه‌ت له بیر ناچێته‌وه. له به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی که گیانی خۆیان له رێگای وه‌دیهاتنی ماف‌و ئازادی کورده‌کان‌دا به‌خت کرد، سه‌ری رێز داده‌نه‌وێنیین‌و له بیره‌وه‌ری 15هه‌مین ساڵرۆژی شه‌هید بوونیان‌دا، به‌دڵێکی سارێژ له ده‌ردو ژان، خۆمان له ته‌نیشت ئێوه‌ ده‌بینیین‌و له په‌ژاره‌تان‌دا به‌شدارین.

دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی، ئێمه هیچ کاتێک تۆ له بیر ناکه‌ین.

دوکتۆر فلورانس وبر، سه‌رۆکی پێشووی رێکخراوی یارمه‌تی‌یه‌ ده‌رمانی‌یه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی.
دوکتۆر فردریک تیسۆ، له به‌رپرسانی پێشووی رێکخراوی یارمه‌تی‌یه‌ ده‌رمانی‌یه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی.
پاریس
14 09 2007

په‌یامی دوکتۆر بڕنارد گرانژۆن

په‌یامی دوکتۆر بڕنارد گرانژۆن سه‌رۆکی پێشووی رێکخراوی پزیشکانی جیهان به بۆنه‌ی پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی‌و هاورێیانی.

دۆستانی به‌رێزی حدکا.

بۆ هه‌موومان ئاشکرایه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که له‌م دوایانه‌دا له ئێران ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بووه، له‌گه‌ڵ بایه‌خه به‌رزه‌کانی، وه‌کوو ئازادی، دێموکراسی، سوکولاریزم‌و دادپه‌روه‌ری به‌ته‌واوه‌تی ناته‌با بوون.

پاش تیرۆری دوکتور قاسملووو کاک عه‌بدوڵا که بۆ به‌رگری له‌‌و بایه‌خه به‌رزانه خه‌باتیان ده‌کرد، راست 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نۆره‌ی کاک سه‌عید‌و کاک فه‌تاح هات، که وێرای دوو هاورێ دیکه‌یان به گوله‌ی مرۆڤ کوژو تیرۆریسته‌کان گیان لێئه‌ستێندرا.

له‌و تیرۆرانه‌دا، ڕایه‌ڵه‌ سیخوری‌یه‌کانی ئێران په‌نایان برده به‌ر چه‌کی ناجوانمێرانه‌، چه‌کێک که به دڕێژایی مێژوو له لایه‌ن بێنرخترین‌ حکوومه‌ته‌ تیرۆریسته‌کانه‌وه که‌ڵکی لێوه‌رگیراوه.

ئاشکرایه، له ویه‌ن‌و برڵین، ئه‌و قاتلانه به که‌ڵک وه‌رگرتن له بێ ده‌نگی زلهێزه ئه‌رووپای‌یه‌کان توانیان چه‌ند که‌س له باشترین مرۆڤه‌کانی لایه‌نگری ئاڕمانه گه‌وره‌کانی گه‌لی کورد له نێوبه‌رن. به‌ڵام له هه‌ر دوو تیرۆره‌که‌دا، تیرۆریستان نه‌یانتوانی ئه‌و بیروباوه‌ڕانه له نێوبه‌رن که دوکتور قاسملوو، دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی هه‌ڵگری بوون.

چوونکا له لایه‌ک ئه‌م بیرو باوه‌رانه له لایه‌ن خه‌ڵکی ئێرانه‌وه بایه‌خی په‌یدا کردووه که له به‌رانبه‌ر رێبه‌رانی تاریک بیردا که‌وتونه‌ته‌ دژایه‌تی، له لایه‌کی دیکه‌وه حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له مه‌‌یدانی خه‌بات دایه‌و له نێو نه‌چووه، حیزبێک که به زیندوو ڕاگرتنی یادی ئه‌و شه‌هیدانه خه‌بات بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی ئه‌وان تاکوو گه‌یشتن به سه‌رکه‌وتن درێژه‌ ده‌دات.

ئێمه سه‌رجه‌م دۆستانتان له رێکخراوی پزیشکانی جیهان که ئه‌مرؤ 16 09 2007 له شاری مارسێ له ده‌وری یه‌کتر کۆبووینه‌ته‌وه، تاکوو کۆتایی هه‌ر حه‌وتوو، وه‌کوو هه‌میشه به باس له باره‌ی کوردستانه‌وه تێپه‌ڕ ‌که‌‌ین، وێرای به بیر هێنانه‌وه‌ی شایان‌و شوێندانه‌رانه‌ی ئه‌م شه‌هیدانه، جارێکی دیکه ڕاده‌گه‌یه‌نیین که به هه‌موو وجودمانه‌وه له‌گه‌ڵتانیین‌و خۆمان له خه‌م‌و شادی‌‌و تێکۆشانتان بۆ ئازادی، به شه‌ریک‌و به‌شدار ده‌زانیین.

بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به ئاواتی پێشکه‌وتن له ریزی یه‌کگرتوودا بۆ خه‌باتێکی چڕوپڕ.

دوکتۆر بڕنارد گرانژۆن
مارسێ
16 09 2007

په‌یامی خاتوو دانیه‌ل میته‌‌ران

په‌یامی خاتوو دانیه‌ل میته‌‌ران، سه‌رۆکی رێکخراوی فرانس لیبرته، به بۆنه‌ی 15هه‌مین ساڵرۆژی تیرۆری میکۆنووس.

دۆستانی به‌رێزی حدکا.

له پازده‌هه‌مین ساڵڕۆژی تراژیدی شه‌هید بوونی نه‌مر دوکتۆر سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌و هاورێیانی فه‌تاح عه‌بدولی، هومایون ئه‌رده‌ڵان‌و نوری دێهکوردی، سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵه‌ی ئه‌وان له به‌رگری کردن له ئازادی گه‌لی کورددا هه‌یان بوو رێزدارانه، رێز له یادو بیره‌وه‌ری‌یان ده‌گرم.

من ئه‌وان له بیر ناکه‌م‌و هیواخوازم هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رزو بێ هاواتی وان له لایه‌ن ئه‌و خه‌باتگێرانه‌ی که بۆ به فه‌رمیی ناسینی ناسنامه‌و کولتوری کورده‌کان تێده‌کۆشن، ببێته وانه‌و چرای رێنوێن.

دانیه‌ل میته‌ران
پاریس
12 09 2007

Friday, September 14, 2007

دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی ڕیبه‌رێکی شۆڕشگێڕ، مودیرێکی به‌مشوور!

تیرۆری رێبه‌ری شۆڕشگێڕو لێهاتووی کورد دوکتۆر سادق شه‌ره‌‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و نوێنه‌ری ئه‌وکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ده‌ره‌وه‌‌ی وڵات، کاک هومایون ئه‌رده‌ڵان نوێنه‌ری حیزب له ئاڵمان، کاک نوری دێهکوردی دۆستی حیزبی دێموکڕات، له رێکه‌وتی 26ی خه‌رمانانی ساڵی 1371ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 17ی سپتامبری 1992ی زایینی، جیا له درێژه‌ی سیاسه‌تی له‌ نێوبردنی که‌سایه‌تی‌یه‌ بلیمه‌ته‌کانی جوڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی، هه‌وڵی سه‌رلێشێواندن‌و داماو کردنی بزوتنه‌وه‌و چاوترسێن کردنی خه‌ڵکی کوردستانی له پشت بوو.

ئامانجێک که به شاهیدی مێژووی سوری کوردستان، به له داردانی پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د، تیرۆری دڵڕه‌شانه‌ی سه‌رداری ناوداری کورد دوکتۆر قاسملوو به‌دی نه‌هاتبوو، هه‌رگیز به‌دی نایه.

ئاشکرایه بزوتنه‌وه‌ی ماف ویستانه‌ی کۆمه‌لانی هه‌راوی خه‌ڵکی کوردستان به کۆکردنه‌وه‌ی باشترین‌، به‌وه‌جترین‌و فیداکارترین ڕۆڵه‌کانی کوردستان له ده‌وری خه‌باتی ئازادی‌ خوازانه بۆ رزگاری له چه‌وسانه‌وه‌و سته‌می هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زاڵ به‌سه‌‌ر وڵات‌دا، توانیویه‌تی تاکوو هه‌نوکه له به‌رانبه‌ر سه‌دان‌و بگره هه‌زاران پیلانی جۆراوجۆری دوژمنانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ماف‌و ئازدی‌یه‌ ڕه‌واکانی‌دا ڕاوه‌ستێت‌و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگ‌و دژواریی‌یه‌کان، له ئاکام‌دا پاش ئه‌و هه‌موو ناسۆڕی‌‌و زامه به‌ژانانه‌ی له رێگای کوشتاری به کۆمه‌‌ڵ، سوتاندن، دوور خستنه‌وه‌، ئێعدام‌و زیندانی کردن‌، که ئامانجی کپ کردن‌و ده‌م کوت کردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌واو به‌رحه‌قی خه‌ڵکی کوردستان بووه، به‌ئاکام نه‌گه‌یووه‌و به‌هره‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌ گرتنه‌به‌ری وه‌ها رێبازو سیاسه‌تێکی زیانبارو زاڵمانه‌ وه‌چنگ به‌رێوه‌به‌رانی نه‌که‌وتووه‌، تاکوو ڕۆله‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر دڕیژه‌دان به خه‌بات بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانیان به‌رده‌وا‌م بن، ناکه‌وێت.

ئاشکرایه داگیرکه‌رانی کوردستان له‌م به‌ستێنه‌دا‌و بۆ راماڵینی ده‌نگی حه‌‌قبێژی خه‌ڵکی کورد که خۆی له دووتوێی بزوتنه‌وه‌ی میللی _ دێموکراتیکی خه‌ڵکی کوردستان‌دا ده‌بینێته‌وه حه‌ولیان داوه له رێگای قیزه‌ونی ڕه‌شه کوژی‌‌و تیرۆری ڕێبه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌وه چۆک به‌م بزوتنه‌وه‌یه دابده‌ن‌و سه‌ری به‌رزی پێنه‌وی بکه‌ن‌‌و به‌سه‌ری‌دا زاڵ بن‌‌و ئاسه‌واری لێنه‌هێڵن.

داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌رچه‌نده باش له‌و واقعیه‌ته مێژوویی‌یه‌ تێگه‌یون‌و تیده‌گه‌ن ویستی نه‌ته‌وه‌یی‌و دێموکراسی خوازی خه‌ڵکی کوردستان‌ ویستێکی گشتیی‌و جه‌ماوه‌ه‌ی‌یه‌، به‌وحاڵه‌شه‌وه دایم‌ حه‌ولیان داوه‌وه‌و‌ دیده‌ن که بزوتنه‌وه‌ی کورد به پیلانی جۆراوجۆرو داڕشتن‌و به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی چه‌واشه‌کارانه‌ی بێبناخه له زه‌ریای بێ پایانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک داببڕن،‌ به خه‌یاڵی خاوی خۆیان تاکوو ساکار بتوانن ته‌فروتونای که‌ن‌و بیتوێنه‌وه‌، پاشان سه‌رینی متمانه‌‌و بێ خه‌یاڵی له‌بن سه‌ر بنێن‌و بێ دڵه ڕاوکه پاڵی لێبده‌نه‌وه‌و نیزامی دڵخوازی خۆیان دامه‌زرێنن‌و ئه‌‌سپی خۆیانی تێدا تاو بده‌ن.

له‌ که‌س شاراوه نییه دوژمنانی هاتنه‌‌دی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان پاش داماوی‌و بێ ئاکامی‌و خێرنه‌دیتوویی له‌م رێگا چارانه که به‌رهه‌می ئه‌قڵی دیکتاتۆڕانه‌و کاڵ فامی‌و خۆفریوده‌ری‌یه‌، هه‌وڵیان داوه به تیرۆری رێبه‌ران‌و که‌سایه‌تی‌یه‌ کاریزماتیکه‌کانی بزوتنه‌وه به مه‌به‌سته دڵخوازه‌کانی خۆیان بگه‌ن، ئه‌وه‌ی به کوشتاری سه‌دان‌و بگره هه‌زاران که‌س له ڕۆڵه‌کانی خه‌لکی کوردستان بۆیان جێبه‌جێ نه‌کراوه، حه‌ولیان داوه به تیرۆری چه‌ند رێبه‌ر‌ێک به ئاکامی بگه‌‌یه‌نن.

هه‌رچه‌نده دوژمنانی دڵره‌قی خه‌ڵکی کوردستان به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و رێگاکاره توانیویانه برینی به‌ژان‌و زامی قورس بخه‌نه سه‌ر جه‌سته‌و قه‌ڵافه‌تی زامدارو خوێناوی کوردستان، به‌ڵام به‌وحاڵه‌ش به شاهیدی دۆست‌و دوژمن نه‌یان توانی‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌وای خه‌ڵکی کورددستان تووشی داماوی‌و زه‌بونی‌و ده‌سته‌ وه‌ستانی بکه‌ن.

خه‌باتی ڕوو له گه‌شه‌ی ئێستای ڕۆله‌کانی خه‌لکی کورد‌و باقی گه‌لانی ئازارچێشتووی ئێران ئه‌و راستی‌یه‌ به باشی ده‌سه‌لمێنن که دیکتاتۆره‌کان لانی که‌م له‌م باره‌وه ره‌نج به‌خه‌سارن.

کێ هه‌یه ئه‌و ڕاستی‌یه‌ نه‌زانێ پاش تیرۆری به‌ژانی دوکتۆر قاسملوو له‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خت‌و دژواره‌دا، دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی یاری وه‌فادارو درێژه‌ده‌ری رێبازی سیاسیی دوکتۆر قاسملوو به ئیراده‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه وه‌کوو قوتابی‌یه‌کی کارامه‌‌و لێهاتوو ئاڵای خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ده‌سته‌وه گرت‌و به هاوکاری‌و هاودڵی‌و فیداکاری کادرو پێشمه‌رگه‌کان‌‌و پشتیوانی فره چه‌شنی کۆمه‌ڵانی خه‌باتگێڕی خه‌ڵکی کوردستان، به پاڵپشتی هێزه برا دێموکرات‌و ئازادی‌ خوازه‌کانی دۆست، به کاری به‌رچاوو به پێداگری له‌سه‌ر پراکتیزه کردنی بیرو ڕوانگه ئینسانی‌یه‌‌کانی دوکتۆر قاسملوو له ژیان‌و خه‌باتی ڕۆژانه‌دا،‌ نه‌‌چه‌مینی حیزبی پێشڕه‌وی خه‌ڵکی کوردستانی ئێرانی بۆ هه‌میشه‌و بۆ هه‌موو قۆناخه ئاسته‌مه‌کان کرده کولتورو نه‌ریتێکی نه‌گۆڕ، به‌چه‌شنێک که کۆستی جه‌رگبڕی دوکتۆر قاسملوو به هه‌موو قورسایی خۆی‌یه‌وه به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به سیمای ماته‌مباری حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه به‌دیار نه‌‌که‌وێت.

دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌و رێبه‌‌ره‌ به‌مشووره‌ بوو که به تێکۆشانی ماندوویی نه‌ناسانه‌ی خۆی له پێشخستن‌و ئیداره‌کردنی ئۆرگانه‌کانی "ڕادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران"و رۆژنامه‌ی "کوردستان"، ئۆرگانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به تێکۆشان، دلسۆزی، به‌بڕشتی، به‌رنامه‌و ڕاوێژ پێشی خستن‌و بۆ هه‌تاهه‌تایه جێپه‌نجه‌و مۆرک‌و باندۆری کاری کاک سه‌عید وه‌کوو ئه‌ستێره‌ی گه‌ش‌و چرای رێنوێن به‌سه‌ر کارو تێکۆشانی ئه‌م ده‌زگایانه‌وه دیارو ئاشکارو ڕوونه‌و بۆ لێ فێر بوون ده‌شێ.

دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی ئه‌و جوامێره‌یه‌ که له نێو کۆڕی گه‌رم‌و گوڕی هاوسه‌نگه‌رانی‌دا، به که‌سایه‌تێکی خاکی‌و خاڵکی، ساکارو ده‌م به‌بزه، قانع‌و خه‌ڵک ویست‌و خۆنه‌ویست، دادپه‌روه‌ر، دادپه‌روه‌رخواز به‌ناوبانگ بووه.

له‌ هه‌مان حاڵ‌دا، له کاتی سه‌خت‌و دژواردا رێبه‌رێکی به‌بڕشت، به‌باندۆر، جه‌سوورو خۆڕاگر بووه که له ده‌یان ڕووداوی ترسناکی هێرشی هه‌وایی‌و زه‌مینی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌م ئازایه‌تی‌و جه‌ساره‌ته‌ شۆڕشگێرانه‌ی لێبیندراوه‌و ئێسیا ئیدی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌و‌تانه‌ی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له بیرو مێشکی هاوسه‌نگه‌رانی‌دا وه‌کوو به‌شێک له کاریگه‌ری‌و لێهاتوویی ئه‌م نه‌مره له ڕه‌وتی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی‌دا دێنه ئه‌ژمارو بۆ هه‌تا هه‌تایه جێگای شانازی‌و فه‌خری ڕۆله‌ نیشتمان په‌روه‌ره‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده.

له ڕاستی‌دا هه‌ر ئه‌م تایبه‌‌تمه‌ندی‌یه‌ به‌رچاوو شۆڕشگێڕانه‌یه‌ بووه هۆی ئه‌وه‌ی که سه‌رده‌مدارانی قین له دڵی کۆماری ئسلامی ئێران هه‌موو تواناو ده‌ست مایه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێران له نێوخۆو ده‌ره‌وه‌دا بۆ له نێو بردنی ئه‌م خه‌باتگێره وه‌گڕ بخه‌ن تاکوو له‌گه‌ڵ پۆلێک له تێکۆشه‌رانی دیکه‌ی هاوبیروباوه‌ڕی‌دا ترسه‌نۆکانه ده‌رفه‌تیان لێبێنن‌و له کردارێکی ڕه‌شه‌ کوژی‌دا جه‌سته‌ی پیرۆزیان شه‌ڵاڵی خوێن بکه‌ن.

ئاشکرایه ئه‌م کرداره‌ی رێژیمی ئێران وه‌کوو هه‌موو کرده‌وه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و رێژیمه، بگره‌ پتریش له لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستان‌و بیروڕای پێشکه‌وتن خوازه‌وه که‌وته‌به‌ر بێزاری‌و نفره‌ت له‌و رێژیمه‌‌و کرده‌وه‌کانی.

ئایه‌توڵاکانی ده‌وڵه‌تی ئێران ئه‌گه‌ر له کوشتارو تیرۆره‌کانی‌ دیکه‌دا به‌خه‌رج کردنی به‌میلیۆنان دۆلار له داهات‌و ده‌ست مایه‌ی خه‌ڵکی ڕه‌ش‌و ڕووتی ئێران توانی‌ بوویان جێ پێنجه‌ی خۆیان له‌م تیرۆرانه‌دا وون بکه‌ن‌و به‌م هه‌نگاوه بواری دیکه بۆ به‌رێوه‌ بردنی کوشتارو جینایه‌ت له دژی به‌رهه‌ڵستکارانی سیاسیی خۆیان بره‌خسێنن، ئه‌وا له پاش تیرۆری دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌و هاورێکانی، به هۆی وشیاری بیروڕای گشتیی‌و جیددی بوونی په‌ره‌سه‌ندنی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی‌ ئێران‌و له ئاکام‌دا به هۆی سه‌ربه‌خۆیی، ئازایه‌تی‌و حه‌ولی بێ وچانی هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تی‌، رێکخراوو ناوه‌ندانه که په‌رۆشی جێبه‌به‌جێ بوونی دادپه‌روه‌ری بوون، به‌ئاکام نه‌گه‌یشت‌و سه‌رتاپای نیزامی کۆماری ئیسلامی‌و کاربه‌ده‌ستانی هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته جه‌هه‌نده‌میه وه‌کوو گه‌ڵاڵه دارێژ، بڕیارده‌رو جێبه‌جێ که‌ری کوشتاری تیرۆریستی 26ی خه‌رمانانی 1371ی هه‌تاوی، له شاری بێڕڵینی ئاڵمان ناسێندران.
بڕیارێک که پاش زۆر زه‌خت‌و زۆری سیاسیی‌و دوای نزیک به 4ساڵ لێکۆلینه‌وه هاته ئاراوه.

شایانی باسه رێژیمی ئێران‌ هه‌موو حه‌ولێکی خۆی‌‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی به‌ره‌و پێش چوونی کار دادگای میکۆنووس په‌ک بخات، یان لانی که‌م به‌لارێی‌دا به‌رێت‌‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌موو رێگایه‌‌کیان گرته‌به‌ر به‌‌ڵام به ئاکامی دڵخواز نه‌گه‌یشتن‌و به خۆشی‌یه‌وه دادپه‌روه‌ری سه‌رکه‌وت‌‌.
ته‌نانه‌ت به دانانی له‌وحی بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی میکۆنووس له 20ی ئاپریلی 2004دا ریسوایی رێژیمی ئێران بۆ هه‌میشه له مێژوودا جێیگرت.

ئێستا ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد له هه‌لومه‌رجێك‌دا یادی دوکتۆر شه‌ره‌فه‌که‌ندی‌، کاک فه‌تاح عه‌بدولی‌و هومایون ئه‌رده‌ڵان ده‌که‌نه‌وه که بیرو رێگای ئه‌م تێکۆشه‌رانه بۆته چرای رێگای خه‌باتیان‌و له هه‌مان کات‌دا به‌رێوه‌به‌رانی کوشتاری میکۆنووس لای خه‌ڵکی ئازادی‌ خوازو دێموکراتی دونیا به گشتیی‌‌و کۆمه‌لانی نیشتمان په‌روه‌ری خه‌ڵکی کوردستان به تایبه‌تی بۆ هه‌میشه نفره‌ت لێکراو بێزراوه‌.

سڵاو له ناو یادی هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئاشتی‌، ئازادی‌و دێموکراسی.

Sunday, September 9, 2007

تێکۆشانی دیپلۆماسی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکرات، هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ به‌ره‌وپێش.

وه‌کوو ده‌زانیین یه‌‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران یه‌که‌مین ڕیکخراوی تایبه‌ت به لاوانی کورده که له‌سه‌رده‌می کۆماری کوردستان‌ له ساڵی 1324ی هه‌تاوی‌دا پێی ناوه‌ته‌ مه‌یدانی تێکۆشانه‌وه‌و هه‌ر به‌م پێیه‌ به‌رابردووترین رێکخراوی تایبه‌ت به لاوانی کوردستانه.

له ڕاستی‌دا یه‌کێک له ده‌ستکه‌وته‌کانی به‌رێکخستن کردنی بزوتنه‌وه‌ی ماف ویستانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌سه‌‌ر بنه‌مای دامه‌زراندنی جوڵانه‌وه‌یه‌کی مۆدێڕنی وه‌کوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دامه‌زراندنی رێکخراو گه‌لی مه‌ده‌نی‌و دێموکرراتیکی تایبه‌ت به ژنان‌و لاوان بوو که له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌ کۆمه‌ڵگای ئه‌و کاتی کوردستان‌دا ڕۆڵی چالاکانه‌یان ده‌گێڕا‌و به به‌ربڵاوی له به‌ره‌وپێش بردنی کۆمه‌ڵگای‌ کوردستان‌و جولانه‌وه‌ی میللی_دێموکراتیکی کوردستان‌دا به‌شدار بوون‌و هه‌ن.

ئاشکرایه تێکۆشانی لاوانی دێموکرات له ماوه‌ی هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، به هۆی بێباوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئائینی ئه‌و وڵاته به ئازادی‌یه‌ سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان‌و سه‌رکوتی هه‌ر چه‌شنه ڕه‌وتێکی دێموکرات‌و ئازادی خوازانه‌و وڵام دانه‌وه‌ی خواسته‌ ڕه‌واو به‌رحه‌قه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به ئاگرو ئاسن له لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه، وای کردوه یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکرات وه‌کوو هه‌موو رێکخراوه‌ دێموکراته‌کانی دیکه بواری‌ تێکۆشانی ئاشکرای لێبه‌ربه‌ست بکرێ‌و ئه‌ندامه‌کانی تووشی ڕاونان‌، گرن، ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌و ئێعدام بن.

به‌ڵام وه‌کوو دیتراوه‌و ده‌بیندرێ ئاسته‌نگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئێران‌ به گشتیی‌و له کوردستان به تایبه‌تی بۆ به‌ربه‌ست کردنی کاروو هه‌ڵسوڕانی ئه‌م رێکخراوه‌یه‌ ئاکام‌و ده‌ره‌نجامێکی ئه‌وتۆی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌، چوونکا لاوانی دێموکرات به درێژایی ساڵانی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران به شانازی‌و وره به‌رزی‌یه‌وه له پاڵ حیزبی پێشڕه‌وی کورد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی‌ ئێڕان‌دا بۆ ئازادی، دێموکراسی‌و مافه‌کانی مرۆڤ تێکۆشاون‌و تێده‌کۆشن‌و له خه‌باتی ڕه‌وای خۆیان‌دا له رێنوێنی‌و یارمه‌تی‌یه‌ مادی‌و مه‌عنه‌وه‌ی‌یه‌کانی ئه‌م حیزبه خه‌ڵک ویسته که‌ڵک وه‌رده‌گرن، فێر ده‌بن‌و به‌ره‌وپێش ده‌چن.

له هه‌لومه‌رجی ئێستادا لاوانی دێموکرات وێرای گه‌شه‌دان به بیرۆکه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانی لاوان به گوێره‌ی ئیمکان‌و ده‌رفه‌ت، هاوکات به له‌به‌ر چاو گرتنی وه‌زعی ئێستای خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد که خۆی له قۆناخی خه‌باتی رزگاری نیشتمانی‌دا ده‌بینێته‌وه، به‌هه‌ست کردن به ده‌روه‌ست بوون له ئاست چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورد، چالاکانه له‌و خه‌باته‌ی که بۆ رزگاری له سته‌می داسه‌پاوی نه‌ته‌وایه‌تی له ئارادایه‌ تێکۆشاون‌و تێده‌کۆشن.

یه‌کێک له‌و بوارانه‌ی که له خه‌باتی لاوانی دێموکرات‌دا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به باشی گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌و چه‌ند هه‌نگاوی مه‌زنی بۆ پێشه‌وه هه‌ڵێناوه‌ته‌وه، بواری کاری دیپلۆماسی‌و پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ کۆرو کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌ی‌یه‌ که بۆ چاره‌نووسی لاوان‌و خه‌باته‌که‌یان گرینگ‌و پڕ بایه‌خه.

چالاکی له‌م بواره‌دا له‌و ڕوانگه‌وه پڕبایه‌خ‌و شوێندانه‌ره که نه‌یارانی بزوتنه‌وه‌ی ماف ویستانه‌ی کورد به گوێره‌ی ئیمکان‌و ده‌ست مایه‌یه‌کی زۆرو زه‌وه‌‌ند که له ده‌ستیان‌ دایه له ئاستی نێوخۆیی‌دا له پێناوی یه‌کده‌ست کردن‌و سڕینه‌وه‌‌ی هه‌موو جیاوازی‌یه‌کان هه‌وڵی سه‌رکوت‌و ده‌مکوت کردنی هه‌رچه‌شنه بزواتێکی ماف ویستانه‌‌یان داوه‌و ده‌یده‌ن.

مخابن نه‌یارانی کوردستان‌و جوڵانه‌وه به‌رحه‌قه‌که‌ی هه‌ر به‌وه‌نده‌شه‌وه نه‌وستاون‌و دایم‌و ده‌رهه‌م له حه‌ولی ئه‌وه‌‌دا بوون‌و هه‌ن که روخساری خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئێمه لای بیروڕای گشتیی جیهان‌ خه‌وشدار بکه‌ن‌و مۆرکی ناڕه‌وای لێده‌ن. به خۆشی‌یه‌وه به هۆی کاری دیپلۆماسی‌و پێوه‌ندی توندو تۆڵی کورد له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ جیهانی‌یه‌کان ئه‌م هه‌وڵه‌ نزۆکانه‌ی دوژمنانی کورد به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه.

ئێستا ئیدی یه‌کیه‌تیی لاوان جیا له نێوخۆی وڵات، له ئه‌‌مریکا، ئوستوراڵیا، ئورووپا تێکۆشانی هه‌یه‌‌و خاوه‌نی ته‌شکیلاتێکی رێک‌وپێکه که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای رۆژئاواوه پشتیوانی ده‌کرێ، هاوکات له زۆر ناوه‌ند‌و کۆڕوکۆمه‌ڵی بیانی‌دا وه‌کوو رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له سوئێد، رێکخراوی ڕیکخراوه‌کانی لاوان له سوئێد که پتر له 100 رێکخراو تێیدا ئه‌ندامن، ئه‌ندامه. له وڵاتی نوروێژ یه‌کیه‌تیی لاوان ئه‌ندامی به‌شی پێوه‌ندی‌و زانیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، رێکخراوی منداڵان‌و لاوانی ئۆسلۆ، رێکخراوی ئامۆژگاری لاوان‌و مندالانی نوروێژه. ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه بۆ خه‌باتی ئێستا‌و داهاتووی لاوانی کورد جێگای بایه‌خه‌و ده‌بێ نرخی بۆ دابندرێ‌‌و به گرینگیه‌وه لێیبڕوانیین..

ئه‌وه که رێکخراوی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وه‌کوو تاقانه رێکخراوی کوردی لاوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی لاوانی سۆسیالیسته، له کۆڕو کۆبونه‌وه‌کانی‌دا به‌شدار ده‌بێت‌و به پێکهێنانی کۆڕو سمینارو لێدوان‌و پێشکه‌ش کردنی وتارو دانی زانیاری له‌باره‌ی خه‌بات‌و تێکۆشانی لاوانی کوردو له‌قاودانی سیاسه‌تی کوشتارو داپڵۆسینی ئه‌وان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆه‌کانه‌وه زانیاری به کۆڕۆ کۆمه‌ڵی پارێزگاری له مافه‌کانی مرۆڤ ده‌دات‌و به‌م هه‌نگاوه کرده‌وه‌ی ماف پێشێلکه‌رانه‌ی داگیرکه‌ران له قاو ده‌دات‌، هاوکات حه‌ولی به‌رچاو ده‌دات که سیمای راسته‌قینه‌ی خه‌باتی لاوانی کورد نیشان بدات‌و دۆستی پتر بۆ دۆزی ڕه‌وای کورد په‌یدا بکات.

له حاڵێک‌دا نه‌یارانی ئه‌م رێکخراوه ته‌پڵی بێ هیوای ئه‌وه‌یان لێده‌دا که ئه‌ندامه‌تی یه‌کیه‌تیی لاوان له‌م ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ی‌یه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، دیترا که له بیره‌وه‌ری سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زراندنی ئه‌م رێکخراوه‌دا که رۆژی 4ی خه‌رمانانی 1386ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 26ی ئاگوستی 2007ی زایینی، له شاری بڕلین پێته‌ختی وڵاتی ئاڵمان به‌سترا، سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م رێکخراوه جیهانی‌یه‌ به شانازی‌یه‌وه داوا ده‌‌کات که نوێنه‌ری یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکرات به نوێنه‌رایه‌تیی نزیک به 150 رێکخراو له 100 وڵاتی دونیاوه که له‌م رێوڕه‌سمه‌دا به‌شدارن، وتاری سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی یه‌کیه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی لاوانی سۆسیالیست پێشکه‌ش بکات.

ئه‌م سه‌رکه‌وتنه دیپلۆماسی‌یه‌ لاوان له کاتێکدایه، لاوانی کورد له ناوخۆی ولات خۆیان بۆ رێزگرتن له یادو بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی بڕلین ئاماده ده‌که‌ن‌و درێژه‌ده‌‌رانی رێگاکه‌شیان له‌و شاره‌ی که جه‌سته‌ی پیرۆزی ئه‌و رێبه‌رانه‌ی تێدا شه‌ڵای خوێن کرا وێرای نوێکردنه‌وه‌ی په‌یمانی درێژه‌دانی رێگاکه‌یان، سیاسه‌تی کورد قه‌رانی دوژمنان له‌قاو ده‌ده‌ن.

Saturday, September 1, 2007

ڕوونکردنه‌وه!

دۆستانی به‌رێز!
له‌م ڕۆژانه‌دا له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌‌ڕێزی ماڵپه‌ڕی" www.helwist.com "، ئاگادار کرامه‌وه که به ناوی منه‌وه‌و به ئی‌مه‌یل ئادره‌سی "rehim.rashidi@gmail.com" په‌یامیان بۆ به‌ڕێ کراوه‌و به ئه‌ده‌بیاتێکی نادۆستانه داوایان لێکراوه ماڵپه‌ڕه‌که‌یان دابخه‌ن.
له رێگای ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌‌وه، ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ئاگادار ده‌که‌مه‌وه، ئی‌مه‌یلی ناوبراو هیچ په‌یوه‌ندی به منه‌وه نیه، هاوکات ئی‌مه‌یلی من بریتیی بووه له: "rahim.rashidi@gmail.com ".
ئاشکرایه ئاژاوه‌گێڕ یان ئاژاوه‌گێڕه‌کان به گۆڕینی پیتی "a" به پیتی "e" توانیویانه ده‌ست بده‌نه ئه‌و کاره خراپکارانه‌یه، دیاره ئه‌گه‌ر دۆستان هیندێک وردبینی پتریان به‌کار بردایه بۆیان ئاشکرا ده‌بوو ئه‌و ئی‌مه‌یله پێوه‌ندی به منه‌وه نییه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه جاری یه‌که‌م نییه‌و پێشم وا نییه دواجار بێ که که‌سانێک بۆ خه‌وشدار کردنی که‌‌سایه‌تی ئێمه‌ هه‌وڵی ناسه‌رکه‌وتووی له‌م چه‌شنه ده‌ده‌ن.
ڕه‌نگه به‌و ئی‌مه‌یله یان ئی‌مه‌‌یلی دیکه به ناوی منه‌وه په‌یام‌و نووسراوه بۆ که‌س‌و شوێنی دیکه‌ش چوبێت، بۆیه به پێویستی ده‌زانم که هه‌موو لایه‌ک له ئه‌گه‌ری‌‌ وه‌ها کارێکی نه‌شیاو ئاگادار بکه‌مه‌وه‌و پێیان ڕابگه‌ێنم که ئه‌و جۆره ئی‌مه‌یلانه پێوه‌ندییان به منه‌وه نییه.
به سوپاسه‌وه
ره‌حیم ره‌شیدی
01 09 2007