Archive

Monday, August 31, 2015

ئاگاداری بۆ بەشدارانی کەمپین


ئاگاداری بۆ بەشدارانی کەمپین
بەرێزەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە بە مەبەستی یەکگرتوویی و کاریگەری پتری کەمپین سەبارەت بە پێشگرتن بە بێرێزییەکانی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بە کوردو کوردستان، سەرجەم واژۆوەکانی کەمپینی یەکی بەفرانبار و کەمپینی نارەزایەتی سەبارەت بە بێ لایەن نەبوونی بەشی دەنگی ئەمریکا، تێکەڵ دەکرێن و رادەستی لایەنە بەرپرسەکانی ئەمریکا دەکرێن.
هاوکات چەند کەس لە بەرێوەبەرانی کەمپینی یەکی بەرفرانبار وەکوو بەرێوبەی لاپەرەی کەمپین لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک هاوکاری راستەوخۆ بۆ بەشداری بەرێوەبردنی لاپەرەی کەمپینەکە دەکەن.
سپاس و رێز

کۆڕیادی شەهید فەریدوون جوانرۆیی لە واشنگتن

Wednesday, August 26, 2015

قابل توجه شرکت‌کنندگان کمپین


دیروز دوشنبه 25 آگوست آقای منظرپور سردبیر صدای آمریکا- فارسی با آقای رحیم رشیدی (عضو کمپین) تماس گرفته و از ایشان میخواهند برای ابراز نظرات خود در برنامه افق روز سه‌شنبه شرکت کنند. بعداز حضور در استودیو چند دقیقه قبل از شروع برنامه به ایشان میگویند که موضوع برنامه مسله ریاست اقلیم کردستان است، آقای رشیدی هم اعلام میکند که موضوع کمپین هیچ شخص و مسله‌ای خارج از عدم رعایت سیاست بی‌طرفی صدای آمریکا/ فارسی نیست و حاضر به شرکت در این برنامه نیستم واستودیو را ترک میکنند.
بار دیگر اعلام میکنیم که کمپین به کار خود که همانا رساندن صدای اعتراض به گوش مسئولان و مراکز مربوطه می‌باشد، ادامه خواهد داد.

بۆ ئاگاداری به‌شدارانی که‌مپه‌ین


به پێویستمان زانی که به‌شدارانی که‌مپه‌ین ئاگادار بکه‌ینه‌وه دوێنێ رۆژی دووشه‌ممه رێکه‌وتی 25ی ئاگۆست ئاغای مه‌نزه‌رپور سه‌رده‌بیری ده‌نگی ئامریکا به‌شی فارسی به کاک ره‌حیم ره‌شیدی – ئه‌ندامی که‌مپه‌ین- بۆ به‌شداری کردن له به‌رنامه‌ی '' افق''دا پێوه‌ندی ده‌گرێ و پێی راده‌گه‌یه‌نێ که ده‌توانن له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به‌شداری بکه‌ن و بیرۆبۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵام چه‌ند خووله‌ک پێش به‌رنامه به کاک ره‌حیم ره‌شیدی راده‌گه‌یه‌نن که مژاری به‌رنامه کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی له باشوری کوردستانه. کاک ره‌حیم پێیان ده‌لێ که ئێمه که‌مپه‌ینمان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه وه‌رێ خستووه و کێشه‌ی ئێمه هیچ شه‌خسێک نیه به‌ڵکوو ده‌نگی ئامریکا بێ‌لایه‌نی رانه‌گرتووه و من وه‌ک ئه‌ندامێکی که‌مپه‌ین ناتوانم له به‌رنامه‌یه‌ک به مژارێکی دیکه‌دا به‌شداری بکه‌م و ستۆدیۆ به‌جێ ده‌هێڵێ.
لێره‌وه راده‌گه‌یه‌نین که که‌مپه‌ین ئیدامه به کاری خۆی ده‌دات و به‌رده‌وام ده‌بێ له ده‌ڕبڕینی ناره‌زایه‌تی و گه‌یاندنی په‌یامی خۆی به شوێن و به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار.

Friday, August 7, 2015

ئاڵای ئەڤین بە دارهەنارەوە



رەحیم رەشیدی
لەگەڵ ئەوەی نوقمی هاتوهاواری ژیانی رۆژانە بم، لە نێو ئەم هەڵات هەڵات و تەنگوچەڵەمەی رۆژگاردا بکەومە پاڵەپەستۆ، لێ هەر کەلەبەرێک پەیدا دەکەم بۆ ئەوەی یادێک لە چاوەکانت بکەمەوە؛ کە هەردەم تەزوو بە لەشم دا دێنن. گوێمان بەوە ئاخێنراوە کە مرۆڤەکان دەبێ مافی بەرانبەریان هەبێ، رەنگە ئەوە بابەتێکی گشتگیر بێ کە كەس لە كەس كەمتر یان زیاتر نیە...
کەسم، من ددان بەو راستییەدا دەنێم کە لە ئاست هێزی ئەڤین و نیگای چاوەکانت دا، هەردەم خۆم لە پلەیەکی خوارتردا دیتۆتەوە، بە بێ ئەوەی هەست بە نیگەرانی بکەم!. لە سەردەمێکدا کە ئێمە پێکەوە ناتوانیین تەنانەت وێنەیەکی یادگاری بگرین و بڵاوی کەینەوە، یان وێکڕا لە ئێوارەیەکی ئەفسووناوی دا چۆرێک شەراب بنۆشین. سەرباری هەموو ئەم ئاستەنگانەش، ئەڤینی تۆ هەردەم وام لێدەکات کە بەردەوام لە ناخەوە بهەژێم و ئەو تونا بێ سنوورەم تێدا چێ دەکات کە ترس لەغاو بکەم. وابیر دەکەمەوە کە هەموو ئەو رێگایانە راست و بێ پێچ و پەنان کە دەمگەیەنەوە تۆ، ئەمەیە کە هێزو وزەی بڕینی رێگا دوورو ئەستەمەکانیشم پێ دەبەخشێ، هەردەم و لە گشت ساتەوەختەکاندا، لە نێو دژواری و دیاردە تاقەت پروکێنەکانی ژیان دا هێزێکی ئەوتۆم تێدا سەرهەڵدەدات کە دەبێ بەردەوام بم، بە بێ ئەوەی بابەتەکان بەسەر راست و ناراست دا دابەش بکەم.
ئەم هەستە دەمکاتەوە بەو منداڵەی کە دارە دارە دەکات و لە کەوتن ناترسێ، ئەو بۆ هەنگاونان بەردەوام دەبێ، دووپات کردنەوەی هەڵەکانی کەوتن و هەستانەوە؛ فێری راوەستان و رێگاچوونی دەکات...
حەزی ناخم شەپۆلان دەدات، ئەمە وای کردوە، ئاڵای ئەڤین بە دارهەناری یادەکانتەوە هەڵواسم. بیر کردنەوە لە تۆ لە نێو گێژاوی ئەم دونیا دا، سیمای ئەو دیو دیوارەکانم پێ نیشان دەدات کە دەتوانم شتەکان بە جۆرێکی دیکەش ببینم. بەڵێ؛ دەتوانم باوەڕ بێنم کە ئەوەی ئەمرۆ راستە، رەنگە سبەی هەڵە بێ، ئەوەی ئێستا پێمان هەڵەیە رەنگە داواتر راست بێ، کەوایە هێزی ئەڤینی تۆ لە هەموو سەردەمەکان دا، وزەی بەردەوامی و دەست بردن بۆ شتە باوو بڤەکانیشم تێدا زیندوو رادەگرێ.
تاقانەکەم، ئێمە پێکەوە هەموو شتە باوەکان بە چاوێکی دیکەوە سەیر دەکەین و دەیانخوێنیینەوە. بۆ ئەوەی وڵامی نوێ بۆ کۆی ئەو پرسیارانە ببینیینەوە کە پێشترو لە مەوداێکی بەرینتردا، وڵامەکانیان بۆ ئامادە کراوە. ئەگەر وانەبین و وانەکەین، ژیان دەوەستێ و ئیدی هیچ پێشڤەچوونێک لە ئارادا نیەو ئەوەی هەیە خولانەوەیە لە نێو بازنەدا کە ناوی دەنرێت ژیان. ئەزانی خۆ، ئەگەر ئەمە سەربگرێ، ئەوە مرۆڤ لە دایک دەبێ بۆ مردن نەک بۆ ژیان!. ئاوا، بەڵێ ئاوا، تەنیاو تەنیا ئەڤین و حەزە بێ سنوورەکانی خۆشەویستی جێگا بە ترس چۆڵ دەکەن و بۆشاییەکانی ژیان بە رەنگی جوانی رەنگرێژ دەکەن.
من لەگەڵ ئەوە راهاتووم و باش تێیدەگەم کە هەوڵدان بۆ بینینت بە هەر رێگاوو بیانویەک کە خۆمی پێ رازی بکەم، مەوداکانی بیرکردنەوەم واڵاتر دەکەن و هێزی جەسووری و زیرەکیەکی سەیرم تێدا دەڕوێنن.
ئالێرەدا، دەتوانم بە قوڵی لە هەستی دەروونی نابینایەک تێگەم کە بە دەست لێدان هەموو کونج و کەلەبەری ماڵەکەی پێ دەزانێ. ئێمە بە هۆی ترسەوە لە تاریکی تۆقیووین، کەچی نابینایەک کە ژیانی خۆش دەوێ، بۆ رووناکی و تاریکی یەک هەست و ڕوانگەی هەیە. ئەوە مێلۆدی دەنگەکانن کە هێزی ئەڤین و مانەوە لە نابینادا رادەگرن و ناهێڵن تاریکی و ترس جێگای سەوداسەری بۆ ژیانیان لا کاڵ بکاتەوە. ئێستا کە لێت دوورم؛ دەمهەوێ گوێم لە دەنگت بێ، بۆ ئەوەی وەکوو نابینایەک چاوەکانم ببەستم و دەست لەو یادگاریانە وەردەم کە هەموو کات پێکەوەمان گرێ دەداتەوە. چوونکە بەم چەشنە دابڕان و دووری بێ ماناو بەتاڵ دەکەینەوەو هەردەم مەوداکانی نێوانمان کورترو کورتر دەبێتەوە...
تەنها کەسی هەموو کەسم، ئەو کاتەی تۆ بە نیگایەکی سێحراوییەوە لێم دەڕوانی، تروسکایی ڕوانیینت لە رۆحمدا جێدەگرێ و داری هیوام ئاو پرژێن دەکات، ئیدی من سەر لە نوێ دەژیمەوە. ئێستا حەزی بینیینت سەرتاپای وجوودی داگرتووم و هەست بە گەرمایی لەشت دەکەم کە ئارامییەکی ئەبەدی و بێ بڕانەوەم پێ دەبەخشێ. ئێمە لەوە تێپەڕیوون کە لەشمان لە یەکتر بترسێ وەکوو ئەو منداڵەی کە لە نەکاو ئاوێکی سارد بەسەر جەستەی دا برژێ و بلەرزێ. ئازیزی هەموو سەردەمەکان، گەرمایی دەستەکانت هەموو دەمارەکانی وجوودم دەکاتەوەو خێرای خوێن بەرەکانی لەشم خێراتر دەکات و هێزی خۆراگری و بەردەوامی بڕینی سنوورە دوورەکانیشم دەداتێ.
ئێستا کە بەدەم بزەوە ئەم دێرانەت بۆ دەنووسم، تاکوو شێعر یان ئاوازێکت بیربخەمەوە، سەرتاپای وجوودم بۆت ئاگراوییەو تاکوو کۆتایی خودکان بیر لە دیداری تۆ دەکەمەوە.
ناتوانم هەروا سووک و سانا تارای ڕەش بەسەر ئەم یادوەریانەدا بدەم و تۆ بە فەرامۆشی بسپێرم، چوونکە ئاوا ئیدی مەرگ دەگاتێ و ژیان کۆتایی دێت و ئیدی بوار بۆ بۆشایی دەرەخسێ و من لە تارمایی دا نوقم دەبم...
بەڵێنم پێبدە کە پێکەوە ئاڵای ئەڤین بە دارهەنارێکەوە بکەین. گوێ نادەینێ کە چ وەرزێکی ساڵە، سارد بێ یان گەرم، باران بێ یان کرێوە، گرینگ ئەوەیە ئێمە جستەمان لە یەکتر نزیک بێ و لێوەکانمان لەسەر لێوی یەکتر دابنێین بۆ ئەوەی ئاوا هەناوو رۆحمان لە ترس و تاریکی ئەم سەردەمە خاوێن کەینەوە.
ئەمەیە رێگای راستەقینەی ژیان، ئێمە پێکەوە لە ئامێزی یەکتردا، لە بن ئەو دارهەنارەی کە ئاڵای ئەوینمان پێوە کردوە، جیهاد و نیکاح لە قامووسی مرۆڤایەتی دا دەسڕینەوە، دەست لە ملی هەتاوو دەکەین و جەستەمان بە بۆنی خاکی پاش باران دەسپێرین و بۆ ئەبەد بە بێ ترس گۆرانی دەخوێنین و گوێ بە کەس نادەین، هەر ئاواش ئۆقرە دەگرین و ژیان سانا و پڕ لە ئاسوودەیی تێپەڕ دەکەین و بەرگەی گشت نەهامەتییەکان دەگرین.
کەسم، رەنگی چاوەکانت لە نێو هەزاران هەزار رەنگی دونیادا دەناسمەوە.
کات شاد و ئاگات لە دەستەکانت بێ بۆ ئەوەی لەسەر جەستەی ماندووم ئاهەنگی گۆرانیەکی کۆن و قەدیمی لێبدەیەوە.
تاوێکی دیکە نا، تکایە هەر ئێستا دەمهەێ گوێم لە دەنگت بێ!