Archive

Saturday, October 27, 2007

چه‌ن ته‌نیام

دره‌نگانی شه‌وه‌، شه‌و داوێنی خۆی کۆ د‌ه‌کاته‌وه، من هه‌موو شه‌و خۆم له شه‌و هه‌ڵسووه.

وای، وای که کڵافه‌ی ئاڵۆزی بیره‌کانمم کۆنابێته‌وه، نه خه‌و ده‌چێته دیده‌م نه بۆنی شه‌و داگیرم ده‌کات.

په‌نجه‌ره‌ی ژووره تاریک‌و ته‌نیاکه‌مم کردۆته‌وه، بۆنی پایز، کزه‌ی سه‌رما، ره‌نگی شه‌و له ژووره‌که‌م ئاڵاوه.

هه‌رچی خۆم گرمۆڵه ده‌که‌م، په‌نجه‌کانم له پرچه‌ ئاڵۆزه‌کانم‌دا نوقم ده‌که‌م، خه‌و نامباته‌وه‌وو له باوشی تاریکی‌دا ناشاردرێمه‌وه.

ئازیز، پێویستیم پێته، تاکوو ئاهه‌نگی ده‌نگت بڕژێته هه‌موو ده‌ماره‌کانی له‌شمه‌وه، پێویسته له‌شی ساردو سڕی ته‌نیام له باڵات بخشێت، به‌ڵکوو جه‌سته‌ی تینووم ئۆقره بگرێ‌‌، به‌شکم دامرکێم.

سووتان

پشکۆیه‌کت خسته ناو دڵمه‌وه‌و
له تاریکه‌شه‌وی ئه‌م شاره‌دا به جێت هێشتم.
ئه‌گه‌ر رۆژێ گه‌یشتمه ئاستانه‌ی دیدارت
پرسیاری تاریکایی‌و رووناکیم لێ مه‌که
من هه‌ر ته‌نیا باسی سووتان ده‌زانم.

له کتێبی: هه‌موو رازاکانی من ئاشکرایه‌و هه‌موو ئاشکرای تۆ راز
فه‌‌رهاد شاکه‌لی

Tuesday, October 23, 2007

له خۆزگه‌وه

"واڵت وێتمان"
"ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا بژیم، چونكه ئه‌وان بێده‌نگن و نقومی ژیانی ئێستای خۆیانن، ئه‌وان هیچ كاتێك له‌بارودۆخی ژیانی ئێستای خۆیان ناڕازی نیین."
-------------------------------------------------------------------------------------

"ولیام شكسپیر" ده‌ڵێت: "گوێ به‌و بابه‌تانه‌ مه‌ده‌ن، كه هیچ ڕێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنیان نییه، چونكه ئه‌وی ڕوویداوه ناگه‌ڕێته‌وه."

Sunday, October 14, 2007

کوا شه‌راب بۆ فرۆشتن ئه‌بێ؟

ئه‌م ڕۆژانه پایز خۆی له من پێچاوه‌. ئه‌م ڕۆژانه من یه‌کجار پایزاویم. ره‌نگه من خۆم له پایز پێچابێت‌و له کۆڵی نه‌بمه‌وه، هه‌رچۆنێک بێت من‌و پایز ئاشنا به‌یه‌کین.

لێره وه‌رزه‌کان مانای هه‌یه‌، بووژانه‌وه‌وه ئاوس بوونی سروشت‌و حه‌زو ئاواته‌کان، مانای هه‌یه‌. هه‌میشه خه‌زان نییه، که‌چی هێشتا بۆ من هه‌ر خه‌زانه‌و خه‌زانی من که‌نگێ کۆتایی دێت نازانم. ڕه‌نگه بیری کۆتایی هاتنی ئه‌م خه‌زانه ئاوا منی زرت‌و زیندوو ڕاگرتبێ.؟!

به بێ ئه‌وه‌ی هۆکارێکی تایبه‌تی شک به‌رم، له‌خۆڕا دڵم به‌وه خۆش کردووه پایزی ئه‌مساڵ زۆر جیاواز له پایزی ساڵانی پێشووه.

من تاکوو ئێستا قه‌ت نه‌بووه ئاوات بخوازم بڕۆم بۆ سه‌فه‌ری وڵاتێکی دیاری کراو. که‌چی سه‌ره‌تای پایزی ئه‌مساڵ چووم بۆ سه‌فه‌ر، سه‌فه‌ر بۆ وڵاتی ئیتالیا. سه‌فه‌ر له جیاتی که‌سی دیکه، سه‌یره!

بیستوومه خه‌ڵکی به جێگای یه‌کتر ده‌رۆن بۆ حه‌ج، به تایبه‌ت ژنان‌و پیاوانی پیر هێندێک که‌س راده‌سپێرن‌و خه‌رجیان ده‌ده‌ن به جێگای وان بڕۆن بۆ حه‌ج. به‌ڵام بۆ ئیتالیا نا.

به هۆی بارودۆخی تایبه‌تی ئیتالیا‌و ده‌وروو ڕۆڵی ئه‌م وڵاته له مێژوودا، ئێمه هه‌ر له منداڵی‌یه‌وه تاکوو ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ وڵاتی ناوبراو ئاشنا بووین.

دواتر که هێندێک گه‌وره‌ بووین زۆرترمان له‌سه‌ر "ئیمپراتوریه‌تی ڕۆم" خوێنده‌وه. له‌سه‌ره‌تای لاویه‌تیم‌دا جیا له بابه‌ته گشتیی‌یه‌کانی پێوه‌ندی‌دار به وڵاتی ئیتالیاوه، نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌و وڵاته‌، واته "ئانتۆنی گرامشی"م له رێگای نووسینه‌کانی‌یه‌وه ناسی‌و زۆر خۆشم ویست‌...

به‌ڵام دواتر شه‌رابی به‌ناوبانگی ئیتالیام تام کردو پێم وا نییه ئیدی قه‌ت واز له تام کردنی بێنم. که له ئیتالیا بووم‌و شه‌رابی سووری ئیتالیام ده‌نۆشی، له بیری وته به‌ناوبانگه‌که‌ی خه‌یام‌دا بووم که وتویه‌تی: "...شراب ده‌فرۆشی چی باشتر له شراب ده‌کڕی".

له بیرمه ساڵی 2000ی زایینی، له وڵاتی تورکیه بۆ یه‌که‌مین جار له‌گه‌ڵ نووسراوه‌ی ڕۆمان نووسێکی ئیتالیایی به ناوی "ئالبا دێسێس پێدس"، ئاشنا بووم. نازانم ڕۆمانی "از طرف او"، "له لایه‌ن ئه‌وه‌وه"، خوێندۆته‌وه یان نا؟

وای که ئه‌م خاتوونه له‌م ڕؤمانه‌دا ژنانه زۆر ژنانه پێنووس تاو ده‌دات، چێژی زۆم له‌م ڕۆمانه وه‌رگرت، هه‌وڵ بده‌ن بیخوێنه‌وه‌.
پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه قووڵتر له هه‌ست، ڕوانگه، بیرو بینیینی ژنان سه‌باره‌ت به پرس‌و بابه‌ته‌ جیاوازه‌کان تێگه‌یشتم.

له سه‌فه‌ری ئیتالیا وه‌کوو هه‌موو سه‌فه‌ره‌کانی دیکه ته‌نیا بووم، به‌ڵام هه‌ستێکی جیاوازم هه‌بوو، هه‌ستێک که ده‌بێ ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌ر بێمه‌وه بۆ ئیتالیا.

دواتر له‌سه‌ر سه‌فه‌ری ئیتالیا زۆرترو ورتر ده‌نووسم.

Monday, October 1, 2007

"لاوان" له قۆناخی تازه‌ی تێکۆشان‌دا.

پاش ئه‌وه‌ی هاوڕێیانی به‌رێزی رێبه‌رایه‌تیی یه‌‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی چوار، داوایان لێکردم بۆ ئه‌م ژوماره‌یه‌ی گۆڤاری "لاوان" بابه‌تێک بنوووسم، ئه‌م داوایه‌م قبوڵ کرد‌و بڕیام‌دا قۆڵی لێهه‌ڵکه‌م‌و له‌مه‌ به‌دواوه بۆ هه‌ر ژوماره‌یه‌کی لاوان به گوێره‌ی ده‌رفه‌ت هه‌وڵ بده‌م بابه‌تێک بنووسم.

له‌ ڕاستی‌دا پاش ئالۆگۆری بیروڕا له‌م باره‌وه پێشنیارم کرد له‌مه‌‌و پاش ستونێک له گۆڤاری "لاوان"‌دا به ناوی "لاوانه" بکرێته‌وه. ئاشکرایه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه به روانگه‌و رۆحێکی لاوانه‌ بۆ ئه‌م ستوونه بنوسرێت‌و زۆرتر هه‌وڵ بدرێ بابه‌تگه‌لێک له‌م ستوونه‌دا جێبگرن که سه‌باره‌ت به کارو تێکۆشانی رێکخراوه‌که‌مانه؛ یان پتر ئه‌و باس‌و بابه‌‌تانه بدرێته‌ به‌ر سه‌رنج که تایبه‌ت به تێکۆشانی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌و پرس‌و بابه‌تگه‌لی پێوه‌ندی‌دار به‌م رێکخراوه پان‌و به‌رینه‌وه‌ سه‌رنجی بدرێتێ‌‌.

چ باش ده‌بێ هه‌مووان له چوارچێوه‌ی نۆڕم‌‌و یاسا‌و خاڵه په‌سه‌ندکراوه‌کانی ڕیکخراوه‌که‌مان‌دا که به‌رهه‌می ئیراده‌ی گشتیی‌یه‌، له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی‌دا، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م رێکخراوه‌ تێبکۆشین‌و به هه‌ست کردن به‌‌و به‌رپرسایه‌‌تی‌یه‌ که له قۆناخی ئێستا‌دا که‌وتۆته‌ سه‌رشانمان له توانای هه‌مووان که‌ڵک وه‌ربگرین‌و هه‌ر هیچ نه‌بێت به دلفراوانی‌یه‌وه نه‌ختاڵیک واوه‌تر بڕوانیین.

وا بیر ده‌که‌مه‌وه گۆڤاری "لاوان" تاکوو هه‌نووکه شوێنه‌وارێکی زۆری له‌سه‌ر بیرو ڕوانگه‌کانی لاوان دانا‌وه‌و ده‌کرێ به سه‌رنج دانی پتر به خواست‌و ئاواته‌کانی لاوان خۆدیتنه‌وه‌ی وان له‌ نووسراوه‌و بابه‌ته‌کانی ئه‌م گۆڤاره‌دا، هه‌‌رکه‌س به گوێره‌ی توانا‌و لێهاتوویی خۆی، خۆی تێدا ببینێته‌وه‌و له‌م به‌ستێنه‌دا ئێمه هاوکار‌ی‌و یارمه‌تی پێویست پێشکه‌ش بکه‌ین.

ئاشکرایه بۆ به‌دی هاتنی وه‌ها ئامانجێک پێویسته ڕێبه‌رایه‌تی به‌گشتیی‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گۆڤاری "لاوان" به‌تایبه‌تی به‌ڕوانگه‌یه‌کی کراوه‌‌تر بۆ پرسه پێوه‌ندی‌داره‌کانی لاوان بڕوانن‌و به‌جیددی ئاوڕ له‌و کێشه‌و ئاسته‌نگانه بده‌نه‌وه که له دۆخی ئێستای ژیانی لاوان‌دا به‌رۆکی لاوانی گرتۆته‌وه‌.

پێم وایه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه وه‌‌ها ئامانجێک گه‌ره‌که له ئاوات، خواست، ڕوانگه‌و حه‌زه‌کانی ئه‌وان تێبگه‌ین‌، هه‌ڵبه‌ت ته‌نها تێگه‌یشتن له‌ وه‌ها بارودۆخێک ناتوانێ کارساز بێت، کارسازی کاتێک ده‌توانێ به ته‌واوه‌تی به‌هره‌ به‌ده‌سته‌وه بدات‌و وه‌کوو ده‌ست‌ مایه‌ له ژیانی ڕۆژانه‌دا که‌ڵکی لێوه‌رگرین که نه ته‌نیا رێز له جیاوازی‌یه‌کان بگرین، به‌ڵکوو پاراستنی جیاوازی‌یه‌کان به مه‌رجێک له چوارچێوه‌ی بڕیاره گشتیی‌یه‌کان‌دا بێ‌و له بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی نه‌ترازێن، ده‌روه‌ست به به‌رینترکردنه‌وه‌و پاراستنیان بین.

پێویسته باوه‌ڕ به‌و راسته‌قینه‌یه‌ بێنیین که له هه‌لومه‌رجی ئێستای تێکۆشانی یه‌کیه‌تیی‌یه‌کامان‌دا، به له‌به‌ر چاو گرتنی تێکۆشانی به‌ربڵاوی ئه‌م رێکخراوه‌یه که به‌هه‌زاران لاوی نیشتمان په‌روه‌ری کوردی ڕۆژهه‌لاتی کوردستانی له ده‌وری به‌رنامه‌و دروشمه‌کانی کۆکردۆته‌وه، ئیدی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی "لاوان" ته‌نیا له‌سه‌ر ژیان‌و ڕوانگه‌ی لاوانی نیشته‌جێ له ئۆردوگاکان کاریگه‌ری نییه‌‌و ئه‌م کاریگه‌رییه‌ به هۆی چووکتر بوونه‌وه‌ی رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژی جیهان‌و خێراتر بوون‌و پێشکه‌وتووتر بوونی ڕایه‌ڵه‌کانی پێوه‌ندی‌‌، له بواری وه‌رگرتن‌و به‌رێکردنه‌وه، هه‌ر زۆر زوو له‌م سه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری دونیا ده‌گوازرێته‌وه‌و کاریگه‌ری داده‌نێت‌و له هه‌مان حاڵ‌دا باندۆڕ وه‌رده‌گرێت.

که‌وایه ئێمه‌ ده‌بێ به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه نوێ‌یه‌، نوێ بۆ پرس‌و بابه‌ته پێوه‌ندی‌داره‌کانی لاوان بڕوانین‌‌و له قۆناخی تازه‌ی تێکۆشانی خۆمان‌دا به کرده‌وه نوێکاری پێویست بێنینه ئاراوه‌و به ڕۆحی سه‌رده‌م له‌گه‌ڵ دیارده‌کان‌دا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین.
تێبێنی:
ئه‌م بابه‌ته بۆ یه‌که‌مین جار له ژماره‌27ی گۆڤاری "لاوان" ئۆرگانی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا بڵاوو کراوه‌ته‌وه.