Archive

Saturday, October 17, 2015

ئەمریکا بۆ حیزبە کوردییەکان: بە زوترین کات رێککەون

ئەمریکا بۆ حیزبەکانی کوردستان: "داوا دەکەین لە کورترین ماوەدا رێککەون."

وێنە: رەحیم رەشیدی و مارک تونەر

رەحیم رەشیدی: رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، لە "مارک تونەر" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکام پرسی: ئێمە ئاگادارین کە هەنووکە لە کوردستان ململانێ لە نێوان حیزبە سیاسییەکان دا هەیە، پرسیارەکە ئەوەیە کە سەقامگیری کوردستان چەندە بە لای ئەمریکاوە گرینگە؟:
مارک تونەر: بەلێ، ئەوە پرسیارێکی باش و گونجاوە. ئێمە لە هەمبەر ئەو کێشەو ئاڵۆزییە سیاسیانە بەپەرۆشین کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ئارادایە. هەر وەکوو لە ماوەی حەوتووی رابردوودا خۆنیشاندانی توندوتیژی لێکەوتەوە. دەبێ هەموو لایەک بەرێزەوە بجوڵێنەوەو سنووری ئازادی ڕادەربڕین و ئارامی بپارێزن کە ئەمەش هێمای بەرژەوەندی گشت لایەکە. 

ئێمە زۆر بە جیددی داوا لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە بە بەرنامە هاوکاری یەکتر بکەن و پێکەوە رێکبکەون بۆ چارەسەری خاڵە پێکناکۆکەکان لە کورترین ماوەدا. 
هەروەکوو لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەم پێکرد، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ڕووبەڕووی نەیارە سەرەکیەکەی واتە داعش ببێتەوە. 
لە هەمان کات دا ئێمە خوازیارین کە هەولێر زیاتر گرینگی بە دابین کردنی پێداویستییەکانی مرۆیی بدا بۆ پەنابەرو لێقەوماوان و هاوکات ژێرخانی ئابووری خۆی بەهێز بکات بۆ بەرژەوەندی گشت خەڵکی هەرێمەکە.

Friday, October 9, 2015

زۆر بەرێز سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا

زۆر بەرێز سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا




پاش سڵاوو رێز
پێشەکی پیرۆزبایی بەرێوەچوونی ٢٧هەمین کۆنگرەی ساڵانەتان لێدەکەم. لە دڵەوە هیواخوازم کە باس و بابەتەکانی ئەم کۆنگرەیە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی کوردو چڕبوونەوەی رۆحی کوردستانی، لەم هەلومەرجە ناسکەدا، کە رۆژهەڵاتی ناڤین پێیدا تێپەڕ دەبێ. 

بەرێزان!
لەکانگای دڵەوە سپاسی دەعوەتەکەتان دەکەم؛ لە هەمان کاتدا داوای لێبوردن لە ئێوەوو سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە دەکەم، کە بە هۆی باروودوخێکی نەخوازراو ناتوانم بۆ پێشکەش کردنی وتارەکەم بەشداری ئەو کۆنگرەیە بکەم، کە رۆژانی ١٠ و ١١ی ئەم مانگە، لە شاری تۆرونتۆی وڵاتی کەنەدا بەرێوە دەچێت.

جارێکی دیکە وێرای داوای لێبوردن، هیوام وایە کە کۆنگرەیەکی پڕ دەسکەوتان هەبێ.
لەگەڵ سپاس و پێزانیین
رەحیم رەشیدی
رۆژنامەوان و بەرپرسی ئۆفیسی کوردستان تی ڤی لە واشنگتن

Tuesday, October 6, 2015

ئاڵۆگۆرەکانی ئێران و نێوچە لە ڕوانگەی بەرێز حەمە ساڵە قادری






رەحیم رەشیدی
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، کاک حەمە ساڵە قاردی لە سیمنارێک دا لە دەڤەری واشنگتۆن قسەی بۆ کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

سەرەتای سیمینارەکە بە راگرتنی یەک خولەک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردو کوردستان، دەستی پێکرد.
پاشان بەرێز حەمە ساڵە قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، باسێکی سیاسیی سەبارەت بە دواین ئاڵۆگۆرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و پرسی کوردو پێگەی جەماوەی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لە قسەکانی دا پرسی نێوخۆیی ئێرانی هێنایە گۆرێ و لەم بارەوە ئاماژەی کرد کە تاران لە چوارچێوەی رێکەوتنی ناوکی دا لەگەڵ رۆژئاوا، بە تەواوەتی پاشەکشەی کردوە.
هەر لەم بەستێنەدا سەبارەت بە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتان و پشتیوانی ئەو رژیمەی لە تیرۆریزم خستە ڕوو، ناوبراو لەم بەستێنەدا ئاماژەی بە رۆڵی تێدەرانەی ئێران لە عێراق، بەحرەین، لوبنان و سوریە کرد.
قادری ڕای وابوو کە کردەوەکانی ئێران و رووسیە لە سوریەدا، دژ کردوەی جۆراوجۆری جیهانی بە دوای خۆی دا دێنێ، هەر بۆیە ئەو پێی وابوو کە دەبێ هێزی کورد یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن وڵامی ئەو هەلومەرجە نێویە بدەنەوە کە لە پانتایی رۆژهەڵاتی نێوەراست دا لە گۆڕییە. قادری لەم بەستێنەدا قارەمانەتی پێشمەرگەی دژ بە داعش بەرز نرخاندو هەروەها لەسەر ئەوە پێداگری کرد کە نابێ هێزە سیاسییەکانی باشوور خۆیان بە کێشەی لاوەکی سەرقاڵ بکەن و لەم چوارچێوەدا وتی کە لە کاتی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی زلهێز هاتونەتە نێو باسەکانەوەو پێداگریان کردوە کە دەبێ ئاسایش و سەقامگیری باشوری کوردستان پارێزراو بێ.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، کاک حەمە ساڵەی قادری باسی لە دواین ئالۆگۆرەکانی نێو حیزب سەبارەت بە جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەروەها هەوڵەکانی رێبەرایەتی حیزبی بۆ وەسەریەک کەوتنەوەی حیزبی دێموکرات شی کردەوەو ئەو لەم بارەوە هیوادار بوو کە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بە بەشداری هەر دوو لایەن بگیردرێت..
ئەوجار بەشدارانی سیمینارەکە پرسیارو تێبینییەکانی خۆیان هێنانە بەرباس و پاشان کاک حەمە ساڵە وڵامی سەرجەم پرسیارەکانی دایەوە.