رۆژی 5ی پووشپه‌ر، له لایه‌ن رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه به رۆژی جیهانی خه‌بات دژی ماده سڕکه‌ره‌کان دیاری کراوه.
بیرۆکه‌ی دیاری کردنی رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ ماده سڕکه‌ره‌کان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ رێکه‌وتی 17 تا 26ی ژوئه‌نی ساڵی 1987ی زایینی، که به‌شێک له وڵاتانی جیهان له کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی خه‌بات دژی ئێعتیاد‌و ماده بێهۆشه‌که‌ره‌کان به‌شدار بوون.
شیاوی وتنه، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک له چوار فه‌سل‌دا په‌سه‌ند کرا که پتر له 35 هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ی بۆ خه‌بات دژی ئه‌م دیارده ماڵوێرانکه‌ره له خۆ ده‌گرت. ئه‌م به‌ڵگه‌یه رۆژی 26ی ژوئه‌ن به‌رانبه‌ر به 5ی پووشپه‌ر په‌سه‌ند کرا. له راستی‌دا ساڵرۆژی په‌سه‌ند کردنی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌نامه‌یه‌ی کۆنفرانسی شاری ڤیه‌ن، پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش، وه‌کوو رۆژی جیهانی خه‌بات دژی ماده سڕکه‌ره‌کان دیاری کراوه.
له که‌س شاراوه نییه ئه‌مرۆ وڵاتی به‌ڵالێدراوی ئێران یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه به ده‌ست گیرۆده‌بووانی ئه‌م دیارده ماڵسووتێنه‌ره‌وه ده‌ناڵێنێ، زۆری‌و زه‌قی به‌کارهاتنی ئه‌م دیارده ناشیرینه به ڕاده‌یه‌که ته‌نانه‌ت کاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵاتی نابی موحه‌ممه‌دی سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بۆ شاردنه‌وه‌ی، ناچارن جاروبار له‌باره‌یه‌وه بێنه قسه‌و ئه‌گه‌ر به کاڵوکرچیش بێ شتێکی له باره‌وه ده‌ر‌بڕن.
رێکه‌وتی 1ی پووشپه‌ری ساڵی 1385ی هه‌تاوی رۆژنامه‌ی "سه‌رمایه" له زمان "په‌رویز مه‌له‌کی" سه‌رۆکی کۆمه‌له‌ی هه‌تاو که له کۆنفراسێک‌دا له باره‌ی "مواد مخدر" له شاری تاران که له فه‌رهه‌نگسه‌رای "ابن سینا" به‌ریوه‌چوو، ڕایگه‌یاند : " هه‌ر چه‌نده ئاماری فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی باس له‌وه ده‌کات یه‌ک میلیۆن‌و دووسه‌د هه‌زار که‌س موعتاد به به‌کارهێنانی مواد موخه‌درو 800 هه‌زار که‌سی دیکه‌ش بۆ سه‌رگه‌رمی "مواد مخدر" به‌کار دێنن، به‌ڵام سه‌رجه‌م نزیک به 20 میلیۆن تووشبوو به ماده سڕکه‌ره‌کان له ئێران‌دا هه‌یه...".
به گوێره‌ی ئاماره‌کانی رێژیم، که زۆریش به قازانجی خۆیان دایده‌شکێنن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ری بۆ په‌ز نه‌بێ، ساڵانه نزیک به 5000 که‌س به هۆی به‌کارهێنانی ئه‌م مادانه‌وه گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌مه له حالێکدایه ئه‌م دیارده به هۆی مشورنه‌خۆری‌و بێ ده‌روه‌ستی کاربه‌ده‌ستان‌و رۆلی به‌رچاوی خۆیان له گه‌شه پێدانی‌دا، به‌داخه‌وه رۆژبه‌رۆژ له حالی په‌ره‌سه‌ندن دایه.
گومانی تێدا نییه، دیارده‌ی کڕین‌و فرۆشتن‌و به‌کارهێنانی "مواد مخدر" دیارده‌یه‌کی جیهانی‌یه‌و پێویستی به ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی وشیارانه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. چوونکا ساڵانه باندو تاقمه مافیاکان به میلیارد دۆلار قازانج له قاچاغی ماده سڕکه‌ره‌کان به ده‌ست دێنن‌و به ئاسانی واز له‌م بازاڕه سوودهێنه‌ره ناهێنن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خه‌و پێویسته بیر تیژانه ئاوڕی لێبدرێته‌وه ئه‌وه‌یه، چاوه‌دێرانی کاروباری ئێران‌و رێکخراوه سیاسیی به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی رێژیمی تاران، کاربه‌ده‌ستان به‌وه تاوانبار ده‌که‌ن، ده‌وڵه‌ت به مه‌به‌ستی راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، به به‌رنامه له نێو‌و خۆ‌و ده‌ره‌وه په‌ره به بڵاوو کردنه‌وه‌ی ماده بێهۆشکه‌ره‌کان ده‌دات.
له ئاستی نێو‌و خۆدا بۆ گیرۆده‌کردنی لاوان‌و ئازادی خوازان‌و بوار ره‌خساندن‌و دوورخستنه‌وه‌یان له سیاسه‌ت‌و سه‌رکوتی هه‌ر حه‌ره‌که‌تێکی ناره‌زایه‌تی دژی رێژیم، به ته‌واوه‌تی په‌ره به به‌کارهێنانی ئه‌م دیارده ناحه‌زه خۆشی رفێنه ده‌درێت. ساڵانێکه رێژیم بزوتنه‌وه‌ی ماف ویستانه‌ی گه‌لانی ئێران به گشتیی‌و گه‌لی به‌لوچ به تایبه‌تی به قاچاخچیانی "مواد مخدر" ده‌ناسێنی. سیاسه‌تێکی چه‌واشه‌کارانه که به خۆشی‌یه‌وه قه‌ت کاریگه‌ری نه‌بووه‌و نابێ.
ئاشکرایه له‌م ساڵانه‌ی دوای‌دا زۆر که‌س هه‌بوون ته‌نانه‌ت جه‌گره‌کێش نه‌بوون، قه‌ت ره‌نگ‌و ڕووی موادی سڕکه‌ریان نه‌دیووه، به‌لام به هۆی ئه‌وه ماوه‌یه‌ک له گرتووخانه‌کانی ده‌وڵه‌تی‌دا بوون، پاش ئازدبوونیان به موعتادی‌و داماوی هاتوونه‌ته ده‌روو زۆربه‌یان به ئاشکرا کاربه‌ده‌ستانی رێژیمیان به هۆکاری موعتادی‌و گیرۆده بوونی خۆیان به ماده سڕکه‌ره‌کان تاوانبار کردووه.
باس له‌وه ده‌کرێ موحه‌ممه‌د ره‌زا ره‌حیمی پارێزگاری پێشووتری پارێزگای کوردستان ڕاشکاوانه وتوویه‌تی"... شانازی من ئه‌وه‌یه له ده‌ورانی به‌رپرسایه‌تیم‌دا له کوردستان، چه‌که‌م له لاوانی کوردستان وه‌رگرتۆته‌وه‌و وافورم له خزمه‌ت داناوون...". زۆر رێگای تێده‌چیت ئه‌م قسه‌ی ناوبراو راست بێت، چوونکا تاکوو چه‌ند ساڵ به‌ر له ئێستا رێژه‌ی موعتادان‌و کرین‌و فرۆشتنی "مواد مخدر" له کوردستان، له چاو باقی ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران له پله‌ی هه‌ره نزمی خۆیدا بوو.
به‌ڵام به خۆشی‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای حه‌وڵ‌و ته‌قه‌لای به‌ربلاوی کاربه‌ده‌ستانی رێژیم بۆ ده‌سته‌مۆ کردن‌و ده‌سته‌وه‌ستان کردنی خه‌ڵکی کوردستان، خه‌بات‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ڕوو له گه‌شه‌یه‌و لاوانی کورد سه‌رو دڵخۆش‌و هیوادار به دوارۆژێکی ڕوون له ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی میللی _ دێموکراتی گه‌له‌که‌مان‌دا ڕۆڵی شایان ده‌له‌یزن.
ئێستا خه‌ڵک باس له‌وه ده‌که‌ن له شاره‌کانی کوردستان مۆره‌و بانده‌کانی سه‌ر به رێژیم به ئاشکراو به به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه، په‌ره به‌م دیارده ماڵوێرانکه‌ره ده‌ده‌ن‌و ته‌نانه‌ت له زۆر جێگا "مواد مخدر" زۆر هه‌رزانترو ئاسانتر له سیگار ده‌ست ده‌که‌وێت. ئه‌مه‌ش بێ گرێ‌و گۆڵ ڕۆڵی نزۆکی رێژیم بۆ له داوخستن‌و داماو کردنی خه‌ڵکی ماف ویستی کوردستان به ڕوونی نیشدان ده‌دات. هه‌وڵێک که وه‌کوو باقی سیاسه‌ته‌کانی کاربه‌ده‌ستان له دژی خه‌لکی بێ مافی کوردستان به وشیاری‌یه‌وه هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت‌و به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه.
له بواری نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه کاربه‌ده‌ستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باوه‌ڕیان وابووه بۆ له نێوبردنی به‌ره‌ی کافر‌و مورته‌دو شه‌یتانی گه‌وره، واته وڵاتانی ئازاد‌و دێموکرات، وه‌کوو ئه‌رکێکی دینی پێویسته ئه‌م دیارده دژی ئینسانی‌یه به‌رێوه‌بچێ. له‌م باره‌وه "ئه‌کبه‌ر گه‌نجی" یه‌کێک له مۆره‌کانی دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای ئیتلاعات که به‌م دوایانه ڕووی له ده‌سه‌ڵات وه‌رگێراوه‌ته‌وه، به به‌ڵگه‌وه باس له رۆڵی دام‌و ده‌زگای رێژیم به گشتیی‌و سه‌عید ئیمامی یه‌کێک له کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی وه‌زاره‌تی ژیان تێکده‌ری ئیتلاعات، فه‌رمانده‌ی تیرۆری نه‌یارانی رێژیم‌و قه‌تڵه زنجیره‌یه‌کان به تایبه‌تی ده‌کات، ناوبراو له ده‌ورانی سه‌رۆک کۆماری چاکسازی‌خوازدا، گۆیا له زیندان به هۆی خواردنی واجبی خۆی کوشتووه. ئه‌مه له حالێدایه ده‌وترێت کاربه‌ده‌ستان له‌وه ترساون سه‌عید ئیمامی له به‌ندینخانه ئازاد بێت‌و نهێنی‌یه‌کان ئاشکرا بکات، وه‌کوو ده‌یان مۆره‌ری تری خۆیان پاش بێ که‌ڵک بوونیان، له ناویان بردووه.
قسه‌ی تێدا نییه کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێران، له جیاتی ئه‌وه‌ی به سازکردنی پارک‌و سه‌یرانگا، شوێنی وه‌رزشی‌و ڕاهێنان‌و قوتابخانه، پێکهێنانی بازاری کار‌و کاسبی بۆ خه‌ڵکی ئێران به گشتیی‌و توێژی لاوان به تایبه‌تی، ببنه هۆ‌و هۆکاری په‌ره‌پێدانی خۆشگوزه‌رانی‌و سه‌رو دڵگه‌رمی خه‌ڵک به ژیان، سه‌رمایه‌ی وڵات بۆ خۆ پڕچه‌ک کردن‌و سه‌رکوتی جودابیران‌و ئازادی‌خوازان‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئیدئولۆژی ناسه‌رده‌میانه‌ی کێشه خولقێنی خۆیان، له پێناوی پاراستنی ده‌سه‌ڵاته ناڕه‌واکه‌یان‌دا، به ناڕه‌وا به‌کار دێنن.
ئه‌گه‌ر بێ لێاقه‌تی‌و کار لێنه‌هاتوویی کاربه‌ده‌ستان نه‌بێت ئه‌م هه‌موو به‌ڵاو نه‌هامه‌تی‌یه بۆ ئاوا به‌رۆکی خه‌ڵکی خێر له خۆ نه‌دیتووی ولاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌کوو ئێرانی گرتووه.؟!
به‌و هیوایه هه‌موو مروڤه به‌رپرسه‌کان، وێرای ناوه‌ندو ده‌وڵه‌تانی دێموکرات، به ئیراده‌یه‌کی پته‌وتره‌وه ڕووبه‌رووی ده‌وڵه‌تان‌و تاقمه‌کانی په‌رپێده‌ری "مواد مخدر" ببنه‌وه تا ئه‌م دیارده ماڵوێرانکه‌ره چیدی ژیان‌و سلامه‌تی کۆمه‌ڵگا‌و ئینسانه‌کان به خۆرایی له ناونه‌بات‌و چاره‌نووسی نه‌وه‌کانی داهاتوو له مه‌ترسی نه‌که‌وێت.
Monday, June 25, 2007
رۆژی جیهانی خه‌بات دژی ماده سڕکه‌ره‌کان‌و چه‌ند سه‌رنجێک!
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment