Archive

Sunday, April 14, 2013

حیزبی دێموکراتە ئیدی!



رەحیم رەشیدی

حیزبی دێموکراتی کوردستان گەورەیە، مەزنە، خاوەن ڕابردوویەکی پڕشنگدارو سەدان سەروەری مێژووییە، خەڵک خۆشی دەوێ، هیواو ئۆمێدی بە میلیۆنان مرۆڤی هەژارو چەوساوەیە، خولیاو ئەوینی بە سەدان هەزار مرۆڤی سەوداسەری ئازادییە.
حیزبی دێموکرات هیچ کاتێک کارو خەباتی خۆی بە چاوی خەڵکی دیکەدا نەداوەتەوە. حیزبی دێموکڕات زۆر کەسی فێری ژیانی شەرافەتمەندانەو راوەستان لە بەرانبەر دژوارییەکان دا کردوە. لەسەریەک زانستگایەکی بەرینە کە هەر کەس حەزی لێبێ دەتوانێ لێی فێر بێت.
حیزبی دێموکڕات کاتی خۆی چاو ساخی هەموو حیزب و رێکخراوە کوردییەکان بوو بۆ ناسین و بەشداری کردن لە کۆڕو کۆبوونەوەی ئەنتەرناسیۆناڵی سۆسیالیست و زۆر ناوەندی دیکەی جیهانی دا...
ماوەیەکی زۆر بوو کە حیزبی دێموکڕات بە بەرنامەو بە گوێرەی سیاسەتێکی دیاری کراو زۆر گرینگی بە "ئەنتەر ناسیۆناڵی سۆسیالیست" نەدەداو لەو کارەش ئامانجی تایبەتی خۆی هەبو. سیاسەتی حەکیمانەی بەرێز هیجری و تیمەکەی لە رێبەرایەتی دا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وێرای هیدایەت کردنی سەربەرزانی حیزب بۆ پێشەوە، چەند دەسکەوتی گەورەی سیاسییان لە ئاستی نێوخۆیی، نێوچەیی و نێونەتەوەیی دا دەستەبەر کردوە.
لە دواین کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوەدا لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی کە سکرتێری حیزب کاک موستەفا هیجری ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەو حاڵەش لەسەر پێداگری و داوای ئەنتەرناسیۆناڵ سۆسیالیست و پاش راوێژی لایەنەکان هەوڵی زۆر حیزب و لایەن بۆ پەراوێز خستنی دێموکرات، ئەوجار حیزبی دێموکڕات ئامادە بوو کە پۆستی جێگری کۆمیتەی کوردان لەو رێکخراوەدا قبووڵ بکات...
ئەمەش نیشانەی گەورەیی، ڕابردووی درەوشاوەو جێگەو پێگەی حیزبی دێموکرات لە کۆڕو کۆمەڵی نێونەتەوەیی دایە. هەر وەکوو حیزبی دێموکڕات لە نێو دڵی بە میلیۆنان مرۆڤی کورد دایە!
پۆستێکی وەها، لەگەڵ ئەوەی بۆ حیزبی دێموکڕات و لە چاو ڕابردوو، چالاکی و هەڵسورانی بەرینی ئەو حیزبە زۆر کەمە، بەڵام بۆ جارێکی دیکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە حیزبی دێموکڕات هەر ناو نیەو نێوەرۆکیشەو مێژووی تەژی لە سەروەری ئەم حیزبە هیچ کەس و تاقمێک ناتوانێ بە ئاسانی پاوان و هەرزان فرۆشی بکات...
حیزبی دێموکراتە ئیدی، زەم کردن و هەوڵدان بۆ خەنجەر وەشاندن لە پەیکەری بە سام و هەیبەتی ئاکامەکی هەر بە پێچەوانەیە.
حیزبی دێموکڕاتەو نەتەوەی کورد خۆشی دەوێ، دەیپارێزێ و بۆ ئازادی و پاراستی ئەو ئازادییە لە سبەی دا، پێویستیەتی.
ئێستاش بە هەموو پێوانەیەک، بە گوێرەی هەموو عەقڵ و لۆژیکێک، حیزبی دێموکرات مەزنترین و چالاکترین حیزبی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە. حیزبی دێموکڕات هەتاوێکەو تیشک نەدانی لە پشت هەورەکانەوە کاتییە، با نەیارانی ئەو حیزبە کە هەر دەم هەوڵی ئەوە دەدەن پشتی لە عەرز بدەن، لەوە تێبگەن کە پشت لە عەرزدانی حیزبی دێموکرات ئیدی بۆتە نامومکین.
تکایە بە جێگای دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکرات، ئەگەر دەتانهەوێت گەورە بنوێنن، لە تەنیشتی راوەستان بۆ ئەوەی دیار بن و ببیندرێن، ئاوا بەژن و باڵاشتان جوانترە...

سڵاو لە حیزبی دێموکڕات.

No comments: