Archive

Tuesday, October 6, 2015

ئاڵۆگۆرەکانی ئێران و نێوچە لە ڕوانگەی بەرێز حەمە ساڵە قادری






رەحیم رەشیدی
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥، کاک حەمە ساڵە قاردی لە سیمنارێک دا لە دەڤەری واشنگتۆن قسەی بۆ کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

سەرەتای سیمینارەکە بە راگرتنی یەک خولەک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردو کوردستان، دەستی پێکرد.
پاشان بەرێز حەمە ساڵە قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، باسێکی سیاسیی سەبارەت بە دواین ئاڵۆگۆرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و پرسی کوردو پێگەی جەماوەی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، لە قسەکانی دا پرسی نێوخۆیی ئێرانی هێنایە گۆرێ و لەم بارەوە ئاماژەی کرد کە تاران لە چوارچێوەی رێکەوتنی ناوکی دا لەگەڵ رۆژئاوا، بە تەواوەتی پاشەکشەی کردوە.
هەر لەم بەستێنەدا سەبارەت بە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتان و پشتیوانی ئەو رژیمەی لە تیرۆریزم خستە ڕوو، ناوبراو لەم بەستێنەدا ئاماژەی بە رۆڵی تێدەرانەی ئێران لە عێراق، بەحرەین، لوبنان و سوریە کرد.
قادری ڕای وابوو کە کردەوەکانی ئێران و رووسیە لە سوریەدا، دژ کردوەی جۆراوجۆری جیهانی بە دوای خۆی دا دێنێ، هەر بۆیە ئەو پێی وابوو کە دەبێ هێزی کورد یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی بتوانن وڵامی ئەو هەلومەرجە نێویە بدەنەوە کە لە پانتایی رۆژهەڵاتی نێوەراست دا لە گۆڕییە. قادری لەم بەستێنەدا قارەمانەتی پێشمەرگەی دژ بە داعش بەرز نرخاندو هەروەها لەسەر ئەوە پێداگری کرد کە نابێ هێزە سیاسییەکانی باشوور خۆیان بە کێشەی لاوەکی سەرقاڵ بکەن و لەم چوارچێوەدا وتی کە لە کاتی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی زلهێز هاتونەتە نێو باسەکانەوەو پێداگریان کردوە کە دەبێ ئاسایش و سەقامگیری باشوری کوردستان پارێزراو بێ.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، کاک حەمە ساڵەی قادری باسی لە دواین ئالۆگۆرەکانی نێو حیزب سەبارەت بە جێگیر بوونی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هەروەها هەوڵەکانی رێبەرایەتی حیزبی بۆ وەسەریەک کەوتنەوەی حیزبی دێموکرات شی کردەوەو ئەو لەم بارەوە هیوادار بوو کە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بە بەشداری هەر دوو لایەن بگیردرێت..
ئەوجار بەشدارانی سیمینارەکە پرسیارو تێبینییەکانی خۆیان هێنانە بەرباس و پاشان کاک حەمە ساڵە وڵامی سەرجەم پرسیارەکانی دایەوە.

No comments: