Archive

Sunday, December 31, 2017

باڵوێزی ئیسرائیل بۆ رەحیم رەشیدی: رۆژێک دێت خەڵکی ئێران بە ئازادی بژین


باڵوێزی ئیسرائیل بۆ رەحیم رەشیدی: رۆژێک دێت خەڵکی ئێران بە ئازادی بژین
رەحیم رەشیدی: زۆر سپاس جەنابی باڵوێز بۆ کاتەکەتان. تکایە روانگەی ئێوە سەبارەت بە رۆڵ و دەوری ئیران لە نێوچەکە چیە؟ هەروەها پێگەو داهاتووی ئێران و رێژیمی ئەسەد لە رۆژهەلاتی نێوەراست دا چۆن دەبینن؟
باڵوێز رۆن دەرمێر، باڵوێزی ئیسرائیڵ لە ئەمریکا: زۆر چاکە، ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر نیگەرانە. چوونکە ئەو وڵاته‌ هێزێکی گەورەی ناسەقامگیرییە، بەرپرسیارو پشتیوانی فەرمیی تیرۆریزمە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرانسەری جیهاندا، بە کردەوە خەریکن هەموو وڵاتانی نێوچەکە ناسەقامگیر دەکەن. 
سووریا نموونەیەکی دەگمەنە، کە ئەوان خەریکی پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەدن کە سەدان هەزار کەس له‌ خەڵکی ئەو وڵاتەی کوشتوە. ئێمە نیگەرانی ئێرانین، ئێمە نیگەرانی ئەوەین کە ئێران خەریکە چی بەسەر خەڵکەکەی خۆیدا دێنێ، خەڵکی لە مەیدانە گشتییەکاندا لە سێدارە دەدەن، خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات، بە سەدان کەس لە گیراوە سیاسییەکان لەسێدارە دران و کوژران. ئێمە گۆڕانێکمان لە هەڵسوکەوتی ئێران دا نەبینیوە. ئێمە لە واشینگتۆن بێ یان هەر شوێنێکی جیهان، زۆر بە ڕوونی رایدەگەیەنین کە ئەم رێژیمە، واتە پشتیوانیی فەرمیی تیرۆریزم لە جیهان دا، ئەو رێژیمە نیە کە بکرێ رێگای پێ بدرێ چەکی ئەتۆمی هەبێت. دەوڵەتی ئێسرائیل هیچ کێشەیەکی لەگەڵ خەڵکی ئێران نیە. ئێمە پێمانوایە بەقەدەر ئەوەی کە رێژیمی ئێران مەترسییە، خەڵکی ئێران هیوایەکی مەزنن چونکە ئەوان داهاتوویەکی جیاوازیان دەوێ و رێژیمی ئێران نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران ناکات. خەڵکی ئێران کەسانێکن وەک نێدا کە ئێوە لە بیرتانە لەسەر شەقامەکانی تاران خوێنی لەبەر دەڕۆیی، ئەوە سیمای ڕاستەقینەی ئێرانە و لەو باوەڕەدام کە رۆژێک ئێران ئازاد دەبێ و هیچ گومانم نیە کە ئێران دەبێتە هێزی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژێک دێت کە ئێران ئازاد بێ. ئەمە هیوای منە بۆ خەڵکی ئێران و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش.

No comments: