واشنتن
تا دێت پشتیوانیكردن لە لیستی 184ی پارتی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان زیاتر دەبێت و، ڕەوەندی كوردییش لە ئەمەریكا دەڵێن، ئومێدیان بە پارتی هەیە كە كار بۆ مافەكانی گەلی كورد دەكات، بۆیە دەنگیان بۆ لیستی پارتییە.
كوردستانیانی دانیشتووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە تەواوی ویلایەتەكانی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ واشنتنی پایتەخت، كە 51 ویلایەتن، بڕیارە بەشداریی دەنگدانی رۆژی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن و، پارتی دیموركاتی كوردستانیش لە رێگای لقی 7ی پارتییەوە لە ئەمەریكا و كەنەدا، دەستی بە هەڵمەتی بانگەشە كردووە بۆ لیستی 184ی پارتی لە و وڵاتەدا.
حیكەمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی 7ی پارتی لە ئەمەریكا و كەنەدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە رێگای ناوچە و كادیر و رێكخستنەكانمانەوە، پەیوەندی بە ڕەوەندی كوردەوە دەكەین و كار و چالاكیمان هەیە لە تەواوی ئەمەریكا و خەڵكی خۆمان تێدەگەیێنین كە بەشداریكردنیان لەم هەڵبژاردنەدا گرینگە و، هەر دەنگێك سەنگی خۆی هەیە و رێژەی گەورەی دەنگی ڕەوەندی كوردییش لە سنووری ئێمەدا، بۆ لیستی 184ی پارتییە."
بامەڕنی گوتیشی: "پارتی بۆ هەموو لایەك سەلماندوویەتی، تاكە لایەن كە پارێزگاری لە مافی گەلی كورد و خاكی كوردستان و كەركووك و خورماتوو و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان بكات و، كاریش بۆ سەربەخۆیی بكات، هەر پارتییە".
لای خۆیەوە، ڕەحیم ڕەشیدی، كە كوردێكی دانیشتووی ئەمەریكایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد لە ئەمەریكا رێژەی زۆرە، بەڵام بەسەر ویلایەتەكاندا دابەش بوون و دوای نسكۆی 1975 هاتوونەتە ئەمەریكا و زۆربەیشیان لایەنگر و ئەندامی پارتین و سۆز و وەفایەكی زۆریان بۆ پارتی هەیە، لەم هەڵبژاردنەیشدا دەنگیان بۆ لیستی 184ی پارتییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانانەی كە ڕوویان دا، پێم وایە نەك تەنیا ئەندامانی پارتی، بەڵكوو بەشێكی بەرچاو لە كوردانی تاراوگە سۆزی خۆیان بۆ لیستی 184 دەردەبڕن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئەو لیستە هەڵگری پەیامی سەربەخۆیی و سەركەوتنەكانی داستانی مەحموودییە و سحێلا و پردێیە."
بارزان محەممەد، كە ئەویش كوردێكی تری نیشتەجێی ئەمەریكایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمجارە وەكوو پێشوو نییە و گۆڕانكاری هەیە، بەڵام دەنگمان بۆ لیستی 184ی پارتییە، پێشمان خۆشە نوێنەرانمان ئەو كەسانە بن كە بەرگرییان لە كوردستان كرد و ئامادە بوون لە داستانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە، ئەوانەی كاریان بۆ سەربەخۆیی كردووە و دژی داگیركەران ڕاوەستاون، بۆیە وەكوو كوردێك داوا دەكەم هەموو خەڵكی خۆمان بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن و، دواجار گەلی كوردستان هەر دەیباتەوە."
دڵشاد خالیدیش، كوردێكی دیكەیە و دانیشتووی ئەمەریكایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئومێدمان بە پارتی هەیە كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی كوردستان هەوڵ دەدات، بۆیە دەنگمان بۆ لیستی 184ی پارتییە".
No comments:
Post a Comment