Archive

Tuesday, December 4, 2018

حیزبی دێموکرات ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری کرد

کوردستان میدیا: بە مەبەستی ئەمەگناسی و ڕێز گرتن لە تێکۆشانی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکرات ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری کرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت کەمئەندامانی حیزب، ڕادەگەیەنین کە بۆ ئەمەگناسی دەربڕین و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان، لەپێناو ئامانجەکانی نەتەوەی کورد و لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چ بەشێوەی تێرۆر، پیلانی جۆراوجۆری جینایەتکارانی ڕێژیم، یا لە سەنگەری بەرگری بەرانبەر بە نەیارانی کورددا ئەندامێک یا چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە و لەگەڵ ژیانی کەمئەندامی بەرەوڕوو بوون، بەڵام کەمئەندامبوون نەیتوانیوە بەربەست بێ لە درێژەدان بە تێکۆشان و تەنانەت بیروباوەڕی ئازادیخوازانەیان پتەوتر و ئیرادەیان لێبڕاوانەتر بووە، حیزبی دێموکرات ڕۆژێک وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری دەکا.
  هەرچەند ئەمەگناسی دەربڕین و ڕێزگرتن لە جەستە بەخشانی حیزبەکەمان، ئەرکی هەموو کات و هەموو ڕۆژەکانی ساڵ و هەموو تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەت ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بەم حاڵەش بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی دیاریکراودا ئەمەگناسییەک و ڕێزگرتنێکی تێکڕایی بێنینە ئاراوە کە شایانی تێکۆشەرانی جەستەبەخش بێ، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنین. ڕۆژێک کە لەودا هاوڕێی تێکۆشەر و ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبەکەمان کاک حەسەن شیوەسەڵی لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا لە پیلانێکی داڕێژراوی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا تیرۆر و لە ئاکامدا زۆربەی ئەندامەکانی هەستیاری سەروڕووی زیانیان پێ گەیشت و هەر دوو دەست و هەر دوو چاویشی لەدەست دا. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ئەمەگناسی دەربڕین و ڕێزدانان بۆ ڕابردووی تێکۆشانی ئەم بەشە لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات تەنیا گۆشەیەک لەو ئەرکانەیە کە بەرانبەر بە جەستەبەخشانی حیزبەکەمان لە ئەستۆمانە. چوونکە زۆر ئەرکی دیکەی نیشتمانی، هاوڕێیەتی، ئینسانی و ئەخلاقیشمان هەیە کە پێویستە لە ئەنجامدانیاندا شێلگیر و بەردەوام بین.
هیوادارین بەسەرکەوتنی خەبات و وەدیهێنانی ئامانجەکانمان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ ژیانێکی ئەوتۆ بەرەوڕوو نەبنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی
٤ی دێسامبری ٢٠١٨ی زایینی

No comments: