رۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 11 فه‌ورییه‌ی 1979ی زایینی، شۆرشی به‌شکۆی گه‌لانی زۆرلێکراوی ئێران گه‌یشته ترۆپکی سه‌رکه‌وتن، به‌م پێییه ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی کۆتایی پێهات.
جیا له هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان، که له هه‌موو شۆڕشێکدا به له‌به‌رچاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کان ده‌وری خۆیان هه‌ییه، ئه‌و راستییه له که‌س شاراوه نییه ڕووخانی رێژیمی پاشایه‌تی به‌رهه‌می خه‌باتی دووروو درێژی ڕۆڵه‌کانی خه‌لکی ئێران بوو له پێناوی هێنانه سه‌رکاری رێژیمێکی دێموکراتیک‌و گه‌لی، ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆ که بتوانێ به جێگیر کردنی دێموکراسی، دادپه‌روه‌ری، دابین کردنی مافه نهتهوایهتییهکانی گه‌لانی زۆرلێکراوی ئیران، کۆتایی به‌و باره قورس‌و تاقه‌ت پروکێنه پڕ له نه‌هامه‌تییه بێنێت، به درێژایی مێژوو هۆکاری راستهقنیهی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی له وڵات‌دا بووه، هه‌موو راستییه‌کانیش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن به بێ له‌به‌رچاو گرتنی ویست‌و داوای ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، هیچ رژێمیک ناتوانێ ئیدعای ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌واو کراوه له ئێرانی فره نه‌ته‌وه‌دا بکات.
ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییه له‌به‌رچاو بگریین، کۆماری ئیسلامی ئامانجی خه‌باتی پڕ له قوربانی گه‌لانی ئێران نه‌بووه‌و نییه. بێ دوو دڵی‌و گومان به‌و ئاکامه ده‌گه‌یین، هاتنه سه‌ر کاری ئایه‌تووڵاکان، به‌رهه‌می بێ به‌رنامه‌یی‌و هاوهه‌نگاوی نه‌کردنی رێکخراوهکانو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی ئازادی خوازی ئه‌وکاتی رێژیمی پاشایه‌تی بوو که به‌ر له‌وه‌ی شۆرشی 57ی هه‌تاوی بگاته ترۆپکی سهرکهوتنو خۆری هیوا به‌خشی ئازادی له که‌ل سه‌ر ده‌ربێنێت، فیداکاری زۆر‌و زه‌وه‌ندیان کردبوو، به ده‌یان، سهدانو بگره هه‌زاران که‌سیان له گرتووخانه‌کانی رێژیمی پاشایه‌تیدا یان له ژێر بێرهحمانهتریین شکه‌نجه‌دا شه‌هید ببوون، یان ئێعدام کرابوون.
ئه‌وه له حاڵێکدا بوو به‌رخۆدان به شێوه‌ی جۆراوجۆر‌و له قوناخ‌و بڕگه‌ی جیاجیادا، له ده‌ڤه‌رو مه‌ڵبه‌ندی جۆراوجۆری جوغرافیایی ئێران‌دا به له‌به‌رچاو گرتنی بارودۆخی پێوهندیدارو به گوێره‌ی مومکین له ئارادا بوو، ناکرێ خه‌باتی میرزا کوچک خانی جه‌نگه‌لی له لێڕه‌واره‌کانی شیمالی ئێران، سه‌ردارانی که‌ڵهوڕ له کرماشان، جولانه‌وه‌ی سیاکهلو فیرقه‌ی دێموکراتیکی ئازربایجانو...هتد، وه‌کوو به‌شێک له‌و فیداکاری‌و به‌ستێنه مێژووییه‌ی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1357ی هه‌تاویدا، له‌به‌ر چاو نه‌گیردرێ.
ئاشکراییه له کوردستانی سه‌ربه‌رزدا، دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان به سهرۆکایهتیو پێشه‌وایه‌تی شه‌هید قازی موحه‌ممه‌د، یه‌که‌مین ده‌ستپێکی خه‌باتێکی به‌به‌رنامه‌و درێژخایه‌ن بوو. دوایه جوڵانه‌وه‌ی شانازی خولقێنی ساڵه‌کانی 1346-1347ی هه‌تاوی به‌دوادا هات که بۆ هه‌تا هه‌تاییه ڕۆڵه‌کانی کورد شانازی پێوه دهکهنو ڕیبه‌رانی بوێر‌و ئازای ئه‌م سهرههڵدانو ڕابوونه به رچه‌شکێنه‌کانی خه‌باتی قۆناخه تاریک‌و تنووکه‌کان ده‌زاندرێن.
ئه‌م پاشخانه شۆڕشگێرانه‌یه‌ی جوڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌ڵکی کورد له کوردستانی ئێران، بهستێنو هه‌وێنی به‌شداریه‌کی چڕوپری خه‌ڵکی کوردستان دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆی پاشایه‌تی بوو. چوونکه ڕووخانی رێژیمی پاشایه‌تی بۆ خه‌ڵکی کوردستان له جه‌وهه‌ری خۆیدا زه‌بری پڕ له سه‌بری خه‌ڵکی کوردستان بوو. نه‌ته‌وه‌ی به‌شخوراوی کورد بۆ ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتێک هاتبووه مه‌یدان جیا له کوشتارو قه‌ڵاچۆی به‌به‌رنامه دژی خه‌ڵکی کورد، جیا له به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی فهرههنگیو ڕۆشنبیری، به‌ده‌ر له خاپوور کردنی گوند‌و مهزراو کێڵگه‌کان، له‌وانه به‌ژانتر ڕووخانی کۆماری کوردستان‌و له داردانی رێبه‌رانی کورد‌و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه یه‌که‌مین سه‌رۆکۆماری ئه‌وه‌ڵین ده‌سه‌ڵاتی مۆدێڕنی کورد، پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، خه‌ڵکی کورد به درێژای مێژوو دژی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆرو سه‌ره‌رۆ خه‌باتیان کردووه‌و بۆ هێنانه دی ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی قوربانیان داوه‌و ده‌یده‌ن.
حاشا له‌وه ناکرێ، ئاکامه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئایهتوڵان له ماوه‌ی ڕابردوودا به باشی ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و راستییه، شۆڕشی گه‌لانی ئێران بۆ هێنانه سه‌رکاری ده‌سه‌ڵاتێکی له‌م چه‌شنه نه‌بووه.
به‌ڵام مخابن، هه‌ر وه‌کوو باس کرا نه‌بوونی به‌رنامه‌و پلانی ڕوون، نه‌بوونی یه‌کگرتوویی هێزه دێموکرات‌و پێشکه‌وتنخوازه‌کان بۆ ئیداره‌ی وڵات پاش ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی، هه‌روه‌ها نه‌ناسینی پێوه‌ندی کۆمهڵایهتییو باوه‌ڕه‌کانی خه‌ڵک وه‌کوو پێویست له لایه‌ن به‌شێک له شۆرشگێرانه‌وه، ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ی بۆ ئاخونده‌کان خولقاند تاکوو به که‌ڵکی خراپ وه‌رگرتن له ههستو ئێحساساتی مه‌زهه‌بی خه‌ڵک، به دانی واده‌و به‌ڵێنی درۆیین، ده‌ست به‌سه‌ر شۆرشدا بگرن‌و به‌ڵایه‌کی قه‌ره‌بوونه‌کراو به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌دا بێنن، پاشان جیا له سه‌رکوتی نێوخۆیی، شه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌و ماڵوێرانکه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق‌و ئێرانی هێنایه کایه‌وه، هه‌مووان له زیانه ماڵی‌و مه‌عنه‌وییه قه‌ره‌بوو نه‌کراوه‌کانی ئاگاداریین.
گرتن‌و ڕاونانی ئازادی خوازان، کوشتاری به‌کۆمه‌لی گیراوه سیاسییه‌کان، په‌ره پێدانی تیرۆر‌و ڕه‌شه کوژی، سه‌رکوتی هه‌رچه‌شنه ده‌نگێکی ئازادی خوازانه، زاڵکردنی فه‌زای سهرکوتو خه‌فه‌قان، لێدان‌و دارکاری کردنی ژنان، داخستنی زانکۆکان، سه‌کوت کردنی خوێندکاران، قه‌ده‌غه کردنی جوانی‌و خۆشهویستیو موسیقی، هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری ئه‌م رێژیمه‌وه ده‌کرا ئاوێنه‌ی باڵا نوێنی ده‌سه‌ڵاته دۆزه‌خ ئاساکه‌ی بن، دۆزه‌خێک به‌داخه‌وه دیسان به‌شێکی به‌رچاو له هێزه‌کانی ئێرانی بۆ هاوکاریو یه‌کگرتن هان نه‌دا، ته‌نانه‌ت ههبوونو هه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕه‌شه‌یان به‌م کارنامه حه‌یا تکاوه‌وه به دژه ئیمپریالیستی دهزانیو زانیووه‌و به بڕو بیانووی درۆیین خوازیاری مانه‌وه‌یین.
ئاشکرایه رێبه‌رایه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران، به تایبه‌ت رێبه‌ری زانا‌و ناوداری کورد دوکتۆر قاسملووی نه‌مر، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی ئاشتیانه بۆ پرسی سیاسیی خه‌لکی کورد‌و به‌رگرتن به خوێن رشتن‌و کوشتارو ماڵوێرانی، هه‌موو حه‌ولیکی شیاو‌و شایانی وه‌گه‌ڕ خست‌و به پێکهێنانی هیئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵکی کورد بۆ ئه‌و ئامانجانه هه‌نگاوی نا.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناسه‌رده‌میانه، به بێ ڕهنجو کوێره‌وه‌ری سواری شه‌پۆلی شۆرشی گه‌لانی ئێران ببوو، نه‌ک هه‌ر هه‌نگاوی به‌کردوه‌ی له‌م باره‌وه ههڵنههێناووه، به‌ڵکوو به خولقانی به‌هاری خوێناوی سنه، سه‌پاندنی شه‌ڕی سێ مانگه به‌رسه‌ر خه‌لکی کوردستاندا، پاشان فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی له دژی هه‌موو خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستان، زه‌مینه‌و بواری قه‌ڵاچۆی ئاشکرای بۆ سه‌ربازانی بێ ناوی ئیمامی زه‌مان، له کوردستان ره‌خساند، ڕه‌خساندنێک که دوایه کوشتاره‌کانی قارنێ، قه‌ڵاتان، سه‌وزی، سه‌رچنارو حه‌سه‌ن میران، چقڵ مه‌سته‌فاو ئیندرقاشو نییهرو ته‌پانی، قه‌ڵاواری، خوایار مهڵکو قۆچی واشیو زۆر مه‌لبه‌ندو شوێنی دیکه‌ی کوردستانی گرته‌وه. ئه‌و کوشتارانه‌ی خلخالی به نوێنه‌رایه‌تی ئیمام له کوردستان به‌رێوه‌ی برد هه‌رگیز له چاوی مێژوو ون نابێ.
سیاسه‌تی رێژیمی ئێران دژی خه‌لکی کوردستان، ناته‌با له‌گه‌ل هه‌موو چهمکو پێوانه ئینسانی‌و په‌سه‌ندکراوه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌ی بووه‌و هه‌ییه. سیاسه‌تێک جیا له‌وه‌ی به میلیارد زیانی ماڵی‌و ئابوری، به ئابوری ئێران گه‌یاندوه، جیا له‌وه‌ی به هه‌زاران ڕۆڵه‌ی له باوه‌شی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌ستاندووه، دوو گه‌وره رێبه‌ری کوردیشی له چه‌قی دونیای پێشکه‌وتوودا له باوشی پڕ له خۆشه‌ویستی دایکی نیشتمان ئه‌ستاند. به‌و حاڵه‌ش ئه‌و رێژێمه تاکوو ئێستا چوکتریین پێگه‌ی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستاندا نییه.
ڕوون‌و ئاشکراییه، له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا به هۆی لاساری‌و گوێنه‌دان به یاسارو رێسا نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کان، پشتیوانی له تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی، کۆسپ خستنه سه‌ر رێگای ره‌وتی ئاشتی فلستین_ئیسرائیل، ناردنی یارمه‌تی ماڵی‌و چهکو چۆل بۆ حیزبوڵای لوبنان‌و گروپه تیرۆریستیه‌کان له عێراق، هه‌وڵدان بۆ ده‌ست وێراگه‌یشتن به چه‌کی ناو‌کی، باس له تونا کردنی ئیسرائیل، حاشا کردن له کوشتاری شه‌رم هێنه‌رانه‌ی جولهلهکان ناسراو به هولۆکاست، ئه‌و رێژیمه‌یان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا خستۆته په‌راوێزه‌وه. دوور نییه درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته چهوتو مه‌ترسیداره بواری شه‌رێکی نه‌خوازراوو ماڵوێرانکه‌ر بێنیته گۆرێ، بێ ئه‌ملاولا سه‌به‌بکاری هه‌ر شه‌ڕو ماڵوێرانییه‌ک کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌و پێکهاته‌ی ئه‌و رێژیمه له ته‌واویه‌تی خۆی دایه.
ئه‌مرۆ که‌سانێک ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئێرانیان به‌ده‌سته‌وه‌ییه، به لۆژیک‌و هزری سه‌دان ساڵ پێش ئێستا ده‌یان هه‌وێت پێش به‌ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی مێژوو بگرن، ئه‌وان بۆ پاراستنی ده‌سه‌لاته جهههندهمییهکهی خۆیان ڕۆژانه تامی تاڵی مه‌رگ به دهیانو بگره سه‌دان لاو له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا ده‌چێژن. سیاسه‌تی قیزه‌وه‌نی به‌ردباران کردن، دهستو لاق په‌ڕاندن، بێ سه‌رو شوێن کردن ڕچاو ده‌که‌ن.
ده‌ره‌نجامه‌کانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌یان، به میلیۆنان که‌سی تووش بوو به ماده سڕکه‌ره‌کان، بێ‌کاری، گرانی، هه‌ژاری، فه‌سادی کۆمهڵایهتیو گه‌نده‌ڵی ئیداری، دزی، به‌رتیل خواردن‌و سه‌دان دیارده‌ی ناله‌باری دیکه‌ی کۆمه‌لایه‌تی، وێرای ئابورێکی دارووخاوو به‌رۆکی گه‌لانی ئێرانی گرتۆته‌وه. سێبه‌ری ئه‌م رژیمه ئه‌هریمه‌نییه بۆته مۆته‌که‌ی نههامهتیو به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی ئێرانه‌وه قورسایی ده‌کات.
به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی سیاسه‌تی هه‌نووکه‌یی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێران، وانه‌و ئه‌زموونه به‌نرخه‌کانی مێژوو پێمان ده‌ڵێت، مه‌گه‌ر هیتلێرو موسولینی، میلوسویچو سه‌دام، ستالین‌و پینووشهو سوهارتۆو زۆری دیکه‌ی له چه‌شنی وان، تاکوو سه‌ر بۆیان لوا به زه‌برو زهنگو سه‌رکوتی خه‌باتگێڕانی ناوخۆیی‌و لاساری له به‌رانبه‌ر باخه‌یه نێونهتهوهیهکاندا، درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان بده‌ن؟
بێ گومان وڵامی ئه‌م پرسیاره ناییه، که‌واته مێژوو بێ ڕاوه‌ستان ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی خۆی ده‌پێوێ، که‌وایه هه‌مووان ده‌توانیین به درێژه دان به خه‌باتی دێموکراتیک، به پشت به‌ستن به هێزو توانای بێ بڕانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر، به به‌ره‌وژور چوونی ئاستی ماف خوازی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی، به چڕ بوونه‌وه‌ی خه‌باتی لاوان‌و ژنان له پێناوی دێموکراسیداو بۆ جێگیر کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی لائیکو فیدڕاڵ‌و فره‌یی له ئێرانی داهاتوودا، سه‌رو دڵخۆش به ئاسۆی ڕووناکی سبه‌ی، هیواداربیین.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌کگرتوویی، یهکدهنگیو هاوهه‌نگاوی ده‌توانێ یارمه‌تی ده‌رێکی شوێن دانه‌ر بێ، یه‌کگرتن نه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی که چ مان ناوێ، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وش که چ مان دهوێو سیمای ئێڕانی داهاتوو چۆن ده‌ست نیشان ده‌که‌ین.
Monday, February 11, 2008
سووکه ئاوڕێک له بهستێنو دیرۆکی نیوخۆیی شۆڕشی ساڵی 1357ی هه‌تاوی‌و ئاکامه‌کانی!
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment