نامه‌ی هه‌وه‌ڵ.
حه‌زی یه‌که‌م ژوانی که‌ویرو ئاوه دووره‌کان، وا له کۆتایه‌کانی پاییزی 86ی هه‌تاوی‌دا، پێته‌وه ده‌نووسێ؛ ئه‌ڕژێته خوێنته‌وه، ده‌چێته پێسته‌وه، ره‌نگی هه‌ناروو بۆنی سێو‌و گوڵه‌باغ‌و ئاوه‌دانی گه‌نمه جاڕ ئه‌دا، ساته‌کان پڕ جووڵه‌و بارانی ده‌کا، ره‌نگه قه‌ترانیه‌کان ده‌شارێته‌وه، بزه ده‌کاته میوانی لێوه تینوه‌کان، هه‌موو ناحه‌زییه‌کان تونا ئه‌کا، تۆوی هیواوو ئازایه‌تی له جه‌سته‌دا ئه‌چێنێته‌وه، گومان، دوو دڵی، ڕه‌ش بینی، بێ هیوایی، نه‌بوون، نه‌کردن‌و نه‌کرانی پێکنه‌گه‌یشتن له قامووس‌و کولتووری دڵدارانی ئه‌وینداردا ئه‌سڕێته‌ووه‌و له قوڕگی ئاورینی خۆی‌دا ئه‌یتوێنێته‌ووه.
له بۆنی لم‌دا نوقم ئه‌بی. له ژێر تیشکی خۆری سه‌حرا، مانایه‌کی دیکه له هه‌تاوو گه‌رما هه‌ست پێده‌که‌یت.
هه‌موو کردارێک له‌گه‌ڵ که‌سیک که خۆتی له‌به‌ر خۆت ده‌وێت، جیاوازه. ته‌ماحه‌کان ته‌نیا بۆ نیگای چاوه‌کانی ژنێکی عاشقه. چ سێحراوییه له نیگای ژنێکی عاشق‌دا وون بیت. نیگایه‌ک بۆ سه‌رزه‌مینه هه‌ره دووره‌کان ڕاتکێشێ، نیگایه‌ک هه‌ر وه‌کوو ئاوه‌نگی سه‌ر گوڵه شلێره ڕوون. ڕوانینێک فێرت ده‌کات له دڕکه‌زارا به پێخاوسی ڕابکه‌ی، وه‌ها ئازات ئه‌کا به شاخه به‌رزو ئه‌سته‌مه‌کان‌دا هه‌ڵزنی.
عه‌شق فێرت ده‌کات بیر له هه‌موو ئه‌و شتانه بکه‌یته‌وه که هه‌رگیز له کاتی ئاسایی‌دا بیریان لێ ناکه‌یته‌وه. عاشق ته‌نیا سڵامه‌تی‌و ئاسووده‌یی عاشقه‌که‌ی ده‌وێ. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوویت شووشه‌ی عه‌شقت درزی بردووه، شووشه‌ی عه‌شق ته‌نها به نامێره‌بانی درز هه‌ڵده‌گرێت. عه‌شق به مێهره‌بانی ده‌که‌وێته داره‌داره، به فیداکاری پێده‌گرێ، به وه‌فاو به‌رزه گوفتاری ته‌مه‌ن دڕێژ ده‌بێت. به راست وێژی مه‌زن ده‌بێت. درۆ خۆره‌ی عه‌شقه، عاشق درۆ ناکات. خۆشه‌ویستی سۆز دێنێت، به‌ڵام عه‌شق ته‌نها عه‌شق‌و ئازایه‌تی دێنێ. گه‌وره‌تریین په‌یامی عه‌شق دڵه کوته‌یه بۆ دیدارێک، فه‌رق ناکات کورت یان درێژ، ماوه‌ی دیداری عه‌شق ئه‌گه‌ر وه‌کوو هه‌ناسه کورت‌و قوڵیش بێ پڕ مانایه، پیرۆزه‌و پێویست.
درۆ کۆتایی عه‌شقه له ناخی مرۆف‌دا.
درۆ له ناخ‌دا بچووکت ده‌کاته‌وه، بچووک بوونه‌وه له ناخ‌دا داری خۆڕاگری مرۆڤ بۆش‌و کلۆرو کڕمۆڵ ده‌کات، به‌ره‌و پوکانه‌وه‌ی ده‌بات وه‌ها که به هه‌ر کزه بایه‌ک بکه‌وێته له‌قین.
نابێ قه‌ت به متمانه‌وه پاڵ به داری له‌قه‌وه بده‌ی، بیر له‌وه مه‌که‌وه قه‌ت له ژێر داری له‌ق‌و کلۆردا پشوو بده‌یت. ترسی به‌لادا که‌وتنی قه‌ت ناهێڵێ ئارام بگریت.
ئه‌م ترسه به‌رده‌وام ناخت ده‌خوات، ئارام‌و قه‌رارت لێده‌بڕێ، به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بکه‌یت ورده ورده به‌ره‌و دڵره‌قی ده‌رۆیت، کانیاوی مێهره‌بانی ئیدی له ناخت‌دا ناقوڵێ، که کانیاوی مێره‌بانی نه‌قوڵا گومان‌و دڵپیسی حه‌شاری مرۆڤ ده‌ده‌ن، دڵپیسی کوتکی ده‌ستی کوێره، ڕه‌نگه بتاسێنێ، له‌وانه‌یه ئه‌ندامێکت لێبستێنێ، هاکا هه‌موو شتی ته‌فرو توونا کرد.
له عه‌شق‌دا جیا له مێره‌بانی‌و راست گۆیی، جیا له فیداکاری‌و هه‌وڵدان بۆ قوڵکردنه‌وه‌ی عه‌شق، له‌غاوی هه‌موو شتێک له ده‌ستی عاشقه‌کان دایه.
ڕووداوێک، سه‌فه‌رێک، هه‌نگاوه‌کانی ژنێکی عاشق به رێگا پڕ له مه‌ترسییه‌کان‌دا ده‌توانێ لای پیاوێک چ کاریگه‌رێکی هه‌بێت، فێرت ده‌کات ئه‌بێ ئه‌ونده له خۆت‌دا گه‌وره بیت که بتوانی که‌سێکی عاشق له زه‌مین‌و زه‌مان بستێنیه‌وه، عه‌شق یانی ده‌ست بردن بۆ کاره نامۆ‌و ئه‌سته‌مه‌کان، عه‌شق یانی ئازایه‌تیی، یانی نه‌ترسان له ده‌ربڕینی هه‌رچی که له دڵت دایه، یانی پێشکه‌ش کردن‌و پێشکه‌ش کردن به بێ ئه‌وه‌ی بیر له قازانج بکه‌یته‌وه، گه‌وره‌تریین قازانج بۆ عاشقێک قبووڵ کردنی عاشقه به‌و جۆره‌ی هه‌یه، به بێ بیر کردنه‌وه له گۆڕان‌و به ده‌ست هێنانی، عه‌شق ڕووبارێکه هێدی هێدی ده‌گاته زه‌ریا، ئه‌گه‌ر نه‌توانی زه‌ریا بیت چاوه‌ڕوانی عه‌شق مه‌که. عه‌شق ئه‌و شه‌پۆلانه‌یه مانا ده‌به‌خشێته ده‌ریا.
ده‌ریا به بێ شه‌پۆل نه‌خۆشه.
بۆ عاشق بوون ئه‌بێ دڵت وه‌کوو شه‌پۆله‌کانی ده‌ریا به‌رده‌وام له ته‌کان‌و بزووتن‌دا بن. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ عه‌شق ئه‌بێ به هه‌وه‌س، پاش به‌تاڵ بوونه‌وه هه‌موو شت پاته کراوو ده‌بێت، نه بۆن جیاواز ده‌بێ، نه جه‌سته‌کان، نه نیگاکان. ئیدی گرتنه به‌ری ڕێگا ئه‌سته‌مه‌کان ده‌بێته گاڵته‌یه‌ک، که به خۆتت وت مرۆڤی عاقڵ کاری وا ناکات، تێبگه خۆت له نێوان گومان‌و عه‌شق‌دا هێشتۆته‌وه.
له عه‌شقی کامڵ‌و هۆشمه‌ندانه‌دا عه‌قڵ‌و هه‌ست پێکه‌وه رێگا هه‌ڵدێرو دژواره‌کان هه‌موار ده‌که‌ن‌و بواری گه‌یشتن به ژوانگه ده‌ڕه‌خسێنن.
عه‌شق کامڵ بوونی مرۆڤه. که‌م که‌س کامڵ ده‌بن، کامڵ بوون یانی ئه‌وه‌ی بیر له‌وه نه‌که‌یته‌وه عه‌شق بۆ بازنه‌ی ژیانێکی گشتیی پاڵپێوه‌نێیت، ده‌توانی له هه‌موو که‌سی بشاریته‌وه، بۆت هه‌یه هه‌موو داوایه‌کی لێبکه‌یت، به‌ڵام له عه‌شق‌دا زۆر‌و زۆر وێژی نییه. حه‌زه‌کان، شادی، غه‌مه‌و دڵته‌نگیه‌کان دوو لایه‌نه‌ن.
عه‌شقی ژنێکی یاغی، عه‌شقی پیاوێکی ئۆقره نه‌گرتوو، ئه‌و جیاوازیانه به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه که هه‌ر دوو له ژیانی خۆیان‌دا ئه‌زموونیان کردووه، ئه‌مه فێرت ده‌کات تۆفانه‌کانی ده‌روون ڕام بکه‌ی، له ئاست سه‌ختی‌و دژوارییه‌کان‌دا نه‌چه‌مێیته‌وه، لێوه‌کان زمانی عه‌شق فێری ئینسان ده‌که‌ن، په‌نجه‌کان ڕاتده‌هێنن به‌رگه‌ی ته‌وژمی گه‌رما بگری، باوش ده‌بێته سه‌کۆیه‌کی پڕ جوڵه‌و ته‌کان، ئه‌بێته زه‌ریا، هه‌تاو، ئارامتریین په‌ناوپه‌سێو بۆ دڵته‌نگه‌یه‌کان، ته‌کانه‌کانی کۆشی له زه‌ریا چوو فێرت ده‌کات تاقه‌ت بێنی به سڕ‌و ساردی نه‌بوونی ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌موو چرکه ساته‌کانتی داگیر کردووه، فێری بڕینی ڕێگا دوور ده‌سته‌کان ده‌بی، سه‌فه‌ره نامۆکان، ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی سارێژن له ژیان‌و ژیانه‌وه، لێوان لێوان له ماناکانی ئه‌و دیوو ژیانه ده‌سته‌مۆو پاته کراوه‌کان.
جیاوازییه‌کان که‌لاو ده‌که‌ن له نه‌ریت شکێنی، له سنوور به‌زاندن، داری ئازایه‌تی به‌ر دینێت له رێگای ئه‌م سه‌فه‌ره دوورانه‌دا. له ڕیگای ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی که هه‌موو مه‌ترسییه‌ک له که‌مین دایه، به‌ڵام عاشق هه‌موو هێزو وزه‌ی ده‌خاته گڕ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌لبه‌ندکان ببڕێ‌و بگاته ژوانگه.
چوونه به‌ر ئاوێنه ئیدی ته‌نیا دووپات بوونه‌وه‌ی سیما‌و دیمه‌نی خۆت نیه، ڕه‌نگه‌کانی سه‌فه‌ر، حاڵ‌و هه‌وای هه‌موو چره‌کانی سه‌فه‌رو پێکه‌وه بوون له ئاوێنه‌که‌ت‌دا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، فرمێسکه‌کانت بسڕه‌وه، لێوه‌کانت ڕه‌نگیتر بکه، جه‌سته بحه‌وێنه‌وه، دڵه‌ڕاوکه‌کان تووڕ بده، هێنده مه‌زن بوویت به‌رگه‌ی سه‌فه‌ری دیکه‌ی ڕیگا دوور‌و ئاسته‌مه‌کان بگری.
ئاگات له خۆت بێت بۆ دیدارێکی دیکه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌شقه‌که‌ت بێشکه‌ی دڵت ڕاژێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی کوڵی دڵه به‌قه‌راره‌که‌ت دامرکێته‌وه، زیندوو به هه‌میشه جانتای سه‌فه‌ری رێگا دووره‌کانت به کۆڵه‌وه بێ.
عاشقی سه‌فه‌ری رێگا دووره‌کان به. خۆت به ده‌سته‌کانی عاشق بسپێره، مه‌ترسه له مه‌ترسی‌و ڕه‌نگی شه‌و.
ژوانێک چه‌نده ده‌توانێ سه‌لمێنه‌ری چاو نه‌ترسی، به بڕشتی عاشقێک بێت.
دیدارێک ئاوا هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی له‌ش له خه‌وه هه‌ڵسێنێت، جه‌سته ببوژێنێته‌وه، هیوا به درێژه‌دانی ژیان له ناخی مرۆڤ‌دا بژێنێته‌وه، ئه‌مه‌یه ئیدی هه‌ستی چاوه‌ڕوانی نابێته حه‌سره‌ت‌و غه‌م، به‌ڵکوو ده‌بێته رێگایه‌ک بۆ دیداری دیکه، ده‌بێته بڕیارێکی ئاگایانه بۆ ئه‌وه‌ی نیگاکان لێکهه‌ڵپێکرێنه‌وه، عاشقان له ئامێزی مێره‌بانی‌دا خۆیان له هه‌موو چاوه به‌غیله‌کان ده‌شارنه‌وه.
ئێستا، باندۆڕی ئه‌و ژوانه، باوش گرتن‌و ڕامووسینه، دیتن‌و بۆن هه‌ڵمژینه، وه‌ها بۆته هه‌تاوێکی به تین‌و ته‌وژم که هه‌موو وجودت داده‌گرێ، سه‌رتاپای رۆژه‌کانت ده‌گرێته‌وه، تا ده‌جوڵێی، تا ده‌بزووی، ته‌کان ده‌ده‌ی، زۆرتر تیرێژی به تام‌و تینی ئه‌و پێکه‌وه بوونه، ئه‌م دیداره، ئه‌م بینینه؛ له خۆی‌دا نوقمت ده‌کات، ده‌تکات به ژێر بۆنی ساته‌کانی تێک ئاڵاین، تێک ئاڵانێک بۆ هه‌میشه ڕووخساری سه‌مای حه‌زه‌کانی ژیانت به ره‌نگی دڵخوازی خۆت ده‌ڕه‌نگێنێ، به بۆنی باران ئاو پڕژێنی ڕۆژه‌کانت ده‌کات، ده‌بێته شیباو شنه‌ی ده‌م‌و به‌یانێکی وه‌رزی هاوین، بۆنی ئاره‌قه‌ی سه‌ر ته‌وێڵ لاده‌دات، به مه‌زراکان، ته‌پۆڵک، باغه‌کان، شاخ‌و پێده‌شته‌کان‌دا که‌روێشکه ده‌کات‌و بۆنی ژیان‌و ئاوه‌دانی له باڵای بیره‌کانت ده‌پڕژێنێ.
ساته‌کانی دیتنی عاشقه‌که‌ت، بۆته جوانترین تابلۆی بیره‌وه‌رییه‌کان، نه‌ک بیره‌وه‌ری؛ بۆته بوون، له‌گه‌ڵی ده‌ژی‌و وزه‌و هێزت پێده‌دات. بۆته دیارده‌یه‌ک سڕینه‌وه‌ی له ناخ‌دا، له زه‌ینه‌ت‌دا له ژینت‌دا، واته وێران کردنی هه‌موو ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێ داهاتوو، به‌خته‌وه‌ری، شادی...
دژواره، مرۆڤ به بێ تروسکایی بژیت. با هیواکان دوره ده‌ست بن، با ده‌ست وێڕاگه‌یشتنیان پڕ هه‌ورازوو نشێو بێت، به‌ڵام ژیان به بێ هیوا هه‌نگاونانه له تاریکی‌دا، تێپه‌رینه به‌و کوێره رێیانه‌دا له مێژه که‌س ناگه‌یه‌نه ئاوه‌دانی.
زۆر جار هه‌ستنی گه‌یشتن به شتێک خۆشتره له پێگه‌یشتنی، چوونکا هه‌ستی پێگه‌یشتن به‌رده‌وام وزه‌ت ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی پێیبگه‌یت، هه‌موو ژیان حه‌ولی بۆ ده‌ده‌یت‌و به‌م هه‌سته‌وه هه‌ست به به‌ختیاری ده‌که‌یت، ئه‌م هه‌سته له‌گه‌ڵت دێت، وه‌کوو سێبه‌ر به دواته‌وه‌یه‌و لێت نابێته‌وه، چ ده‌توانێ له‌مه کاریگه‌رتر بێت بۆ به‌رده‌وام بوون، بۆ مانه‌وه‌و تاقه‌ت هێنان، ته‌نها هه‌ستی گه‌یشتن به‌و که‌سه یان شته‌ی وا نیته...
زۆر جاران له خۆت پرسیار ده‌که‌ی، ئه‌مه‌ی باسی ده‌که‌م، بیری لێ ده‌که‌مه‌وه، بۆی ده‌مرم، بۆی ده‌ژیم، له جنسی چییه، چ ناوێکی له‌سه‌ر دانێم، له کوێ‌دا بیشارمه‌وه، له کوێ‌دا ئاشکرای که‌م، که‌نگێ له حاندی بێ ده‌نگ بم، چ تاوێ بۆی بێمه گۆ، ئاخر هه‌تا دێت مه‌زن‌تر ده‌بێت، جوانتر ده‌دره‌وشێت وه‌کوو تیشکی نێو شه‌وگاری ئه‌نگوسته چاو، بۆندارتر ئه‌بێ وه‌کوو بۆنی شه‌وبۆو سنه‌وبه‌ر له وه‌رزی ئاوس بوونی خاک‌و کێڵگه‌کان، مه‌زراو ده‌شته‌کان، به خۆڕتر ئه‌بێ وه‌کوو ڕووباری پڕ ده‌نگ‌و ته‌کانی سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هار که به‌فری کوێستانه‌کان به زه‌بری تیشکی هه‌تاو وه‌جوڵه دێن، پێ ده‌گرن‌و به گاگۆلکێ ده‌رژێنه رۆحی جۆگه‌له‌کان، له‌وێڕا به ئه‌سپایی بۆنی خاک‌و کوێستان، بۆ نێو زه‌ریاکان ده‌گوازنه‌وه.
بیر ده‌که‌یه‌وه، ته‌کانه‌کانی زه‌ریا، نائارامی‌یه‌کانی ده‌ریا به‌رهه‌می ئه‌م هه‌موو ڕه‌نگ‌و ماچانه‌یه که له ئاکامی ژوان‌و چاوبڕکێنێی هه‌تاوو به‌فردا له دایک ده‌بێ، پاش لێو گرتنی هه‌زاران مرۆڤ، به هه‌ر هۆیه‌ک ڕوویان له ده‌شت‌و دۆڵه‌کان کردوه، له بنارو لوتکه‌ی چیاکان گریساونه‌وه...
ئاوا، هه‌ستت، بیریت، ڕوانین‌و ڕوانگه‌ت ئه‌مه‌یه، لێره‌دایه مرۆڤ وه‌کوو بونه‌وه‌رێک هه‌ست ده‌کات که‌سێکی پێویسته، یه‌کێک بوونی حاشا هه‌ڵنه‌گر بێ، وه‌کوو گه‌رما له شه‌خته‌و سه‌هۆڵبه‌ندان‌دا، وه‌کوو تیشک‌و رووناکایی له تاریکی‌دا، وه‌کوو ئاو بۆ تینوو، وه‌کوو ژیان بۆ ژیان، وه‌کوو ئازادی بۆ ژیان، هه‌روه‌ک ژیان بۆ ئازادی...
ڕه‌نگه بۆ که‌سێک نێوه‌راسته‌کانی وه‌رزی هاوینی 2007ی زایینی، سه‌ره‌تای داڕمانی سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه بێ که ڕه‌نگ یان بۆنی ترس ده‌ده‌ن له چوون بۆ ژوانێک. ڕه‌گاژۆ بوونی هزرێکه وه‌کوو حه‌زی دایک بۆ کۆرپه، دیل بۆ ئازادی، برسی بۆ نان، هه‌ژار بۆ تێری، ماندوو بۆ پشوو، کوێر بۆ بینایی، لاڵ بۆ ئاخافتن.
سێ رۆژ ئه‌بێ به سه‌ره‌تای هه‌موو بڕیارێک بۆ ته‌واوی دۆخه سه‌خت‌و تاقه‌ت پڕوکێنه‌کان، ئه‌بێته چڵه پۆپه‌ی هیواوو شانازی، یه‌ک ته‌نیا به هیوای دیدار ڕێگا ده‌گرێته‌به‌رو ئیهه‌وێت هه‌موو شتێک له سه‌نگی مه‌حه‌ک بدات، یه‌کی دیکه 10 ساڵ له ته‌مه‌نی مامه‌ڵه ده‌کات، مه‌ترسییه‌کان به گیان ده‌کرێت، سێ ڕۆژ له ژێر بۆنی ترس‌و دڵه ڕاوکه‌دا ئه‌بنه کامڵتریین ڕۆژه‌کانی دوو مرۆڤ...
جاران، به‌ر له‌وه‌ی باران به کێڵگه‌کانی "مین"دا، به نێو هه‌زاران چقڵ، دێوه‌زمه‌و بوونه‌وه‌ری چاوبرسی‌و دڕدا، بۆ بینینی پیاوێک نه‌ک چه‌ند ساڵ له ته‌مه‌نی خۆی، به‌ڵکوو هه‌موو ته‌مه‌نی مامه‌ڵه کرد. پیاوێک زۆر سات له‌گه‌ڵ یادوه‌ری‌یه‌کان، له‌گه‌ڵ وێنه‌و نامه‌کانت ده‌که‌وته دوان، بیری دیدارێک ته‌زووی به هه‌موو جه‌سته‌یه‌دا دێنا، بیری چه‌ند خووله‌ک پێکه‌وه بوون، قه‌سه کردن له هه‌موو شت، له هه‌موو که‌س به‌رده‌وام که‌ڵافه‌ی ئاڵۆزی بیره‌کانی بوون، هه‌ستی ده‌کرد به بینینت ئیدی هه‌موو شتێکی په‌یوه‌ندیدار پێته‌وه ئاسایی ئه‌بێته‌وه، ئه‌وجار ئه‌توانێ رێگا دوور‌و سه‌خته‌کان نزیکتر بکاته‌وه، ئه‌توانێ له بیرت کات، بوونی سه‌رکه‌ش‌و ده‌سته‌مۆ نه‌کراوت له رۆحی غه‌ریبی‌دا بکوژێ؛ به‌ڵام ئێستا بۆنی تۆ هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه، له قوڵتریین ساته‌کانی‌دا به گه‌رم‌و گوڕی هه‌یت، له ژووره‌که‌ی‌دا، له ڕۆژه‌کانی‌دا، هه‌ستت پێده‌کات، به‌رده‌وام له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت، حاشا لێ کردنت، له بیر کردنت خۆ فریودانێکی ساویلکانه‌یه.
تۆ ئه‌بیته ئه‌ستێره، ئه‌بیته گه‌لاوێژ. ئه‌بیته ئه‌ستێره‌ی کاروان کوژه‌ی ئاسمانه دووره‌کان. ئه‌بیته ڕووناکایی شه‌وگاره تنووکه‌کان.
"باران"، ساته‌کانی پێکه‌وه بوون هه‌ر دێن‌و له دایک ده‌بنه‌وه، دێن‌و پتر له ناخی بێ ئۆقره‌ی پیاوێکی عاشق‌دا جێده‌گرن. هه‌رچی زۆرتر حه‌ول بده‌ییت له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌رنه‌که‌ویت، بێ که‌ڵکه، کڵاو له‌سه‌ر خۆنانه، زۆرتر بۆنی پرچی خاو‌و ڕه‌نگ شه‌رابی تۆ، نوقمت ده‌که‌ن، سه‌ره داوی بیره‌کان بۆ ئه‌ولاوه‌ترت ده‌به‌نه‌وه، بیر له هه‌ر شت‌و له هه‌ر که‌س به‌که‌یه‌وه، عاقیبه‌ت هه‌ر ده‌گاته‌وه ژوانی ڕۆژه گه‌رمه‌کان، ئه‌گاته‌وه ساته‌کانی پێکه‌وه بوون.
له دێرێ کتێبه‌کان‌دا ده‌رده‌که‌وێت، له ئاوینه‌دا خۆی ده‌رده‌خات، له جله‌کانت ده‌ئالێ، دێته نوێنی خه‌وه‌که‌توه، ئه‌بێته چرکه چرکوو چرکه‌ی کاتژمێره‌که‌ت.
بۆن‌و بیری دیدار‌و وێکڕا بوون، پاشان دابڕان‌و چوونه‌وه قاپوخی کۆن، مرۆڤ ده‌مه‌زه‌رد ده‌کاته‌وه، پێستی ئه‌ستوورو ئه‌ستوورتر ده‌کات، دیواری تاقه‌ت هێنان قورس‌و قایم‌تر ده‌کات. ڕادێی ئه‌م دوورییه تاقه‌ت بێنی.
رادێی بۆ دیداری دیکه ئازاوو سه‌ربزێو بی، به وره‌و چاو نه‌ترس‌تر له پێشوو ده‌بی. ڕادێیت هه‌موو ئه‌و که‌س‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر رێگای دیدارێکی دیکه ده‌بنه کۆست به باوه‌ڕبه‌خۆ بونێکی شوێندانه‌ره‌وه ڕاماڵی، ئه‌م ئیراده هه‌موو ئه‌و دارانه‌ی ناخ ڕاده‌ته‌کێنێت که به جۆرێک له جۆره‌کان بیر له ترس‌و گومان ده‌که‌نه‌وه.
بیری ژوانێکی دیکه یانی به‌خته‌وه‌ری، ئێستا سه‌وز بوون‌و شادمانی سه‌رتاپای ڕۆژه‌کان‌و ساته‌کانی گرتۆته‌وه.
دڵ به خێرایی لێیدا بۆ که‌سێک، ده‌گه‌نه‌وه یه‌ک. که لێینه‌دا ئیدی نۆره‌ی ده‌ستپێکێکی دیکه‌یه. نۆره‌ی خولانه‌وه له نێو بازنه‌دایه.
به‌ڵام بۆنی ئه‌و عه‌تره، ڕه‌نگی ئه‌و چاوانه، نه‌رمی جه‌سته‌و هه‌ناسه‌کانی که‌سێک قه‌تت به‌رناده‌ن، با هه‌زاران جار خۆت بۆ یه‌کی دیکه‌ش ڕووت که‌یه‌وه، به‌رت ناده‌ن، ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وینه.
عه‌شق ژانی هه‌یه وکوو ژانی ژنێک که منداڵی ده‌بێ، وه‌کوو برینێک که سارێژ ده‌بێته‌وه. وه‌کوو خه‌و وایه، هه‌موو سپێده‌یه‌ک به‌رت ده‌دا، هه‌موو شه‌وگارێک به نازداری خۆی له چاوه‌کانت هه‌ڵده‌سوێ.
خوو مه‌گره به نه‌دیتن، به نه‌بیستن. هه‌ر ئه‌م هه‌ست‌و سۆزه‌یه وات لێده‌کات زۆرتر خۆت بۆ بینینی سه‌ر له نوێ ئاماده به‌که‌ی، نا، ببووره ئه‌مه ته‌نیا هه‌ستێک نیه، بڕیارێکه، بڕیاری ڕانه‌هاتن به نه‌بوون. ئه‌م ڕانه‌هاتنه‌یه عاشق زیندوو ڕاده‌گرێ، گه‌رم‌و گوڕتری ده‌کات. بیبینه‌وه له به‌ر خۆی، له‌به‌ر جوانی، له‌به‌ر ژیان‌و زیندوو مانه‌وه بۆ درێژه‌دان به ژیان.
ئه‌زانی، بیر کردنه‌وه جیا له ڕه‌مزو ڕازی خۆشه‌ویستی‌و ئه‌وینداری، تاڤگه‌یه‌کی پڕ که‌ف‌و کوڵه بۆ له دایک بوونی هه‌سته ده‌سته‌مۆ نه‌کراوه‌کان. ته‌نانه‌ت بیانووه بۆ درێژه‌دان به ژیان‌و نه‌چه‌مینه‌وه له ئاست دژوارییه‌کان، هۆکاری سه‌ره‌کی‌یه بۆ هه‌ڵکشان، ئاوا زرت‌و زیندووی، ئاوا به‌رگه‌ری ڕۆژه ڕه‌شه‌کان ده‌گری، عه‌تری عه‌شق له خۆت‌دا مه‌کوژه، کوشتنی عه‌تری عه‌شق کوشتنی هه‌موو جوانی‌و بزه‌یه‌که‌و پاته که‌رنه‌وه‌ی ژایانێکی بێ ڕۆح‌و بێ گیانه.
جاران رۆژێک سۆراغ نه‌ده‌کرا ئه‌وینداره‌که‌تت تێدا خۆش نه‌ویستبێ، رۆژێک نه‌بوو بێ بیر کردنه‌وه له ئه‌و بگاته شه‌و. ئه‌مێستا چه‌ند ڕۆژ یان چه‌ند سات پێکه‌وه بوون، ئاوا ده‌بێته خوێنی ده‌ماره‌کان، ئه‌بێته هه‌ناسه، ده‌بێه ژیان‌و مانا به زیندوویه‌تی ده‌به‌خشێ.
له خۆت ده‌پرسی ئه‌گه‌ر هیوای دیدارێکی دیکه‌ی له خۆم‌دا بکوژم، چی ده‌بێت، حه‌سره‌تێک له دایک ده‌بێت ڕۆژگارت ڕه‌ش ده‌کات، ده‌بێته خۆره هه‌موو ژیانت لێ ده‌کاته ده‌وزه‌خ.
مرۆڤ نابێ به کوله مه‌رگی بژی، به‌هێز به بۆ هه‌میشه‌ی چاوه‌کانت. مرۆڤ شایانی ئه‌و دۆخه‌یه که تێیدایه. ئه‌گه‌ر بتوانی شتێک بگۆڕی‌و نه‌یکه‌ی تاوانباری، ژیان به تاوانباری سووک‌و ساده نییه، چێژی نییه. ژیان بێ چێژ کوا ژیانه؟!
نا، ژیان له ده‌وزه‌خ‌دا هیچ ڕه‌وایه‌کی نییه، به تایبه‌تیی مرۆڤ خۆی خۆشکه‌ری ئاگر‌ی ده‌وزه‌خی ژیانی خۆی بێت. ده‌وزه‌خه تۆ حه‌زی فڕین له سه‌رتا بێ‌و قه‌ت ده‌رینه‌بڕی، ده‌وزه‌خه نیگاێک له چاوه‌کانت گیر نه‌کا که جیاوا له هه‌زاران نیگای‌تر بێ. ده‌وزه‌خه که‌سێک خۆی به مه‌مکه‌کانته‌وه بگرێته‌وه که له بۆنی هه‌نار، تامی سێو‌و ڕه‌نگی گوڵه‌باغ تێنه‌گات.
وه‌ره خۆت لێره بشاره‌وه، له ڕۆژه‌کانم‌دا وون به، له شه‌وگاره‌کانم‌دا ببه به جووڵه‌و ته‌کان، خۆتم له‌به‌ر خۆت ده‌وێت به‌و جۆره‌ی هه‌یت. هه‌ر کات حه‌زت لێ‌بوو درگای ته‌نهایم به‌خه‌ره سه‌ر پشت، هه‌ر زه‌مه‌نێک که‌یفت هێنای درگا ببه‌سته‌و بڕۆ، به‌مێنیته‌وه یان نا، من بۆت مێهره‌بانتریین ئه‌بم تاکوو ئه‌و ساته‌ی چاوه‌کانت له‌سه‌ر من نابه‌ستییت...
کۆتایی مانگی یه‌که‌می 2008.
Friday, February 1, 2008
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
2 comments:
katek amem xwendawe tom bire hatawe harcene awe bo kanishke . (ئه‌ی سوور پۆشی عه‌تر نشین) fra lam prr bo la sozeki rastgoi baraber eshqakei.balam hane jar awanei to exonmawe hastekam har jareao bas le jnek ekat...bmbaxshe ey cwantrin tarmayi hande jar drangan mozahmt abmw be awe bzani keye,,,tasat dekam ey piawe be sozekai mn,,bmbaxshe nawe wa blem cwnke to hi mn nieit.agadari xot be ey piawe paizawieka...
ey piawe paizawieka bo biri emshtanem axaitawe....ezani chan saxt bwn...bmbaxshe ka hande jar Kommenteri nwsinekant ekam be ewai nawm bnwsm balam fkr nakem bzani mnm.to rast ekai bir la har chi bkamawe har aqibatekai biri toie.agat la xot bet ey piawe paizawieka bmbashe natwanm blem piawi mn.
Post a Comment