Archive

Friday, January 25, 2013

خەندەکانت بوەرێنە سەر سینگم


رەحیم رەشیدی

عەزیزی عەزیزم، کە تۆ بێ دەنگ و گۆشەگیر دەبیت، ئیدی زستان لە دەستەکانی منەوە سەرهەڵدەدات. کە خەونت پێوە دەبینم و ناتوانم گوێم لە دەنگت بێ، وەکوو سەرخۆشێک هەر لەتەر دەدەم و هیچ رێگایەک بە ئاسانی نابینمەوە.

حەز دەکەم دیسانەوە پێکەوە بۆنی خاکی دیوارە کۆنەکانی رۆم بکەین و لە نێو سەمای لاوە پڕ وزەکانی لێهستان دا بە سەرخۆشی قاقا پێبکەنیین. ئەمەوێ دیسان بە کراسێکی سوورەوە بە شەقامەکانی پاریس دا بسوڕێینەوەو لە نێو گەرمای نێوەراست مانگی هاوین دا، باران لە شووشەی پەنجەرەی ژوورەکەمان بدات...

چەند خۆشە کە دان بۆ کۆترەکانی ئیستانبوڵ برێژین و بۆن بە پرچەکانتەوە بکەم کە نمە بارانێک تەڕی کردوون و سەمایان لەگەڵ نۆتی مۆسیقاو شەپۆلەکانی دەریا تێکەڵ بوون، با ئەم جارەش دەرەلنگی پانتۆڵەکانمان هەڵکەین و پێمان لە نێو دەریا بنێین و من نەرمایی گوێچکەکانت ماچ بکەم، ئەبێ بە پێی پێخواسی بە نێو لمی سەحرای ئیمارات دا گوزەر بکەین، لە پیرترین شوێنی دونیا بۆ لات بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی سەر لە نوێ ئاشق ببینەوە!

باکم نیە کە قەتارێک لە جادەدا ون بێ و تۆ لە ئێڤلەوە بگەێنێتەوە نێو گوڵزاری ئامێستردام. من بەهێزترین پیاوی جیهانم کە ئەتوانم دووری تۆ تاقەت بێنم!
کاتێک بیر لە تۆ دەکەمەوە، ترس جەستەم چۆڵ دەکات وەکوو کەروێشکێکی تۆقیوی نێو تەماڵی ڕاوچی...

ئەو کاتە خۆفم بۆ هەمیشە لە خۆم دا ناشت کە تۆ بە مەیدانەکانی مین دا گوزەرت کردو لە سلێمانی رژایتە رۆحمەوەو من فێر بووم لەگەڵ تۆ هەموو تشتێک تاقی بکەمەوە. ئێستا کە بیر لەوە دەکەمەوە کابرایەکی مەسیحی هەر چاوەڕوانی ئەوەیە بۆ لای بگەرێنەوە، تێدەگەم کە هێزی ئەوین سنوور ناناسێ و بەسەر هەر ئاستەنگێک دا سەردەکەوێ!
وەرە گۆ، ئەی خەم رەوێنی تاریکی بەزێنی نێو هەناوم، تەنیا تینی دەستەکانت ئەم سەهۆڵبەندانەی دەروونم شەق دەکات.
ئەی سپێدەی بەیانی من، هەمیشە دەستەکانی تۆم کەمەو تاکوو کۆتایی زەوی، هەر چاوەڕوانت دەمێنمەوە...

No comments: