Archive

Friday, February 22, 2013

گۆرانی مانگ

رەحیم رەشیدی

هەوا نەک مەیلەو بەفرە، بەڵکە لەشی شەکەتم تەزیوەو پەنجەکانم کلیلەیان بەستوە. دەستەکانم دەرووی شەختەو سەهۆڵبەندانن، هیوایەک بۆ ئەوەی باران لە نێو دەستەکانی منەوە دابکات و رەنگی خەمەکانمان بشواتەوە بەدی ناکرێ.

لیمۆ لە نێو لپی دەستەکانم دا سیس هەڵگەڕاوە، کەچی من هەر بەرۆکی خۆم دادەدڕم و چاوم لە هەور گرێ داوە. ئەو یادوەریانەی کە لەگەڵ تۆدا هەمەو بە تەمام پاتەشیان بکەمەوە، تامی هەموو تاڵی و تفتیەکم لێدەکاتەوە هەنگوین...ئەزانم کە هەنووکە لەشکری سەرما بە چەشنێک گەمارۆی داوم و بە ڕادەیەک دەورم بە سەربازی بەفر تەندراوە کە هیچ هەتاوێک شک نابەم درز بەم دۆخە بدات.




ئەمەوێ رادیۆی بیرەوەرییەکان هەڵبکەم؛ بەشکم گۆرانیەک ببیستم و بە خۆم بێژم کە هێشتاش تۆ لە کۆڵانەکانی ژیان دا کیژێکی ١٤ ساڵانی و هەموو جەستەت گوڵی گرتوەو لە نێو شەقامێک دا کە سینگ و بەرۆکی خۆی بۆ کردویتەوە تاکوو بە سانایی پێیدا گوزەر بکەیت، گوڵ دەفرۆشی.تۆ لە کاتی دوور خرانەوەتدا گۆشەی راستی کراسەکەت لە "با" گرێ دا، هەر بۆیە لە هیچ خالێک دا نامێنیتەوە، لە تروسکایەکی دوور دەچی کە لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا بە خێرایی تێپەڕ دەبی. با دووری دووریش بێ، هەر هیوا بەخشە!

بیر لەوە دەکەمەوە کە جارێکی دیکەش پێکەوە هەنار بخۆین و داری هیواکانی من لە چاوەکانی تۆدا بڕوێ. حەز دەکەم سەر بخەمە سەر شانەکانت و پێکەوە گوێ بۆ گۆرانی مانگ بگرین.
ئەزانم ئەمانە خەونە کە دەیانبینم و خۆمیان پێدەکەمەوە کوڕو کاڵی چواردە ساڵان، لە مێژە لەوە تێگەیشتووم کە ژیان بە بێ هیواو رازاندنەوەی کۆشکی خەونەکان، کەلەبەرێکی هێندە بەرینی تێدا چێ دەبێ کە مرۆڤ قوت دەدات. ژینی بێ خەون واتە گۆرستان...
ئێستا، ئەمن لە نێو باگژی مان و نەمان دا ماومەتەوە، لە نێو رنوە بەرفی ئەم کوێستانە چڕانەدا گیرم خواردوە، دونیا تەم و مژە، دەستەکانم گۆ ناکەن و لاقەکانم هێزو وزەی جووڵەیان تێدا نەماوە، مەوداو دەرفەتی بیر کردنەوەم کەم و کورتە، بە خۆم دەڵێم کە گەڕان بە دوای رێچکەیەک دا بۆ ئەوەی بگەمەوە ئاوەدانی ئیدی دادم نادات.
یادەکانت، لە نێو ئەم بەرزەخ و تۆفەدا، لە جەرگەی لورەو دەنگی تۆقێنەری گورگ و کەمتیاردا، لە قوڵایی ترس و سەر لێشێواوی دا، رچەیەکن دەمگەینەوە ئاوەدانی، گڕی ئاگرێکی دوورن کە جەستەی ماندوو داهێزراوم گەرم دەکاتەوە.


هەر ئێستا گوێم داوەتە گۆرانی مانگ و خەونم ئەدی کە تۆ...، ئەتۆش وا بکەو هەر ئێستا ئەم ئاوازە لەسەر لێوەکانت کە بە رەنگی سوور نەخشاندووتن زەمزەمە بکە...، با بە هەستێکی ئاگرینەوە ئەم مەودا دورانە کەم کەینەوەو خۆمان بۆ دیدارێکی پڕ تین و تەکانی دیکە نۆژەن کەینەوە، کەسەکم ئاوا هەمیشە ژیان ساناترو شیرینە...

سپاس لە بوونت، مەمنوون کە هەیت.

No comments: