Archive

Monday, January 5, 2015

پەیامی رەحیم رەشیدی بۆ کۆڕی رێزگرتن لە دوکتۆر خەلیقی:

وێنە: د. حوسێن خەلێقی  و رەحیم رەشیدی


بەرێز کۆمیتەی بەرێوەبەری رێزگرتن لە کەسایەتی زانستی کورد دوکتۆر حوسێن خەلێقی

پاش سڵاوو رێز
پێشەکی لە ناخی دڵەوە سوپاسی دەعوەتەکەتان دەکەم و سڵاوو رێزی بێ کۆتایی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
ئەوەی راستی بێ ئەم هەنگاوەی ئێوە بۆ رێزگرتن لە کەسایەتییەکی تێکۆشەرو ماندوویی نەناسی وەکوو دوکتۆر خەلێقی، لەم ساتوکاتەداو بە ئامادە بوونی ناوبراو، دیاردەیەکی باش و دڵخۆشکەرە؛ درێژەدانی ئەم رەوتە کە بۆ خۆشمان دەزانین تاکوو ئێستا لە نێو نەتەوەکەمان دا زۆر کەم کراوە، دەکرێ سەرەتایەکی باش بێ بۆ کەمکردنەوەی باندۆری ئەو بەشە لە کولتووری کوردەواری کە تەنیا پاش مردن، کەسایەتییەکانی خۆمانمان بیر دەکەوێتەوە، وەکوو دەڵێن:  "کورد مردوو پەرستین".
ڕوون و ئاشکرایە کە کار و تێکۆشانی دوکتۆر خەلێقی، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ساڵی ١٩٧٩ ی زایینی، بەرانبەر بە ١٣٥٧ی هەتاوی، وەکوو پێشمەرگە و ئەندامی رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیارو بەرچاوترە.
بە تایبەتی کە بەرێزیان وەکوو کەسێکی ئاکادیمی و لە پلەی مامۆستای وانبەبێژی فەلسەفە لە زانکۆدا، پەیوەست بە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری پێشمەرگایەتی بوەو بە کردەوە بیرو زانستی خۆی خستۆتە خزمەت پەروەردەو ڕاهێنانی پێشمەرگەکان. خەلێقی بۆ گەشەو پێشکەوتنی کورد و کوردستان لە هیچ هەنگاوو کردەوەیەکی شۆڕشگێرانە نەپڕینگاوەتەوە، ئەو بەرچاو ڕوونانەو بە دوور لە خزم خزمێنە و نێوچەگەری؛ ریزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات هەڵبژاردوە، ئەگەر وانەبا ئەوە دەبوایە سەنگەرێکی دیکەی بۆ حیزبایەتی هەڵبژاردبا!
هەر ئەمەشە کە مرۆڤە شۆرشگێر و دەروەستەکان لە خەڵکی دیکە جیا دەکاتەوە، بە چەشنێک کە پێگە و پلەی کۆمەڵایەتی ئەم جۆرە کەسانە لە نێو کۆمەڵ دا بەرز و بەرێزتر رادەگیرێ و ژیان و سەربردەیان دەبێتە بڕگەیەکی زێرینی مێژوو بە چەشنێک کە نەوە دوای نەوە، شانازیان پێوە دەکات و بە چاوی ستایشەوە لێی دەڕوانن و لە بڕگە جیاجیاکانی بەسەرهاتەکەیان، وانەی مرۆڤ دۆستی و نیشتمان ویستی فێر دەبن.
وەکوو هەموو لایەک دەزانیین، ژیانی بە ناچاری تاراوگە بۆ دوکتۆر خەلێقی، لە پاش دەییەکانی نەوەدی زایینی بە دواوەو گیرسانەوەی لە وڵاتێکی وەکوو سوید، ئەم هەلومەرجە نوێ و نامۆیە، هەرگیز نەیتوانیوە تەموو مژ بخاتە سەر هەوڵ و خەباتی کاک دوکتۆر خەلێقی، ئەو ژیان لە غەریبی دا کردە مەیدانی تێکۆشان، ئیدی ئاوارەیی دەستەوەستان بوو لەوەی دوکتۆر خەلێقی بترنجێنێتە سوچێکی بەرتەسکەوەو پەراوێزی بخات، بەڵکە بەرێزیان لەو ماوەدا، لە رێگای بەرنامەی تەلەویزیۆنی، کۆڕ و سیمینار، نووسین، وەرگێران و وەشانی دەیان بەرهەمی بەپێژ، وەکوو کەسایەتییەکی دیار و شوێندانەری کوردستانی ماوەتەوە...
لێرەدا پێم خۆشە ئەوە راستییە دەرببڕم کە ساڵی ٢٠٠٦، پاش کرانەوەی دەنگ و رەنگی تیشک تی ڤی، لە پاریس، وەکوو ئەندامی بەرێوەبەری تەلەویزیۆنەکە، هەوڵێکی زۆرم دا کە بەرێزیان لە پلەی کەسایەتییەکی دێموکرات و ئازادیخواز و شارەزایەکی دەگمەنی دین و گەردوون ناسی، دەرفەت و دەرەتانی پێشکەش کردنی بەرنامەیەکی زانستی - ئایینی بۆ برەخسێندرێ، تاکوو ئەم زاتە پڕ لە زانستە، بۆ نیشاندانی راستەرێی ژیان لە کۆمەڵی کوردەواری دا، پتر و ساناتر بیر و ئەندێشەی بایەخداری شۆڕکاتەوە نێو کۆمەڵگای کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانم بێ ئاکام بو کە لێردا جێگای باس کردنی هۆکارەکانی نیە...
ئێستاش زۆر ڕاشکاوانە ئەوە دوپات دەکەمەوە، کە کورد وەکوو پێویست نەیتوانیوە لە زانست و توانای بەرێز خەلێقی بۆ پاشەکشە کردن بە ئیسلامی سیاسیی کەڵک وەربگرێ.
ئاشکرایە، ئیسلامی سیاسیی وەکوو رەوتێکی دەمارگرژ و هەلپەرەست، لە ئێستا و پاش دەییەکانی داهاتووش، بە چەشنی مۆتەکەیەکی پڕ لە نەگبەتی بە هاسانی بەرۆکی وڵاتەکەمان بەرنادات، بەڵکە لە هەموو بەشەکانی وڵاتدا، تاکوو دێت وزەو بەرهەمی ئینسانی کوردەواری بە پانەوە بە فیرۆ دەدات، بە بێ ئەوەی ئێمە وەکوو سەوداسەرانی ئازادی و کۆمەڵگای کراوەو لایەنگرانی بەرانبەری ژن و پیاو لە خێزان و کۆمەڵ دا، هەنگاوی شێلگیرانە بهاوێژین و دەست بە شۆڕشێکی مەزن و بەرینی کولتووری و رۆشنگەری بکەین و لەم بازنەدا لە خەرمانەی هز و بیری دوکتۆر خەلێقییەکان بە قازانجی گەشەی بیری مرۆڤ تەوەرانە، تاک سەروەری و نەتەوەخوازی دێموکراتیک کەڵک وەربگرین...
بەرێزان!
بەداخێکی زۆرەوە کە بە هۆی بەرنامەی لەوەپێش دارێژراو، نەمتوانی لەم کۆڕی رێزگرتنەدا لەگەڵتان بەشدار بم، مخابن کە ناکرێ لەم دەرفەتە زێرینەدا، لە کۆگای زانست و زانیاری ئێوە فێر بم.
لە دڵەوە، ئاواتی تەمەن درێژی بۆ جەنابی مامۆستا خەلێقی دەخوازم و هیوام وایە کە هەردەم بۆ خزمەتی پتر بە کورد و کوردستان لەشیان ساخ، قەڵەمەکەیان بەبڕشت بێ و بە رێزەوە چەپکە گوڵی وەفا لە بەرۆکیان دەدەم.
خۆشەویستان، هەرچەندە بە لەش لێتان دوورم، لێ بە دڵ لەگەڵتانم و ئاواتی کۆبوونەوەیەکی پڕبەرهەم و تەژی لە دەسکەوتان بۆ داوا دەکەم.
ئیزن دەخوازم، لە رێگای ئەم پەیامە کورتەوە، وێرای دەست خۆشی دوبارە لەم مشوورخۆرییەی ئێوە، داوای لێبوردنم لە هەمبەر ئامادە نەبوونم قبووڵ بکەن. 

لەگەڵ سڵاوو رێزی زۆرم دا
برا و دڵسۆزتان
رەحیم رەشیدی
واشنگتن
٢٠ی دێسامبری ٢٠١٤ی زایینی

No comments: