Archive

Saturday, February 13, 2016

رەحیم رەشیدی بۆ رۆژی کورد: ئایا، شاری سلێمانی هێزێک وەکوو حیزبوڵای لوبنانی تێدا چێ بوە!


رەحیم رەشیدی بۆ رۆژی کورد: ئایا، شاری سلێمانی هێزێک وەکوو حیزبوڵای لوبنانی تێدا چێ بوە!

"رۆژی کورد: لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران و لە درێژەی جێژنەکانی هەموو ساڵەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە لایەن یەکێتی نیشتمانییەوە، لە سەر دەستی نەجمەددین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی ڕێبەریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەنتەرێکی ڕۆشنبیری وەرزشی بە ناوی خومەینی و بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی ئێرانی و لە حاڵێکدا کە تەنیا دوو ئاڵای ئێران ق عێراق داندرابوون و ئاڵای کوردستان شوێن بزر کرابوو، کرایەوە.
کرانەوەی مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری لە شارێکی وەک کەرکووک کە هەزاران قوربانی پێشکەش بە کوردستان کردووە و کورد بە دڵی کوردستانی دەناسن و کەرکووکێکانیش بە بەشێک لە نیشتمانپەروەرترین کوردەکان دێنە ئەژمار، هەڵگری گەلێک هێما و قسە و پەیامە کە تا ئێستش تاق و لۆق نەبێ لە لایەن ڕووناکبیرانی باشوور، دژ کردەوەیەکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە.
هەرچەند تا ئێستا هیچ کام لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەمبارەوە هیچ ڕاگەیێندراوێکیان نەبووە و خەڵکی ناوخۆی خۆرهەڵاتیش بە هۆی زەبر و زەنگ و سێدارە و ئەشکەنجە، نەیانتوانیوە ڕای خۆیان دەرببڕن، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەژی ىوون لە مەحکووم کردنی ئەو کارە قێزەون و نانیشتمانییە.
بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد بەپێی دەرفەت، ڕای بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، فەرهەنگی، هونەر و مەدەنی دا وەرگرتووە کە لەو بابەتەدا دەخرێتە بەر چاوتان و هەر کام لە کەسایەتییەکان بە شێوەیەک، ڕوانگەی خۆیان خستۆتە بەر باس".

ڕەحیم رەشیدی رۆژنامەوان و شرۆڤەکاری ناسراوی کورد، بە چڕی شرۆڤەی ئەم باسە دەکات و لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا:

"ئێران دژی نەتەوەپەرەستی و چەقبەستوویە"
ئەم سەردێرەی سەرەوە، واتە "ئێران دژی نەتەوەپەرەستی و چەقبەستوویە"، دروشمێک بوو کە لەگەڵ ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە هۆڵی یادکردنەوەی خومەینی و شۆرشەکەی لە شاری سلێمانی پێتەختی رۆشنبیری هەڵواسرابوو!
سێ ساڵ پێش ئێستا "دەیڤید پۆلاک"، گەورە توێژەری ئەمریکایی و راوێژکاری پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوە، ئاشکرای کرد کە کەسایەتی دووهەمی بزوتنەوەی گۆران پێی وتوە، ئێرانییەکان تەنیا لە شاری سلێمانی دا پتر لە ٧٠٠ ماڵی سیخوریان هەیە. ئەم رێژەیە تەنیا ئی ساڵی ٢٠٠٧ بوە. 
ئێستاش لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی ٢٠١٦دا، بە کرانەوەی "ناوەندی رۆشنبیری و وەرزشی خومەینی" لە شاری کوردستانی و پڕ کێشەی کەرکووک، هەروەها رێزگرتن لە شۆرشی ئێران لە شاری سلێمانی، جیا لە تۆخکردنەوەی دەستەوەستانی لە ئاست ئاژاوەگێری ئێران دا، ئەوە دەکرێ لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە، خوێندنەوەی جیاوازیشی بۆ بکرێ.
هەرچەندە لای من، ئەم ڕووداوە ناکرێ لە شەهید کردن و تیرۆرو بێسەروشوێن کردنی نزیک بە ٥٠٠ تێکۆشەری سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی باشووردا کە زۆربەشیان لە ژێر دەسەڵاتی یەکیەتیی دا روویداوە، کارەساتبارتر و داچلەکێنتر بێ. چوونکە گوێ لە مستی و بێ ئیرادەیی ئەوان لە ئاست تاران دا، بۆتە شتێکی باوو کە تەنانەت لە ئاستی سەرکردایەتی دا مەراق بۆ ئەوە دەخۆن کە کورد پیاوی وەکوو "قاسم سلێمانی" تێدا نیە!
ئێستا لە بیرو زەینی هەر مرۆڤێکی خودان هەڵوێست و شکۆمەندا ئەم پرسیارانە رەنگدەداتەوە:
گەلۆ، ئایا هەرێمی کوردستان وەکوو لوبنانی لێ بەسەر هاتوە، کە هێزێک وەکوو حیزبوڵای گوێ لە مەستی ئێرانی تێدا چێ بوە کە ئەگەر پێویست بێ وەکوو چۆن کردیانن بە گژ نەیارانی ئەسەدا لە سوریە، بە هەمان شێوە لێرەش دەیانکەن بە گژ بەرێوەبەرانی پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان؟
ئایا هەڵوێست و هەنگاوی سوننەکانی کەرکووک چی دەبێ و دژ کردەوەی ئەوان لە ئاست ئەم کردارە قیزەونەدا، بە قازانجی کێ دەشکێتەوە؟.
ئایا ئەم هەنگاوە کارئاسانی زیاتر نیە تاکوو "حەدشی شەعبی"، یانی هەمان "بسیج" ئێرانی، بۆ پارێزگاری و چاوەدێری ئەو ناوەندە چ بە ئاشکرا، یان نهێنی، پتر هەوڵی پەلکێش کردنی بۆ نێو کایە سیاسیی و چەکدارییەکانی ئەو نێوچانە بدرێ ؟
ئایا ئەمە دەرکەوتنی پتری هێڵی هاوپەیمانەتی نێوان نێوچەی سەوزو کۆماری ئیسلامی و رووسیاو بەشار ئەسەدە؟
ئایا ئەمە بە ئامانجی بە کانتۆن کردنی کەرکووک و پشتیوانی لە دەستێوەردانی پتری پێکاکا لە شنگاڵ و دەورووبەریەتی؟
ئایا ئەم هەنگاوە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکانی یەکیەتیی نیشتمانی و ئیمتیاز ئەستاندن لە بەرێوەبردنی حکوومەتە لەگەڵ هەوڵێر؟. 
ئایا ئەمە وڵامێکە بۆ ئەو سەفەرانەی کە سەرۆکی هەرێم لەم دوایانەدا بۆ تورکیاو سعودیە کردی؟
ئایا ئێرانییەکان پاش نەخۆش کەوتنی مام جەلال، لەم رێگاوە دەیانهەوێ بە ئاشکرا نیشانی بدەن کە جلەوی کاروباری سیاسیی و ساخکردنەوەی دواین بڕیار لەو نێوچانە لە دەست ئەوان دایە؟.
ئایا پاش ئەم هەنگاوە دژبەرانی نێوخۆیی پرسی سەربەخۆیی کوردستان، دژی هەولێر چالاکتر دەکرێن؟
با بە بیر خۆمان بێنینەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر “ولایەتی" راوێژکاری نێونەتەوەیی "خامەنەیی"، لە شاری ئیستانبوڵ لە وڵاتی تورکیا وتی کە تاران هیچکات رێگا نادات ئیسرائیلێکی دیکە لە تەنیشت ئێران دامەزرێت و رێگە بە ساز بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نادەین. ئایا چالکییەکانی ئەم دوایەی کۆماری ئیسلامی لە کەرکووک و سلێمانی، هەنگاوێکی بە کردەوەی تارانە بۆ گەمارۆدانی هەولێر...
ئەگینا دەسەڵاتدارانی حیزبی ئەندامی کارای ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست!، باش دەزانن کە “خومەینی”" بە باوەڕو کردەوە، خۆی و هاوبیرانی، سەمبۆلی رۆشنبیر کوشتن، تیرۆر و جیهاد دژی نەتەوەی کورد بوون. دامەزراندنی "ناوەندی رۆشنبیری خومەینی" لە شاری کەرکووک، لە راستیدا دامەزراندنی ناوەندی ئابڕووچوونی رۆشنبیری کوردی و لە نێو بردنی فرەچەشنی کۆمەڵگاو هەوڵدان بۆ سڕینەوەی جیاوازیەکانە...
بێ گومان، ئەم هەنگاوە قیزەونە ناکرێ لە چوارچێوەی پێوەندی گەشەی کولتووری و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری نێوان دوو وڵاتی هاوسێ سەیر بکریت، چونکە چوونیەتی بە ئەنجام گەیاندنی کارەکەو تێروانیی بەردەوامی تاران، لە راستی دا لە دەرەوەی یاساورێسای پرۆتۆکۆلی ئاڵوگۆری کولتووری دۆستانەیەو تاکوو ئێستاش تاران هەر بە چاوی شەرکەرانی دژ بە سەدام سەیری کوردەکانی باشور دەکات و هیچ رێزێک لە پێگەو ناسنامەو دەسەڵات و کەسایەتیان ناگرێ ونوێترین نموونەی ئەوەی کەرکووک و سلێمانییە!.

No comments: