Archive

Tuesday, January 17, 2017

مخابن بۆ کۆچی ناوادەت




لە نێوەراستی هاوینی ساڵی ٢٠١٦دا، وێرای چەن هاوڕێیەک لە واشنگتن، بۆ دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ چەند دۆستی بەرێزو بەنرخ، چبووینە کانەداو لە دەڤەری نیاگارا، لە هاوینە هەوارێکی خۆش و دڵرفێن گیرساینەوە.
بۆ یەکەمین جار لەگەڵ کورێکی ئارام و هێدی و لەبەر دڵان، هەتا دڵ بخوازێ سەنگین و لەسەرەخۆو ئاشنا بووم کە بە ئارامی و زۆر لەسەرەخۆ قسەی دەکرد. ئەو خۆی پێناساندم و لەگەڵ من لوتفێکی زۆری نواند. 
ئەو مێرخاسە، سەوداسەرێکی تاکووسەری ئازادی و رزگاری کوردستان بوو. لە نێوەرۆکی قسەکانی دا دێموکراتێکی راستەقینەو بەپەرۆش بۆ یەکریزی و بەهێزتر کردنەوەی خەباتی ئەم سەردەمەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەو بە حەز و خولیاوە باسی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی دەکردو لەگەڵ هەموو رەخنەو سەرەنجەکانی لەهەمبەر کەمووکورتییەکانی دەسەڵاتی کوردی، ئەو ئەزموونەی بە دەسکەوتی نەتەوەیی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد دەزانی و پێی وابوو دەبێ بە هەمووان پارێزگاری لێبکەین و یارمەتی بە بەهێزتر کردنی بکەین.
پێشمەرگەی پێ پارێزەری کوردستان و دەستەبەر کردنی ئازادی بوو.
ئێستا باوەڕ ناکەم کە ئەو رۆژی ١٥ی ژانویەی ٢٠١٧، کەمتر لە شەش مانگ، یەکەمین دیدارمان، بۆ هەمیشە بووبێتە دواین دیدار. سیمای بە ویقاری و نەرمونیانیەکەی لە زین و هۆشم دا ناسڕێتەوەو دیمەنی جوان و ساکاری هەردەم لەبەرچاومە.
نرخێکی زۆری بۆ هاوڕێیەتی و دۆستایەتی دادەناو داوای لێکردم کە پێکەوە هاوکاری دۆستێکی هاوبەشمان بکەین کە بە نیازە بێتە کانەداو لەوێ بگیرسێتەوە. زۆری بۆ گرینگ بوو کە ئەو خۆشەویستە بە خۆیی و خاوو خێزانەوە بە سڵامەت بگەنە جێ. بڕیارمان دابوو کە پێکەوە هەرچیمان لە دەست بێ لەم بوارەدا بیکەین.!
"ئازادهونەر پەژوو" کوڕی سەید "کەریم" خەڵکی شاری بۆکان، تۆ بە سەفەر لە کانەداوە گەرابویتەوە بۆ کوردستان، لە نێوان پیرە هەولێرو پیرمام دا، بە هۆی کارەساتی وەرگەرانی ئوتۆموبێل گیانت لە دەست داو دواتر لە گۆرستانی شەهیدانی دێموکرات بەرێزەوە بە خاکی نیشتمان سپێردرایت. 

هاورێم، خەمی لە دەستدانت خەمی هەمووانە. رۆحت شادو یادت لە دڵمان دا زیندوە.
رەحیم رەشیدی
واشنگتن

No comments: