Archive

Monday, February 13, 2017

ماڵئاوا مامۆستا!



بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، سەر لەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی، ئاگادار کرام کە مامۆستا، دۆست، براو هاوڕێی زۆر بەرێزم، عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە 'ئەبو کەریمی' تێکۆشەری دێرین و کادری زاناو خۆنەویست، ئەندامی پێشووی رێبەری حیزبی دێموکرات، پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر لەگەڵ ناساخیەکی درێژخایەن، مخابن لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کردو چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەکدانان.
کاتێک من لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٠٦٦دا، لە ولاتی سوئێدەوە بۆ کار کردن لە تیشک تی ڤی،، چوومە فەرانسە، مامۆستای بەلیمەت و زانام کاک ئەبوو کەریمی یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ولاتی ئاڵمانەوە هاتبوە پاریس و ئەمەش سەرەتاو دەسپێکێکی نەپساوە بوو بۆ ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ کاک ئەبو کەریمی کە هیچکات و پاش هاتنیشم بۆ ئەمریکا هیچکات ساردوو سڕی بە خۆیەوە نەدیت و هەردەم وەکوو گەورەو مامۆستایەکی دڵسۆز رێنوێن و پشتیوانم بوو کە هەتا ماوم چاکەو غەمخۆریەکەی لەبیر ناکەم!
 مامۆستای زاناو بەلیمەت، هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی، خەڵکی شاری کرماشان بوو کە قۆناغەکانی خوێندی تاکوو وەرگرتنی دیپلۆم لەو پارێزگایە تەواو کرد. دواتر لە زانکۆی ئیسفەهان درێژەی بەخوێندن داو لە بواری مێژوودا لیسانسی وەرگرت.
 پاشان کاک ئەبوی خۆشەویست، لە شاری مەریوان بوە مامۆستاو جیا لە خزمەتی بەرچاو لەو شارەو دەورووبەری، کەسایەتیەکی خۆشناوو خەڵکی بوو کە لە جۆشدانی خەباتی جەماوەری ساڵی ٧٩ی زایینی دا دژی رێژیمی پاشایەتی و دواتر رێکخستنی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان دا رۆڵێکی بەرچاوی گێرابوو.
 هاورێی خۆشەویست و مێژووناسی بە توانا، سەرەتا تێکۆشانی رێکخراوەیی خۆی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیەدا، کاک عەبدولڕەزا کەریمی بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی کەمایەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت.
تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١١ی هەتاوی هاتە ڕێزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.
نەمر ئەبوی کەریمی بەهۆی کارو تێکۆشانی لێبڕاوانەی ساڵی ١٣٧٩٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو هەروها وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتیی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی داو لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیدا بەشدار بوو. کاک ئەبوو لەم مەیدانەش دا هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی یەکیەتیی و بەرەیەکی دێموکرات لە نێو هێزە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامی دا پێک بێت و لەم بوارەدا زۆر تێکۆشا. بۆ خۆم شانازی ئەوەم هەیە کە چەند جارێک لە خزمەتی دا بەشداری کۆڕو کۆبوونەوەی ئێرانییەکان بووم و لە نزیکەوە فەخرم بە قسە زانی و ئاستی بەرزی خۆێندەواری و بەڵگە هێنانەوەی بەهێزی دەکرد لە همبەر بابەتە پڕ قسەو باسەکان دا...
 لە لایەکی دیکەوە کاک ئەبوو بە وەرێخستنی بەرنامەی 'بێستوون' بە زاراوەی کەلهووری، خزمەتێکی زۆر گەورەی بە بووژانەوەو گەشەی هەستی نەتەوایەتی لە نێوچەکانی کرماشان و ئیلام کردو خزمەتە بەرچاوەکانی لەم بوارەدا هەرگیز لە بیر ناکرێن.
 هەرگیز لە بیرمان ناچێتەوە کە هەردەم بە بزەوە لە بەرنامە جۆربەجۆرەکانی تیشک دا ئامادە دەبوو. لە پاڵ ئەمانەدا، کاک ئەبووی نەمر بە زمانی فارسی ویست و داخوازییەکانی بزوتنەوەی کوردستانی بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێران شیدەکردەوەو لەم بوارەش دا تەنگی بە دامودەزگای سەکوتکەری کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو.
 لە خۆرا نەبوو کە ماڵپەرەکانی سەربە وەزارەتی ژیان شێوێنێ ئیتلاعات و ئەرتەشی سایبیری ئەو رژیمە هارو خوێنرێژە بە هەموو جۆرێک هەوڵی دەدا کە کەسایەتی مەزنی ئەو گەورە پیاوە خەوشدار بکات.
 نەمر کاک ئەبوو کەریمی، مرۆڤێکی قسە خۆش، خاکی و خەڵکی و سادە بوو. پڕ لە زانیاری و لێکدانەوەی وردو پڕ بایەخ بوو.ئەو ئەندامی بنەماڵەی گەورەی کەریمیەکانی کرماشان بوو کە کەس و کاری نزیکی بە تایبەت مامەکانی لە شۆرشی مەشروتە دا دەوروو رۆڵیان هەبوو. لە هەموو دانیشتن و کۆڕوو کۆبوونەوەیەکی سیاسیی دا کە کاک ئەبوو ئامادە بوو سەری قسە هەر لە لای ئەوو هەمووان چاویان لە زاری ئەو بوو.

یادو ناوی هاورێ و مامۆستای بەلیمەت کاک ئەبوو کەریمی بۆ هەمیشە لە دڵمان دا زیندوە.
رەحیم رەشیدی
واشنگتن
 02/13/2017

No comments: