Archive

Thursday, March 9, 2017

ڕوونکردنەوە!



دۆستانی بەرێز
هاوڕێیانی هێژا

هەر وەکوو ئاگادارن رۆژی ١٨ی فیبرواری ٢٠١٧، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە واشنگتن، کۆریادێکی بۆ رێزگرتن لە یادی مامۆستاو هاورێی خۆشەویستمان کاک عەبوو کەریمی پێکهێنا.
رەوەندی کوردی بە گشتیی‌و ئەندامانی بیرکراوەو تێگەیشتووی حیزب بە تایبەتی، شاهێدیم بۆ دەدەن کە لە هەموو کەس پتر هەوڵمدا ئەو کۆریادە بە شکۆوە بەرێوە بچێ.
بەرێز کۆمیتەی حیزب داوای لە من کرد کە وەکوو دۆست‌و هاوڕێی نەمر کاک عەبوو کە ماوەی چەند ساڵێک پێکەوە لە تیشک تیڤی لە پاریس کارمان کردوە، لەسەر کەسایەتی بەرزی نەمر کەریمی قسە بکەم.
دەتوانم زۆر ڕاشکاوانە بێژم کە ئەوانەی لە کۆڕو سیمینارەکانی دواترداو لە شوێنەکانی دیکە لەسەر کاک عەبوو قسەیان کرد، هەمان قسەو روانگەکانی منیان دووبارە کردەوە.
کاک عەبوو بۆ من باوک‌و مامۆستایەکی مەزن بوو، ئەوانەشی کە گوێیان لە قسەکانم گرتبێ کە ماوەی پتر لە ٢٠ خولەکە، بە باشی دەتوانن لەو راستییە تێبگەن کە چەندە بەرزو بەرێز باسم لە کەسایەتی گەورەو شوێندانەری کردوە کە مخابن بە زیندوویی وەکوو پێویست جێگەوپێگەیمان نەزانی!
لەو کۆڕیادەداو لە کۆتایی قەسەکانم دا، چەند بیرەوەریەکم گێرایەوە کە هەم لە زمان خۆی بیستبووم و هەمیش لە دۆستانی نزیکی. لەم بارەوە ئاماژەم بە ناوی بەرێزان کاک حەمەنەزیف قادەری و کاک عەلی پوورئامان کرد. هەموو ئەوانەی کاک عەبوو دەناسن دەزانن کە دوو کەس لە دۆستە هەرە خۆشەویستەکانی ئەو بەرێزانە بوون کە ناوم هێنان. ئەوان نەک هەر هاوڕێ بەڵکوو دۆست و براو پاڵپشتی تاکووسەری یەکتر بوون‌و بە دەیان جار دیتومەو بیستوومە کە چەند بە رێزەوە باسی یەکتریان کردوەو چەندەش لە یەکتر نزیک بوون.
ئەوەی جێگای ئەوپەڕی داخ‌و مخابنە کەسانێک کە لەو کۆڕیادەش دا بەشدار نەبوون، ئەو بەشە لە قسەکانی بەندەیان بڕیوەو بۆ ئەملاولای دەنێرن کە گۆیا من بێرێزیم بە مامۆستای خۆم کردوە. ئەم هەنگاوە لە هەناوی خۆی دا کارێکی چەوت‌و نادۆستانەیەو لە هەمان کاتدا بێرێزی کردنە بە یادی ئەو گەورە پیاوەی نەتەوەکەمان.
بە دڵنیایەوە من پتر لە هەموو ئەو کەسانەی کەوتوونەتە تۆمەت بەخشینەوەو چەواشەکاری، بە وتارو لێدوان، لە رابردووش دا و ئەو کاتەی کاک عەبوو لە ژیان دا بوو هەوڵی رێزگرتنم لە کەسایەتی بەرزی نەمر کەریمی داوە. ئەوەش کە لە کۆڕیادێکی سیاسیی‌و کراوەدا ئاماژەم بە چەند بیرەوەرییەک کردوە بۆ نیشاندانی سادەیی‌و بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی ئاسایی‌و کۆمەڵایەتی ئەو نەمرە بوە. رەنگە ئەوەش لە بەختی خراپی کاک عەبوو بێ کە رێورەسمی ناشتنەکەی‌و یادکرنەوەشی لەوسەری دونیا ئاوا دەکەوێتە بەرلێشاوی بێ لوتفی‌و نامێرەبانی ئەو جۆرە کەسانە کە بەراستی هیچ سنوورێکی ویژان ناناسن‌و لە ژێر ناوی ئەو نەمرەدا هەوڵی تیرۆری یەکێک لە وەفادارترین هاوڕێکانی دەدەن بۆ چەند دەسکەوتێکی کاتی‌و بێ بایەخ!.
بۆ گەورەیی نەمر کەریمی هەر ئەوندە بەسە کە بە بیر بهێنمەوە، لە کاتی وەرگرتنی لەوحی رێزلێنانی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان لە رێورەسمی یادی ٧٠ سالەی دامەزرادنی کۆماری کوردستان‌دا فەرمووبووی: "من لە ژیانمدا زۆر بڕوانامەم لە بوارەکانی خوێندن، وەرزش‌و زۆر شتی تر پێ بەخشراوە، بەڵام هیچ کام لەو خەڵاتانە هێندەی ئەم لەوحی رێز لێنانە کە لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەم پێم بەخشرا، قەدرو قیمەتیان نەبوو. ئەم خەڵاتە گەورەترین‌و بەنرخترین خەڵاتی ژیانمەو شانازی پێوە دەکەم، شانازی بە حیزبەکەم‌و بە ڕابردوومەوە دەکەم".

هەزاران سڵاوو لە یادو ناوی نەمر کاک عەبوو کەریمی

لەگەڵ سپاس و رێز

رەحیم رەشیدی
واشنگتن
٩ی مارسی ٢٠١٧

No comments: