Archive

Tuesday, July 16, 2019

‎یادی شەهیدانی ڤییه‌ن له ئامریکا بەرز ڕاگیرا

"ڕەحیم ڕەشیدی"، وێڕای وەسفکردنی دوکتور قاسملوو بە کەسێکی بێ وڵات و سەوداسەری نیشتمانێکی سەربەخۆ، سەبارەت بە سوسیالیزمی دێموکراتیک وتی: "به باوەڕی من ئەگەر دوکتور قاسملوو مابا، زووتر له ئێستا خواحافیزیی له سوسیالیزمی دێموکراتیک دەکرد".

کوردستان میدیا: سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن له یاد و خەباتی شەهیدانی ۲۲ی پووشپەڕ، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئامریکا، به بەشداریی نوێنەری پارت و لایەنه سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی و ڕێژەیەکی بەرچاو له ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، له واشنتۆن بەڕێوەچوو.

‎ئەم سێمینارە کە ڕۆژی یەکشەممه، ۲۳ی پووشپەڕی ۱۳۹۸ بەڕێوە چوو، لە دوو پانێلدا و بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی کوردستان دەستی پێكرد.

‎لە پانێلی یەكەمدا، "ڕێبوار سەلیمی"، پێشمەرگەی دێرین، پوختەیەک له ژیان و خەباتی دوکتور قاسملووی پێشکەش به ئامادەبووان كرد.

‎پاشان "ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئامریکا، تیشکی خسته سەر خەبات و تێکۆشانی سیاسی و تواناکانی دوکتور قاسملووی نەمر له بواری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییدا، دواتر "کارۆڵ پرۆن هۆبێر"، دۆستی کورد و هاوڕێی دوکتور قاسملوو و هەروەها ڕۆژنامەوان و نووسەری کتێبی "ڕەحمانی کورد"، بە وردی لهسەر ڕێبەری کاریزماتیک و خاڵه بەهێزەکانی کەسایەتیی پایەبەرزی دوکتور قاسملوو، وەک ڕێبەرێکی خاکیپۆش کە لە دڵی کۆمەڵانی خه‌ڵکدا جێی گرتووە و هەروەها به گێڕانەوەی چەند بیرەوەری لە ڕۆژانی خەبات لەگەڵ دوکتور قاسملوو و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، باسەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

‎لە پانێلی دووهەمیشدا "جەلیل ئازادیخوا"، لێکۆڵەر و چالاکوانی سیاسی، لە پەیوەندی لەگەڵ چەمکی مۆدێڕن و پێکهاتەی تەشکیلاتی و حیزبی، له بەراورد لەگەڵ موناسباتی خێڵەکی و عەشیرەتی دوا و ئاماژەی بەوە دا كە بە بڕوای دوكتور قاسملوو، حیزبێک دەتوانێت لە داهاتوودا سەركەوتوو بێت كە پێداگریی هەبێت لەسەر دوو چەمك: سوسیالیزمی دێموكراتیک و دێموكراسیی سیاسی و فرە چەشنی، هەروەها "ناسر باباخانی"، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، بیری سەربەخۆییخوازیی دوکتور قاسملووی له ئاوینەی کتێبی "کوردستان و کورد" کرده پاڵپشت و فاکتۆری باسەکانی خۆی، دواتر میدیاکار "ڕەحیم ڕەشیدی"، وێڕای وەسفکردنی دوکتور قاسملوو بە کەسێکی بێ وڵات و سەوداسەری نیشتمانێکی سەربەخۆ، سەبارەت بە سوسیالیزمی دێموکراتیک وتی: "به باوەڕی من ئەگەر دوکتور قاسملوو مابا، زووتر له ئێستا خواحافیزیی له سوسیالیزمی دێموکراتیک دەکرد".

No comments: