هه‌میشه که سه‌فه‌ر ده‌که‌م دڵم زۆر ده‌گیرێ، دڵه ڕاوکه دامده‌گرێ‌و به‌رده‌وام نیگه‌ران‌و په‌شۆکاوم. تاکوو ئێستا له سه‌فه‌ردا جیا له‌وه‌ی که ئه‌زموونه‌کانم چڕتر بوونه‌وه شتێکی دیکه‌ی ئه‌وتۆ سوراغ ناکه‌م که ببێته هۆی ساز بوونی ئه‌م هه‌موو دڵه ڕاوکێییه له سه‌روبه‌ندی سه‌فه‌رو خۆ ئاماده کردن بۆ سه‌فه‌ر کردن.
نازانم، له‌وانه‌یه پێچانه‌وه‌ی شت‌ومه‌کی سه‌فه‌ر به ته‌نیا خۆش نه‌بێت. له‌وانه‌یه نیگه‌رانی ئه‌وه‌ی که له رێگای نزیک یان دوور‌و درێژی سه‌فه‌ردا نه‌بوونی شانێک که به ئاسووده‌یی‌و مه‌تمانه‌وه سه‌ری بنێیته‌سه‌ر ئازار ده‌روو خه‌م هێنه‌ر بێت.
ره‌نگه هه‌ست کردن به‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ده‌تهه‌وێت له ته‌نیشتت دانیشێت‌و هه‌رچی کوڵی دڵه بۆی هه‌ڵرێژێت، باسی بۆ بکه‌یت‌و باست بۆ بکات، پێکه‌وه پێبکه‌نن‌و له کاتێکدا خه‌ونوچکه ده‌مانباته‌وه، باوشمان بۆ یه‌کتر، یان باسک‌و ڕانمان، سه‌رین‌و باڵنجێکی ئارام‌و هێدی به‌خش بێت، نه‌بوونی هه‌موو ئه‌مانه یارمه‌تی ده‌که‌ن به دڵه ڕاوکه‌کانی من له کاتی سه‌فه‌ر کردن‌دا.
به‌ره به‌ره خوو ده‌گرم به‌وه‌ی ئیدی به هیوای ئه‌وه نه‌بم له ئێواره‌یه‌کی سه‌فه‌ردا ده‌ستی "باران" بگرم. ده‌ستی تۆ‌و هه‌رچی جوانی‌یه بیگرم‌و له هیچ نه‌ترسم. پێکه‌وه بڕۆین به‌ره‌و شوێنێک که‌س نه‌ناسین، که‌س نه‌مان ناسێ، ماڵیک له خۆشه‌ویستی پێک بێنین، حه‌وشه‌یه‌کی بچووکی پڕ له گوڵ، چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌کانی ره‌نگی ئاوی بێت، وه‌کوو ره‌نگی هیواکانی من؟!
لێدوانه‌کانت، په‌یامه‌کانت، ته‌له‌فوون‌و هه‌موو ئه‌و وشه‌و وشه‌گه‌له‌ی ئاڕاسته‌م ده‌که‌یت، ده‌متاسێنن، ماتم ده‌که‌ن، سڕم ده‌که‌ن وه‌کوو ته‌زووی سه‌رمای ئێواره‌یه‌کی دره‌نگانی کۆتایی وه‌رزی پائیز.
چ دڵتانگانه‌یه کاتێک هه‌موو دیاریه‌کانی سه‌فه‌ر، له جانتاکه‌ت‌دا بمێنه‌وه.
Tuesday, August 21, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment