پێکهێنه‌ری وتووێژ، ره‌حیم ره‌شیدی
به‌رێز خوشکه که‌ژاڵ حاجی عه‌بباسی، سوپاس که کاتی خۆتان ته‌رخان کرد تاکوو له بیره‌وه‌ری تێرۆری میکۆنووسدا ئه‌م وتووێژه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی ''کوردستان'' له‌گه‌ڵ پێک‌بێنین.
منیش سوپاسی ئێوه ده‌که‌م که ئه‌م هه‌له‌تان بۆ ره‌خساندم باسێک له‌و کاره‌ساته‌و ئاکامه‌کانی بکه‌م .
١. با به‌و پرسیاره ده‌ست پێبکه‌ین، هه‌واڵی تێرۆرکرانی دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌و هاورێکانیت چۆن بیست؟
١٥ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر رۆژی٢٦ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٧١ی هه‌تاوی، کاتژمێر ١١ی شه‌و زه‌نگی ته‌له‌یفون رای چڵه‌کاندم. دڵه خورپه دایگرتم، له که‌متر له چرکه‌یه‌کدا هه‌موو ئه‌و بیره تاڵ‌و ناخۆشانه که ژیانێک ده‌هه‌ژێنێ به به‌ر‌چاومدا تێپه‌رین. تۆ بڵێی...تۆ بڵێی ئه‌وه نه‌قه‌ومابێ که من هه‌میشه لێی ده‌ترسام؟ ئا‌خر هاوسه‌ری ژیانم له سه‌فه‌ر بوو، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که زۆر جار له لای خۆم بێئه‌وه‌ی توانای درکاندنم هه‌بێ، پێموابوو رۆژێک بێ گه‌رانه‌وه ده‌بێ. به‌داخه‌وه هه‌ر ئه‌وه بوو که زۆر ده‌مێک بوو لێی ده‌ترسام .
له هه‌نده‌ران، له غه‌ریبایه‌تی، دوور له که‌س‌وکار، له دڵی وڵاتێکی بێگانه‌دا که ته‌نانه‌ت زمانه‌که‌شم نه‌ده‌زانی، له نێو کۆمه‌ڵێک که هیچ شتێکی ئێمه‌ی تێدا‌نه‌بوو، به خۆم‌و منداڵێکی ٥ ساڵانه‌وه، له نه‌کاوێکه‌وه قه‌ڵای ئاواته‌کانم ڕمی‌و خۆم به تاقی ته‌نێ دێته‌وه. ئێمه که تا دوێنێ له ژێر سێبه‌ری ئه‌و خۆشه‌ویسته‌دا هه‌ستمان به به‌تاڵایی ژیان نه‌ده‌کردو پێموابوو به‌خته‌وه‌رترین ژنم، له چرکه‌یه‌کدا بێ ده‌ره‌تان ماینه‌وه‌و تاریکایی باڵی به‌سه‌ر ژیانمان‌دا کێشا.
ئه‌و ته‌له‌یفونه شوومه هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوو ''هه‌رچی زووتر وه‌ره ده‌فته‌ر، که‌س نه‌ماوه''. ده‌رفه‌تی قسه کردن نه‌بوو، کێ نه‌ماوه؟ چ قه‌وماوه؟ له کوێ؟ چۆن؟ که‌نگێ؟ که‌س نه‌بوو وه‌ڵامی پرسیاره‌کانم بداته‌وه. ته‌له‌یفونه‌که پچرا، به ته‌نیا له ژێر سه‌ری جگه‌ر گۆشه‌که‌م که له خه‌وی قووڵی منداڵانه‌ی خۆی‌دا بوو هه‌ڵده‌له‌رزیم‌و فرمێسکم هه‌ڵده‌وه‌راند، هه‌سته رۆڵه شیرینه‌که‌م، هه‌سته خوشه‌ویسته‌که‌م ده‌بێ برۆین، ده‌لێن... ده‌ڵێن باوکت برینداره !!!
کوره‌که‌م هیچ لێی حاڵی نه‌بوو بۆ ده‌بێ به‌و نیوه‌شه‌وه له خه‌و هه‌ستێ‌و برواته جێگایه‌کی دیکه، نه‌یده‌زانی بۆ‌چی دایکی چاو به فرمێسک‌و دڵ به په‌رۆشه؟. ئه‌و که تا ئێستا دایکی به‌م شێوه‌یه نه‌دیبوو، مات‌و حه‌یران مابوو، ئاگای له دوارۆژی ژیان نه‌بوو، ئاگای له‌وزامه نه‌بوو که چه‌نده به‌ئێشه‌و قه‌ت سارێژ نابێته‌وه. هه‌ر جۆرێک بوو تێمگه‌یاند چ قه‌وماوه، هه‌ر له‌م کاته‌دا هه‌وڵم ده‌دا به‌جه‌رگ بم، قایم بم، دڵخۆشی بده‌مه‌وه، بیپارێزم، پێی بڵێم که قه‌ت به‌ته‌نیای نا‌هێڵمه‌وه، تێیبگه‌یه‌نم که ئه‌و یه‌که‌م منداڵی بێ بابی کورد نییه، به هه‌زارانی وه‌ک ئه‌و له تامی ژین ده‌گه‌ڵ باوکیان بێبه‌شن، به‌س نییه ئه‌و شانسی وه‌ی هه‌یه له شوێنێکه که ژیان مانای هه‌یه، به‌ڵام به‌هه‌زاران منداڵی بێ بابی دیکه هه‌ن که له‌و شانسه بێ به‌رین.
چوو‌مه ده‌فته‌رو له‌وێ له ورده‌کاریی‌یه‌یانی ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه گه‌یشتم.
٢. راستی که‌نگێ له‌گه‌ڵ کاک فه‌تاح عه‌بدوڵی ئاشنا بوون‌و له کوێ ژیانی هاوبه‌شتان پێکهێنا؟
شه‌هید فه‌تاحم له سه‌ر‌ده‌می مێر منداڵی‌یه‌وه ده‌ناسی، پاشانیش له کاتی گه‌نجێتی‌دا، به هۆی ئه‌وه‌ی که له قوتابخانه زۆر زیره‌ک بوو هه‌ر وه‌ها له هاورێیه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌نج‌و لاوانی گه‌ره‌ک وه‌کوو که‌سێکی وریا‌و سه‌ر‌به‌خۆ ناسرابوو.
منیش ئه‌وکات ته‌نیا به ناو‌و قه‌یافه ده‌مناسی، دواتر به هۆی تیکۆشانم له شانه‌یه‌کی حیزبی که له لایه‌ن رژیمه‌وه ئاشکرا کراو ناچار بووم شار به‌ره‌و شاخ به‌جێبێڵم ده‌گه‌ڵ فه‌تاحی ئاشنا بووم که ئه‌ویش ریزه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی هه‌ڵبژاردبوو، له باری فکری‌وه له فه‌تاح زۆر نیزیک بووم‌و باس کردن له‌گه‌ڵی وه‌کوو مرۆڤێکی رووناک‌بیر زۆر ئاسان‌و راحه‌ت بوو.
خاڵی هاوبه‌شمان زۆر بوو، لێکحاڵی ده‌بوین، ئینسانێکی زۆر ئاواڵه بوو، باوه‌رێکی ته‌واوی به به‌رامبه‌ری ژن‌و پیاو هه‌بوو، ئه‌و لێکحالی بوونه به‌ره به‌ره چه‌که‌ره‌ی خۆشه‌ویستی له نێوانمان‌دا داکوتا، به‌ڵێنمان به‌یه‌کتری‌دا بناغه‌ی ژیانی هاوبه‌ش دامه‌زرێنین، له به‌هاری ساڵی ١٣٦٤ بووینه ده‌زگیران‌و له 12ی به‌فرانباری هه‌مان ساڵ‌دا دوای ته‌واو بوونی کۆنگره‌ی ٧ی حیزب له '' گه‌وره دێ''ی کوردستانی باشوور زه‌ماوه‌ندمان کرد.
3. ده‌کرێ هێندێک له تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی کاک فه‌تاح له کاتی به‌رێوه‌بردنی کاروباری حیزبی‌دا بۆ خوێنه‌رانی ''کوردستان'' باس بفه‌رموون؟
شه‌هید فه‌تاح ئه‌و لاوه کورده بوو که بۆ خۆی، خۆی پێگه‌یاندبوو، کورێک که له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێردا گه‌وره ببوو، به‌ڵام به هۆێ وریایی‌و سه‌داقه‌ت‌و کارامه‌یی بوو به هۆی ئه‌وه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بتوانێ به‌رزترین پله‌ی ته‌شکیلاتی ببڕێ‌و به‌رپرسایه‌تی گرنگ بگرێته ئه‌ستۆ.
فه‌تاح که‌سێک بوو که باوه‌رێکی قووڵی به‌فێربوون‌و خۆپێگه‌یاندن هه‌بوو، باوه‌ری به دیالۆگ هه‌بوو، ئه‌هلی مه‌نتق بوو، که‌سێک بوو که به بێ بیر لێکردنه‌وه هیچکات بڕیاری نه‌ده‌دا. له‌گه‌ڵ هاورێیانی راوێژی ده کرد، باوه‌رێکی قووڵی به کاری به‌کۆمه‌ڵ‌و به بیری جه‌معی هه‌بوو، له بڕیاردان‌دا په‌له‌ی نه‌ده‌کرد، بڕیار بڕیاری جه‌معی بوو، له کاتی ته‌نگانه‌دا پشووی له‌سه‌ره‌خۆ بوو، هێدی‌و هێمن بوو، به‌ڵام پێداگرو به‌بڕشت بوو، ترسی له‌وه نه‌بوو بیرو‌رای خۆی بڵێ،ّ پشتی بڕیاره‌کانی ده‌گرت هه‌رچه‌ند مه‌ترسیداریش با.
فه‌تاح ئه‌هلی خوێندنه‌وه‌و موتالا بوو، له هه‌موو ده‌رفه‌تێک که‌ڵکی وه‌رده‌گرت پله‌ی زانیاری خوی به‌رێته سه‌رێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو بێئیمکاناتێکی که له شا خ له‌گه‌ڵی به‌ره‌و روو‌بوین، فه‌تاح هه‌وڵی ده‌دا له خوێندنه‌وه‌و له هه‌واله‌کانی ناوچه‌و جیهانی به‌جێ نه‌مێنێ، ئه‌گه‌ر پێویست با به‌ده‌لیل‌و به‌ڵگه قسه‌ی کردبا، هه‌وڵی ده‌دا هه‌موو لایه‌نێک لێکبداته‌وه، به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و به‌بێ به‌ڵگه‌ی ته‌واو بڕیاری یه‌کجاره‌کی نه‌ده‌داو که‌سی تاوانبار نه‌ده‌کرد.
لایه‌نگری راسته‌قینه‌ی بیری لاوان‌و ژنان بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ستی کردبا یه‌کێک توانای گه‌شه‌ساندنی هه‌یه ده‌توانێ خۆی پێبگه‌یه‌نێ‌و له داهاتوو‌دا ده‌بێته ماڵ بۆ حیزب‌و جوڵانه‌وه، له پشتی راده‌وه‌ستاو یارمه‌تی ده‌کرد.
فه‌تاح هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی که‌م بوو به‌ڵام هه‌ر به‌م ته‌مه‌نه که‌مه‌وه جێگای له نێودڵی پیرو‌لاودا کردبۆوه‌و خۆشه‌ویستی هه‌موو لایه‌کی بوو، فه‌تاح که‌م قسه بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست با هه‌موو کاتی خۆی بۆ روونکردنه‌وه‌ی باسه کان‌و وه‌ڵام دانه‌وه به پرسیاره‌کان ته‌رخان ده‌کرد.
ئه‌و له ماوه‌یه‌کی که‌مدا بوو به جێگای متمانه‌و بروای هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له ناوچه‌کانی ژێر به‌رپرسایه‌تی ئه‌ودا ده‌ژیان‌و وێردی زمانی خه ڵک بوو.
فه‌تاح وه‌خت ناس بوو، کات بۆ ئه‌و بایه‌خی هه‌بوو، کاتی به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا، بۆ فێر بوون زۆری له خۆی مایه داده‌نا، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ته‌واوی رۆژ خه‌ریکی راپه‌ڕاندنی کاری حیزبی‌و چاوپێکه‌وتن‌و سه‌فه‌ر کردن بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی حیزبی بوو، که ده‌هاته‌وه ماڵێ، ٢ تا ٣ کاتژمێر خه‌ریکی فێربوونی ﴿زمانی فه‌رانسه‌و به‌دوا داچوونی هه‌واڵه‌کان به زمانی فه‌رانسه‌وی بوو).
ئه‌گه‌ر ١ی دوای نیوه شه‌ویش گه‌راباوه ماڵێ ده‌بوو ئه‌و ٢تا٣ کاتژمێره‌ی که دیاری کردووه بۆ فێر بوون، ئه‌نجامی بدا، هه‌ر ئه‌م پشتکاره بوو به هۆی ئه‌وه له ماوه‌ی که‌متر له ٦ مانگ‌دا بتوانێ به زمانی فه‌رانسه قسه بکا‌و له کۆروکۆمهڵهکاندا به‌بێ وه‌رگێر به‌شداریی بکا.
فه‌تاح له‌و ماوه کورته‌دا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به دۆستانی حیزب چ کورد، چ ئێرانی‌و چ بێگانه‌ی نیشان‌دا که مرۆڤێکی به پشتکار، به فکرو ئیده‌یه، ئه‌و نیشانی‌دا که گوێبیسی پێشنیار‌و ره‌خنه‌ی هه‌موولایه‌که، به‌ڵام ئه‌وه‌شی ده‌زانی که به‌بێ هاوکاریی هه‌مه لایه‌نه سه‌رکه‌وتن له کاره‌کان‌دا مسۆگه‌ر نابێ.
فه‌تاح زۆر زوو قابلییه‌ت‌و توانای خۆی ده‌رخستو جێی خۆی له نێو کۆروکۆمهڵهکاندا کرده‌وه‌و ناسرا.
گیانێکی نوێی دایه به‌ر ته‌شکیلاتی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، کاری به‌کۆمه‌ڵ‌و به‌رپرسایه‌تی جه‌معی کرده شێوه‌ی کاری حیزبی، بایه‌خ پێدان به لاوانی کرده باو، ئاڵوگۆری بیرو‌رای ده‌کرد، به‌رپرسێکی به‌وه‌ج‌و له هه‌مان کاتیش‌دا داهێنه‌ر بوو.
رارایی نه‌ده‌کرد، له‌گه‌ڵ هاورێکانی‌دا راست‌و دروست بوو. هیچ شتێک بۆ ئه‌و له قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب له‌سه‌ره‌وه‌تر نه‌بوو، بۆیه رێبه‌رانی شه‌هید چ دوکتور قاسملوو که ئه‌وده‌م فه‌تاح له ناوخۆی کوردستان به‌رپرس بوو وه چ له کاتی سکرتێری شه‌هید دوکتور سه‌عیددا که فه‌تاح به‌رپرسی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، باوه‌رو متمانه‌ی ته‌واویان پێیبوو، ده‌ستیان ئاواڵه کردبۆوه له بڕیاردان .
کاک سه‌عید شه‌وێک پێش ئه‌و سه‌فه‌ره بێ گه‌رانه‌وه‌یه له نێو جه‌معێک له هاوریێان‌دا فه‌رمووی: '' ئێمه ده‌بێ به‌هه‌موو توانامانه‌وه فه‌تاح بپارێزین، چۆن ئه‌و که‌سه جێگای هیوای حیزب‌و گه‌له‌که‌یه‌تی، ده‌بێته که‌سێک له داهاتوو‌دا که توانای پرکردنه‌وه‌ی که‌لێنی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه''.
فه‌تاح قه‌ت به‌تاریف‌و پێدا‌هه‌ڵگووتن له‌خۆ‌بایی نه‌ده‌بوو، رۆژبه‌رۆژ هه‌وڵی ده‌دا به‌ره‌وپێش بچێ‌و له بیر‌و هزرو هه‌ستان‌و دانیشتنی میلله‌تانی پێشکه‌وتوو حاڵی بێ‌و له‌گه‌ڵ بارو‌دۆخی کورد هه‌ڵیسه‌نگێنێ.
4. ئه‌دی تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی شه‌هید فه‌تاح له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا؟.
فه‌تاح چه‌نده له ژیانی سیاسی‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌ر به‌م راده‌یه‌ش له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو، دوژمنی زۆردار‌و ئینسان کووژ ده‌رفه‌تی پێنه‌دا زۆرتر بناسرێ، به‌ڵام هه‌ر به‌و کاته که‌مه ئیده‌کانی خۆی نیشان‌دا.
فه‌تاح رچه‌شکێن بوو، بۆ وێنه له یه‌کێک له نووسراوه‌کانی‌دا که له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری‌یه‌کاندایه‌و له پاشی به‌جێماوه، هه‌ستی پاک‌وناسکی خۆی له‌سه‌ر من وه‌ک عونسری ژن زۆر به‌شه‌فافی ده‌ربڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسراوه‌که‌ی درێژه‌و له توانای ئه‌م وتووێژه به‌ده‌ره، که من لێره ناچمه سه‌ری. (دیاره من بۆتانی به‌ڕێ ده‌که‌م، سه‌ربه‌ستن له بلاوکردنه‌وه‌ی‌دا﴾. *
فه‌تاح باوه‌ری به‌عه‌یبه‌و مه‌که نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بۆخۆی باوه‌ری به‌شتێکی هه‌با ده‌یکردو باکیشی له‌وه نه‌بوو له پاشه‌مله چی له‌سه‌ر ده‌ڵێن، ئه‌و ده‌یگووت: '' ئه‌و کۆمه‌ڵه، ئێمه ده‌بێ بیگۆرین، ئه‌گه‌ر ئێمه له خۆمان‌را ده‌ست پێنه‌که‌ین، که‌س له‌جیاتی ئێمه‌ی ناکا''. بۆ فه‌تاح ئاسایی بوو هاوسه‌ره‌که‌ی دوای ژیانی هاوبه‌شیش هه‌روا پێشمه‌رگه‌و له‌مه‌قه‌ر له‌گه‌ڵ هاورێیانی پیاو بمێنێته‌وه‌و ئاڵوگۆری بیروڕا بکا‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وان‌دا له‌سه‌ر یه‌ک سفره هه‌ستێ‌و دانیشێ.
بۆ فه‌تاح ئاسایی بوو، ژن به‌دڵخوازی خۆی هاورێ‌و هاو‌به‌شی ژیانی هه ڵبژێرێ.
فه‌تاح دژی ئه‌و داب‌ونه‌رێته دزێوه‌ی کۆمه‌ڵ بوو که پیاو مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ چه‌ند ژنی هه‌بێ.
له‌بیرمه جارێک پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌ناوبانگ،که خاوه‌نی ژن‌و چه‌ند منداڵ بوو، ده‌یهه‌ویست ژنێکی دی به‌سه‌ر ژنه‌که‌ی بێنێ، فه‌تاح که ئاگاداری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بوو، هاوڕێ پێشمه‌رگه‌که‌ی بانگ کرد‌و زۆر به‌ڕاشکاوی پێی راگه‌یاند، بێتوو کارێکی وا بکا، بێ سێ‌و دوو لێکردن، هه‌رچه‌ند قاره‌مان‌و به‌که‌ڵک‌و حیزبی ره‌سه‌ن بێ، له ریزه‌کانی حیزب‌دا جێگای نیه‌و ده‌رده‌کرێ. به‌ده‌لیل‌و به‌ڵگه قه‌ناعه‌تی پێهێنا که له به‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه نیه، به‌ڵکوو ئه‌و وه‌کوو به‌رپرسێکی حیزبی ده‌بێ ئه‌و پرنسیپه بپارێزێ.
ئه‌گه‌ر فه‌تاحت زۆر نه‌ناسیبا پێت وابوو له خۆرازی‌و به‌هه‌وایه، چۆن خۆی له ژیانی خه‌ڵک هه‌ڵنه‌ده‌قورتاندو، له‌سه‌ر خه‌ڵک قه‌زاوه‌تی نه‌ده‌کرد، ئه‌و که‌سه‌ی نه‌یناسیبا زۆر به‌قسه نه‌بوو له‌گه‌ڵی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆزه ناسینێکی هه‌بایه فه‌تاح هه‌موو شتێکی وه‌لا ده‌نا، ده‌بوو به دۆست‌و هاوڕێیه‌کی دڵسۆزی، لایه‌نگری خه‌ڵکانی نه‌دارو هه‌ژار بوو، پشتیوانی ژنی لێقه‌وماوو لاوی بێده‌ره‌تان بوو، ئینساندۆست به مانای ووشه بوو، مرۆڤێکی خۆ نه‌ویست‌و گه‌ل دۆست بوو.
5. بێگومان دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی‌تان له نیزیکه‌وه دیوه‌و له‌گه‌ڵ به‌شێک له روانگه‌کانی سه‌باره‌ت به‌بابه‌ته جۆراوجۆره‌کان به‌تایبه‌ت کێشه‌ی ژنان ئاشنا هه‌ن، ده‌کرێ له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا بۆمان بدوێن؟.
به‌داخه‌وه من زۆر ده‌گه‌ڵ دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له نیزیکه‌وه کارم نه‌کردوه‌و جگه له‌و ماوه‌یه‌ی که له ده‌فته‌ری حیزب له پاریس بووم‌و ئه‌و سکرتێری حیزب بوو، به‌ڵام له‌م ماوه که‌مه‌دا دوو نموونه‌م لێدی، بۆ من به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له روانگه‌کانی دوکتور سه‌عید سه‌باره‌ت به‌کێشه‌ی ژن ئاگادار بم.
پێش ناردنی فه‌تاح وه‌ک به‌رپرسی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له لایه‌ن رێبه‌رایه‌تی بڕیار درابوو که‌سانێک ئه‌و پۆسته‌یان بدرێتێ که ره‌به‌ن بن. له دانیشتنێک که له نێوان من‌و فه‌تاح‌و دوکتور سه‌عیددا هه‌بوو، فه‌رمووی: " من ته‌نیا له‌به‌ر فه‌تاح نیه که کادرێکی لێوه‌شاوه‌یه، به‌ڵکو که‌ژاڵیش که کادری حیزبه‌و له داهاتوو‌دا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ کاراتر کردنی پێوه‌ندیه‌کانمان ده‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه پێویستیمان به ژن ده‌بێ، هه‌ر بۆیه ئێوه‌م پێشنیار کردوه.
نموونه‌ی دووهه‌م ئه‌وه بوو، سالێک له‌هاتنم بۆ ئۆرووپا تێپه‌ڕیبوو، حیزبی دێمۆکرات نۆهه‌مین کۆنگره‌ی خۆی به‌ست، به پێی ئوسول فه‌تاح وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌بوو بگه‌رێته‌وه کوردستان، منیش له‌گه‌ڵی هاتمه‌وه، چاوم به دوکتور سه‌عید که‌وت، له وه‌زعی منی پرسی که زمان فێر بووم یا نا؟. من به ڕاشکاوی‌و به گله‌یی پێمگووت؛ که به داخه‌وه زۆر مه‌جالم نه‌بووه، فه‌تاح وه‌ک به‌رپرسی ده‌فته‌ر نایهه‌وێ زۆر بڕیار له‌سه‌ر هه‌زینه‌ی خوێندن بۆ کلاسی زمان بدا، که نه‌کا قسه‌ی بێته‌وه سه‌رو زه‌ربه له که‌سایه‌تی بدرێ، دوکتور سه‌عید هه‌ر له‌وێ بڕیاری‌دا له‌گه‌ڵ گه‌رانه‌وه‌م ده‌بێ هه‌م کات هه‌میش ئیمکاناتی ماددی ته‌رخان بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی که من بتوانم زمان فێر بم .
دیسان دووپاتی کرده‌وه که ئه‌و کاره‌مان به قازانجی حیزبه‌و له داهاتوو‌دا ده‌توانین بۆ کاری دیکه له بوونی ژنێکی وه‌ک که‌ژاڵ که‌ڵک وه‌ربگرین.
دوکتور سه‌عید هه‌ر وه‌ک زۆر به‌رنامه‌و گه‌ڵاڵه‌ی بۆ وه‌گه‌رخستنی گیانێکی تازه بۆ ئۆرگانه‌کانی دیکه‌ی حیزبی هه‌بوو، پڕۆژه‌شی هه‌بوو بۆ کاراترکردنی کیشه‌ی ژن.
شه‌هید شه‌ره‌فکه‌ندی له بریار دان‌دا زۆر قاتع‌و به‌بڕشت بوو، هیچ باکی له‌وه نه‌بوو پشتیوانی له که‌سانێک بکا که بۆ دوارۆژ به‌که‌ڵکن‌و بۆ کورد خێر ده‌ده‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی ژنان.
6. ئه‌دی چ ئاشنایه‌تێکتان له‌گه‌ڵ شه‌هید کاک هومایون ئه‌رده‌ڵان هه‌بوو؟.
من شه‌هید کاک هومایونم هه‌ر له کوردستانه‌وه ده‌ناسی.
پێوه‌ندی‌و هاورێیه‌تیم ده‌گه‌ڵی هه‌بوو، کاک هومایون چه‌ند ده‌وره ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب بوو، گه‌لێک به‌رپرسایه‌تی له‌ئه‌ستۆ بووه، دواین به‌رپرسایه‌تیشی هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی، به‌رپرسایه‌تی کۆمیته‌ی حیزبی له ئاڵمان بوو، کاک هومایون له‌گه‌ڵ فه‌تاحیش ئه‌وکاته‌ی له باشووری کوردستان بوون زۆر نیزیک بوون، هه‌ر چه‌ند وا‌رێک نه‌که‌وتووه له شوێنێکی پێکه‌وه کار بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ندی ده‌مناسی، تێکۆشه‌رێکی به‌ئیمان‌و به‌وه‌فا بوو، باوه‌رێکی قووڵی به‌ڕێبازی گه‌له‌که‌ی هه‌بوو، سادق‌و دڵپاک بوو، حه‌یا‌به‌خۆ بوو، ئه‌رکه‌کانی به‌سه‌داقه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌برد، هه‌ر چه‌ند ئینسانێکی که‌م قسه بوو، به‌ڵام هه‌میشه بزه‌ی له‌سه‌ر لێوان بوو، رووح سووک بوو، غه‌لوغه‌شی نه‌بوو، پله‌ی زانیاری له سه‌رێ بوو، تێگه‌یشتوو بوو، به‌ڵام هیچکات خۆی مه‌تره‌ح نه‌ده‌کرد، هه‌میشه بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که شه‌هید هومایون زۆری غه‌در لێ‌کرا، چونکی له‌گه‌ڵ که‌سانێک‌و له جێگایه‌ک شه‌هید بوو که زۆر به‌که‌می باسی ده‌کرێ‌و ناوی ده‌هێنرێ، یادی به‌خێرو سڵاۆ له گیانی پاکی.
7. خوشکه که‌ژاڵ وه‌کوو ده‌زانن کۆماری ئیسلامی به‌پێچه‌وانه‌ی تێرۆره‌کانی پێشوو، له تێرۆری میکۆنووسدا ریسوایه‌کی مێژوویی به‌نسیب بوو، پاش هاتنه ئارای ئه‌م بڕیاره هه‌ستان به‌چی کرد؟.
دیاره ده‌بێ بڵێم پاش چه‌ند ساڵ چاوه‌ڕوانی، کاتێک بڕیاڕێکی وه‌ک بڕیاری دادگای میکۆنووست گوێ لێ ده‌بێ، که له‌ودا ددان به حه‌قانییه‌ت‌و مه‌زلوومییه‌تی گه‌لێک‌و له‌هه‌مان کات‌دا به بێتاوانی خۆشه‌ویسته‌که‌ت‌دا ده‌نرێ، هه‌ست ده‌که‌ی به‌شێک له‌و برینه قورس‌و گورچو بڕه سارێژ بۆته‌وه، هه‌ست به‌وه ده‌که‌ی ئه‌و شتانه‌ی تۆ باست کردوون‌و به دوای‌دا وێڵی، راستن‌و خه‌ڵک باوه‌ری پێکردووی، هه‌ست ده‌که‌ی که ویژدانی مرۆڤایه‌تی هێشتا نه‌مردووه، گوێیه‌ک هه‌یه هاواری مه‌زلومییه‌تی تۆ ببیسێ، هه‌ست ده‌که‌ی له‌م دنیا پر له سات‌و سه‌ودایه‌دا کاسانێک هه‌ن ده‌نگ به‌لێقه‌و‌ماویت بد‌ه‌ن.
به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، به خۆم ده‌گووت: "که‌ژاڵ! بۆ تۆ چ گۆڕا؟ خۆ خۆشه‌ویسته‌که‌ت که به‌ردی بناخه‌ی کۆشکی ئاواته‌کانتان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وین دامه‌زراندبوو، قه‌ت ناگه‌رێته‌وه؟ خۆ بۆ خۆی زیندوو نیه‌و له به‌رانبه‌رت دانه‌نیشتووه که پێت بلێ : "دیتت من له سه‌ر هه‌ق بووم‌و ئه‌وان ناهه‌ق؟ تۆ بۆ هه‌ر سه‌رزینیشم ده‌که‌ی که ئاگامان له خۆمان نه‌بوو، دیتت دوژمنه‌که‌مان دڕنده‌و هاره‌و به بێ سووچ‌و تاوان ئینسان ده‌کوژێ؟ داخی گرانم زیندوو نیه تا به‌بزه هه‌میشه‌ییه‌کانی سه‌ر لێوی پێم بڵێ که ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ‌و جگه‌ر‌گۆشه‌که‌ی ده‌گرێته ئامیزو ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵ ده‌دا کاتێکی زۆرتری بۆ ته‌رخان کاو ده‌گه‌ڵی بێ‌و شاهیدی سه‌رهه‌ڵدانی بێ.
زۆر جار له خه‌وم‌دا فه‌تاحم دیوه چاو به فرمێسک، داوای لێبووردن ده‌کا، که له خه‌و راده‌چڵه‌کام، خۆرگه‌م ده‌خواست خه‌ونه‌که راست بایه‌و به فه‌تاخم گوتبایه: "فه‌تاح شانازیت پێده‌که‌م، نیگه‌رانی زاگرۆس مه‌به، ئیستا باڵای کردووه‌و پێگه‌یوه‌و له‌خه‌م ره‌خساوه، پێی بڵێم من هه‌ر ئه‌و که‌سه‌م که له نووسراوه هه‌ست بزوێنه‌کانت‌دا باسی ده‌که‌ی‌و هیوات پێم بێ، پیێ بڵێم که خۆشم ویستووه‌و خۆشم ده‌وێ، هه‌تا مردن.
8. ئیستا بارو‌دۆخی ژیانی ئێوه پاش تێپه‌ربوونی ١٥ساڵ له کاره‌ساتی تێرۆری شه‌هیدانی میکۆنووس چۆنه؟.
به‌دوای شه‌هید بوونی فه‌تاح ئاڵو‌گۆرێکی بنه‌ره‌تی له ژیانم‌دا پێکهات، وه‌کو هه‌ر که‌سێکی تاراوگه نشین، شتی ناخۆشی زۆرم هاته سه‌ررێ.
دوای ٤ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته‌دا بریارم‌دا ژیانێکی نوێ ده‌ست پێبکه‌مه‌وه، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کی خۆشه‌ویست، ئه‌حمه‌د شێربه‌گی ژیانی هاوبه‌شمان پێکهێنا، ئێستا له وڵاتی سویس ده‌ژیم، به‌رهه‌می ژیانی هاو‌به‌شی ئه‌مجاره‌م کیژێکی خنجیلانه‌ی ٣‌ساڵانه‌یه که ئاڵو‌گۆرێکی قووڵی له ژیانمان‌دا پێکهێناوه.
له باری ژیانی سیاسی‌یه‌وه به‌ستراوه به هیچ رێکخراوه‌یه‌ک نیم، حیزبم خۆش ده‌وێ‌و شانازی ده‌که‌م که رۆژێک له رۆژان ئه‌ندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووم‌و شانازی به رابردووم ده‌که‌م، به‌ڵام ده‌گه‌ڵی ناژیم. له هه‌مان کات‌دا ئه‌گه‌ر خزمه‌تێکم له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد له ده‌ست بێ، کۆتایی ناکه‌م .
له ئاستی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه، وه‌کوو هه‌موو تاراوگه نشینێک هه‌وڵم داوه خۆم له‌گه‌ڵ هه‌لو‌مه‌رجی ئه‌م وڵاته بگونجێنم، منیش به نۆره‌ی خۆم وه‌کوو جوزئێک له‌و کۆمه‌ڵه له هه‌لم که‌ڵک وه‌رگرت، به‌گوێره‌ی توانام خوێندنم له رشته‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا ته‌واو کرد‌و ئیستا وه‌ک چاوه‌دێری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له یه‌کێک له نه‌خۆشکانه‌کانی شاری ژنێڤ خه‌ریکی کارم.
9. دواین ڕوانیین‌و قسه‌کانت بۆ خوێنه‌رانی رۆژنامه‌ی "کوردستان"و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان؟.
به سوپاس له ئێوه‌و سوپاس بۆ خوێنه‌رانی رۆژنامه‌ی ''کوردستان''سڵاو‌و رێزی بێپایانم ده‌نێرم بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، له به‌رانبه‌ر رووحی پاکی شه‌هیدانی له خوێن‌دا شه‌ڵاڵی کوردستان‌دا کڕنۆش ده‌به‌م، هۆمێد ده‌خوازم به‌ری ره‌نج‌و خه‌باتی گه‌لی کۆڵنه‌ده‌ری کورد بێته دی.
ئه‌مرۆ کوردستان‌و ناوچه‌ی رۆژ‌هه‌ڵات که گه‌لی کوردیش یه‌کێک له فاکتۆره‌کانه، به‌قۆناخێکی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێ، رێژیمی تێروریست په‌روه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران، له‌گه‌ڵ تووڕه‌یی‌و بێزاریی بیرو‌رای گشتی جیهانی به‌ره‌و روو بووه، ئه‌و رێژیمه هیچکات له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی ئه‌وتۆ مه‌ترسیدارو جیددی به‌ره‌و روو نه‌بووه، هه‌موو گه‌لانی ئێران ئێستا بوونه‌ته ئۆپۆزیسیۆن، هه‌موو چین‌و توێژێکی ئه‌م کۆمه‌ڵه له‌و رێژیمه بێزاره، ئه‌م نیزامه گه‌نده‌ڵه هیچ چاره‌یه‌کی نه‌ماوه جگه له‌وه‌ی مل بۆ ویست‌و داخوازی گه‌لانی ئیران که چ بکا‌و خۆی گۆر ون کا، من گه‌شبینم‌و ئاسۆی کورد رووناک ده‌بینم به‌مه‌رجێک به‌ره‌یه‌ک له هه‌موو هێزو لایه‌ن‌و که‌سایه‌تی‌یه تاکه‌کانی کورد پێکبێ، سبه‌ینێ دره‌نگه.
دیسان سوپاس.
…………………………………………………………………………………………………………………
بۆ کچه کوردێکی رچه‌شکێن*
پێشکه‌ش به هاورێیه‌کی خۆشه‌ویستم که له‌م قۆناخه تایبه‌تی‌یه‌ی جووڵانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان قۆڵی هه‌ڵماڵیوه بۆ خه‌باتێکی هه‌موو لایه‌نه‌له‌سه‌ر گه‌یشتن به مافی گه‌لی کورد به‌گشتی‌و سه‌لماندنی نه‌خشی چاره‌سازی ژن له شۆڕش‌دا وه‌ک نیوه‌ی کۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی.
ئه‌ی کچه جوان‌و شۆڕشگێره‌که‌ی کۆمه‌ڵی کورده واری
هه‌ر چه‌ند هه‌ستان‌و هه‌ست‌و قسه کردن‌و مات بوونت ده‌بینم
هه‌ر چه‌ند پاکی‌و سه‌داقه‌ت‌و زاناییت دێنمه به‌رچاو
هه‌ر چه‌ند تێکه‌ڵاویت له شۆڕش‌و خه‌بات‌داو بۆچوون‌و ئیمان‌و وره‌ت ده‌بینم
ناتوانم‌و بۆم ناکرێ
بێ ده‌نگ بم‌و له دڵ‌و د‌ه‌روون‌دا راستی‌و واقعییه‌ت بشارمه‌وه
ده‌بێ ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م به‌رم
ده‌بێ راستی روون که‌مه‌وه
ده‌بێ مێژوو له لاپه‌ره‌کانی‌دا بینوو‌سێ
تا تۆ وه‌ک هه‌ی بکێشمه‌وه‌و به شۆڕش‌و گه‌له‌که‌ت بناسێنم
ده‌بێ بیناسێنم
تایبه‌تی‌یه‌کانی تۆ
وره‌و ئیمان‌و هه‌ستی جوان‌و پاکی تۆ
زانایی‌و تێکۆشه‌ری‌و هه‌ستی شۆڕشگێریی تۆ
له خۆ بووردوویی‌و توانایی‌و به‌ربه‌ره‌کانێی تۆ
به‌شۆڕش، به‌گه‌ل، به‌هاوڕێیانم، به‌مێژوو
به کیژو کورانی کوردستان که ئه‌م رێگه‌یان نه‌دیتۆته‌وه
کچه شۆڕشگێره‌که‌ی کۆ‌مه‌له‌که‌م!
به‌ژیری‌و وریایی تۆ
به‌فکری به‌ربه‌ره‌کانێ‌و مانه‌وه‌ت له ریزی شۆڕش‌دا
هێزو توانایی شۆڕشگێریم زۆرتر ده‌بێ
هیوای ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌م به یه‌کجاری‌وه‌ک گوڵ ده‌گه‌شێته‌وه
تۆ پێشره‌وی
تۆ شۆڕشگێری
نموونه‌ی کچی جوان‌و پاکی شۆرش‌و خه‌باتی کۆمه‌ڵی کورده‌واری
جێگه‌ی هیوای کچان‌و کورانی کۆیله‌ی
که‌وا وو
هاورێ به‌رێزو خۆشه‌ویسته‌که‌م!
شۆڕش بناسه!
کۆمه‌ڵ بناسه!
ده‌وروو به‌رت بناسه!
ئه‌مجار، ورد‌و هێدی‌و هێمن
بۆ پێشه‌وه
به‌ره‌و پچراندنی زنجیری کۆ‌یله‌تی
به‌ره‌و یه‌کسانی ژیان بۆ ژن‌و پیاو
هه‌نگاو هه‌ڵگره
کچه جوان چاکه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌م!
تۆ پری له هیوا
گه‌شه بکه‌و گوڵ بکه
برۆ به‌ره‌و ئاسۆ
مه‌وه‌سته
قۆڵ هه‌ڵماڵه
به شێوه‌ی شۆڕشگێرانی راسته‌قینه
بگۆره، تێک بده ئه‌م نه‌زمه پر له جیاوازی‌یه
بسه‌لمێنه، به‌کرده‌وه‌هێزی نیوه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌مان!
تۆ پاکی
له تۆدا تایبه‌تی ژیانی خه‌بات‌و شۆڕش شین بۆته‌وه
تێکۆشه‌رانه تا به‌رو بوو ده‌گرێ بۆ پێشه‌وه
تۆ هی شۆڕشی
هی گه‌لی دابه‌شکراوی کوردی
دڵنیا به، خه‌فه‌ت مه‌خۆ
شل‌و سڵ مه‌به
تۆ سه‌ر‌ده‌که‌وی
شۆرش قیمه‌ت‌و بایی تۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ
که‌وابوو
کچه شۆرشگێره‌که!
بۆ هه‌رچی کۆن‌و کۆت‌و به‌نده ته‌سلیم مه‌به
خه‌باتی تۆ
شۆڕشی تۆ
مانه‌وه‌و راوه‌ستان‌و تێکۆشانی شۆڕشگێرانه‌ی تۆ
جیاوازی‌و کۆیله‌تی‌و چه‌وسانه‌وه هه‌ڵده‌گرێ
نه‌زمی تازه‌و پێشکه‌وتوو به دیاری دێنێ
بۆ پێشه‌وه
تا رزگاری یه‌کجاری
تا به‌دیهێنانی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ رزگاری یه‌کجاری چه وساوه‌کانی کوردستان
تا لابردنی جیاوازی ژن‌و پیاو
تا ره‌شکردنه‌وه‌ی خه‌تی کێشراوی داگیرکه‌ران
تا پێکه‌وه‌نانی ژیانێکی ئینسانی بۆ خۆت‌و بۆ هه موو که س
١٠ی‌ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٦٣ی هه‌تاوی
فه‌تاح
Archive
-
▼
2007
(52)
-
▼
September
(12)
- ئه‌زانی؟
- وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شێربه‌گی
- وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌ژاڵ عه‌بدولی
- وه‌رگێڕانی په‌یامه‌کان بۆ کوردی، ره‌حیم ره‌شیدی
- په‌یامی حیزبی سۆسیالیستی فه‌رانسه
- په‌یامی حیزبی سه‌وزه‌کانی فه‌رانسه
- په‌یامی هاو‌به‌شی دوکتۆر فلورانس وبر، دوکتۆر فردریک...
- په‌یامی دوکتۆر بڕنارد گرانژۆن
- په‌یامی خاتوو دانیه‌ل میته‌ران
- دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی ڕیبه‌رێکی شۆڕشگێڕ، مودیرێکی ب...
- تێکۆشانی دیپلۆماسی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکرات، هه...
- ڕوونکردنه‌وه!
-
▼
September
(12)
Saturday, September 22, 2007
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment