Archive

Friday, October 22, 2010

ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری:شاردنەوەی راستییەکان‌و بە نهێنی هێشتنەوەی بارگرژییەکان ڕێگا خۆش دەکەن بۆ هاندانی ئەندامان‌و لایەنگرانی ئەم حیزب لە دژی ئەو حیزب


وێنه: ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری


ره‌حیم ره‌شیدی
1.بە باوەڕی ئێوە، هەنووکە هۆکاری سەرەکی پێکنەهاتنی بەرەی کوردستانی لە کوردستانی ئێران چییە؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: بۆ پێکهێنانی بەرە چەند پێشمەرجێک پێویستە کە لەوە ناچێت لە کاتی ئێستادا ئەم ئامادەگییە هەبێت. هەل‌ومەرجێکی سیاسی لەبار کە تێیدا ئاسۆی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەک‌و بزووتنەوەیەکی جەماوەری بە هێز لە لایەکی دیکەوە بە روونی بەدی بکرێت. هەرچەند کە خەڵک لە هەموو کوردستان خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانین، بەڵام زەبروزەنگی زۆر توندی هێزە سەرکوتگەرەکان‌و زیندان‌و ئێعدام‌و لە ئاکامدا دووربوونی هێزە سیاسییەکان لە مەیدانی خەباتی جەماوەری لە ناوخۆی وڵات ڕێگای وەدیهێنانی ئەم خواستەی خەڵک دژوار دەکاتەوە. کۆبوونەوە لە دەوری پلاتفۆرمێکی سیاسی روون کە بتوانێت لانیکەمی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان‌و بەرنامەی هێزە سیاسییەکان لە خۆ بگرێت زۆر پێویستە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕیکخراوەو حیزبگەلێکی سیاسی پێویستن کە بتوانن بە متمانە بە خۆو بە سەرکردایەتییەکی لێبراو بۆ ئەم مەبەستە قۆڵی هیممەتی لێهەڵماڵن.
هەرکاتێک هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان لە دەسەڵات نزیک دەبینن‌و ئاسۆی رووخانی رژیم بەدی دەکەن زیاتر لە خواستەکانی خۆیان دێنە خوارو لەوانی دیکە نزیک دەبنەوە. هەر لە یەک ساڵ‌و چەند مانگی رابردوودا چەند لایەنی سیاسی کوردستان لەبەر ئەوەی پێیانوابوو کە لەوانەیە رووخانی رژیم نزیک بێت، کەوتنە چەشنێک لە نزیکی‌و دۆستایەتی کە چەند مانگ پێشتر ئەو کارەیان نەدەکرد. بۆ مانگرتنەکەی بەهاری ئەمساڵیش بە دوای ئێعدام کردنی فەرزاد کەمانگەرو ئەوانی دیکەدا لە کوردستان، بە کردەوە هەموو هێزەکان خۆیان ناچار بینی کە پشتگیری بکەن لە رۆژی مانگرتنەکە لەبەر ئەوەی هەستیان کرد ئەگەر وانەکەن لەو دەسکەوتەوو لەو سەرکەوتنە بێبەش دەمێننەوە. هەرچەند زۆر بەداخەوە لەم هەلە زێڕینە کەڵکیان وەرنەگرت‌و هیچ دوو حیزبێک ئامادە نەبوون ئیمزای خۆیان لەژێر یەک راگەیەندراودا دابنێن.

2. ئەدی هاوکاری‌و کۆدەنگیەکی گشتیی بۆ وڵامدانەوە بە پرسگەلێک کە کەموزۆر پێوەندیدار بە هەموانەوەیە بۆ سەر ناگرێ؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: وەکوو پێشتر ئاماژەم پێکرد نەبوونی پێشمەرجەکان وا دەکەن کە ئەم کۆدەنگییە سەرنەگرێت. ناتوانین لەو راستییەش خۆ لابدەین کە زۆربەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە قەیراندان. زەحمەتە بۆ سەرۆکایەتی حیزبێک یان کۆمیتەی ناوەندییەک کە لە ناوخۆدا پتەو نییەو لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی گرینگدا خەریکی ململانێ بێت بەڵام توانای کۆ کردنەوەی چەندین رێکخراوی هەبێت‌و روو بە دەرەوە بانگەوازی کۆ دەنگی‌و هاوکاری بکات. هیچکام لە ڕێکخراوەکانیش نەیانتوانییەو بە کردەوە ئۆتۆریتەیەو پێگەیەکی وەها لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا پەیدا بکەن کە هێزو توانای ئەوەیان پێببەخشێت چەندین حیزب‌و رێکخراو لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.

3. پێتان وایە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە هەلومەرجێکدان کە ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، بتوانن هەلەکە بە قازانجی ماف‌و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بقۆزنەوە؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: ئەمە پرسیارە ناکرێت بە دڵنیاییەوە وەڵام بدرێتەوە. مەبەست لە ئاڵ‌وگۆڕ چییە؟ ئاڵ‌وگۆڕ لە هێندێک گۆڕانکاری لە رووکەشی کۆماری ئیسلامییەوە دەگرێتەوە هەتا گۆڕانی بنەڕەتی‌و تێکشکانی دام‌و دەزگای دەوڵەتی. کاتێک دەڵێن سەرجەم هێزە کوردستانییەکان دەبێت بزانین مەبەست کامانەن‌و ئایا چ هێڵێک هێزێکی کوردستانی لە هێزێکی "ناکوردستانی" جیا دەکاتەوە. هەر چۆنێک بێت، هەر ئێستایش دەبینین کە هەڵوێست‌و بۆچوون‌و لێکدانەوەی هێندێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لێک نزیکن‌و شیمانەی ئەوە دەکرێت کە بتوانن لەسەر پلاتفۆرمێکی دیاریکراو پێکەوە هاوکاری بکەن.
پێکهاتنی ئاڵ‌وگۆڕ لە ئێراندا، جا بە هەر ڕادەیه‌ک بێت، وا دەکات کە هێزە سیاسییەکان بە خێرایی بکەونە خۆو چاوپێکەوتن‌و دانیشتنەکان بۆ گەیشتن بە چەشنێک لە هاوکاری چڕ دەبێتەوە. دیارە هەمووشیان ئەوە دەڵێن کە مەبەستیان لە سیاسەت کردن‌و چالاکی سیاسی گەیشتنە بە ماف‌و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان. من وا چاوەروان دەکەم کە ئەگەر هەل‌ومەرجەکە وەهای لێبێت کە ئاسۆی بە دەستەوە گرتنی بەشێک لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان نزیک بێتە پێش چاو، لایەنە سیاسییەکان بە پێی ئەزموونی ٣١ ساڵی رابردوو توانایی ئەوەیان هەیە کە خۆیان لەگەڵ دۆخە تازەکەدا بگونجێنن. پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە لەوەها دۆخێکدا چەندە رۆڵ‌و بایەخی سەرۆکی رێکخراوو خودی هێزە سیاسییەکە بەرجەستە دەکرێتەوەو ئەو کارە بە نێوی "بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان" بۆ خەڵک باس دەکەن. دوو دیاردە لە کاتی ئێستادا بارودۆخەکە لەگەڵ بۆ نموونە کوردستانی بیست ساڵ لەمەوبەردا جیا دەکاتەوە. یەکەم ئەوەیە کە ژمارەی هێزە سیاسییەکان زیادیان کردووەو هەڵبەت لە ناو خەڵکیشدا ئەم دیاردەیە خۆی نیشانداوەو وانییە بڵێین چەند کەسێکن‌و بۆ خۆیان حیزبێکیان پێکهێناوە. دووهەم، دیاردەیەکی گرینگی ئەم ساڵانەی دوایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە خەڵک لە ئاستێکی وشیاری بەرزدان‌و ئەوان لە وەها وەرچەرخان‌و ئاڵ‌وگۆڕێکدا دەتوانن لەسەر ڕەوتی رووداوەکان کاریگەری زۆریان هەبێت. ئایا هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵ‌وگۆڕێکی سیاسی کتوپڕدا لە ئێران دەتوانن بە ڕەچاو کردنی ئەم دوو دیاردەیە پابەندبوونی خۆیان بە پێوەرەکانی دێموکراسی‌و بەشداریدانی خەڵک‌و هەموو لایەنەکان نیشان بدەن؟ وەڵامی ئەرێنی بەم پرسیارە زۆر ئاسان نییە.

4. لە بارودۆخی ئێستادا، پرش‌و بڵاویی رێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستی نێوخۆیی‌و دەرەوەدا چ مەترسیگەلێکی پێکهیناوە؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: خەڵک لە ناخۆی کوردستاندا هەمیشە لایەنگری تەبایی‌و هاوکاری نزیکی رێکخراوە سیاسییەکانن. ئەمەش هەڵبەت تایبەت بە کوردستان نییەو لە زور شوێنی دونیا وایە. بەڵام لە روانگەی خەڵکەوە دابەشبوونی حیزبەکان‌و هاوکاری نەکردنیان بۆتە هۆی هەست کردن بە مەترسی. بە تایبەت لە یەک دوو ساڵی رابردوودا چەندین دەرفەت هاتە پێش کە لانیکەم دوو، سێ یان چەند رێکخراوی سیاسی دەیانتوانی یەک هەڵوێست بن‌و پێکەوە راگەیاندنێک ئیمزا بکەن. بەڵام بە داخەوە ئەو کارەیان نەکرد. ئەمە لەسەر خەڵک‌و پێوەندی ئەوان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کاریگەری خراپی هەبووە. نەبوونی کۆدەنگی‌و هاوکاری بە کردەوە هەڵبەت بۆ دەرەوەی کوردستانیش کاردانەوەی خراپی دەبێت. هێزە سیاسییەکانی ئێران دەکەونە کێبڕکێ بۆ ڕاکێشانی ئەم یان ئەو حیزبی کوردستان بە مەبەستی پتەوکردنی پێگەی سیاسی‌و بەرژەوەندی خۆیان. جاری وایە دەبینرێت ئەم چەشنە هاوکارییە تەنانەت لە ڕوانگەی پرۆگرامی خودی هێزە کوردییەکەشەوە زۆر بە قازانج نییە. هەڵبەت ئەوەش نابێت لە بیر بکەین کە چ لە سەر کێشە سیاسی، ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگاو چ لەسەر سیاسەتی ئاستی ئێران‌و ناوچەکەو جیهاندا جاری وایە حیزبێکی کوردی لە فڵانە حیزبی ئێرانییەوە نزیکترە هەتا فڵانە رێکخراو لە کوردستان. ئەم دیاردەیەش وەنەبێت تەنها لە کوردستاندا ببینرێت.

5. قازانجەکانی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی، یان کۆدەنگیەکی هەمە لایەنە لە نێو رێکخراوە سیاسییەکاندا بۆ پرسی سیاسیی کورد لە ئێراندا چییە؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: لەبەر ئەوەی کە جیا لە هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان، ستەمی میللی بە درێژایی مێژوو قورسایی کردووە بەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستاندا، هەر چەشنە کۆدەنگی‌و پێکهێنانی هاوکاری لەسەر ئەو خاڵانەی کە دەگەڕێتەوە سەر کێشەی گەلی کورد لە گەڵ حکوومەتی ئێران، بە قازانجی خەڵکی کوردستانە. دوو حیزبی سیاسی دەتوانن وەڵامی جیاوازییان هەبێت بۆ باری ئابووری داهاتووی کوردستان‌و بۆ کێشەکانی ناو کۆمەڵگا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەتوانن پێکەوە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا هاوکاری بکەن‌و بەم چەشنە بە هێزو توانایەکی زۆرترەوە لە بەرامبەر حکوومەتی ئێراندا بوەستن. لەوە زیاتریش، لەبەر ئەوەی پرسی کورد پرسێکی گرینگی رۆژهەڵاتی ناوەراستە‌و کاردانەوەی جیهانیشی هەیە، ئەم هاوکارییانە دەتوانن لە ئاستی نێونەتەوەییشدا دۆستانێکی زۆر پەیدا بکەن‌و زیاتر حیسابی بۆ بکرێت. لە وەها حاڵەتێکدا ئێرانیش ناچارە بە پارێزەوە سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە کێشەی کورد دابڕێژێت.

6. باشە پێتان وانییە سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموواندا هەیەو پێویستە لەبەر قازانجی گشتیی لەسەر ئەو خاڵانە رێکبکەون؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: بەڵی پێموایە‌و هەر وەکوو لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، خاڵی هاوبەش لەسەر نەمانی ستەمی میللی لە کوردستان هەیە‌و دەکرێت بەرجەستە بکرێنەوە. کێشەکە لەوە دایە کە لایەنێک بانگەشەی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دەکات‌و یان کەسێک پێی وایە ئەو دەبێت ڕێبەرایەتییەکە بە دەستەوە بگرێت‌و هەموو ئەمانەش بە ناوی قازانج‌و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە دەکرێت. بە داخەوە سی ساڵە لە کوردستان نە هەڵبژاردنێکی ئازاد هەبووە کە هێزە سیاسییەکان قورسایی خۆیان‌و پێگەی کۆمەڵایەتی راستەقینەی خۆیان بزانن، نە وەکوو وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، یان لانیکەم وەکوو تورکیا ئەو دەرفەتە هەیە کە ڕاپرسی بکرێت لە ناو خەڵکدا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێگە‌و قورسایی هێزەکانی کوردستان‌و سیاسەتەکانیان.

7. پاش چوونەوە وڵات، بەو کولتورە سیاسییەی ئێستا لە نێو رێکخراوە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ئارا دایە، چەندە مەترسی شەڕی نێوخۆیی بە شێلگیر دەزانن؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: فەرهەنگی سیاسی ئەمڕۆی ناو رێکخراوەکانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ساڵانی سەرەتای ئەم بزووتنەوەیەدا زۆر جیاوازە. لێکدابڕان لە ناو خودی حیزبەکان، بارودۆخی تایبەتی باشووری کوردستان، گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەو جێهان، کاردانەوەی ئاڵ‌وگۆڕەکانی ناوچەکەو پێشرەفتی تەکنیکی‌و پێشکەوتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و پەیدابوونی ساتەلایت‌و ئینتەرنێت، هەموو ئەمانە ئاستی تێگەیشتنی خەڵک‌و هەروەها ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکانی بەرز کردووەتەوە. تەنانەت ئەگەر حیزبێکیش بیهەوێت کێشەکان لە ڕێگای چەکدارییەوە چارەسەر بکات، زۆر زەحمەتە زەمینەی بۆ ئامادە بکرێت. گرینگ ئەوەیە بزانین چەندە ئەم یان ئەو رێکخراوە پابەند ئەبن بە پارێزگاری لە دیموکراسی‌و لە بەرامبەر پێشێل کردنی مافی مرۆڤ‌و ئازادییە مەدەنییەکاندا رادەوەستن. هەر چەند ناکرێت بە شێوەیەکی ڕەها ئەگەری دەست بردنە چەک لە ناو حیزبەکاندا رەتبکرێتەوە، بەڵام من پێموایە زۆر زەحمەتە وەها کاردانەوەیەک بتوانێت لە لایەن خەڵکەوە قبووڵ بکرێت‌و هەڵگری وەها سیاسەتێک دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ دۆڕاندن لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاددا لە کوردستان.

8. بۆ ئەوەی شەڕی نێوخۆیی دروست نەبێ ده‌بێ چ پرۆژەیەک بۆ داهاتوو له‌ ئارادا بێت ؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: هەتا کۆمەڵگاکە کراوەتر بێت‌و هەتا شەفافییەت لە هەڵویستی سیاسیدا زاڵ بێت‌و هەروەها ڕێز لە بیروڕای تاکەکەس‌و لایەنی نەیار بگیرێت، شەڕی ناخۆیی زیاتر دوور دەکەوێتەوە. پێویستە کێشەکانی نێوان حیزبەکان لە سەر ئاستی میدیاکان‌و بەوپەڕی ئاشکراییەوە باسیان لێوە بکرێت. شاردنەوەی راستییەکان‌و بە نهێنی هێشتنەوەی بارگرژییەکان ڕێگا خۆش دەکەن بۆ هاندانی ئەندامان‌و لایەنگرانی ئەم حیزب لە دژی ئەو حیزبەکەی دیکە. خاڵێکی دیکە کە زۆر گرینگە بەشداریدانی خەڵکە لە پرۆسەی کێشەکان‌و گیروگرفتی پەیوەندی نێوان رێکخراوە سیاسییەکاندا.

9. حیزبه‌کانی ئێمه‌ به‌ کرده‌وه‌ چەندە باوەڕیان بە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیی هەیە، پێتان وایوایه‌ ئامادەن لە داهاتوودا بۆ چارەسەرکردنی گرفت‌و ئاستەنگەکان پەنا بۆ چەک نەبن؟
ئه‌سکه‌نده‌ری: ئەگەر بڕوانینە پەیرەو پرۆگرامی حیزبەکان‌و چاوپێکەوتنەکانی ڕیبەرانیان ئەوە هەمووان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوپەڕی ڕێزیان هەیە بۆ ئازادی‌و هەڵسووڕانی سیاسی. لەبەر ئەوەی -زۆر بەداخەوە- هیچ بەشێک لە کوردستان لە ژێر دەستی حیزبەکاندا نییە، ئێستا ناکرێت پابەند بوونی ئەوان بە پێوەرە دێموکراتیکەکان هەڵسەنگێندرێت. هەر چەند پابەند بوون بە دێموکراسی لە ناو رێکخراوەدا لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لاواز بووە، بەڵام هۆکار زۆرەو لە هەڵوێستی زۆربەی هەرە زۆری رێبەرانەوە دەردەکەوێت کە ئەوان ئامادە نین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان دەست بدەنە چەک. ئەوەش راستە کە هەڵوێستی سەردەمی ئاشتی لەگەڵ کاردانەوەی سەردەمی کێشە‌و لە مەترسی کەوتنی بەرژەوەندی حیزبی‌و تاکەکەسی‌دا زۆر جیاوازە.

10. ئه‌بێ چ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە رێکبکەون کە نابێ هیچ لایەنێک بۆ بڕینەوەی کێشەکانی لەگەڵ لایەنێکی دیکە دەست بۆ چەک بەرێ؟‬
ئه‌سکه‌نده‌ری: لە پرسیارەکانی پێشوودا تا ڕادەیەک ئەم بابەتە هەڵسەنگێندراوە. خۆتێگەیاندنی کۆمەڵانی خەڵک پێموایە رۆڵێکی زۆر گرینگی هەیە. نابێت چاوەڕان بین شەڕ دەست پێبکات ئەودەم چالاکییەکان بۆ ڕاگرتنەکەی بکەوێتەگەڕ. گرینگ ئەوەیە هەر بە دەرکەوتنی یەکەمین نیشانەکانی ناکۆکی‌و ئەگەری پەیدابوونی تەقەو پێکدادان، بکەوینە خۆ و زۆر بە توندی کاردانەوەمان هەبێت. حیزبی ئەلف ئەبێت ئەوە بزانێت کە بە دەستپێکردنی شەڕ، کەس بۆ ئەوە ناگەڕێت بزانێت کێ بوو یەکەم جار تەقەی کرد، بەڵکوو داواکارییەکە ئەوەیە کە دەستبەجێ شەڕەکە ڕابگرن. مەحکووم کردنی شەڕ لە ژێر هەر نێوێکداو بانگەوازی ئەوەی کە کێشەکانی ناوخۆ دەبێت لە ڕێگای سیاسییەوە چارەسەر بکرێن. ئەمانەن ئەو خاڵانەی کە پێویستە حیزبەکان لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ یەکترو لە کاتی ئاشتی‌و تەباییدا دەبێت بە ئاشکرا لە سەر میدیاکانی خۆیان باسی لێوە بکەن‌و پابەندبوونی خۆیان دەرببڕن.

به‌رێز ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری له‌ چه‌ند دێڕێک‌دا:
ساڵی ١٩٤٨ لە شاری سەقز له‌ دایک بوه‌. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەو شاره‌ ته‌واو کرده‌وه‌. پاشان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له‌ زانکۆی شیراز زەوی ناسی‌و جیۆلۆژی خوێندوه‌. دواتر لە شیرکەتی نەوت، لە سەر چاڵە نەوتەکانی خوزستان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکوو ئەندازیاری زەویناسی کاری کردوه‌.
ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٧٨ لە زانکۆی بۆردۆ له‌ وڵاتی فه‌ڕانسه‌ لە بواری هیدرۆژیئۆلۆژی واتە زانستی ئاوی ژێرزەمینی، درێژه‌ی به‌ خوێندن له‌ ئاستی باڵادا داوه‌.
ساڵی ١٩٧٩ لە شاری سەقز چالاکانه‌ به‌شداری له‌ شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا کردوه‌، ئینجا له‌ دەفتەری مامۆستا شێخ عێزه‌دین‌دا بۆ ماوەی چوارساڵ تێکۆشاوه‌. هه‌روه‌ها لە ساڵی 1982دا، وەکوو نوێنەری ناوبراو له‌ ده‌ره‌وه‌ تێکۆشاوه‌.
دواتر له‌ ساڵی ١٩٨٤دا چۆته‌ نێو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئه‌و رێکخراوه‌دا چالاک بوه‌. هه‌روه‌ها ئەندامی نوێنەرایەتی دەرەوەی کۆمەڵە‌ لە وڵاتانی ئەورووپادا بوه‌، ساڵی ١٩٩٤ به‌ ته‌واوه‌تی وازی لە رێکخراوی کۆمەڵە هێناوه‌.
ناوبراو، چالاکی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییه‌. هاوکات لەسەر بزووتنەوەی کوردستان بە گشتیی‌ لێکۆڵینەوە، لێدوان، نووسین‌و وەرگێرانی هه‌یه‌، لە بواری یەکسانی‌و کێشەی ژنان‌و به‌شداری لە کۆڕو کۆمەڵ‌و کۆنفرانسی جۆراوجۆردا چالاکه‌، هەروەها چەند دەقی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی لەم به‌ستێنه‌دا بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕاوه‌.

No comments: