وێنه: بابا شێخ حوسێنی
ڕهحیم ڕهشیدی
1. بەباوەرى ئێوە، هەنووکە هۆکارى سەرەکى پێک نەهاتنى بەرى کوردستانى لە کوردستانى ئێران چییە؟
حوسێنی: زۆرجار باس لە هۆکانى پێک نەهاتنى بەرەى کوردستانى کراوە، لەو باسانەدا بەشێک لە کۆسپەکان لە پێوەند بە پێک نەهاتنى بەرەى کوردستانى دەست نیشان کراون، بەڵام پێم وایە هیچ کات وەڵامى تەواو بەو پرسیارە نەدراوەتەوە.
باش وایە ئەو راستیە باس بکەم کە لە رابردوودا باسى پێک هاتنى بەرەى کوردستانى بەرادەى ئێستا گەرمو گۆرو جێ بایەخ نەبوو. لە رابردوودا ئەگەر باس لە بەرەى کوردستانى دەکرا، لایەنەکان مەرجیان دادەناو یا لە بنەرەتدا باوەریان بە بەرە نەبوو، لایەن هەبوو داواى دەکرد لە بەرەى کوردستانیدا دەورى زیاترى هەبێ، بەڵام لە ئێستادا، ئەو شەرتانە کەم رەنگ بوونەوەو باس ناکرێن لە هەمان کاتدا باس کردن لە بەرە گەرمو گوڕترە. هۆى سەرەکى پێک نەهاتنى بەرەى کوردستانى لە ئێستا جیابوونەوە لە نێو لایەنە سیاسییەکانو هەروەها نەبوونى بریارى جیددىو لێبراوانە بۆ هەست نەکردن بە بەرپرسایەتى تێکراى لایەنە سیاسیەکان دەگەرێتەوە. بە باوەرى من ئەوانە بەربەستى سەرەکین لە رێگەى پێک هاتنى بەرەى کوردستانى.
2.ئەدى هاوکارىو کۆدەنگیەکى گشتیى بۆ وڵامدانەوە بە پرسگەلێک کە کەمو زۆر پێوەندیدار بە هەموانەوەیە بۆ سەرناگرێ؟
حوسێنی: کاتێک لایەنە سیاسیەکان شیروتیغ لێک دەسوونو دەمە بە دەمەو جەنگى لەفزىو هێندێک جار شەرى فیزیکیان لە نێواندا روودەدا، ناکرێ چاوەروان بین کە لە پێوەند بە پرسە پێوەندیدارەکان بە هەمووان یەکدهنگىو یەک هەڵوێستى لە نێوان تێکڕاى لایەنەکان ببینین. بۆیە ئەگەر کۆدەنگى هەبێ، بۆ نمونە لە راگەێندراوێکى هاوبەش دا، ئەویش تەنیا چەند لایەن لەسەرى ساغ دەبنەوەو تێکرایى نیە.
3.پێتان وایە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە هەلو مەرجێکدان کە ئەگەر ئاڵوگۆرێک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، بتوانن هەلەکە بە قازانجى مافو ئازادییەکانى خەڵکى کوردستان بقۆزنەوە؟
حوسێنی: وەڵامى بەشێک لە پرسیارەکە، هەلو مەرجى ئەوکات دەیداتەوە. بەڵام بە بەراوردى من بەو وەزعەى ئێستاى جوڵانەوەی کوردو هێزو لایەنەکانى کوردستانى تیدایە، زەحمەتە لایەنەکان بتوانن هەلەکە بە قازانجى گەلى کورد بقۆزنەوە. بە داخەوە پێوەندییەکان لە حاستێکى باشدا نین. بە بەردەوام بوونى ئەو هەلو مەرجە نەک ناتواندرێ لە کاتى سەرهەڵدانى ئاڵو گۆرەکاندا، کارێک بە قازانجى گەلەکەمان بکرێ، بەڵکو ئەگەر هەر وەک ئێستا لایەنەکان پێوەندییان ناسالم بێ، وەزعەکە مەترسى داریش دەبێ.
4.لە بارودۆخى ئێستادا، پرشو بڵاویى رێکخراوە سیاسییەکان لە ئاستى نێوخۆیىو دەرەوهدا چ مەترسیگەلێکى پێکهێناوە؟
حوسێنی: پرشو بڵاوى هێزو لایەنەکان بۆتە هۆى ئەوە کە جوڵانەوەى کورد وەک پێویست نەتوانێ پشتیوانى جیهانى بۆ لاى خۆى راکێشێ، هەروەها خاوەن پشتیوانىو جەماوەریىو تەنانەت رەوابوونى جوڵانەوەکە بە تەواوىو بێ کەمو کۆڕى لە لاى ناوەندە جیهانیەکان بسەلمێنى. لێرەدا دووپاتى دەکەمەوە کە بەتەواوى وەک ئەوەى ئارەزوى دەکەینو مەبەستمانە نەتواندراوە سەرنجى جیهانى بۆ لاى جولانەوەى کورد راکێشێ. لە نێو خۆشدا هاونیشتمانان کەم موتمانەیىو نەبوونى ئیعتبارو بایەخیان بەرانبەر جوڵانەوەى کورد لە لا دروست بووە، کە ئەوانە مەترسین. بەو شێوەیە ئاکامەکە ئەوە دەبێ کە پرسەکەمانو کاروانەکەمان بە بوونى ئەو پرشو بڵاویە دوا بکەوێو زیانى گەورە ببینێ.
5.قازانجەکانى پێکهاتنى بەرەى کوردستانى، یان کۆدەنگیەکى هەمە لایەنە لە نێو رێکخراوە سیاسیەکاندا بۆ پرسى سیاسى کورد لە ئێراندا چییە؟
حوسێنی: ئاشکرایە کۆدەنگىو یەک ریزى لە نێوان هێزەکانى کورد فاکتەرێکى گرینگە بۆ ئەوەى کورد بە مافە بنەڕەتیەکانى بگا. ئەگەر کورد پرشو بڵاو بێ، هەر وەک چۆن لە رابردوو لە ساڵەکانى سەرەتاى موقاومەتى شۆرشگێرانە لە بەرانبەر رژیمى ئێران بینیمان پرشو بڵاوییەکان زیانى زۆری لێ داین. بێگومان بەو حاڵە ئێستا جوڵانەوە کوردى تێدایە ناتوانین دیفاع لە ویستەکانمان بکەینو ئەوەى مەبەستى سەرەکیە، یان هیچ نەبێ بەشێک لەویستەکانى گەلى کورد دەستەبەر بکرێن. بۆیە پێش هەر کارێک زەروورە هێزەکانى کوردستانى لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بگەنە رێکەوتن لە بەر مەسلەحەتى تێکرایىو خەباتى چەند ساڵى گەلى کوردو خوێنى شەهیدان.
6.باشە پێتان وانییە سەرەڕاى هەموو جیاوازیەکان، کۆمەڵێک خاڵى هاوبەش لە نێوان هەموواندا هەیەو پێویستە لەبەر قازانجى گشتیى لەسەر ئەو خاڵانە رێکبەکەون؟
حوسێنی: قسەى تێدانیە کە خاڵى هاوبەشو بنەڕەتى لە نێوان لایەنەکان هەیە، بەڵام بە داخەوە کەمتر قازانجى گشتى لەبەر چاو گیراوەو زیاتر گرینگى بە ویستو حەزى شەخسى دەدرێ. بە باوەرى من هەمووان لەو چوارچێوەدا تاوانبارو یا باشترە بڵێم خەتایان هەیەو کەمتر گوێ بە قازانجى گشتىو نەتەوەیى دەدەن.
7.پاش چوونەوە وڵات، بەو کولتورە سیاسیەى ئێستا لە نێو رێکخراوە کوردییە بەرهەڵستکارەکانى کۆمارى ئیسلامیدا لە ئارادایە چەندە مەترسى شەڕى نێوخۆیى بە شێلگیر دەزانن؟
حوسێنی: پێم وایە ئەگەر رێگە بووایەو حکوومەتى هەرێمى کوردستان لێ گەڕایە لە کوردستانى عێراق شەڕ دروست دەبوو، بۆیە ئەگەر ئەو هەلومەرجەى ئێستاو ئەو پێوەندییە ئاڵۆزو ناسالمەى ئێستا لە نێوان لایەنەکاندا دەبیندرێ لە دواى چوونەوە بۆ وڵاتیش بەو شێوە بەردەوام بێ، بێ گومان کێشەو جەنگ نەزیکو ئەگەرى زۆرە.
8.ئێوە بۆ ئەوەى شەڕى نێوخۆیى دروست نەبێ چیتان کردوەو لەم بەستێنەدا چ پرۆژیەکتان هەیە؟
حوسێنی: سازمانى خەبات بڕیارى داوە بە هیچ شێوەیێک تێکەل بە شەڕو کێشە نەبێو بەوپەڕى لەسەرەخۆیىو بە دروستىو بەرپرسانە لەگەڵ روداوەکان هەڵسوکەوت بکا. لە پێوەند بە بەشى دوایى پرسیارەکەت وەک چۆن لە ئێستادا، پێوەندیمان لەگەڵ تێکڕاى لایەنەکانى دیکەى کوردستانى ئێران هەیە، بەردەوام تێدەکۆشین کەڵک لەو پێوەندییە سالمەمان وەرگرین بۆ رێگرتن لە جەنگو ناکۆکى، ئەگەر بە قسەمان بکەن. دیارە بۆ رێگە گرتن لە جەنگو شەرى ناوخۆیى هەوڵى پێویست دەدەینو ئەرکە بنەڕەتیو بەرپرسایەتیەکان بیر دێنینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هومێدوارم هیچ کات شاهیدى جەنگێکى دیکەى نێوان رۆڵەکانى کورد نەبینەوە. پرۆژەى ئەوتۆمان بۆ رێگە گرتن لە جەنگ نییە، چوونکە ئەوە گەشەى فەرهەنگى یەک تر قەبووڵ کردنو هەستى قووڵى نیشتمان پەروەرىو بەغەمەوە بوونى چارەنووسى گەلەکەمان رێگە دەگرێ لەجەنگو ئەگینا پرۆژە هیچ کات رێگر نابێ لە کێشەو جەنگ.
9.چەندە باوەڕِتان بە ئازادى هەڵسوڕانى سیاسى هەیە، ئامادەن لە داهاتوودا بۆ چارەسەرى کردنى گرفتو ئاستەنگەکان پەنا بۆ چەک نەبن؟
حوسێنی: سازمانى خەبات قوربانى پێشێلکارییەکانى ئازادى هەڵسورانى سیاسى بووە. بێگومان بەو بیرەوەریە تاڵو ناخۆشانەى لە فشارەکانو پێشێلکارى مافەکانمانو رێگە گرتن لە بەردەم کارو چالاکى سیاسىو هەڵسوورانى تەشکیلاتیمان دەکرا، لە لایێکو سیاسەتو بەرنامەى سیاسیو تەشکیلاتیمان لە لاییەکى دیکە، وامان لێدەکا پێبەندى ئازادى هەڵسورانى سیاسى بین. بەو شێوە بیر کردنەوەمان هیچ کات بۆ یەک لایى کردنەوەى کێشەکان دەست بۆ چەک نابەین.
10.باشە ئەگەر وایە بۆچى دەسپێشەخەرى ئەو ناکەن تاکوو هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە رێبکەون کە نابێ هیچ لایەنک بۆ بڕینەوەى کێشەکانى لەگەڵ لایەنێکى دیکە دەست بۆ چەک بەرێ؟
حوسێنی: زۆر جار لە کۆبوونەوەکاندا باس لە قێزەونىو خراپىو زیانبارى شەرى ناوخۆ کراوە. دیارە ئەو پرسیارەى بەرێزت شتێکى زۆر باشەو ئەگەر پێکهاتنى بەرەى کوردستانى زەحمەتە، هیچ نەبێ با بڕیارێکى جیددى بدرێ کە بۆ یەک لایى کردنەوەى کێشەکان دەست بۆ چەک نەبین. لە کۆبوونەوەکانى سازمانى خەباتدا لەگەڵ لایەنەکانى دیکەى کوردستان، باس لەوە کراوە کە بتواندرى شەڕى براکوژىو سەنگەر لە یەک گرتن بە یەکجارى حەرام بکرىو هەموو لاێکیش لە قسەدا لەسەر ئەوە هاوڕان، جا ئایا کردەوەى پێ دەکرێ؟ ئەوش لە داهاتوودا دەردەکەوێ.
کورتهیهک لهسهر ژیانی بهرێز بابا شێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خهباتی کوردستانی ئێران:
بابه شێخ حسێنى ساڵى ١٩٦٧ی زایینی، له شارى بانهى كوردستانى ئێران له دایك بووه. له تهمهنى ١٦ ساڵىدا بۆته پێشمهرگهو درێژهى به كارو چالاكى سیاسییو پێشمهرگهیی داوهو له كۆنفرانسى ساڵى ١٩٨٣ی سازمانی خهباتدا كه له شارۆچكهى ماوهت له كوردستانى عێراق بهستراوه به ئهندامى سهركردایهتى ئهو رێکخراوه ههڵبژێردراوه. پاشان له كۆنگرهى دووههمى سازمانى خهبات له ساڵى ١٩٨٦دا، به ئهندامى دهفتهرى سیاسیی ههڵدهبژێردرێ، له كۆنگرهى سێههمى سازمانى ناوبراودا له ساڵى ٢٠٠٤دا به سكرتێرى گشتیى ههڵبژێردراوه. ههروهها له كۆنگرهى چوارهمدا دووباره به زۆرینهى دهنگ بۆ پۆستی سكرتێرى گشتیی ههڵبژێردراوهتهوه.
بابه شێخ حوسێنى له بوارى نووسینو وهرگێرانو لێكۆڵینهوهى سیاسییدا چالاكانه كار دهكا.
ناوبراو له مهیدانى نیزامىدا، تا ئێستا ٦ جار به سهختى بریندار بووه. دهیان جار ههوڵى ترۆر كردنى له لایهن ترۆریستانى {کۆماری ئیسلامی} ئێرانهوه دراوه؛ دواین ههوڵى ترۆریستى كه ئاشكرا كرا له ساڵى ٢٠٠٥ى زایینىدا بوه.
No comments:
Post a Comment