Archive

Friday, February 3, 2012

خاوەن شکۆ

رەحیم رەشیدی

بێ هێزو ماندوو لێرە پاڵم بە کۆڵەکەیەکی بەردینەوە داوە. چرای گەران بە نێو کۆڵانی دوورو درێژی بیرەوەرییەکانم هەڵکردوەو بە دەم قاوە خواردنەوە، بەرەو قوڵتریین‌‌و دوورتریین شوێنەکانی یادوەری دەچم؛ دەچم بەڵکوو لاپەڕەیەک‌ هەڵدەمەوە بۆ ئەوەی بیانوویەک ببینمەوە تاکوو بزە برژێتە سەر لێوە ویشک هەڵاتوەکانم.
لەگەڵ هەناسە هەڵکێشان بۆ ڕابردوویەک کە هەر دەم لق‌و پۆپەکانی لە ئێستا‌م‌دا شۆڕ بۆتەوە، بە خۆم دەڵێم کە تۆ سەرزەمینی هیواو ئاواتەکانی، بەو هەموو ژیری، شکۆمەندی‌و جوانییەوە کە تێت‌دا کۆبۆتەوە، مادام ڕژابێتمە رۆحتەوەو لەگەڵت‌دا نوقمی سێحراویتریین ساتەکان بووبم‌و ئارەزووی دووپات بوونەوی ئەو ساتە وەختانە بخوازم کە لەگەڵ تۆدا تێپەڕ بوە، دەکرێ شایی بە خۆ بم‌و خۆم وەکوو ئیمپراتورێک ببینم...
خاوەن شکۆ، تۆ هەر دەم لە لام شایانتریین پاشای ئیمپراتوریەتی ئەشق‌و نموونەی بووژانەوەو ژیانێکی پڕ ماناو ڕازاوەی ئەم سەردەمەی، کە ناچاریین هەر دەم شتێک لە خۆمان کاڵ کەینەوە بۆ ئەوەی بۆ درێژەدان بە ژیانێکی کولە مەرگی جێگامان بێتەوە...
هەموو کات کە دەخوازم لاپەڕەیەک ڕەش کەمەوە، هەموو دەمێک کە زەینم سەرقاڵی دووپات کردنەوەی فیلمی یادەکانتە، هەر ئانێک کە پەنجەکانم لەسەر کیبۆردی ئەم کامپیوتێرە سەبارەت بە تۆ دەکەونە سەما کردن‌و دەجولێن، حەول دەدەم تەنیا بیر لە خۆشی‌‌و شادی بکەمەوە، تێدەکۆشم هەرچی شتی جوان‌و باشە بیخزێنمەوە هەناومەوە بۆ ئەوەی هەر سپی‌و بێ خەوش لە دەروونی هەرگیز ئۆقرە نەگرتووم‌دا بتپارێزم.
ئەزانی، کە لێت دوورم بەردەوام بە دوای هێوری‌و ئارامی‌دا عەوداڵم‌، کە دەگەمە تۆ ئەی شاجوانی خەونەکانم، ژیان کەلاو دەکات لە ئۆقرەو دڵە ڕاوکە هەر دەڵێی نەبوەو نیە.
ڕەنگە زۆر جاران بە خۆم بێژم کە جیا لە دەستەکانی من، پەنجەی پیاوانی دیکەش لە نزیک‌و دوور لە دەستەکانت هەڵپێکراون‌، بەدەر لە ئامێزی من، باوشی کوڕی دیکەش تۆیان لە خۆیان‌دا حەشار داوەوو ڕەنگە هەنووکەش‌و لە داهاتووش‌دا بیدەن.
زۆر جاران بە یەقینێکی سەیرەوە پێم وایە کە تۆ نەک لەگەڵ من، لە تەک کەسی دیکەش بوویت‌، هەیت‌و دەبیت؟. ڕاست لە کاتێکدا کە وەها بیرو هەستێک لە دڵ‌و مێشکم‌دا جێدەگرێ، من قاقا بە خۆم پێدەکەنم‌، ئەرکی نوێ بۆ خۆم دەست نیشان دەکەم، بە باوەڕێکی نەگۆڕەوە بە خۆم دەڵێم: " ڕەحە گیان، لە نێو دەریای پڕ لە شەپۆل‌و تەکانی عەشق‌‌دا نە کەس بکە کۆیلەی خۆت‌و نە دیلی هیچ سۆزو هەستێک بە، شتێک بە زارت‌دا نەیەت کە ئەو دڵەی بە تۆ سپێردراوەو وەکوو پەڕی گوڵ وایە خەوش هەڵگرێ، بۆ ئەوەی رێزی ئەوین‌و ئەوینداری لە ئاستی هەرە بەرزی خۆی‌دا بمێنێتەوەو نابێ بەرەو خوار داکشێ‌، تکایە با گومان‌و دڵ پیسی کۆشکی سارێژ لە بۆن‌و بەرامەی خۆش‌و ڕازاوەی ئەوین ناحەزو خەوش‌دار نەکات...".
ئەمانە بە خۆم دەڵێم‌و ئیدی هەر بەو جۆرە کە بوویت‌و هەیت لە هەموو ساتەکانم‌دا لە دایک دەبیتەوە. بە بێ ئەوەی هەوڵ بدەم ببیتە ئەو شتەی کە من دەمهەوێ، ئەمەش یانی عاشق بوون لەوپەڕی خۆی‌دا...
گرینگ ئەوەیە من بە مەزنی‌و پاقژی بیرت لێبکەمەوەو بە کردەوە ئارەزوو بکەم کە تۆ بۆ دیداری داهاتوو سڵامەت‌ بیت‌، ئەبێ خۆم بە بەختەوەرتریین پیاوی دونیا بزانم کە باغچەی ژیانم بە گوڵی یادەکانی تۆ دەڕازێتەوەو تابلۆی عەشقم بە ژیننووسی ژیانی تۆ دەرەنگێت.
ئەمە ئەو ساتەیە کە ئەفسانەی عەشقی تۆ هەر دەم تێیدا نۆژەن دەێتەوەو بەردەوام رۆح بە بەری‌دا ئەکرێتەوە. ئیدی ئەم وەختەیە کە لە دڵەوە هیوا دەخوازم‌و ئارەوزوو دەکەم کە تۆش هەمیشە تەژی بیت لە دیلان‌‌، شادمانی لە نێو دەمارەکانت‌دا بێت‌و بچێت.
ئەزانی، ئارەزوو دەکەم لەم وەرزی زستان‌و سەغڵەتییەدا، کە سەرما وەکوو تۆڕێک، وەک جاجم، لێفە، یان مەلافەو پارچە پەڕۆیەک کە مرۆڤ بەسەر خۆی‌دا دەکێشێ‌و لەشی لە بن‌دا دەشارێتەوە، هەموو وڵاتی داگرتوە، لە ئامێزت گرم‌و بۆنت پێوە بکەم.
کەسەکەم من هەر بە گەرمی بیرت لێدەکەوەو دڵم وەکوو جاری جاران بۆت سارێژ لە ئەوین‌و خۆشەویستییە. عەشقی تۆ لە دەمارەکانم‌دا وزەی ماناوەیەو سڕی بەردەوام بوونی ژیانی منە کە وەها پێستمی لە ئاست دژواری‌و نەهامەتییەکان‌دا ئەستوور کردوە...
هەر ئێستا ماشێنی بیر کردنەوەم بە بێ ئەوەی لە هیچ بەفرو شەختەیەک‌دا ڕاوەستێ، سنوورەکان تێپەر دەکات‌و دەگاتە لات، وەکوو جاران بە کراسێکی سپییەوە لە پشت ماشێنێک دەستم لە نێو دەستت ناوە، تۆش باوانەکەم بە پێناسێکەوە بە بێ ئەوەی ناوی باوکتی لەسەر بێت، بە ئەسپایی دەستت تێوەرداوەو بە کێڵگەکانی مین‌دا گوزەرت کردوەو سنوورەکانت‌ تێپەڕاندوە، گەیشتوویتە لام‌و تێک ئاڵاوین‌‌و دونیای ئێمە گەرمایی لێدەچۆڕێ...
کەسەکەم، شادمان‌و سڵامەت بە بۆ دیدارێکی دیکە.
ئارەزووت دەکەم.
واشینگتۆن
٠٢ ٠٢ ٢٠١٢

No comments: