Archive

Monday, July 22, 2013

بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید قاسملوو لە واشینگتۆن

رەحیم رەشیدی

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی جولای ٢٠١٣ی زایینی، کۆڕیادێکی بەشکۆ بۆ رێزگرتن لە یادو بیرەوەری شەهیدانی ڤیەن، بە بەشداری کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و نوێنەری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی، لە دەڤەری واشینگتۆن بەرێوەچوو.کۆڕەکە کاتژمێر چواری سەر لە ئێوارێ بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد.لە دەستپێکی ئەو بەرنامەدا بەرێزان مەنسوور عەزیزی وەکوو ئەندامی رێبەری و مریەم داستان بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان، پەردەیان لەسەر وێنەیەکی شەهید دوکتۆر قاسملوو لادا کە لە لایەن دوریا عەبدوڵازادە ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا کێشرابوەوەو ئەم وێنەیە پێشکەش بە یادو بیرەوەری گەورە رێبەری کورد دوکتۆر قاسملوو کرابوو.دواتر رەحیم رەشیدی سەبارەت بە کەسایەتی دوکتۆر قاسملوو کاریگەری ئەو رێبەرە لەسەر تەڤگەری رزگاریخوازانەی کورد دوا.ئینجا کاک مەنسوور عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکاو بەرپرسی تەشکیلاتی ئەو حیزبە لە دەرەوە، لە وتارێکی تێرو تەسەل دا، باسێکی لەسەر کاریزماتیک بوونی کەسایەتی دوکتۆر قاسملوو پێشکەش کرد.دواتر چالاکی سیاسیی کاک کەماڵ داودی سەبارەت بە ژیان و خەباتی دوکتۆر قاسملوو قسەی کردو بڕگە جیاجیاکانی ژیانی ئەو رێبەرەی تاوتوێ کرد.پاشان پەیامی لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکاو کانادا، هەروەها بروسکەی کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە ئامریکا خوێندرایەوە.ئەوجار کاک جەلیل ئازادیخواز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وتارێکی لەسەر رۆڵی سەرەکی دوکتۆر قاسملوو لە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دا پێشکەش کرد.پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن کاک موحەممەد داستان کادری دێرینی حیزبەوە پێشکەش کرا.جێگای ئاماژەیە کە بروسکەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ و بەدەپە بە بۆنەی ساڵرۆژی شەهیدانی ڤینەوە بە بەرێوەبەرانی رێورەسمەکە گەیشتبوو.لە کۆتایی کۆڕیادەکەدا، بەشدار هیراتی شێعرێکی لە پەسنی مەزنی دوکتۆر قاسملوودا خوێندەوە.لە دوا بەشی ئەو کۆڕیادەدا، هێژا مەنسوور عەزیزی بە ناوی رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە لایەن کۆمیتەی ئامریکای ئەو حیزبەوە، سوپاسی ئامادەبووانی کۆڕیادەکەی کردو هەموو لایەکی لەوە دڵنیا کردەوە کە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دوکتۆر قاسملوو تاکوو سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی هەیە.شایانی باسە کۆڕیادەکە بە بەشداری پتر لە ٢٠٠ کەس، کاتژمێر ٦:٣٠ی سەر لە ئێوارێ کۆتایی پێهات.


























No comments: