Archive

Saturday, July 27, 2013

پەیام بۆ کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی لاوان




بەرێز کاک فواد خاکی بەیگی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان
ئەندامانی بەرێزی کۆمیتەی بەرێوەبەری لاوان
ئەندامانی هێژای کۆنگرەی حەوتی لاوان


بۆ من جێگای خۆشحاڵی و شانازییە کە بە بۆنەی بەسترانی حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایەکی گەرم و گەشتان پێشکەش بکەم و بەم بۆنەوە چەپکە گوڵی ڕازاوەی سروشتی دڵرفێنی کوردەواریتان لە بەرۆک بدەم.
لە دڵەوە حەزم دەکرد کە دەرفەت و دەرتانی ئەوە لە گۆڕێ دا بوایە بۆ ئەوەی بتوانم لە نزیکەوە لەگەڵتان بەشداری کۆنگرەکە بوایەم تاکوو لە باسەکانتان بەهرەم وەرگرتبا. هەر چەند بە مەودا لێک دوورین، لێ بە دڵ لێک نزیکین!

بەشدارانی بەرێزی کۆنگرە!

گومانی تێدا نیە کە رێکخراوی یەکەتیی لاوانی دێموکڕات، لە ماوەی نێوان دوو کۆنگرەدا؛ لە کوردستان، چالاکی جیددی و بەرچاوی لە خۆی نیشان داوەو لە بەرەو پێش بردنی بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی شەشەم دا بە باشی چۆتە پێش و بە دروستی هەنگاوی ناوە.
ئەوەی جێگای بایەخەو لەم پەیامە کورتەدا دەمهەوێ ئاماژەی پێبکەم ئەویە کە هیودارم کۆنگرە بە وردبینی و وریایی تەواوە ئاوڕ لە بەشداری بەربڵاوتری ژنان و کچان لە پرۆسەی بڕیاردان و ئەرک پێ ئەسپاردنی ئەوان لە ئاستی هەرە سەرەوەدا بداتەوەو بەم هەنگاوە یارمەتی بە کولتووری بەرابەری بکات و لە هەمان کات دا دژی کۆنەپەرەستی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و کولتووری بوەستێتەوە.
کار کردن بۆ دابین بوونی مافی ژنان وەکوو بەشێکی جیانەکراوە لە مافی مرۆڤ، تەنیا بە ئاخافتن نابێ و دەبێ بە کردەوە کاری بۆ بکرێ، گومان لەوەدا نیە کە بەشداری راستەوخۆی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان دا گرینگی و کاریگەری بەرچاوی هەیە، لەبەر ئەوەی پیاوان هەرچەندە دێموکرات، پێشکەوتنخوازو لایەنگری وەیدهاتنی مافی دێموکڕاتیکی ژنان بین و بە کردەوەش هەوڵی بۆ بدەین، دیسان زۆر بابەت لە گۆڕێدا هەن و دەبن کە تەنیا ژنان بۆ خۆیان دەتوانن بیبینن و بۆ چارەسەر کردنی مشوری لێبخۆن.
خالێکی دیکە کە دەخوازم ئاماژەی پێبدەم، گەشەی هاوکاری و هاوپەیمانی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ زۆربەی نیزیک بە تەواوی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستان بە گشتیی، رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتییە. چڕتر بوونەوەی ئەم کردەوە دەتوانێ لە دێموکراتیزە کردنی عەقڵی سیاسیی کورددا رۆڵێکی شایان بلەیزێ و زۆر گرینگە کە بە بایەخەوە چاوی لێکەین و هیودارم کە کۆنگرە، رێبەرایەتی نوێ بۆ بەردەوامی لەسەر ئەو رێبازە ئەرکدار بکاتەوە.

نابێ لە بریمان بچێ کە یەکیەتیی لاوان وەکوو بە ڕابردووترین رێکخراوی لاوان لە ئاستی کوردستان و گەورەترین رێکخراوی لاوانی کورد لە ڕۆژهەلاتی وڵات دا، دەبێ هەر بەو شێوەیە کە شیاوی جێگەو پێگەی جەماوەری ئەو رێکخراوەیە، لەم بوارەدا رۆڵی سەرەکی  خۆی بپارێزێ، هەر وەکوو تاکوو هەنووکە لەم بازنەیەدا زۆر بە باشی و لێهاتوویی کاری کردوە...
لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم و بە بۆنەی هەوڵی وەرگرتنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند ناوەند و رێکخراوی نێونەتەوەیی لاوان دا، وێرای دەست خۆشی و ماندوونەبوونی لە رێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم و ئاواتەخوازم کە رێکخراوەکەتان لە ئاستی نێونەتەوەیی دا دەستکەوت و سەرکەوتنی پتر بە دەست بهێنێ.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی بەسترانی کۆنگرەکەتان لێدەکەم و لە دڵەوە هیوای گەشەو پێشکەوتنی پترتان بۆ بە ئاوات دەخوازم و هیوام وایە کە کۆنگرەکەتان پڕ دەسکەوت و بە بەرهەم بێت.

لەگەڵ سپاس و سڵاوی دووبارەم بۆ هەموو لایەک

سەرکەوتوو بن.

برا و هاوڕێی هەمیشەیتان

رەحیم رەشیدی
واشینگتۆن

جولای ٢٠١٣

No comments: