Archive

Sunday, December 7, 2014

چێژنی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە واشنگت




رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٥ی دێسامبری ٢٠١٤، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا بە ئامانجی بەرز راگرتنی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جیژنێکی بە شکۆی بە بەشداری ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشێک لە دانیشتوانی کوردی شاری واشنگتۆن پێکهێنا.
رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی رەقیب" و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان "عوسمان پاڵانی” بەرێوەبەری بەرنامە چەند شێعرێکی لە بارەی پێشمەرگەوە خوێندەوە.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن "بڕوا سەفدەری"ـەوە پێشکەش کرا کە ئاوڕدانەوەیەک بوو لە خۆشەویستی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی کوردستان و خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی.
هەروەها "رەحیم رەشیدی" بە نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وتارێکی لەسەر دەور و خەباتی پێشمەرگە و رۆڵی ژنی کورد لەو خەباتەدا بە درێژایی مێژوو پێشکەش کرد و بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ئامریکا پیرۆزبایی رۆژی پێشمەرگەی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا "سەیران شەرەفی" بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی لە ئامریکا خوێندەوە و تێیدا ئەو رۆژە مێژووییەی لە پێشمەرگەکان و حیزبی دێموکرات پیرۆز کرد.
لە لایەکی دیکەوە "محەممەد داستان" ئەندامی دێرینی حیزب چەند بیرەوەرییەکی لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی حیزب گێرایەوە.

No comments: