Archive

Tuesday, June 7, 2016

ماڵئاوا قەڵەمە دەروەستەکە!

لەگەڵ ئەوەی کارگێرانی دەنگی ئەمریکا بە تەواوەتی شارەزای کار لە دەستهاتوویی و توانای بەرزی ناوبراو لە کاری راگەیاندن دا بوون، لێ بە هۆی نێوچەگەری، حیزب حیزبێنەو بەرچاوتەنگی نزم و بێ نرخ، رێگەیان نەداوە بگەرێتەوە سەر کارەکەی...
وێنە: نەمر برووسک تۆغان

 دۆستی ئازیزم، نووسەرو زمانناسی ناوداری ئەمریکایی بەرێز مایکێڵ چایات، لەوپەڕی داخداری دا، ئاگاداری کردم کە رۆژنامەوان و نووسەری دەروەست، کاک برووسک تۆغان، لە ڕووداوێکی نەخوازراودا، لە ئورووپا، گیانی لە دەست داوە.
کاک برووسک خەڵکی جوولەمێرگ لە باکووری کورستان بوو، خۆێندنی ڕۆژنامەوانی لە زانکۆی ئیستانبووڵ تەواو کردبوو. هەر لەوێش بۆ یەکەمین جار کاری ڕۆژنامەنووسی دەست پێکرد.
پاشان هاتە ئەمریکا؛ لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆ دەنگی ئەمریکا، دەستی بە کارو تێکۆشان کرد. دواتر هەر لە ئەمریکا، بەوپەڕی لێبڕاوی بڕوانامەی مەستەری لە بەشی ڕۆژنامەنووسی و زانستەکانی سیاسیی دا وەرگرت.
لە پاریس، ئەو کاتەی لە تیشک تی ڤی کارم دەکرد، ساڵی ٢٠٠٨، لە نزیکەوە لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک برووسک ئاشا بووم، ناوبراو لەو ساڵەدا، رادیۆ دەنگی کوردی ئەمریکای بەجێهشتبوو، گەرابوەوە فەرانسە؛ بۆ ئەوەی لەگەڵ تەلەویزیۆنی کورد ١ کە لە لایەن رێزدار د. کەنداڵ نەزان سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد، لە پاریس، بەرێوەدەچوو، کار بکات.
برووسک رۆژنامەوانێکی ئاکادیمی، دەروەست و وڵاتپارێز بوو کە بە تەواوەتی یاساو رێساکانی کاری رۆژنامەوانی لەبەرچاو دەگرت. ئەو نموونەی بەرزی رەوشت بەرزی بوو کە نرخێکی زۆری بۆ هاوڕێیەتی دادەناو لە هەڵسووکەوت دا بە ئەدەب و لەسەرەخۆ بوو.
برووسک، کاتی خۆشی وتاری بۆ رۆژنامەی هێڕاڵد تریبون چاپی ئینگلیسی لە فەڕانسە دەنووسی. ئەو لە وتارو ڕاپۆرتەکانی دا، پتر گرینگی بە دۆزی رەوای کوردو بابەتەکانی پێوەندیدار بە کوردستان دەدا.
کاک برووسک، پاش داخرانی کورد١، هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی بگەرێتەوە سەر کارەکەی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، لێ بەداخەوە هەر وەکوو خۆی دواین جار بۆی باس کردم، لەگەڵ ئەوەی کارگێرانی ئەو راگەیاندنە بە تەواوەتی شارەزای کار لە دەستهاتوویی و توانای بەرزی ناوبراو لە کاری راگەیاندن دا بوون، لێ بە هۆی نێوچەگەری، حیزب حیزبێنەو بەرچاوتەنگی نزم و بێ نرخ، رێگەیان نەداوە بگەرێتەوە سەر کارەکەی...
ئەم کردەوەی کاربەدەستانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، لەسەر بیرو جەستەی خوالێخۆشبوو قورسایی دەکردو بۆی دژوار بوو بیسەلمێنێ کە وەها کردەوەیەکیان لەگەڵ کردوە...
هەر بۆیە خوالێخۆشبوو لەگەڵ تیمی رێکخراوی پزشکانی بێ سنوور، بۆ خزمەت بە پەنابەران بە گشتیی، کوردانی ئاوارەو پەڕیوەی هەندەران بە تایبەتی، کاری دەکرد کە دواین جار گیانی لە دەست داو بەداخەوە خنکا.
راستە، ئێمە چیدی ناتوانیین لەگەڵ ئەو مرۆڤە مەزن و رەوشت بەرزە دابنیشین و لە ئەدەب و زانستی بێ سنووری چێژ وەرگرین و فێر بین، راستە چیدی ناتوانین کە هەواڵ و راپۆرت و وتاری نوێی لێبخوێنینەوە، لێ یادو ناوی بەرزی بۆ هەمیشە لە دڵ و دەروونمان دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

رۆحی برووسک تۆغان شادو بە بڕشت بێ پێگەی رۆژنامەوانانی دەروەست.

رەحیم رەشیدی
واشنگتن

No comments: