Archive

Wednesday, August 1, 2018

ئه‌كاديمييه‌كى كورد گه‌وره‌ترين خه‌ڵاتى بيركاريى جيهانى وه‌رگر



هاووڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیهانی وەرگرت.
پرۆفیسۆر فەرەیدوون درەخشانی ناسراو بە (کۆچەر بیرکار)، خەڵکی شارۆچكه‌ی مەریوان له‌ رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی بریتانیا، بوو بە براوەی ئەمساڵی خەڵاتی فێڵدز بۆ بیرکاری کە بەناوبانگرین خەڵاتی بیرکارییە لە ئاستی جیهاندا و وەک نۆبڵی بیرکاری ناسراوە.
کۆچەر بیرکار کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠٠ ه‌وه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر روويكردووه‌ته‌ به‌ریتانیا و لە زانکۆی کەمبریج مامۆستایە و خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بواری بیرکاریدا و پێشتریش سێ خەڵاتی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە.
کۆچەر بیرکار لە پاش وەرگرتنی خەڵاتەکەی هیوای خواست وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی چل ملیۆن کورد.
كۆچه‌ر بيركار يه‌كێكه‌ له‌و چوار ئه‌كاديمييه‌ى ئه‌مساڵ له‌ كۆنگره‌ى نێوده‌وڵه‌تى بيركارانى جيهاندا كه‌ له‌ ريۆ دى جانيرۆى به‌رازيل به‌ڕێوه‌چوو، خه‌ڵاته‌كه‌ى پێبه‌خشرا.
خه‌ڵاتى فێڵدر، به‌ نۆبڵى بيركارى ده‌ناسرێت و هه‌موو چوار ساڵێك دابه‌ش ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌يان پێ ده‌درێت پێويسته‌ ته‌مه‌نيان نه‌گه‌يشتبێته‌ سه‌رووى ٤٠ ساڵ و هه‌ر چوار ساڵ جارێكيش چوار كه‌س ئه‌و خه‌ڵاته‌يان پێ ده‌به‌خشرێت.
ئه‌و شاره‌زايه‌ى كورد له‌ بوارى بيركاريدا خه‌ڵاته‌كه‌ى به‌ هۆى كۆششى له‌ بوارى پۆلێنكردنى جۆره‌ جياوازه‌كانى هاوكێشه‌ى بيركارى به‌ده‌ستهێناوه‌ و سه‌لماندوويه‌تى كه‌ هه‌مه‌چه‌شنى بێكۆتايى ئه‌و هاوكێشانه‌ ده‌كرێت دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر ژماره‌يه‌كى دياريكراو له‌ پۆلێندا. ئه‌مه‌ش پێشكه‌وتنێكى گرنگه‌ له‌ بوارى ئه‌ندازه‌ى بيركاريدا.
كۆچه‌ر بيركار، ئه‌ندازه‌ى جه‌برى بيركارى له‌ زانكۆى تاران خوێندووه‌، پێش ئه‌وه‌ى ئێران به‌ره‌و به‌ريتانيا به‌جێبهێڵێت و دواى ئه‌وه‌ى مافى په‌نابه‌رێتى له‌و وڵاته‌ وه‌رگرتووه‌، ده‌ستيكردووه‌ به‌ خوێندنى دكتۆرا.
ئه‌و له‌ ٢٠١٠دا خه‌ڵاتى (Leverhulme)ى له‌ بيركارى به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌ هۆى كۆششه‌كانى له‌ بوارى ئه‌ندازه‌ى جه‌بر و له‌ ٢٠١٦دا خه‌ڵاتى (AMS Moore)ى له‌ سه‌ر وتارێكى كه‌ له‌ گۆڤارى (AMS) بڵاويكردبوويه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.
جگه‌ له‌ كۆچه‌ر بيركار، براوه‌كانى ديكه‌ى خه‌ڵاتى فێڵدر ئه‌مساڵ بريتى بوون له‌ (Peter Scholze) ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ له‌ ئه‌ڵمانيا. ئه‌ليسيۆ فيگالى ته‌مه‌ن ٣٤ ساڵ له‌ ئيتاڵيا و ئاچاى فينكايچ ٣٦ ساڵ له‌ هيندستان.

No comments: